24-06-2017 Dr-Muhamad-Ali

دکتۆر محەمەد ئەمین گەناویی : پایه‌کانی گه‌شه‌ی پایه‌دار.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بۆ ئه‌وه‌ی بواری گه‌شه‌دان و گه‌شه‌پێدان به‌رده‌وام بێ و تکامل مامه‌ڵه‌ بکات له‌گه‌ڵ تحدیات (Challang) ئه‌بێ پایه‌کانی بۆ دابمه‌زرێنرێت‌و هۆکاره‌ هه‌نوکه‌یی‌و داهاتوه‌کان که‌ ئه‌بنه‌ لاوازی‌و هه‌ڕه‌شه‌ بۆ به‌رده‌وامی گه‌شه‌ تا نزمترین ئاست که‌مبکرێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر نه‌توانرێت به‌ته‌واویش بنبڕبکرێن.

ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه‌ بۆ هه‌موو بواره‌کانی گه‌شه‌ دروسته‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا ئێمه‌ مه‌به‌ستمانه‌ گه‌شه‌ی ئابوریه‌ .

له‌گه‌ڵ دروست بونی گه‌شه‌ی ئابوری و زیاتر به‌کارهێنانی وزه‌و زۆربونی کاڵاکان و فراوان بونی بازاڕه‌کانی کاڵاکان دوو خاڵی گرنگ له‌ هه‌ر شوێنێکی جیهان پێویسته‌ له‌به‌رچاو بگرێ بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شه‌ی ئابوری پایه‌دار بێ :

1-یاسادانانی تایبه‌ت به‌ :

أ‌- پاراستن و پارێزگاری ژینگه‌ له‌به‌رهه‌مهێنان و به‌کارهێنانی وزه‌دا .

ب‌- به‌کارهێنانی سه‌رچاوه‌ سروشتیه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و پلانی ستراتیجی بۆ ئێستاو داهاتوی دور به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ره‌هه‌ندی ئابوری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ژینگه‌یی. و‌ به‌شداریکردنی خه‌ڵک له‌هه‌ر جۆره‌ بەڕێکارێک به‌کارهێنان و سود وه‌رگرتن له‌ هه‌ر سه‌رچاوه‌یه‌کی سروشتی .

2-یاسا دانانی تایبه‌ت به‌

أ-رێکخستنی خزمه‌تگوزاریه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی و دابینکردنی ژیانێکی شایسته‌ بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌ هه‌ر هۆیه‌ک بێ ناتوانن له‌ بازاڕی کارا، کارا بن، جا ئه‌شێ به‌هۆی که‌م ئه‌ندامی بێ، ته‌مه‌ن بێ یان نه‌بونی شوێنی کار بێ بۆ لاوان .

ب-رێکخستنی بازاڕی کارو به‌رهه‌مهێنانی گه‌وره‌و بچوک له‌گه‌ڵ زه‌مینه‌سازیکردن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو توانا مرۆیی و ماددیه‌کان بواریان هه‌بێ سه‌رمایه‌گوزاری بکرێن و که‌ڵک وه‌ربگرێ له‌ تواناو هێزی کارو زانستی و مەعرفی لاوان .

ج- فراوانکردن و کاراکردنی رۆڵی سه‌ندیکاکان بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵک به‌شدار بێ له‌ بڕیاردان له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌کان‌و وڵات .

د- دابینکردنی ئازادی سیاسی و بیروڕاو په‌ره‌پێ دانی فه‌رهه‌نگی هاوکاری (Solidarity)و یه‌کتر قبوڵکردن و «تحمل»کردن (Tolerance) له‌گه‌ڵ دادپه‌روه‌ری و هه‌ستی به‌رپرسیاریه‌تی و مافی مرۆڤ و هاوڵاتی بون چونکه‌ بێ دابینکردنی دادپه‌روه‌ری و هه‌لی یه‌کسان بۆ هه‌موان کۆمه‌ڵ دابه‌ش ئه‌بێ بۆ دوو جه‌مسه‌ری دژ به‌یه‌ک که‌ ئه‌مه‌ش بۆ خۆی هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاشتی و ئاسایشی کۆمه‌ڵ و وڵات .

ئه‌مه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ به‌ کورتی ئاماژه‌مان پێدا مه‌رجی سه‌ره‌کین و پایه‌ی بنه‌ڕه‌تین بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شه‌ی ئابوری پایه‌دار بێ و تاک و کۆمه‌ڵ هه‌ست به‌خۆشگوزه‌رانی و ئاسایش و هاوڵاتی بون بکه‌ن، و ئه‌وسا گه‌ل ئه‌توانێ له‌گه‌ڵ ره‌وتی شارستانی هاوچه‌رخی مرۆڤایه‌تی بڕوات .