Kawe-Shirin

لوقمان غەفوور : بەبینینی شیرین ، ژنم لاشیرین تر بوو .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئێستا لای شیرین ، لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومەتی هەرێم مانایەکە کە بێمانای بۆ ژیانی ئەو دەگەیەنێت ، چونکە ئەو ئەوەی هەیەتی و نیەتی ، گۆڕێکی ئاشکرای کاوە گەرمیانی ، لەگەڵ کۆرپەیەکی لەدایک نەبوو، شانبەشانی گۆڕێکی ونبووی باوکی.

ئازایەتی ئەو لەبەرامبەر ئەو هەموو رووداوە ونبوانەدا ، دەیان قاتی ئازایەتی ئەو دادوەرەیە کە چەکوشەکەی دەکێشێت بەسەر مێزەکەدا و لەکاتی سزدانی بکوژانی کاوە گەرمیانیدا هاواردەکات و زایەڵەی چەکوشەکەی دەستی دادوەر چەند جارێک دەنگدەداتەوە ، بەڵام پێموایە هێشتا لەنەستیدا ئازارێک بەجێماوە کە ئەویش ناولێنانی ئەو تاقە کۆرپەیەیە کە خۆی و کاوە گەرمیانی 13 رۆژ بەرلە تیرۆرکردنی چاوەڕێیان دەکرد .

ئێستا من لەناخی ئەو ژنە قارەمانەدام ، دەبوو ئەوەی من ئێستا دەینووسم لەدەمی ژنێکەوە دەرچوایە ، چونکە لەوانەیە ژن لەشعوری ژن باشتر بگات ، بەڵام ئەوەندەش بۆ من بەسە بتوانم کە هەستی ئەو خاتوونە بخوێنمەوە کە بەچرپەیەکی هێواش بەئێمە دەڵێت ، خەمتان نەبێت (رایەڵ) ێکی تر بەڕێوەیە بۆ گەرمیان .

شیرین جێگەی بەو دەیان فیمینستە لێژکرد کە تەنیا بەدروشم هەنگاویان بۆ ئازادی ژن دەنا ، ئێستا ئەو بەکردەوە بۆ هەموو ژنان دەسەلمێنێت تاکە ئومێدێک هەبێت لەدونیادا بەرپاکردنی جەنگێکی نوێیە بەچەکێکی نوێ لەبزووتنەوەی فێمێنستی کوردیدا کە پیاو خوڵقێنەری بوو بۆ ئەم ، چونکە ئەگەر کاوە گەرمیانی نەبوایە بۆ شیرین ئەم هەموو ئازارە ئەچێژێت ، ئەگەر نادادی پیاویش نەبوایە بۆ کاوە گەرمیانی تیرۆر دەکرا ، کەواتە لەم تاوانەشدا هەر ژن تاکە ئازارچێژی سەرەتا و کۆتایی دراماکەیە .

کە شیرین ئەبینم ژنی نموونەیی وەک شیرینم لا شیرین تر ئەبێت ، کە شیرین دەبینم ، ژنێک دێتە بەرچاوم کە چۆن ئەبێت بەپاڵەوانی رۆمانێکی تری وەک رۆمانەکانی ماری وۆلستونکرافت-ی ئینگلیزی .

هاوسەری‌ کاوە گەرمیانی‌ ، شیرین ئەمین هەتیوی دەستی بەعسە ، ئەو بەعسەی کە تەنیا لەلاشعوری شیرین و نموونەی شیرینەکان دەرناچێت ، بەڵام ئەوەتا شێوازێکی دیکەیان بۆ کۆرپە لەدایکنەبووەکەی شیرین دروستکرد ئەویش ئەنفاڵێک لەوێنەی دنیای مۆدێرنەی خۆماڵیدا کە هەرگیز لەزهنی شیرین دەرناچێت .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت