sherzad

شێرزاد وڵاتدۆست : سوریا وڵاتی مەرگ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سوریا ناوێک ڕۆژانە لەگەڵ ووشەی کوشتن و برینداربوون و ئاوارەبوون لە زۆربەی میدیا جیهانیەکان و ناوخۆییەکان بەرچاو و بەرگوێمان دەکەوێت ، لەگەڵ تێپەڕبوونی چەند ساڵ بەسەر شۆڕشی سوریا بەڵام سات لەدوای سات ئەم شۆڕشە لە شۆڕش بوون دەردەچێت و خۆی وەک جەنگی ناوخۆیی دەردەخات ، جەنگێک کە لە چەندین جەمسەری جیهانی و هەرێمی ئاڕاستە دەکرێت ، وە ئەوەی لە درێژەکێشانی ئەم جەنگە ناوخۆییە لەدەست دەچێت و دەبێتە قوربانی گیانی هاوڵاتیانە هەروەها وێران بوونی شار و شارۆچەکە و گوندەکانی ئەو وڵاتە و ئاوارەبوونی هاووڵاتیانیەتی .

هاوڵاتیانی سوریا بەتەواوی پێکهاتەکانی لەگەڵ دەستپێکی شۆڕش بۆ کۆتایی هێنان بە ڕژێمی ئەسەد بەهیوایەکی بەرزەوە لە داهاتو و دەرئەنجامەکانی شۆڕشیان دەڕوانی ، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کات بێ هیوای لە شۆڕش بە ڕووی زۆرینەی هاوڵاتیانی سوری دەبینرێت ، چونکە شۆڕش بەشێوەیەک گۆڕاوە بۆ جەنگێکی ناوخۆیی لە نێوان پێکهاتە جیاوەزەکانی ئەم وڵاتە ، لێ شۆرشی گەلی کورد دەکرێت لەو وڵاتەجیاواز لە شۆرشی ناوچە عەرەبیەکانی سوریا هەڵبسەنگێنین و بە شۆڕشێکی سەرکەوتوو دابنێین ، چونکە شۆڕشی گەلی کورد لە سوریاچەندین دەستکەوتی مەسزنی بۆ گەلی کورد لەو پارچەیەی کوردستان بەدەستهێناوە ، کە لە مێژووی کورد کەم وێنەبوون گرنگترنیشیان دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەریەکی سەربەخۆ بۆ کورد وە پاراستنی ئاسایش و ئارامی بە ئاستێکی باش بۆ هاوڵاتیان کورد لەو بەشەی کوردستان .

بەردەوام بوونی باردۆخی ناوخۆیی سوریا بەشێوەیەکی گشتی بەم شێوەیەی ئێستا بێگومان دەبێتە هۆی زیاتر ئاڵۆزبوونی باردۆخەکەو بەدواداهاتنی کوژاراو برینداربوون و ئاوارەبوون ڕێژیەکی زیاتری هاوڵاتیانی سوری ، چونکە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ شۆڕش لە قاڵبی شۆڕش دەرچێت شێوەی جەنگێکی تایەفی و مەزهەبی وەردەگرێت ، ئەمەش لەدوای ئەوا هات هەریەکە لە وڵاتی ئێران و حیزبوڵای لوبنانی کە دەتوانین بە بەرەی شیعە ناویان ببەیەن ، بە ئاشکرا یارمەتی ڕژیمی بەشار ئەسەد دەدەن چ لەڕووی سەربازیەوە بێت لە ناردنی جەنگاوەرو چەکوتەقەمەنی یاخود لەڕووی ئابوریەوە ، وە بە پێچەوەنەوەشەوە وزۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی و وڵاتی تورکیا کە دەکرێت بە بەرەی سونی ناویان ببیەن پشتیوانیەکی گەورەن بۆ چەند لایەنێکی ئۆپۆسزیۆنی سووری بە هەمان شێوە لە بواری سەربازی و پێشکەشکردنی یارمەتی دارایی ، وە ئەگەر لە ڕوویەکی جیهانیشەوە سەیری باردۆخەکە بکەین ئەوا بۆمان دەردەکەوێت ، ئەوەی ئێستا لە سوریا ڕوودەدات و پەیوەندیەکی تەواوی هەیە بە وڵاتانی ڕوسیا و چین کە دەکرێت بەبەرەی رۆژەهەڵات ناویان بێنین لە بەرامبەریش دا وڵاتی ئەمریکا و بەریتانیاو فەرەنسا چەند وڵاتێکی تری هاوپەیەمانی ئەمریکا دێت ، کە هەرچی وڵاتانی ڕوسیا و چینە و بەتایبەتیش وڵاتی ڕوسیا بەرژەوەندی خۆیان لەمانەوەی رژێمەکەی ئەسەد دادەبین ، بەپێچەوانەشەوە وڵاتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کە ئەوانیش بەرژەوەندیەکانیان لە لابردنی و کۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی بەشار ئەسەد دەبینەوە .

ئەوەی لێرەدا جێی تێڕامانە هەڵوێستی وڵاتی ئیسرایلە ، کە شێویەک لە بێدەنگی پێوەدیارە لەسەر باردۆخی سوریا گەرچی لەسەرەتاوە دڵخۆش بوو بە کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی ئەسەد هەرچەندە هەندێک لایەن ئیسریل بە هەڵسوڕێنەری سیاسەتەکانی بەرەی ئەمریکا دەیدەنێن ، هەربۆیە دەتوانین هەڵوێستی ئیسرایل بەشێوەیکی ڕوون ببین لە هەڵوێستی وڵاتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ، کە سەرەتا گەشبینیەکیان پێوەیە دیار بوو بۆ هەوڵی لابردنی ئەسەد لە دەسەڵات ، بەڵام ئەم گەشبینیە ڕوو لەلاوازبوون و پاشێکشێدا بوو کاتێک ڕێکخراوی قاعیدە لایەنی ئیسلامی بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو بە‌هێزبوونیان بە خۆیەوە بینی ، بۆیە دەبینین هەڵوێستی ئەم وڵاتانە بەو ئاڕاستەیە دەڕوات کە چیتر پشتگیری وا تەواو نەبن بۆ لایەنی ئۆپۆسزیۆن ، چونکە ترسی ئەو وڵاتانە لە ئەو جێگرەوەیە هەیە بۆ ڕژێمەکەی ئەسەد لەبەرئەوەی ڕازینین بە گرتنە دەستی لایەنی ئیسلامی لەو وڵاتانە .

بەکارهێنانی جۆرەها چەک و تەقەمەنی و چەکی قەدەغەکراو لەلایەن هەردوو لایەنی ڕژێم و چەکدارانی ئۆپۆسزیۆنی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قوربانی زیاتر بە دوای خۆی دا دێنیت بە جۆرێک لەهەر 11 خولەکێک هاوڵاتیەکی سوری دەبێتە قوربانی و گیان لەدەستەدەدات واتا رۆژانا زیاتر لە200 کەس بەدەستی هەردوو لایەن دەکوژرێت وە ڕێژەیەکی زۆر زیاتری لەوە بریندار دەبێت ، بەکارهێنانی چەکی کیمایی و جۆرەها چەک و تەقەمەنی تر ڕێژەی قوربانیان گەیاندوەتە ئاستی زۆر مەترسیدار ، هەر لەبەر ئەوە دەکرێت بڵێن سوریا وڵاتی مەرگە ، وە ئاوارەبوونی ڕیژەیەکی زۆری هاوڵاتیانەی سوری یەکیکی ترە لەو نەهامتیانەنی بەردام بوونی شەڕ و پێکدادانی سەربازی لەم وڵاتە بەدوای خۆیدا هێناو ، کە دەگونجێت ئاوارەبوونیش بە مەرگێکی لەسەر خۆ و هێواش دابنێین ، چونکە ئاوەرەبوون و دەربدەری مرۆڤ تووشی چەندین ناهەمواری و سەختی ژیان دەکات ، وە لە ئەگەری درێژەکێشانی باردۆخی ناوخۆی سوریا بەهەمان شێوەی ئێستا بێگومان کوشتن و ماڵوێرانی زیاتری بۆ سوریەکان پێدەبێت ، بەجۆرێک ئاسایی بوونەوەی بارودخۆی ناوخۆیی و گەشەکردنەوەی ژێرخانی ئابوری سوریا ساڵانێک زۆر زیاتری دەوێت ، هەروەها بەستنی چەندین کۆنگرە و ڕێکەوتن هیچ کاریگەریەکەی وای نابێت لەسەر چارەسەرکردنی بارودۆخەکە ، ئەگەر هەوڵێکی ڕستگۆیانەو و پاڵپشتەییەکی تەواوی جیهانی و هەرێمی نەبێت بۆ کۆتایی هێنان بەم باردۆخە ناهەموارەی ئێستای سوریا .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت