Dr.-kemal

دکتۆر کەمال میراودەلی : دایەلۆگێک دەربارەی ئایدیۆلۆجی – بەشی شەشەم .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت


میتۆدی دایەلۆگیی سۆکراتیی

تۆ وتت هەموو شتێ دەبێ بە پێناسە دەست پێبکات . دەتوانی پێناسەی میتۆدی سۆکراتی بکەیت ؟

– : وەک وتمان ئەوە میتۆدە یانی رێبازێکی تەواوی چۆنێتی دەستپێکردن و بەریوەبردنی دایەلۆگە تا دەگا بە ئەنجام یان ناگا . لە بەرئەوە دەتوانرێ تەنیا وەسف بکرێ نەک پێناسەیەکی کورت . ئەوە بەشێکی سەرەکی میتۆدی سۆکراتی یە کە دایەلۆگ، ئاخاوتن ، زانین دەبێ بە پێناسەیەک دەست پێ بکات . لێرەوە هەموو کێشەکان دروست دەبن : ئێمە هەموومان وا دەزانین پێناسەی زۆر لەو شت و بیرانە دەزانین کە رۆژانە بەکاریان دێنین . بەلام هەر کە هەولی پێناسەیان دەدەین گەر کەسێکی زاناترمان لا بێت ، هەست بە نوقسانیی ناتەواویی پێناسەکانمان دەکات . یان کەسی دووەم سێیەم ، کەسانی تر ، رەنگە هەر یەکە پێناسەی جیاوازی هەبێت . لێرەوە راددەی جیاوازییەکان و میتۆدەکانی قسەکردن دەردەکەوێت . واتە هەولی پێناسە قورستر دەردەکەوێت لەوەی زانینیكی سادەی پارچەیی یەکلایی بەدەستەوە بدەین ، هەرپێناسەیەک لە ناوەوە ، لە ناوخودی خۆیدا ، ناکۆکی هەڵدەگرێت ، هەروەها ناکۆکی دەبێ لەگەڵ لۆجیکی زمان خۆی و ماناکانی دەرەوەشدا ، ئەو مانایانەی خەلکی تر هەیانە ، بۆیە ناچار دەبین پرۆسەیەکی ئاخاوتن و وتووێژ بۆ روونکردنەوەی پێناسەکان بەدایەلۆگ بەڕێوەبەرین . پرۆسەی [ دۆزینەوەو چارەسەری جیاوازیی و ناکۆکییەکان بە ئاخاوتنی عەقڵانی ] . ئەمە ئەو میتۆدە دایەلێکتیکیەیە کە سۆکرات بەکاری دەهێنا .

سۆکرات چی دەکرد ؟  بۆ ؟

– :  سەیر کە تۆ ئێستا پرسیاری زیاتر دەکەیت ، واتە بەو پێناسەی سەرەوە قنیاتت نەهێناوە ، ئەوە ئاسایی یە ، پێناسە خۆی هەم سەرەتایە هەم ئەنجام واتە کلیلی باسەکانە و دەرگاکان دەکاتەوە ، دەشێت دایان بخات ، دەشێ کلیلێكی هەڵە بێت و هەرچەند هەوڵدەین گرێکان و قفڵەکان نەکاتەوە . یان قفڵی باس و بابەتێک هەبێت بە هیچ کلیلێک نەکرێتەوە . کە دەڵێی سۆکرات چی دەکرد ؟ ئەوە دەتەوێت پرۆسەکە بە تەواوی بزانیت ، کە دەپرسی بۆ ؟  ئەوە دەتەوێت ئامانجەکەی بزانیت : ئامانجی سۆکرات لە دایەلۆگەکانی و میتۆدەکەی : بۆ ئەوەی دەکرد ؟

جارێ ئەم چالاکییەی سۆکرات کۆمەلایەتی بوو ، لای یۆنانییەکان کۆمەلایەتیی و سیاسیی لێک جیا نەدەکرانەوە ، سیاسەت رێکخستنی کۆمەل و شاردەولەت بوو . سیاسییەکان هەموو کەسە خاوەن دەسەلات و دەورەکان بوون ، کەسانی خاوەن ناوبانگ لە ناو خەلکدا لە بەر حیکمەتیان ، شاەزاییان ، ئازایی و هونەریان  … هتد . ئەمانە لای خەلک بە زۆر ئاوەلناو ، سیفەت و ستایشی باو باس دەکران : وەک پیاوچاک، بەدین، ئازا، دانا . وەک لای ئێمە ولای هەموو کۆمەڵێ ئەم سیفەت و ستایشانە بە بەلاش دابەشدەکرێن . فلان کەسێکی سادەو پاکە ، فلان گەندەڵ و ناپاکە ، فلان نیشتمانپەروەرە ، فلان خیانەتکارە ، فلان چاکەخوازە . فڵان زیرەک ورووناکبیرە … هتد .

باشە بەکارهێنانی ئەم ئاوەلناوانە چی تێدایە ، ئێمە هەموو رۆژ ، یان هەموو سەعاتیک ئەم باسکردن و ئاوەڵناوانە بەکاردێنین ؟

– : گرفتەکە ئەوەیە لێیان ورد نابینەوە ، ماناکانیان نازانین . ئاکامەکەی پەخشانکردن و سەپاندنی جەهالەت و گومڕایی عەقڵە .

چۆن ؟

:- چونکە پێناسەکەیان نازانین یان راستیی قەت هەوڵمان نەداوە پێناسەیان بکەین ! سۆکرات هەولی دەدا خەلک بە سانایی و سادەیی ئەو وشەو بیرانە وەرنەگرێت .

قسەو بیر

بیر؟ بیر لە کوێ دایە ؟ کە دەلێین کەسێک ئازایە، یان پیاوچاکە ، یان ژیرو دانایە، یان زیرەکە ، بێگومان دەزانین چ دەلێین . بیر بۆ ؟

-: ئەمە کرۆکی کێشەکەیە . تا بیری شتەکە نەزانیت چۆن مانای وشەکە دەزانیت : نەزانی ئازایەتی چییە ، دانایی چییە ، نیشتمانپەروەریی چییە ، چاکیی چییە … هتد . چۆن دەتوانی کەسێک بە ئازا ، دانا ، نیشتمانپەروەر یان پیاوچاک وەسف بکەیت . لە کوردییدا دەڵێین : ئەمە هەر قسەیە ؟ واتە ناوەرۆکی هزریی هوشیارانەی وەرنەگرتووە لە بەر ئەوە ئەنجامێکی عەقلانیی یان کۆنکریتیشی نابێت . چونکە کە تۆ بە کەسێک دەڵێی : ئازا ، یان پاک ، یان چاک ، یان خیانەتکار تۆ لە روانگەی خۆتەوەو لە تێگەیشتنی خۆتەوە بۆ مانای ئازایی و پاکیی وکارچاکیی وخیانەتکاریی ئەم قسە دەکەیت بەلام من نازانم ئەو تێگەیشتنە چییە، گەرچی رەنگە وابزانم کە دەزانم تۆ مەبەستت چییە ، بۆیە هەر یەکە بەو خەیاڵە دایەلۆگەکە دەکەین کە یەک تێگەیشتنمان بۆ چەمکەکانی ئازایی و پاکیی هەیە ، یان تۆش وەک من بیر دەکەیتەوە ، کە رەنگە ئەمە هەڵخەڵەتێنەر بێت و لە دواییدا کۆمەڵێ ناکۆکیی زەق ببنەوە .

یانی ئەم وشانە یان ئاوەڵناوانە هیچ مانایەکی دیاریان نییە تا بیرەکەیان نەزانین : ئەمە ئەو مەترسییە دروست ناکات کە بلێین ؛ بیرێک یان ئایدیایەک لە پشت هەموو وشەو مانایەکەوە هەیە و ئەو ئایدیایە سەرچاوەیەو وشەکان مانا لەو وەردەگرن . واتە پرسی زمان لێرەدا بکەینە پرسیكی میتافیزیکی ، لە سەرووی زمان خۆیەوە مانای وشەکان دیاری بکرێن ؟

-: دەست خۆش . ئەمە بۆچوونێکی گرنگ و دروستە . ئەمە کارێکە وەک دوایی باسی دەکەین ئەفلاتون کردیی . بەلام مەبەستی سۆکرات تەواو پێچەوانەی ئەوە بو و، مەبەستی ئەوە بوو لە رێگەی سەرنجدان و بیرکردنەوەی رەخنەیی عەقلانی لە ماناکان تێبگات و کۆزانەکان بەکاربێنیت . واتە : دەسەلاتێک لە دەرەوەی زمانەکەو لۆجیکی زمان و ماناکان وەک لە ژیانی رۆژانەو ئەزموونی مرۆڤانەماندا هەیە، قبوڵ نەکات . لە هەموو کۆمەلێکدا، لە هەموو ئاستێکدا ، تێگەیشتنی دۆگمایی یان نەزانیاریی هەیە . مەبەستی سۆکرات رووخاندنی هەر دوو ئەو جۆرە تێگەیشتنانە بوو .

پ : مەبەستت لە دۆگمایی چییە ؟

و : دۆگما وشەیەکی یۆنانی یە لە

ە وە dokein

مانا ئەسڵییەکەی : ئەوەی کەسێک بە چاک یان راستی دەزانێ .

http://www.etymonline.com/index.php?term=dogma

واتە راستییەکەی لە باوەڕی کەسەکەوە دێت نەک لە شتەکە خۆیەوە، ئەو باوەڕەش زۆر جار لە دەرەوە دێت: لە سەرچاوەی دەسەلاتێکەوە، جا دینیی بێت یان سیاسیی یان عادەتی کۆمەلایەتی یان ئایدیۆلۆجی وەک بیروباوەڕی حێزبێک یان دەستەیەک. بۆیە مانای زاراوەیی وشەکە ئەوەیە:

Dogma is a principle or set of principles laid down by an authority as incontrovertibly true

[ دۆگما پرینسیپێک یان کۆمەلە پرینسیپێکن کە دەسەلاتێک داینابن و ىێ پرسیارو گومان بە راست دابنرێن .]

http://en.wikipedia.org/wiki/Dogma

لەمەوە بەشێکی تری ماناکەی ئەوەیە : مادام ئەم باوەرانە راستن نابێ بگۆڕدرێن ! بەم جۆرە : بیری نەگۆڕ و ، سەپاندنی ئەم بیرانە بە سەر خەلکدا لە لایەن دەسەلاتەوە بە زۆر رێگەی پەروەردەیی ، دەزگایی ، پۆلیسیی ، یاسایی …هتد  . مانای دۆگمایی دەگەیەنێت . بە تایبەتی دۆگمایی یان دۆگمابوون باوەری رەق و ویشک و ناعەقلانی هەلگری باوەڕ یان زانیارییەکەیە . ئەمە لەشکرێک لە جاهیلان و عەقڵکوێران دروست دەکات و دەبێتە بەشیک لە ئایدیۆلۆجی ، جا سەرچاوەکەی دینیی بێت یان فەلسەفی یان تیۆریی یان سیاسیی . مادام کەسان جیاوازن ، کۆمەلی مرۆڤایەتی جیاوازن ، جوگرافیاو ژینگەکان جیاوازن ، دینەکان و ئایدیۆلۆجییەکان جیاوازن ، مێژووەکانی پەڕەسەندنی کۆمالگاکانی مرۆڤایەتی جیاوازن ، دیارە دۆگمای جیاوازیش دروست دەبێت ، بەراستزانینی دۆگماو سووربوون لە سەری و دانەبەزین لە قەلای باوەری خۆت ، یان نەهاتنە دەرەوە لە ئەشکەوتی باوەڕی خۆت ، یان بەکارهێنانی دۆگمای خۆت بۆ دژایەتیی و دوژمنایەتیی ئەوانی دی ، مانای قبوڵنەکردنی دایەلۆگ و دانوستان و چارەسەری ئاشتیی وعەقلانی کێشەکانە . زۆر جەنگ و هەرا لە ژێر ئالای دۆگماوە دەکرێن و تا دژایەتی زیاتر بێت ، هەر لایەنیک زیاتر باوەش بە دۆگمای خۆیدا دەکا . شەڕی سارد لە نێوان بەرەی سۆڤیەت و رۆژاوا هەمووی لە ژێر سایەی شەری دۆگماکانی سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم لە لایەکەوەو سەرمایەداریی لە لایەکی ترەوە دەکرا . شەڕی بەردەوامی نێوان سوننەو شیعە لە ئاستی ئایدیۆلۆجییدا لە سەر کۆمەڵێ دۆگما واتە باوەڕی نەگٶڕی هەر دوو لایە . هەموودەسەلاتێک هەول دەدات دۆگما دروست بکات چونکە کورتترین و زامنترین رێگایە بۆ کوێرکردنی عەقڵ و هێشتنەوەی دەسەڵات و مێگەلکردنی خەڵک کاراکردنی دۆگماکانە . تیڕۆرێستێک کە خۆی بۆ کوشتنی سەدان ژن و منداڵ دەتەقێنێتەوە ، حەتمەن لە دۆگمایەکەوە ئەم کارە دەکات کە بەتەواوەتی هەست و هٶش و بیری داگیرکردووە .

لەو زەمانە زووەدا لە رێگەی دایەلۆگی ئاسایی یەوە سۆکرات هەولی دەدا خەڵک نەک لە دۆگماکان بەلکو لە ( بیرکردنەوەی دۆگمایی ) کە لە باوەڕێکی جاهیلانەو نە شارەزایی لە بیرەکان و وشەو پێاسەکان دەستپێدەکات ، ئاگادار بکاتەوە .

دیارە مەبەستت لە بیرکردنەوەی دۆگمایی بیرکردنەوەیەکە کە هەمیشە خۆی بەڕاست بزانێت و ئامادەی گۆڕین نەبێت ؟

-: دروستە . بەلام قەباعەتەکە هەر لێرە کۆتایی نایە ، وای لێدێت هەموو بیرێکی جیاوازیش بە نادروست ، خراپ و ئاخری ناحەزو دوژمن دابنێت و دایەلۆگ قبوڵ نەکات و هەوڵ بدات لە رێگای توندوتیژییەوە ناکۆکییە دۆگماییەکان چارەسەر بکات . بەم جۆرە خۆی و خەلکی تریش دەکاتە قوربانی جەهالەت و دۆگماکەی .

بەراستی سەیرە. ئەمەش دیارە کێشەیەکی هزریی گەورە دروست دەکات کە عەقڵ وەک پێشتر وتت هەمیشە رەخنەیی بێت چۆن ئاوا دۆگمایی لێ دێت ، من زۆرم پێ سەیرە کە خەلکانیک دەبینم ئاوا کەل – لەرەقانە بیرێک وەردەگرن و لە ئەشکەوتەکەی خۆیان نایەنە دەرەەوە ؟

-راستە ، بەلام دەبێ وریا بین مانای عەقڵ خۆی وەک شتێکی پێشدراوو نەگۆڕ سەیر نەکەین . عەقل تەنیا پێگەشەیەکی [ پۆتیێشیالێکی ]  مرۆڤە ، هاوتای زمان و هوشیاری و بیرە و بۆخۆشی دروست دەبێت و گەشە دەکات . ئەوانەی دەبنە دۆگمایی عەقڵیان دەرفەتی ئەو گەشەکردنەی نەبووە .

ئەو دەرفەتە چییە ؟

:- عەقڵ لە هەلومەرجی ئازادیی و زانین دا گەشە دەکات . واتە دەبێت لە کۆمەلگادا بە گشتی ئازادیی بیرکردنەوەی ئازادو دایەلۆگی کراوە هەبێت و خەڵک دەرفەتی ئەوەی هەبێت هەموو زانستەکان فێر بن بە تایبەتی دەبێ میتۆدی بیرکردنەوەی عەقلانی و زانستی پەڕەسەندووی مرۆڤایەتی هەر لە مندالییەوە فێری مندالان بکرێت، واتە فێر بکرێن دایەلێکتیکی بیربکەنەوە ، ناکۆکییەکان لە ماناو مەبەستدا هەست پێبکەن ، قبوڵی بیروڕای جیاواز بکەن ، بۆ خۆیان بیربکەنەوەو هەر نەوەیەک بە عەقلی خۆیان لە دنیای جیاوازی خۆیان بگەن . کەوایە دەتوانی بلێیی عەقلی ئازادو زانیار عەقلیکی رەخنەیی یە . عەقلی دۆگما عەقلێکی بەردییە کە چالاکی دایلەکتیکیی و گەشەکردن و کارکردنی سوودمەندی وەستاوە .

ناچارکردنی عەقل کە ئازادیی خۆی هەڵبژێرێت !!

” فێرکردنی خەڵک بۆ خۆیان بیربکەنەوە “، ئەمە ئەو کارەیە کە سۆکرات دەیکرد ، کەوایە سۆکرات سەرەتایەکی باشە بۆ فێرکردنی ئەو جۆرە بیرکردنەوە؟

راستە . مادام هەموو بیرێک مێژووی هەیە ، فەلسەفە مێژووی هەیە ، پێویستە جەخت لە سەر لایەنە گەش و گرنگەکانی بیری مرۆڤایەتی بکەین و منداڵانمانی پێ ئاشنا بکەین . وەک وتم سۆکرات لە بیرە سادەو باوەکانی ژیانی رۆژانەوە دەستی پێدەکرد : ئازایەتی چییە ؟ کارچاکیی [ فەزیلەت . ڤێرچیو ] چییە ، پیرۆزیی چییە ؟ ئەوسا هەوڵی دەدا لە رێگەی دایەلۆگەوە ناتەواویی و بۆشایی پێناسە جیاوازەکان و بیرە باوەکان دەربخا . لە بەرئەو سادەیی و نۆرمالی میتۆدەکەی و لە هەمان کاتدا پرۆسە فەلسەفییە گرنگەکەی ، میتۆدی سۆکراتیی وەک [ هونەری فێرکردنی فەلسەفاندن ] سەیری دەکرێت . لیۆنارد نێلسن لە کتێبە نایابەکەیدا [ میتۆدی سۆکراتیی و فەلسەفەی رەخنەیی – ١٩٤٩] دەنووسێت :

” میتۆدی سۆکراتیی هونەری فێرکردنی فەلسەفە نییە بەلکو هی فەلسەفاندن ، هونەری فێرکردن دەربارەی فەیلەسوفان نییە بەڵکو هی کردنی خوێندکارەکان بە فەیلەسوف . “

The Socratic method, then, is the art of teaching not philosophy but philosophizing, the art not of teaching about philosophers but of making philosophers of the students.

Leonard Nelson Leonard Nelson ((1949); Socratic Method and Critical Philosophy.. Publisher: Yale University Press.

لایەنێکی تری گرنگ کە نێلسن جەختی لەسەر دەکا ئەوەیە کە :

” دەسکەوتێکی گرنگی [ میتۆدی سۆکراتیی ] کە هەموو لایەک بە هی ئەوی دەزانن ئەوەیە کە بە پرسۆجۆ کردن لە قوتابیەکانی بەرەو ئەوەی دەبردن دان بە نەزانیی خۆیاندا بنێن و بەم جۆرە بگاتە سەر رەگوڕیشەی دۆگماتیزمەکەیان . ئەم ئەنجامە کە بەراستی بە هیچ رێگایەکی تر ناتوانرێ بسەپێندرێت ، گرنگیی دایەلۆگ وەک ئامرازیكی فێرکردن دەردەخات .”

One achievement is universally conceded to him: that by his questioning he leads his pupils to confess their ignorance and thus cuts through the roots of their dogmatism. Thisresult, which indeed cannot be forced in any other way, discloses the significance of the dialogue as an instrument of instruction. …

واتە هۆکاری سەرەکیی دۆگماتیزم نەزانیی و نەبوونی دایەلۆگە دەربارەی وەلام و زانیارییە جیاوازو لەبرییەکان . لە رێگایە پرسیارە وەلامەوە خوێندکار ناچار دەىێ بەرەورووی نەزانینەکانی خۆی بێتەوەو دۆگماکانی بنکۆڵ بکات .

نێلسن زیاتر ئەمە روون دەکاتەوە :

” تەنیا گوشاری بەردەوام بۆ دەربرینی بیرورای خۆت ، بۆ وەلامدانەوەی هەموو دژە پرسیارێک ، و روونکردنەوەی هۆیەکانی هەموو جەختکردنێک ، هێزی ئەو خۆشییەی [ ئاخاوتن ] دەکا بە خوویەکی بەرنەگیراو . ئەم هونەرەی ناچارکردنی عەقڵەکان بۆ[ هەڵبژاردنی ] ئازادیی نهێنیی میتۆدی سۆکراتیی پێکدێنێت .