Kerkuk1

به‌هرۆز جه‌عفه‌ر : چۆن به‌چوار ساڵ كه‌ركوك له‌ده‌ست ئه‌ده‌یت ؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

گه‌لێك ، كتێب و توێژینه‌وه‌مان خوێندۆته‌وه‌ . له‌بواری‌ ده‌روونناسیی و ، ئابوریی و به‌هێزكردنی‌ ئاسایشی‌ نیشتمانی‌ و ، ووزه‌و .. هتد . وه‌كو : چۆن سه‌ركه‌وتوو ئه‌بیت ؟.چۆن ده‌وڵه‌مه‌ند ئه‌بیت .؟. چۆن شه‌قامه‌كان به‌ووزه‌ی‌ خۆر ڕووناك ده‌كرێته‌وه ‌.؟. چۆن نه‌وت بۆ پاڵپشتی‌ ئاسایشی‌ نیشتمانیی وه‌گه‌ڕبه‌خه‌ین ؟.

كورد ، گه‌لێكی‌ بێ نیشتمان و زمانێكی‌ هه‌ڕه‌شه‌لێكراوو ، هێزگه‌لێكی‌ سیاسیی ئه‌وتۆی‌ هه‌یه‌ ، كه‌دوانیان زه‌حمه‌ته‌ (4) ڕۆژ پێكه‌وه‌ هه‌ڵبكه‌ن ، تا ته‌كبیرێكی‌ بێده‌نگی‌ بۆ ئاینده‌ لێ بكه‌ن . سه‌ره‌نجام تادێت گشت ڕه‌هه‌نده‌كانی‌ خانه‌ی‌ نه‌ته‌وایه‌تی و ئینتیماو ئیراده‌ی‌ پێشكه‌وتن سست ده‌بن . وه‌لێ‌ له‌مه‌سه‌له‌ی‌ كه‌ركوكدا ، ئه‌مه‌ به‌باشیی هه‌ستی‌ پێده‌كرێت . كار وا بچێت (4) ساڵی‌ تر ، به‌یه‌كجاریی كه‌ركوك له‌ده‌ست ئه‌ده‌ین ، ئه‌وه‌ی‌ به‌ (100) سه‌د ساڵ به‌شه‌ڕ و ته‌عریب و ته‌بعیس و ئه‌نفال و ، شێواندنی‌ دیمۆگرافیای‌ كوردایه‌تی‌ ، پێ یان نه‌كرا ، به‌ (4) ساڵ به‌سیاسه‌ت و یاسا به‌رامبه‌رمان ده‌یكه‌ن ، به‌ڕه‌چاوكردنی‌ ئه‌م كۆمینتانه‌ی‌ لای‌ خواره‌وه‌ :

یه‌كه‌م : هه‌ر به‌پێی یاسای‌ كۆمسیۆن له‌به‌غداد ، له‌چه‌ند لایه‌كه‌وه ‌. غه‌درێكی‌ گه‌وره‌ له‌ (3) پارێزگاكه‌ی‌ كوردستان و كه‌ركوك كراوه‌ . بۆنمونه‌ : پاڵێوراوێكی‌ كورد به‌ (8000) هه‌شت هه‌زار ده‌نگ ناتوانێ‌ ، بچێته‌ په‌رله‌مانه‌وه ‌. به‌لام عه‌ره‌بێكی‌ شیعه‌ به‌ (2250) ده‌نگ چووه‌ته‌ په‌رله‌مان .!. هه‌روه‌ها له‌ڕووی‌ بازنه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن و زیادكردنی‌ ڕێژه‌ی‌ ده‌نگده‌ر بۆ ناوچه‌ سوننی‌ و شیعییه‌كانی‌ عێراق و ، وه‌ك خۆی‌ مانه‌وه‌ی‌ ناوچه‌كانی‌ كوردستان .

دووه‌م : پرسیارێكی‌ گرنگ . هه‌یه‌ . ئێمه‌ له‌ماوه‌ی‌ (10) ساڵی‌ ڕابردوودا ، كه‌ یاریكه‌ره‌ كوردییه‌كانمان له‌به‌غدا پیاوه‌ به‌ئه‌زموون و زیره‌كه‌كانی‌ كورد بون ، به‌رامبه‌ره‌كانیشمان لاواز بوون ، كه‌چی‌ هیچ مان پێ نه‌كراوه‌ !. ئه‌ی‌ له‌مه‌ولا كه‌ یاریكه‌ره‌كورده‌كان به‌هه‌موو پێوه‌رێك لاواز ئه‌بن ، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی‌ له‌ئاینده‌ ده‌چنه‌ به‌غدا ، توانای‌ ( تاڵه‌بانی‌ و فواد مه‌عسوم و مه‌حمود عوسمان و ڕۆژ نوری‌ شاوه‌یس ) یان نییه‌ . وه‌ك ئه‌وانیش له‌مه‌ركه‌زیی بڕیارا نین ، به‌رامبه‌ره‌كانیش كه‌ شیعه‌یه‌ تادێت به‌هێز ده‌بن ، ئایا ده‌توانن چی‌ بكه‌ن ؟.

سێهه‌م : چوار حزبی‌ كوردیی ، له‌شارێكی‌ وه‌ك كه‌ركوكدا ، نه‌یانتوانی بێت ، یه‌كڕیز بن و پێكه‌وه‌ بن . ئه‌دی‌ چۆن ده‌توانن كۆنگره‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر ئاستی‌ چوار پارچه‌ی‌ كوردستان ببه‌ستن و پێكه‌وه‌ هه‌ڵبكه‌ن ..؟.

چواره‌م : ئه‌م په‌رته‌وازه‌ییه‌ی‌ ، كورد له‌كه‌ركوك نیشانی‌ دا ، كه‌ بۆ (24) كاتژمێر نه‌یانتوانی‌ له‌پێناو كه‌ركوكدا ، پێكه‌وه‌ بن و دڵه‌كه‌ی‌ كوردستانیان له‌ت كرد ، له‌به‌رامبه‌ردا عه‌ره‌بی‌ سووننه‌ یه‌ك لیسته‌ ، كه‌واته‌ (4) لیست له‌كه‌ركوك هه‌یه‌ . (2) ی‌ كورد (1) ی‌ عه‌ره‌ب . بێجگه‌ له‌(1) ی‌ توركمان . سه‌ره‌نجام له‌ناو كه‌ركوك هه‌موو لیسته‌كان چاودێریی یه‌ك ده‌كه‌ن ، نه‌ك ئه‌ویدی‌ زۆرتر بهێنێ‌ به‌هۆی‌ ته‌زویره‌وه‌، له‌ولاشه‌وه‌ له‌ ناحیه‌و قه‌زاكانی‌ (حه‌ویجه ‌و ڕیاز و یایچی‌ و ڕه‌شاد و مه‌لا عه‌بدولا و… هتد) .كاكی‌ عه‌ره‌ب به‌ئاره‌زووی‌ خۆی‌ سندوقی‌ لێ پڕده‌كاو ،كۆمسیۆن ده‌مه‌و ئێواره‌ش ناوێرێت به‌لای‌ سندوقه‌كاندا بڕوات . بيجگە لەوەی یەکڕیزیى كورد چاوەڕوان دەکرێت کەمتر بێت لە هەڵبژاردنەکان .

كه‌واته‌ ، ئێمه‌ له‌ڕووی‌ یاساوه‌ ،كه‌ مادده‌ی‌ (140) ه‌ … زياتر له (5) ساڵه‌ به‌سه‌رچووه ، دۆڕاوین . تازه‌ به‌تازه‌ش له‌قۆناغی‌ یه‌كه‌می‌ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌م مادده‌ به‌سه‌رچووه‌ین ، (قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌یه‌) و ، بڕیاره‌ (600)ملیاری‌ بۆ (2014)بۆ سه‌رف بكرێت . له‌ڕووی‌ سیاسیشه‌وه‌ به‌و شێوه‌یه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ دۆڕاندمان . ئینجا ناڕزیبون و گله‌ییه‌كانی‌ خه‌لكیش له‌شاره‌كه‌ به‌ده‌ست بێدادی‌ و دوو ئاسایشی‌ و بێ‌ ئاسایشیه‌وه‌،له‌وسه‌ریه‌وه‌ بوه‌ستێت .