kemal_mirawdeli

د. کەمال میراودەلی : دایەلۆگێک دەربارەی ئایدیۆلۆجی – بەشی حەوتەم .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

پێداچوونەوەی پێناسەکان

کەوایە پرسیارەکەم دووبارە ەدکەمەوە سۆکرات ئەو میتۆدە دایەلۆگە – دایەلێکتێکیەی بۆچی و چۆن لە قسەی ئاسایی رۆژانەوە داهێنا ؟

-: پێشتر پێناسەی دایەلۆگ و دۆگماو دایەلێکتیک ، بە مانا سۆکراتییەکەی و عەقلی دایەلێکتیکیمان بە مانا سەرەتایی یەکەی کرد . پێویستە ئەو پێناسەو روونکردنەوانەت لە یاد بن تا بتوانین بچینە ناو دنیای میتۆدی سۆکراتەوە .

چاکە ، هەوڵ دەدەم پوختەی پێناسەکان بیر خۆم بێنمەوە :

– دایەلۆگ : وتووێژی نێوان دوو کەس یان لایەن کە وردە وردە لە قسەکانایاندا جیاوازی دەردەکەوێت .

دایەلەکتیک : کاتێ ئەو جیاوازییانە وەک ناکۆکییەک یان دژە بیرو بۆچوون و زانیاریی لە ناو خودی دایەلۆگەکەدا دەردەکەون و رێبازی پەڕەسەندنی دایەلۆگەکەو چارەسەری ناکۆکییەکان بە ئاخاوتنی عەقلانی دیاری دەکەن .

یانی دایەلۆگ : جیاوازی نێوان قسەی دوو کەسەکانە .

دایەلێکتیک : جیاوازیی و دژیی یان ناکۆکیی لە ناو خودی قسەو بیرو بۆچوونی هەر دوو لادایە ، دەشێت ناکۆکییەکە لە قسەی هەر یەکێک لە قسەکەراندا بێت، واتە ناکۆکی لە قسەی خٶشتدا هەست پێبکەیت و راستیی بکەیتەوە هەر وەک چۆن لە قسەی بەرامابەرەکەشتدا هوشیارابە هەستی پێدەکەیت و راستیی دەکەیتەوە .

بەم جۆرە دایەلێکتیک بەوە پێناسەی فەرهەنگیی دەکرێ کە بریتییە لە هونەر یان پراکتیسی وتووێژیی لۆجیکی وەک ئەوەی لە لێکۆڵینەوەی راستییەک یان تیۆرییەک یان بیروبۆچوونێکدا بە کار دێت .

: di·a·lec·tic [dahy-uh-lek-tik[

the art or practice of logical discussion as employed in investigating the truth of a theory or opinion

عەقلی دایلەکتیکی : هەر ئاخاوتنی دایەلۆگییە بەو لێکدانەوەی سەرەوە . بەلام وا بزانم مەبەستت لە عەقلی دایلەکتیکی و جیاکردنەوەی لە ئاخاوتنی دایەلۆگی ئەوەیە کە قسەکەران هوشیارییان دەربارەی پرۆسەی دایەلەکتیکی دایەلۆگەکە هەبێت واتە بیرورای جیاوازی یەکتر قبوڵ بکەن ، تێبگەن و هەوڵ بدەن هەر یەکە بە دۆزینەوەی ناکۆکی و ناتەواوی زیاتر لە بیرە دژەکانیاندا بیرو بۆچووونی خۆیان بسەلمێنن و ناکۆکییەکانی خۆشیان دەرکپێبکەن و راست بکەنەوە .

دۆگما : تا ئەو خالەی سەرەوە وتمان دایەلۆگ بەردەوامی ئەو پرۆسەیە کە عەقڵ کراوەو نەرمان و چالاکەو رەخنەیی یە واتە لە پرۆسەی گۆڕینەوەو تێگەیشتن و وەلامدانەوەدا هەم رەخنە لە بەرامبەرەکە دەگرێت و هەم ئاگای لە پرۆسەی ئاخاوتنی خۆیەتی و بە خٶشیدا دەچێتەوەو خۆی راست دەکاتەوە . بەلام کاتێ عەقڵ ئەم توانستەی کرانەوەو وەرگرتن وەلامدانەوەی لە بەر هۆیەکی دەرەوەیی ، وەک ترسی دەسەلات ، یان نەزانیی ، یان پەروەردوو عادەت ، یان بەرژەوەندیی ، یان باوەڕی کوێر و بنبەست نامێنێ و دادەخرێ ئەو کاتە عەقلەکە دەبێ بە عەقلی دۆگمایی واتە تەنیا ئەو شتانە بە راست و دروست و چاک دەزانێ کە خۆی پێی چاک و راست و دروستن بە بێ ئەوەی گوێ بداتە هیچ بەلگەیەکی لۆجیکی یان زانستی یان ئامادەبێت بۆ تاقیکردنەوەو سەلماندنی راستیی بۆچوونەکانی خۆی بکەوێتە دایەلۆگ لەگەڵ کەسانی خاوەن بیروڕای جیاوازەوە . وتیشت ئەم جۆرە دۆگمایی یە بە توندیی بە دەسەلات و سیستمەکانی دەسەلاتی ستەمگەریی و دەزگاکانی و میتۆدی پەروەرەدیی و میدیاکانییەوە بەستراوەتەوەو لە ئاکامدا تەنیا دەتوانێت زمانی توندوتیژیی لەگەڵ رکەبەرەکانیدا بەکاربێنێت .

وا بزانم تا رادایەک لە پێناسەکان گەیشتووم . چاکە ئێستا حەز دەکەم بزانم سۆکرات ئەم میتۆدەی بۆچی و چۆن بەکاردێنا .

دەربارەی بۆچی ؟ پرسیارێکی گرنگە ، چونکە وەک دەزانین سۆکرات لە سەر ئەو کارەی دەیکرد ، بە ژەهرخواردن ئیعدام کرا ،  بەلام ئەو لە سەرەمەرگیشدا کارەکەی خۆی و فەلسەفاندنەکەی خۆی پەشیمان نەبۆوە . واتە لە پشت فەلەسەفاندنەکەیەوە بێگومان فەلسەفەیەکی ژیان هەبوو کە ئەویش دەرخستنی راستیی بوو ، راستییەکی گشتی و ئەبستراکت یان رووت نا، راستیی بە مانایەکی میتافیزیکیی نا ، راستیی سەرووی راستیی و پراکتیسی راستیی نا، میتافیزیکا هەمێشە ئەو توانستە بەهێزو خێرایەی هەیە ببێتە دۆگما ، وەک باسیشمان کرد هەولی سەرەکیی سۆکرات هەڵوەشاندنەوەی دۆگما و بیرکردنەوە بوو. ئامانجی ئەو ئەوە نەبوو لە جیاتی دۆگمایەک دۆگمایەکی تر ، یان هیچ جۆرە بیرو بۆچوونێکی پێشوەخت بسەلمێنێ یان هیچ بیرو بٶچوونیكێش بە هەڵە دابنێت ، ئامانجی ئەو دەرخستنی راستیی بوو وەک شتێکی سادەی رێژەیی کە رۆژانە لە هەلسوکەوتکردنمان لەگەڵ یەکترو گۆرینەوەی بیرو ئایدیاکانمان بەرەورووی دەبینەوە . بەلام دەشێ وەک نەزانیی و دۆگما ببێتە کۆسپ و کۆتێکی گەورە لە ژیانماندا .

ئەی چٶن ؟ گەر بیرێکی ىاشتری نەبوو چۆن رەخنەی لە بیروبۆجوونی باو یان دۆگما یان نۆچوونی جیاوازیی خەلکی تر دەگرت ؟

رەخنەی لێنەدەگرتن و نەشی دەزانی خەلک پێشتر چۆن بیر دەکەنەوە . یان قەت خۆی وا نیشان نەدەدا کە دەزانێ ، بەلکو دەیویست ئەوە بدۆزێتەوە چۆن بیر دەکەنەوە و خۆشیان وا لێبکات بزانن چۆن بیر دەکەنەوە . هیچ جۆرە بیریکێشی بە خراپ دانەدەنا . ئەو تەنیا پرسیاری دەکرد ، کە وەلامی وەردەگرت پرسیاری زیاتری دەکرد ، کە وەلامی تەواوی وەرنەدەگرت یارمەتی بەرامبەرەکانی دەدا بیر بکەنەوەو بگەنە وەلامێکی تەواوتر . بەم جۆرە تا جیاوازییەکان لە دایەلۆگەکەدا دەردەکەوتن و ئەوسا بە حوکمی زیرەکیی پرسیارەکان دایەلۆگەکەش دەبوو بە دایەلەکتیکی ، بۆ ئەوەی کە دایەلۆگەوان لە رێگەی عەقڵی خۆیەوە بە راستیی بگات نەک راستی بە قوڕگا بکرێت .

واتە مەبەستت ئەوەیە کە رەنگە دایەلۆگەوانەکان جگە لە سۆکرات خۆی ، خۆیان ئاگاداری لایەنە دایلەکتیکییەکانی پرۆسەی دایەلۆگەکە نەبووبن یانی هوشیارییان دەربارەی ناکۆکییەکانی قسەکانی خۆیان و ئەوانی تریش نەبووبێت و سۆکرات سەرنجی راکێشا بن بۆ ئەو ناکۆکییانە یان ناچاری کردبن بۆ زیاتر روونکردنەوەی مەبەستەکانیان یان پێناسەکانیان تووشی ناکۆکی زانیاریی و بیرو بۆچوون بن ؟

تەواو دروستەو وەک لە نموونە زەبەندو روونەکانی ئەفلاتون دا بۆمان دەردەکەوێت میتۆدێکی تایبەتی بە خۆی لەم بوارەدا پەڕەپێدا بوو ، کە وەک میتۆدێکی دایەلەکتیکی گفوگۆکردن ناسرا ، بەلام وەسفکردنی تەنیا بە دایەلەکتیکی دیارە کەموتکردنەوەی لایەن و دامێن و گرنگی پراکتیکی میتۆدەکەیەتی ، چونکە میتۆدیکی پراتیکی ئازادو کراوە بوو ، کە لە پشتییەوە هەوڵی دەرخستنی جەهالەت و دۆگما بوو کە هێندە لای مرۆڤ و کۆمەلگاکانی بە ئاسانی رەگی دادەکوتێ و بە حوکمی بیرو دەزگای باوو عادەت و تەمبەڵی و نەزانیی و بەرژەوەندی پەرستیی دەبێ بە پراوەیەکی ئاسایی خەلک بی گوێدانە ئەنجامە مۆرالیی و رەوشتیارییە مەترسیدارەکانی .

مەبەستت ئەوەیە ئامانجی مۆرالی /ئەخلاقیی/ رەوشتیاریی لە پشت پرۆژەکەی سۆکراتەوە بوو؟ مادام سۆکرات لە سەر هەولدان بۆ دۆزینەوەی میتۆدێک بۆ دەرخستنی راستیی و هەڵوەشاندنەوەی نەزانیی و جەهالەت شەهید کرا، بە راستی دەمەوێ بە وردی لەوە حالی بم چۆن ئەو کارەی ئەو ئەوەندە خەتەرناک بوو کە دەسەلات بترسێنێ و بیگرێ و ئیعدامی بکات ؟

وتمان ئاخاوتن / قسە عەقڵە لە کارکردندا، عەقڵ و ئەخلاق لێک جیا ناکرێنەوە . لە ئاستی تاکەکەسدا ، تا مرۆڤ رووناکبیرتر ، تێگەیشتووترو عەقلانیتر بێت هەستی بە بەرپرسیارێتی مرۆڤیی و کۆمەلایەتیی و ویژدانیی خۆی بەرامبەر خۆی ، خەلك ، مرۆڤایەتیی ، ژیان ، گەردوون زیاتر دەبێت . لە ئاستی کۆمەلێشدا ، کۆمەڵگای عەقلانی زیاتر هەولی دامەزراندنی هارمۆنی و هاوسازیی و یەکسانیی و دادپەروەریی دەدا و مافی مرۆڤەکانی دابین دەکات و کێشەکانی بە دایەلۆگ و دەستوورو یاسا چارەسەر دەکات . هەر لە سەرەتای ئەم دایەلۆگەمان دا وتم کە هەر وشەیەک راستیی پرۆسەیەکی بیرکردنەوەیە : چۆن لە مانای ئاسمان ، ژیان ، مرۆڤ ، سروشت ، باوک ، خێزان ، ژن ، مناڵ و … هتد .  تێ دەگەین و چۆن ئەو وشانە بۆ دەربرینی تیگەیشتنەکانمان دەخەینە رستەوە ئەمە سەرەتایەکی رستەسازیی بیرسازیی و عەقڵسازیی ئێمە دەردەخات . بەلام هەر لەو کاتدا هەڵوێستێکی ئەخلاقیی ئێمە دەردەخات . راستیی کە زۆربەی کات خەلک قسەی بٶش و بێ بنەما دەکەن ، مانای وایە ئەوان هەم باکیان بە بنەما عەقڵییەکانی قسەکانیان و هەم لەهەمان کاتدا، بنەما ئەخلاقییەکانی قسەکانیان نییە. بۆ نموونە :

کەسێک زانیارییەکی پزیشکیی یان تەندروستیی هەڵە بلاوبکاتەوە کە دەشێت زیان بە تەندروستیی خەڵک بگەیەنێت

کەسێک بیروڕایەکی دواکەتوو بلاوکاتەوە کە بۆ نموونە پاکانە بۆ سووکایەتیکردن بە ژن یان تەنانەت ئازاردان و کوشتنیشیان بکات

کەسێک کە هەڵوێستێک بنوینێت پشتگیریی بێت بۆ کەسێکی گەندەڵ یان دەسەڵاتێکی ستەمگەرو نادادپەروەر

یان ئەوەی زۆرترین باوە حوکمدانی ناهەق بە سەر کەسان و کۆمەلان یان سووکایەتی پێکردنیان ، هەر وەسفیکی ئێمە دەیکەن: فلان کەس زیرەکە ، فلان کەس ناپیاوە ، فلان کەس خویڕیی و هیچە ، فلانکەس زاناو رووناکبیرە ، فلان کەس بە دینە یان بێدیینە … هتد . ئەمانە هەمووی زۆربەی حوکمی پێشوەختن ، قسەی بێسەروبەرو نەسەلمـێندراو ، کە دەشێت هەم لە رووی عەقلانییەوەو بێگومان لەر رووی مۆرالیی و ئەخلاقییەوە ، شاش و زیانبەخش بن .

بەم مانایە عەقڵانیی و ئەخلاقیی لە هەموو ئاستێکدا تەواوکەری یەکن . دەسەڵاتێک عەقلانیی و زانستیی نەبیت ناشتوانێت دەسەڵاتیکی ئەخلاقیی بێت . واتە تا بنەماو پاکانەی عەقلانیی [ کە لە سیاسەتدا دوایی لە دەستوورو یاسا دا خۆی دەنوێنێت ] بۆ حوکمەکەی نەبێت لە رووی ئەخلاقییەوە بنبۆش و بەرەڵا دەبێت . 

تاکەکەسانێش بەم جۆرە ، تا ستانادری عەقلانی لە گفتوگۆو قسەهێنان و بردن و باسکردنی خەلک وبلاوکردنەوەی بیروڕا بەکارنەهێنن ، لە رووی ئەخلاقیشەوە نوقسان و بارگران دەبن .

پەیامی سۆکرات لە لایەکەوە ئەوە بوو ئەو عادەتی بیرکردنەوەی پێشحوکمدان و نەزانین و دۆگمایی لە ناو کۆمەلدا رووهەڵماڵراو بکات وبنەما ناعەقڵییەکنی هەڵوەشێنێتەوە . لە لایەکی تریشەوە دەیویست خەڵک فێر بن ستانداردی عەقڵانی بۆ پێناسەو حوکمدانەکان لە ڕێگەی دایەلۆگی دایەلەکتیکییەوە بدۆزنەوە . بە تایبەتی وەک پێشتر ئاماژەم بۆ کرد ، دەیویست لە خەلک بگەیەنێت تا چەند ئەو کەسانەی لە کۆمەڵ و لە دەسەڵاتدا بە ئازاو چاک و حەکیم و زانا، ناوبانگیان دەرکردووەو وەک ئەفسانە لە کۆمەلدا قبوڵکراون ، بە راستیی ئازاو حەکیم و چاک و زانان یان کەسانی بۆش و پووچەڵن . یان خەلک چۆن لە ئازایەتی و زانایی و حیکمەتیان تێدەگات . ئەم پرۆسەیە خەڵکی بە تایبەتی گەنجانی فێرکرد گومان لە بیرە باوەکان و ئاستی کۆمەلایەتی و کەسێتیی دەسەلاتدارەکان بکەن و فێربن بە ئازادیی بێ کۆتوبەندی دۆگماو بیرو پێناسەی لەوەپێش و عادەتی باوو زانیاری چەسپاو بیربکەنەوە . ئەمە تەنانەت لێکدانەوەو شیکردنەوەی تێگەیشتنی خەلكی لە پێناسەو شوێن و دەسەلاتی خوداکانیش گرتەوە .

ئایا سۆکرات لە سەر ئەمە حوکم درا ؟

سۆکرات لە ساڵی ٣٩٩ ی پێش زایین بەرداد کراو حوکمی لە ناوبردنی بە ژەهرخواردن بۆ دەرکراو حوکمەکەی بە سەردا جێبەجێ کرا . ئەو بە سێ تۆمەت تاوانبار کرا :

١. باوەری بەو خودایانە نییە کە دەسەلات و دەولەتی ئەسینا باوەڕی پێیان هەیەو سووکایەتیان پێدەکات ،

٢. خودای تازەی دروستکردوون

٣. رەوشتی گەنجەکانی تێکداوە .

کەواتە تۆمەتەکان دوو جۆرن : تۆمەتی دینیی و تۆمەتی سیاسیی . مێژووناسان ڕێک نین کام لەمانە دەوری زیاتری لە تاوانبارکردن و کوشتنیدا هەبوو . بەلام کە بە وردی سەرنجی تۆمەتەکان بدەینەوە دەبینین هەر سێکیان تۆمەتی ئایدیایین . رەتکردنەوەی خواکانی دەسەلاتی یۆنانی مانای رەتکردنەوەی رەمزەکان و بەرجەستەکانی دەسەلات و ئەو بیرو ئەفسانانەیە کە لە پشتیانەوەیە ، دروستکردنی خودای تازە مانای هێنایەکایەی بیرو چەمکی نوێیە کە لەبریی خوداکان و ئایدیاکانی دەسەلات بێت ، تێکدانی گەنجان مانای ئاشناکردنی گەنجانە بەم بیرە تازانە یان شێوەی بیرکردنەوەی دایلەکتیکی نوێ ، لە بری قبوڵکردنی باوەڕی دۆگمایی . سیاسییکردنی ئەم پراکتیسە ئایدیایی یە ئەوە دەردەخات کە بیرو سیاسەت پێکەوەگرێدراون ، هەر دەسەلاتێک تا ماوەیەک بۆ بیری نوێ شل دەکا ، کە زانی کاریگەریی لە سەر جەماوەرو بنکۆڵکردنی دەزگاو دەسەڵاتی باو هەیە ، بێگومان بە توندی بەرامبەری دەوەستێت .

واتە گرنگیی کێشەکە لایەن و کاریگەرییە سیاسییەکەیە . هەر ئەمەش وا دیارە سۆکراتی بە مەرگ گەیاند . چونکە وەک سووکایەتیکردن بە خواکان ، ئەوە کارێک و تۆمەتێک نەبوو کەسی لە سەر لە ناوببرێت . کۆمەلگای یۆنانی لە سەردەمی سیاسەتمەداری ئەسینی بەناوبانگ [ پێریکلس ] ەوە کە لە نیوان سالی ٤٢٩-٤٦٠ پ . ز رێبەرایەتی بزوتنەوەی دیمۆکراسی کرد ، کە کاتی منالیی و گەنجێتی سۆکرات بوو ، بە قۆناغێکی دیمۆکراتی و لیبرالی رادیکالدا تێپەڕی . ئازادی رادەربڕین روویەکی دیاری ئەو لیبرالیزمە بوو کە لە شانۆگەریی و فەلسەفەو پەروەردەدا رەنگی دابۆوە . مێژوونووس  . ئای . ئێف . ستۆن

I.F.Stone

باوەڕی وایە کە حوکمدانی سۆکرات هۆکاری سیاسیی بوو . دەنووسێت : [ ئەسینییەکان بەوە راهاتبوون کە گوێیان لەوە بێت خواکان سووکایەتییان پێبکرێت . ئەمە لە شانۆگەرییە تراژیدیی و کۆمیدییەکاندا رووی دەدا. روونیشی دەکاتەوە کە [ ئەریستۆفانس ]ی درامانووس لە شانۆگەریی [هەورەکان ] دا کەسایەتییەکی ‌هێنابووە سەر شانۆ کە ئەو حیکایەتەی بۆ بینەران دەکرد کە [ بارانبارین بریتییە لە میزی [ زۆیس] کە لێی تێكچووە لە جیاتی مەنجەڵی ژوور ، میز دەکاتە ناو بێژنگەوە ] . ( زۆیس خودای خۆرو ئاسمانەکان و مرۆڤ بو ولە یۆنانی کۆندا ) کەس لە سەر ئەم قسانە ئەریستۆفانس ی بە تۆمەتی بێدینیی و سوکایەتی بە خودا – زیۆس تۆمەتبار نەکرد .]] ستۆن دەربارەی ژیانی دیمۆکراتی یۆنانی و قبوڵکردنی جیاوازی بیروڕا دەگاتە ئەو ئەنجامە کە :” لە هەمان شاردا لە هەمان سەدەدا ، کەسێک دەیتوانی زیۆس وەک پیرە پیاوێکی مێباز کە بۆ ( جونۆ ) دۆخینی نەدەبەستەوەو وەک مریشکیش لێی دەترسا ) یان وەک بەرجەستەی خودایی دادپەروەریی بپەرستێ . ]]

ئەوە بیرو بۆچوونی سیاسیی سۆکرات بوو نەک بیرورای فەلسەفیی یان دینناسیی کە وای لێکرد کێشەی بۆ دروست ببێت .]]

I. F. Stone argues that “Athenians were accustomed to hearing the gods treated disrespectfully in both the comic and tragic theatre.” He points out that Aristophanes, in his Clouds, had a character speculating that rain was Zeus urinating through a sieve, mistaking it for a chamber pot–and that no one ever bothered to charge Aristophanes with impiety. Stone concludes: “One could in the same city and in the same century worship Zeus as a promiscuous old rake, henpecked and cuckolded by Juno or as Justice deified. It was the political, not the philosophical or theological, views of Socrates which finally got him into trouble

[ بۆ ئەو سەرچاوەو لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە هەلومەرجی حوکمدان و ژەهرخواردووکردنی سۆکرات بڕوانە : 

http://law2.umkc.edu/faculty/projects/ftrials/socrates/socratesaccount.html