دکتۆر کەمال میراودەلی : دایەلۆگێک دەربارەی ئایدیۆلۆجی .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بەشی هەشتەم

بەراست سۆکرات خۆی قەت روونی کردۆتەوە بۆچی ئەم کارەی دەکرد ؟

ئێمە بەداخەوە هیچ نووسینێکی سۆکرات خۆیمان بۆ نەماوەتەوە ، ئەوەی هەیە لە لایەن هاوسەردەم و شاگردەکانییەوە بە ناوی ئەوەوە گەێندراوە بە تایبەتی ئەفلاتون کە لە کۆمەڵێ دایەلۆگیدا کە بە دایەلۆگە سۆکراتییەکان ناسراون ، سۆکرات کەسی سەرەکییە تێیاندا و لە و دایەلۆگانەدا میتۆدیی سۆکراتیی دەردەکەوێت ، واتە ئەفلاتون بە روونی ئەو میتۆدە وەک قسەو ئاخاوتن و چالاکی تایبەتیی سۆکرات بەرجەستە دەکات . ئەمە سەرچاوەیەکی دەولەمەندو بەسە بۆ ئەوەی راستەوخۆ میتۆدی دایەلۆگی سۆکراتیی لە دایەلۆگەکانی ئەفلاتوندا بخوێنینەوەو سەرنج بدەین . وەک وتمان ، سۆکرات لە سەر ئەو چالاکییە دایەلۆگییە ئایدیایی و سیاسییەی تووشی گرتن و حوکمدان و مردن بوو . ئەفلاتون پرۆسەی دادگاییکردن و دیفاعەکەی سۆکرات لە خۆی لە دایەلۆگێکدا بە ناوی ( ئەپۆلۆجی ) واتە : روونکردنەوە یان پاکانە ، تۆمار دەکات . لەو دایەلۆگەدا کە راستی وتارێکی درێژیی دیفاعنامەی سۆکراتە لە خۆی ، سۆکرات هەم هۆکارەکانی گرتنەکەی و هەم هۆکارە سەرەکییەکانی چالاکییە دایەلۆگییەکانی ئاشکرا دەکات .

هیو بێنسن لە لێکٶلینەوەکەیدا لە سەر سۆکرات بە ناوی : حیکمەتی سۆکراتیی : مۆدێلی زانین لە دایەلۆگە زوووەکانی ئەفلاتون دا ، [ ئۆکسفۆرد ٢٠٠٠ ] ئەو کارانەی سۆکرات لە ئەپۆلۆجی دا پێشکەشیان دەکات لەم خاڵانەدا کۆدەکاتەوە : روونکردنەوەکان هی خۆمن .

١. لێکدانەوەی راگەیاندنی کەسانی تر: [ واتە کاتی کەسێ پێناسەیەکی سەرەتایی لە روانگەی خۆیەوە دەردەبڕی ، وەک پێناسەی ئازایی، خۆشەویستیی، دادپەروەریی ، سۆکرات ئەمەی قبوڵ دەکرد بەلام پرسیاری لێدەکرد و لەرێگەی پرسیارەوە سروشتی ناتەواویی راگەیاندنەکەی روون دەکردەوە ]

٢. تاقیکردنەوەی یان پشکنینی زانیاریی و حیکمەتی ئەوانەی کە ناوبانگیان لە لایەن خۆیانەوە یان هی تر بۆ پەیدا بوو بوو ، کە زاناو حەکیمن [ ئەمە کەسانی ناوداری ناو دەولەت و کۆمەڵیشی دەگرتەوەو زۆر جار سۆکرات لە رێگەی دایەلۆگەوە جەهالەت و بۆشیی فیکریی ئەوانی دەردەخست . ئەمە دوژمنی زۆری بۆ پەیدا کردو هۆکارێکی گرنگی تۆمەتبارکردنی بوو.]

٣. ئەوانەی کە داناو ژیر نەبوون، نیشانی دەدان کە نەزانن

٤. لەوانەوە فێر دەبوو کە دانا و حەکیم بوون . [ سۆکرات لەوەوە دەستی پێدەکرد کە دانی بە نەزانیی خۆیدا دەنا و دەیویست خۆشی لە زانست و ئەزموونی کەسانی ترەوە فێر بێت ]

٥. سۆکرات خۆشیی تاقیدەکردەوەو دەخستە بەر سەرنج [ سۆکرات جەختی لەوە دەکرد کە ئەو کاتێ خەلکی تر تاقیدەکاتەوە ئەو خۆشی تاقیدەکاتەوە]

٦. هانی کەسانی تری دەدا بۆ فەلسەفە [ کاتێ شێوازی نەزانیی و دۆگمایی کەسەکانی بۆ دەردەکەوت هانی دەدان میتۆدی فەلسەفاندنی دایەلەکتیکی بەکاربێنن تا هوشیارییان دەربارەی ناتەواویی و ناکۆکییەکان لە ئاستی زانین و تێگەێشتنیاندا و زنیاری راست بەدەستبێنن ] .

٧. سەرنجدان و پشکنینی ژیانی کەسانی تر

٨. بەدەسهێنانی زانینی مۆرالیی / ئەخلاقیی [ کە ئەمە وەک ئامانجی دوایی هەموو دایەلۆگەکان دەردەکەوێت و سۆکرات بە چاکەکاریی [ فەزیڵەت ، ڤیرچیوو] ناوی دەبات .

رەنگە ئەمە بەناوبانگترین وتەی سۆکرات بێت لە ئەپۆلۆجییەکەیدا ، کاتی سۆکرات مەبەستەکەی لەم رستە بەناوبانگەدا کورت دەکاتەوە :

” مەزنترین کاری باش کە مرۆڤ رۆژانە بیکات ئەوەیە کە وتووێژ دەربارەی چاکەکاریی [ فەزیلەت ] بکات و هەموو ئەوانەی بایەخ بەمە دەدەن و دەبیسن کە من خۆم و کەسانی دیکە بەرسەرنج دەدەم و ئەو ژیانەی کە سەرنجی لێنەدرێ و لێخوردبوونەوەی بۆ نەکرێت شایانی ژین نییە .”

that the greatest good of man is daily to converse about virtue, and all that concerning which you hear me examining myself and others, and that the life which is unexamined is not worth living

هیو بێنسن جەخت لە سەر ئەوە دەکات کە بنسازیی/ بنیاتی دایەلۆگە سەرەکییەکان هەموو لەوەدا هاوبەشن کە سۆکرات [ زانینی کەسانی ناودار تاقیدەکاتەوە دەگاتە ئەو ئامانجە کە ئەوان ئەو زانین و حیکەمەتەیان نییە کە پێی ناسراون .]

Hugh H. Benson (2000):: Socratic Wisdom :The Model of Knowledge in Plato’s Early Dialogues. Oxford University Press. publication: New York.. Page: 17.

هەروەها سۆکرات روونی دەکاتەوە کە هەوڵدانی ئەو بۆ بەرسرنجکردن و زانینی نەزانیی کەسانی تر، راستبییەکەی مەبەستی سەرەکی ئەوە بووە کە ئەو سەرنجی ژیانی خۆشی بدات و نەزانیی خۆی بزانێت.

( Apology 28e5-(

ئامانجیشی ئەوە بووە کە قەناعەت بە خەڵک بکات کە لە ژیانیاندا ” بایەخ بە حیکمەت و راستیی و تا دەتوانن چاککردنی رەوشی رۆحییان بدەن .” – واتە ببن بە خواستاری و یاری زانین و حیکمەت، بە فەیلەسوف .

سۆکرات وەک پەیامبەر

لەم چەند مەبەستەوە کە باست کردن وا تێدەگەم کە سۆکرات خۆی وەک کەسیکی خاوەن پەیام ناسیبێت ، ئایا لە هیچ شوێنیکدا ئەو خۆی وەک پەیامبەر ناساندووە ؟

بەڵێ. بەلام پەیامبەرێک نا کە لە سەرووی خەلکەوە بێت و ، خودا زانیاریی و هێزێکی زیاتری پیدا بێت ، بەلکو وەک کەسێکی سادەو ئاسایی نێو خەلک ، کەسێکی هەژارو نەدارو نەزان ، کە هوشیاریی و قەناعەتی تەواویی بە نەزانیی و نەداریی و هەژاریی خۆی هەیە ،. بەلام ئەو پەیامەشی هەبێت کە لە رێگەی نەزانیی خۆیەوە خەلک و دەوڵەت لە کارەساتی نەزانیی و باوبوونی بیرو رەوشتە نامرۆڤیی و ناداپەوەرەکان ئاگادار بکاتەوە . پەیامەکەی پەیامێكی ئینسانیی ، کۆمەڵایەتیی ، عەقلانییە ، کە لە گرنگیدان بە تاکەوە بۆ کۆمەل و لە کۆمەڵەوە بۆ تاک دەستپێدەکات . دایەلۆگەکەی ئەو تایبەت نییە بە کەسانی ناودار: ئەو تێکەڵی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەل و هەموو تەمەنەکان بووە تا مرۆڤەکان وا لێبکات لە ژیانی خۆیان ، لە بیرکردنەوەی خۆیان ، لە پێوەندییەکانیان بە یەکترو بە دەسەلاتەوە ورد ببنەوەو لێکی بدەنەوە ژینیان چ مانایەکی هەیە یان نییە .  راستیی باشترین سەرچاوەی راستەوخۆ واتە دەستی یەک ، ئەسلیی ، بۆ تێگەیشتنی ئەم پەیامەکەی سۆکرات و وتاری دیفاعنامەکەی خۆیەتی لە ئەپۆلۆجی) دا. ….

بەر لەوەی ئاماژە بە وتارەکەی بکەی ، لەم قسانەت دوو شت سەرنجم رادەکیشن کە حەز دەکەم بۆمیان روون کەیەوە :

یەکەم : لە رێگای نەزانیی خۆیەوە خەلک لە نەزانیی خۆیان ئاگادار بکاتەوە،

دووەم : پەیامەکەی پەیامی مرۆڤێکی سادەیە بۆ مرۆڤە سادەکان .

پرسیاری یەکەمم ئەوەیە : چۆن نەزانیی بە نەزانیی دەزانرێ ، دووەم : کە سۆکرات ئاوا سادە بوو ئەی چۆن وەک پەیامبەرێکێش لە خۆی دەگەیشت ؟ مەبەست ، ئەوەیە ئایا هیچ چاوگەیەکی رۆحی بۆ پەیامەکەی دیاریکردبوو؟

بۆ پرسی یەکەم : ” لە رێگای نەزانیی خۆیەوە نەزانیی ئاشکرا بکات “، جەوهەری فەلسەفەو فەلسەفاندنی سۆکراتەو باسێکی درێژی دەوێت کە دوایی روونی دەکەمەوە . بۆیە جارێ لە سەر پرسی دووەم دەڕۆین گەرچی هەردووک لە روویەکەوە بەیەکەوە بەندن . وەک پێشتر ئاماژەم بۆ کرد سۆکرات بە رەتکردنەوەی خوداکانی دەسەڵات و دروستکردنی خودای نوێ تۆمەتبار کرا بوو . بۆیە لە دیفاعەکەی دا لە دادگا حەتمەن دەبوو پرسی رۆحیی و خوداکان باس بکات . ئەو بە دوو جۆر ئەم پرسە دێنیتە گۆڕێ :

یەکەم : ئەو پەیامەکەی خۆی وەک پەیامێکی چارەنووسیی باس دەکات، پەیامێک کە خوداو قەەدر ئەوی بۆ تەرخان کردووە . ئەمە بە ئاماژە بۆ رووداویكی ئۆرەکلی ئەپۆلۆ دەگیڕێتەوە . گوایە کۆنە هاوڕێیەکی سۆکرات پرسیاری لە ئۆراکلی دێلفی کردووە كێ لە ئەسینا لە هەموو کەس داناترە ،

دێلفی وتوویەتی کە کەس لە سۆکرات داناترنییە . ئۆراکلی

سۆکراتیش کە هەمیشە ئاگاداری نەزانیی خۆی بووە دەستی بە پرۆژەیەک و پەیامێک کردووە بٶ تاقیکردنەوەی زانایی کەسانی بە زانا زانراو تا بۆی دەرکەوێت داخۆ راستە ئەو بەو نەزانییەی خۆیەوە لەوان داناترە. دیارە ئەمە خۆی لە خۆیدا مەتەلێک یان میکانیزمێک لە پێوەندیی نێوانی نەزانیی و زانایی و دایەلێکتیکی نیوانیان هەلدەگرێ کە لە پرۆسەی پرۆژەکەی سۆکراتدا خۆی ئاشکرا دەکات. لە بەر ئەمەی ئەمە دەوری خوداکان روون دەکاتەوە تەواوی قسەکانی سۆکرات دەکەم بە کوردی بەلام دەزانم پێش ئەوە تا بابەتەکەت لا روون بێت پێویستە مانای ئۆراکل و رازگۆیی و پێشبینی ئۆرەکلەکان روون کەمەوە.

یۆنانییەکان کۆمەڵی خودایان هەبوون کە زیۆس بە باوکی خواکان و مرۆڤ دادەندراو ئەپۆلۆ یەکێک بوو لە کوڕەکانی، خواکان لە رێگای ئۆرەکلەوە قسەیان لەگەڵ خەلک دەکرد کە بریتی بوو لە کەسانێکی دینیی لە شوینێی تایبەتیدا کە ئەو شوێنەش هەر ناوی ئۆرەکلی وەردەگرت. ئەو ئۆرەکلانە بە نیوانچی لە نیوان خوداو مرۆڤ دادەندران کە لە رێگای سرۆشی (وەحی) خوداکانەوە ئامۆژگاری باش و راستگۆیی و رازگۆیی و پێشبینی چاک و ترسناکیان بەو کەسانە دەگەیاند کە دەچوون بۆلایان و پرسیان پێدەکردن. بەناوبانگترین ئۆراکل لە یۆنانی کۆندا ژنەقەشەیەک بوو بە ناوی (پیثیا) کە زمانحاڵی ئەپۆلۆ بوو لە دێلفی.

ئەپۆلۆ کوڕی گەورەخودا زیۆس بوو لە ژنەکەی لیتۆ. ئارتیمیس خوشکی دووانەی بوو. ئەپۆلۆ خودای مۆسیقایەو شمشالێکی زیڕین لێدەدا. هەروەها تیرهاوێژە و تیریکی زیوی پێیە. خوادی ساغیی و چاککردنەوەیە و مرۆڤی فێری پزیشكیی کردووە. خودای رووناکی و راستییشە کە قەت درۆ لە زاری نایەتە دەرەوە.

ئۆرەکلی دێلفی هی ئەو بوو، خەلک لە هەموو شوێنێکەوە بۆی دەچوون تا رازەکانی خۆیان دەربارەی ئایندەو پاشەرۆژ بزانن. ئەم ژنەقەشەیەی دێلفی (پیثیا) ئەو قسەیەی بە ناوی خودا ئەپۆلۆوە راگەیاندبوو کە سۆکرات داناترین کەسە لە ئەسینادا. ئەمەش دامێنیکی دینیی خودایی بە پەیامەکەی سۆکرات دەدا کە لە دادگادا بۆ دیفاعکردن لە خۆی دژی تۆمەتی بێدینیی و خوداشکێنیی بەکاری دێنێت.

سۆکرات بە گێڕانەوەی ئەم رووداوە ئەوە نیشان دەدات کە ئەو نەک هەر باوەری بە خوداکانی یۆنان هەبووە بەڵکو هەموو پەیامەکەی لە کردەوەدا هەوڵیک بووە بۆ سەلماندنی یان تاقیکردنەوەی راستیی و دروستیی یان ناراستیی قسەکەی ئۆراکلی خودا ئەپۆلۆ.

ئۆراکل وشەیەکی یۆنانی یە لە کردارەوشەی ئۆرارێ

ōrāre

[هاوارێ) دێ بە مانای هاوار دێت و لە ئەسلدا بە هاوارو پارانەوە نزایەکی دینیی وتراوە، لە مەدا رەنگە وشەی [هاوار] و ناوی [هۆرە] ی هەورامیی هاورەگ وهاومانای ئەم وشەیە بن.

سەرچاوەی دووەم کە کارەکەی سۆکرات وەک پەیامێکی گەر خوداییش نەبێت رۆحیی دەرەدخات ئەو گێڕانەوەیەی سۆکراتە دەربارەی [دەنگێگی دەروونیی] کە لە منالییەوە قسەی بۆ کردووەو ئامۆژگاری نەکردووە کە هیچبکات بەلام رێگای کاری خراپەو ناراست و نادپەروەرانەی لێگرتووەو هەر کارێک ستەمگەرانەو نادا بوو بێت پێی وتووە نەیکات.

کەواتە ئەم دوو سەرچاوەیە: ئۆراکلی دێلفی [سرۆشی خودایی] و [دەنگی نهێنیی دەروونیی] کارەکەی سۆکرات وەک پەیامێکی دینیی و رۆحیی دەردەخەن.

واتە لەگەڵ ئەم دوو هۆکارە گرنگەشدا کە دەربارەی سۆکرات زانرابوون و ئەو هەموو ناوبانگیی زیرەکیی و دانایی یەی هێشتا خۆی وەک پەیامبەرێک نەناساندووەو خۆی وەک نەزان و کەسیكی سادەو ئاسایی ناساندووە هەرواش رەفتاری کردووە؟

بەلی. سۆکرات لە نێو خەڵکدا دەژیاو کوری بابێکی بەردتاش و دایکێکی مامان بوو، بە هەژاریی ژیانی دەبردە سەر. ئەو دەیزانی هەموو راستییەکان و درۆکان و ساختەییەکان هەر لە نیو خەلکدا روو دەدەن. خواکان چەند بە هێزو خاوەن پەیامی چەند مەزن بن، هەر دەبێ بە فیلتەری عەقڵی مرۆڤدا تێپەڕبن و بۆ سەلماندنی چاکەو مەزنیی و دەسەلاتی خۆیان هەر یەخەی مرۆڤەکان بگرن و شەرو جەنگ لە ناو ئەواندا بەرپا بکەن. بۆیە ئەو نەک لە ئاسمانەوە بۆ زەوی، بەلکو لە زەوییەوە، لە ناو قەدی ژیان و قسەوباس وبەرژەوەندییەکانی خەلکەوە، کە راستیی سیاسەتی رۆژانەی ژیانی خەلکی دەگەیاند، بۆ بابەتەکان و راستییەکان دەچوو نەک بە پێچەوانەوە، لای سۆکرات راستی لە وتووێژی ناو خەلکەوە دەستپیدەکات و لەوێش کۆتایی دێت. یان تاکەکەسان، خەلک، دەتوانن بە شیوەیەکی عەقلانی سەرنجی ژیانی خۆیان بدەن و لە بیرو ئایدیاکان بە خواکانیشەوە وردببنەوەو هۆشمەندانە بژین، یان وەک قوربانی دەسەلاتی لە خۆیان باڵاترو جەربەزەتر دەژین کە لە کەسانی ساختەچی و گەندەڵ و دەوڵەت و دەسەڵاتدا بەرجەستە دەبێت. بەلام سۆکرات لە دیفاعەکەیدا دەلێت ئەو ئەمەی وەک پەیامێکی خودایی تیگەیشتووە دوای ئەوەی کە ئۆرەکلی دێلفی ئەوی بە داناترین کەسی ئەسینا دانا، واتە ئەم راگەیاندنەی وەک فەرمانیکی دینیی فەرمیی دانا کە دەست بە پرۆژەی تاقیکردنەوەی ئەو راگەیاندنەی خوائەپۆلۆ بکات، چونکە بەلای سۆکراتەوە قسەی خواکانیش تەنیا و تەنیا لە پراکتیسداو لە ناو مرۆڤ و بەشەردا راستیی ودروستیی و کاریگەریی چاک یان خراپیان دەردەکەوێت.