دکتۆرکەمال میراودەلی : دایەلۆگێک دەربارەی ئایدیۆلۆجی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەشی نۆیەم

بۆ سۆکرات بانگەوازی پەیامبەرایەتی نەکرد؟

کەواتە ئەم دوو سەرچاوەیە : ئۆراکلی دێلفی [ سرۆشی خودایی ] و [ دەنگی نهێنیی دەروونیی ] کارەکەی سۆکرات وەک پەیامێکی دینیی و رۆحیی دەردەخەن .

واتە لەگەڵ ئەم دوو هۆکارە گرنگەشدا کە دەربارەی سۆکرات زانرابوون و ئەو هەموو ناوبانگیی زیرەکیی و دانایی یەی هێشتا خۆی وەک پەیامبەرێک نەناساندووەو خۆی وەک نەزان و کەسیكی سادەو ئاسایی ناساندووە هەرواش رەفتاری کردووە ؟

ئەمە دروستە ، سۆکرات بە دانایی وتوانستی قەناعەتپێکردنی بەهێز ناسرا بوو، لە تۆمەتنامەیەکەی دژیدا کەئەپۆلۆجیا باسی دەکا ، سۆکرات وا وەسفکراوە کە رەوانبێژ و زۆرزانە ، خراپکارە ، زاینخوازە ، بن ئەرزو ئاسمان [ بۆ زانین] دەگەرێت ، توانای ئەوەی هەیە کە خراپترین شت وا لێبکات وەک باشترین شت دەرکەویت ، و هەموو ئەمانە فێری کەسانی تر بکات .”

An eloquent, evil-doer and a curious person, searching into things under the earth and in the sky, and of making the worse seem the better cause, and of teaching all this to others’ە:

لەسەرووی ئەمانەشەوە ، دیارە ئەو دەیتوانی ئەو راگەیاندنەی خوا-ائەپۆلۆ کە بەڵگەو شایەتی هەبوو، کە وتبووی سۆکرات داناترین کەسیی ئەسینایە ، لەگەڵ ئەو دەنگەی لە منداڵییەوە هاورێی بووە ، بکاتە بنەمایەک بۆ راگەیاندنی جورێک لە پەیامبەرێتیی دینیی و خەلكیکی زۆر لە خۆی کۆکاتەوە کە هەرچی بیلێ بە راستیی دابنێن و هێزیكی واش پەیداکات دەسەلات حیسابی بۆ بکات و بیکاتە هاوپەیمانی خۆی و لەمەوە دەولەت ودەسەلاتی دنیایی و دینیی پەیداکات . بڕوا بکە ئەمە ئاسانترین ڕێگایە کە خەڵک بە خەرافات و ئەفسانە بکەیتە کۆیلەو بە کۆمەڵ لێیانخوڕی لە جیاتی ئەوەی بیانکەیتە مرۆڤی تاک و هوشیاری خاوەن عەقڵ و ویژدان و بیرکردنەوەی خۆیان. بەلام سۆکرات خاوەن ویژدان و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتیی بوو .

سۆکرات لە نێو خەڵکدا دەژیاو کوڕی بابێکی بەردتاش و دایکێکی مامان بوو،  بە هەژاریی ژیانی دەبردە سەر . دایۆجینیس لایرتیۆس [ سەەدی سیی مەسیحیی ] لە کتێبەکەیدا [ ژیانی فەیلەسوفە دیارەکان ] دەنووسێت : سۆکرات لە وێرکشۆپ و بازاڕەکاندا وتووێژی دەربارەی پرسە مۆرالییەکان/ئەخلاقییەکان دەکرد .”

Writing in the third-century C.E. in his The Lives of Eminent Philosophers, Diogenes Laertius reported that Socrates “discussed moral questions in the workshops and the marketplace 

ئەو دەیزانی هەموو راستییەکان و درۆکان و ساختەییەکان هەر لە نێو خەلکدا روو دەدەن. خواکان چەند بە هێزو خاوەن پەیامی 

چەند مەزن بن، هەر دەبێ بە فیلتەری عەقڵی مرۆڤدا تێپەڕبن و بۆ سەلماندنی چاکەو مەزنیی و دەسەلاتی خۆیان هەر یەخەی مرۆڤەکان بگرن و شەرو جەنگ لە ناو ئەواندا بەرپا بکەن. بۆیە ئەو نەک لە ئاسمانەوە بۆ زەوی، بەلکو لە زەوییەوە، لە مەیدان و کارخانەو بازاڕو مالەکانەوە، لە ناو قەدی ژیان و قسەوباس وبەرژەوەندییەکانی خەلکەوە، کە راستیی سیاسەتی رۆژانەی ژیانی خەلکی دەگەیاند، بۆ بابەتەکان و راستییەکان دەچوو نەک بە پێچەوانەوە، لای سۆکرات راستی لە وتووێژی ناو خەلکەوە دەستپیدەکات و لەوێش کۆتایی دێت. یان تاکەکەسان، خەلک، دەتوانن بە شیوەیەکی عەقلانی سەرنجی ژیانی خۆیان بدەن و لە بیرو ئایدیاکان وردببنەوەو هۆشمەندانە بژین، یان وەک قوربانی دەسەلاتی لە خۆیان باڵاترو جەربەزەتر دەژین کە لە کەسانی ساختەچی و نەزان و گەندەڵ و دەوڵەت و دەسەڵاتدا بەرجەستە دەبێت. بەلام سۆکرات لە دیفاعەکەیدا دەلێت ئەو ئەمەی وەک پەیامێکی خودایی تیگەیشتووە دوای ئەوەی کە ئۆرەکلی دێلفی ئەوی بە داناترین کەسی ئەسینا دانا، واتە ئەم راگەیاندنەی وەک فەرمانیکی دینیی فەرمیی دانا کە دەست بە پرۆژەی تاقیکردنەوەی ئەو راگەیاندنەی خوائەپۆلۆ بکات، چونکە بەلای سۆکراتەوە قسەی خواکانیش تەنیا و تەنیا لە پراکتیسداو لە ناو مرۆڤ و بەشەردا راستیی ودروستیی و کاریگەریی چاک یان خراپیان دەردەکەوێت. لە لایەکی ترەوە پرینسیپ و میکانیزمی سۆکرات بۆ زانین نەزانیی بوو، ئەونەیدەزانی کەئایا ئەو قسەیەیەی رازبێژی ئۆراکلی ئەپۆلۆ راستە یان نا؟ ئەو خۆی بە نەزانترین کەس دادەنا نەک زاناترین؟ ئەی چۆن ئۆراکلی ئەپۆلۆ وتوویەتی ئەو داناترینە، دەبێ ئەمە لە پراکتیسدا تاقی بکاتەوە، دەبی دانا بەناوبانگەکانی ئەسینا بدۆزێتەوەو دایەلۆگیان لەگەڵ بکا تا بزانێ کامیان داناترن. ئەو بەو قسەیەی خوائەپۆلۆ لە خۆی تێک نەچوو تا خۆی بە زانا دابنێت. ئەو وازی لە پرینسیپەکەی خۆی نەهێنا کە زانایی لە نەزانینەوە دەستپێدەکات و بە نەزانینیش کۆتایی دێت!

شیکردنەوەی ئەپۆلۆجی : پێوەندیی نێوان فەیلەسوف ودەسەڵات

ئەپۆلۆجی چییە ؟

ئەپۆلۆجی یەکیکە لە دایەلۆگە سۆکراتییە سەرەتاییەکانی ئەفلاتون . بریتییە لە تۆماری بیرەوەرییەکانی ئەفلاتون دەربارەی پرۆسەی بەردادکردنی سۆکرات ، کە ئەفلاتون خۆی لەوێ بووە و، تۆمارکردنی ئەو قسانەی سۆکرات لە دادگادا بۆ دیفاعکردن لە خۆی وتوونی . ئەپۆلۆجی وەک مانا ئینگلیزییە تازەکەی بە مانای پۆزش یان داوای لێبوردن نایەت ، ئەمە هەڵەیەک دەبێت هەموو ماناو ناوەرۆکی دیفاعنامەکەی سۆکرات دەشێوێنیت .

وشەی ئەپۆلۆجی رەگەکەی وشەی ئەپۆ- لۆجیای یۆنانی ی ە، کە لە ئەپۆ – و لۆگۆس پێکهاتووە . بە مانای قسەی زارەکیی و دوایی بۆتە مانای دیفاع لەخۆ کردن لە دادگادا بە وتاری زارەکیی .

apology (n.)

early 15c., “defense, justification ,” from Late Latin apologia, from Greek apologia “a speech in defense,” from apologeisthai “to speak in one’s defense,” from apologos “an account, story,” from apo- “from, off” (see apo-) + logos “speech”.

لە سەرەتا وتم لۆگۆس [وشە ، قسە ، ئاخاوتن ] هەر دەبێتە هەموو شتێک لە ئاخاوتنی یۆنانیی ودوایی ئەوروپاییدا.

کەواتە ناوی ئەپۆلۆجی بۆ دایەلۆگەکە مەبەست دیفاعنامەی زارەکیی سۆکراتە بەرامبەر تۆمەت و تۆمەتبارکەرەکانی لە دادگادا.

شیکردنەوەی ئەپۆلۆجی

شیکردنەوەی دایەلۆگی ئەپۆلۆجی بۆ دامەزراندنی بنەماو هۆکارو سەرەتاکانی ئاخاوتنی سۆکراتیی یەکجار گرنگە .

١. ئەپۆلۆجی بە یەکەم دایەلۆگ یان یەکێک لە دایەلۆگە زووەکانی ئەفلاتۆن دادەندرێت .

٢. دیارە ئەپۆلۆجی میتۆدی دایەلۆگی تەواوی نییە چونکە زۆربەی دیفاعنامەی سۆکراتە واتە قسەی سۆکراتە دەربارەی خۆی بەلام راستییەکەی گەرچی وتارەکەی راستەوخۆ بۆ دادگۆیانی ئەسینیی دەلێت : ئەو دایەلۆگیكی مێژوویی فیکریی بەردەوام لەگەڵ دەسەلات و مێژوو- و مرۆڤایەتی دەکات . دوای زەردەشت ، سۆکرات دووەم شەهیدی ناسراوو تۆمارکراوی بیروباوەڕە. ئەپۆلۆجیاکەی بنەما هەرە بەهێزەکانی مۆدێلی مرۆڤی فەیلەسوف و پێوەندیی نێوان رووناکبیری گەل و دەسەلات دیاری دەکات .

دەسەڵات و مرۆڤی بیرمەند

مادام سۆکرات لە دادگادا ئەو وتارە دەدات و مادام دەسەڵات تۆمەتی بۆ دروستکردووەو بردوویەتیە بەردەم دادگا، راستیی دەمەوێ بزانم سۆکرات لە ئەپۆلۆجی دا چۆن پێوەندیی نیوان خۆی و دەسەڵات باس دەکات : واتە پێش دادگاییکردنەکەو پاش دادگاییکردنەکە؟

سۆکرات لە سەرەتای قسەکانییدا ئەمە روون دەکاتەوە. سۆکرات خۆی ناناسێتەوە! هەموو پەیام و ئەرکی ژیانی سۆکرات خۆناسیین و ناسینیی ئەوانی دی بوو کەچی ئێستە دەسەڵات وایلێکردووە خۆشی خۆی نەناسێتەوە!!

سەیرە، چۆن ؟ ئەمە مەتەڵە لام ؟.

بەڵێ.. سۆکرات هەموو تەمەنی ژیانی بۆ رووهەلمالین و فەزحکردنی زانیاری درۆ، رەوشتی بەد، هوشیاریی ساختە، بیری زڕو ناکۆکیدار، تەرخان کرد، ئێستا لە وتاری دەسەلاتدا ئەو قارەمانەی بنکۆلکردنی ساختەیی وا ساختە کراوە کە سۆکرات خۆی لە بیربچێتەوە .

ئەمەی خوارەوە یەکەم رستەی دەستپێکردنی ئەپۆلۆجیاکەی [ دیفاعنامەکەی ] سۆکراتە :

”نازانم ئەی خەڵکی یۆنان دوای بیستنی ئەم وشانە لە تۆمەتبارکەرانم ئێوە هەستتان چۆن بوو، بەلام من وشە قەناعەتپیکەرەکانی ئەوان وایان لێ کردم لە بیرم بچێتەوە من کێ بووم- کاریگەرییان ئاوەها بوو. کەچی تاقە وشەیەکی راستییشیان نەوت . “

How you have felt, O men of Athens, at hearing the speeches of my accusers, I cannot tell; but I know that their persuasive words almost made me forget who I was – such was the effect of them; and yet they have hardly spoken a word of truth

دەوری دەسەلات لێرەدا دروستکردنەوەی مرۆڤ و مێژووەکەیەتی لە درۆ بەلام بە شیوەیەکی وا کە قەناعەت بە خەڵک بکات . لێرەوە ئەرکی سەرەکیی سۆکرات لە دیفاعنامەکەیدا ئەوەیە کە خۆدی راستەقینەی خۆی وەبیرخۆی بێنێتەوە. پرسە جەوهەرییەکە ئەوە نییە کە سۆکرات خۆی لە مردن رزگار کات ، بەلکو سۆکراتی راستەقینە لە مردن رزگار بکات ، پاراستنی سۆکراتی راستەقینەیە لە درۆو دەڵەسەکانی دەسەلات، ون نەکردنی خۆت ، جەنگان بەرامبەرسیناریۆکانی ساختەیی . کەوایە دەکرێ بڵێین : هەموو ئەپۆلۆجیاکە وەلامدانەوەی ئەو پرسیارەیە : سۆکرات كییە ؟

لەو تۆمەتنامەی دەسەلات لە دژی سۆکرات ئامادەی دەکات، سۆکرات سەیر دەکا ئەو سۆکراتەی دەسەلات باسی دەکات، وێنای دەکات ، مێژووەکەی و ئۆتۆبایۆگرافییەکەی دەنووسێتەوەو زنجیرەی تۆمەت و تاوانی دەداتە پاڵ، ئەو سۆکراتە نییە کە خۆیەتی . ئەوان لە جێی ئەو کەسایەتییەکی تریان لە درۆ دروست کردووە، لەو شێوەی کە خۆیان دەیانەوێت ،  کەسایەتییەک کە تاوانکارە ، دوژمنی خوداو خەلکە، تێکدەری رەوشتی گەنجانە ، رێزی بۆ ئایین و نەریت و دەسەڵات نییە ، جادووگەرە ، دەتوانێ بەو شێوەی دەیەوێت قەناعەت بە خەڵک بکات، چاک بکات بە خراپ ، خراپ بکات بە چاک . لە بەرئەوە سۆکرات لە سەرەتاوە ئەوە دەداتە دواوە دیفاع لەو سۆکراتە بکات کە لە تۆمەتنامەی دەسەلاتدا نوێندراوە ، ئەو دەیەوێ وەک خۆی ، وەک چۆن هەبووە ، وتاری داوەو رەفتاری نواندووە ، وەک خۆی خۆی ناسیوەو خەڵک ناسیوێتی ، لە دادگاش هەر ئاوا خۆی نیشان بدات ، بە هەمان شێوە قسە بکات، نەهێڵێ دەسەڵات کاری لێ بکات کە خۆی راستیی رەوشی بوونی خۆی لێ بشێوێت ، ئەو گرنگی بە پرۆسەو مەراسیمی [دادگا] ش نادات ، دادگا دامەزراوەیەکی دەسەڵاتەو پرۆسەکانی بۆ خزمەتی دەسەڵات و بیدەسەڵاتکردنی تۆمەتبارکراو دانراون . سۆکرات تەنیا گوزارشت لە هەستی خۆی، ویژدانی خۆی، کەسێتیی خۆی و پەیامی خۆی دەکات. سۆکرات ئەو نموونە ئینسانییە بە هێزەی دامەزراند، کە دادگا بگۆرێت لە دادگاییکردنی خۆیەوە بۆ دادگاییکردنی دەسەلات، هەوەک چۆن لەم سەردەمەشدا نێلسۆن ماندێلاو ئۆجەلان کردیان. لای خۆشمان نموونەی تاوانی دەسەڵاتمان بەرامبەر رووناکبیران زۆرە: بینیمان چۆن دەسەلات هاوولاتییەکی رووناکبیری خۆی لە نموونەی سەردەشت عوسمان دا بە نامەردانەترین و تێرۆریستانەترین شێوە فڕاندو کوشت کەچی دوای مردنیشی میژوویەکی ساختەیان بۆ دروستکرد، وتیان قەت رۆژنامەنووس وروناکبیر نەبووە، تیرۆریست بووەو لەگەڵ تێرۆریستان کاری کردووەو، شایەتی درۆیان بۆ ‌هێنا. ئێستاش دەسەلات دەیەوێ هەمان سیناریۆی درۆو چەواشەکردن بۆ شەهیدکردنی کاوە گەرمیانی دروست بکات. بەلام لە کاتیکا زیاتر لە ٢٥٠٠ ساڵ لەمەوپێش لە کۆمەلگای یۆنانییدا دیمۆکراسی و یاساو دادگا هەبوو لای ئەمانە ئەوی ناوەرۆکی نەبێت مرۆڤ و یاساو دادگایە، ئەوەی هەیە تەنیا بەربەرستان و سەرسەرییخانەو گەوادخانەیە .

تکایە با بەردەوام بین لە شیکردنەوەی ئەپۆلۆجیا، ئەوە لە یەکەم رستەیدا سۆکرات ئەوەی دەرخست کە دەسەلات بە درۆسازیی ئەوی وەک کەسێکی تر، سۆکراتێکی نامۆ بەخۆی دروستکردووەو بەمە دایەلێکتیکی ئەوەی دەرخست کە ئەرکی ئەو لە دیفاعنامەکەیدا ئەوەیە کەسێتی و هەوێتیی سۆکراتی راستەقینە بپارێزێت نەک ژیانی. سۆکرات چ میکانیزمێکی بۆ ئەمە لە وتارەکەیدا بەکارهێنا؟

١. وتمان سۆکرات پرۆسەکە پێچەوانە دەکاتەوە. لە جیاتی ئەوەی رێگە بدات دەسەڵات سۆکراتێک دادگا بکات کە ئەو نییەو دەسەلات خۆی دروستی کردووە، سۆکرات دەسەلات دادگایی دەکات. ئەو میکانیزمەی کە دەسەلات دابوویە پاڵ ئەو کە سۆکرات بە رەوانبێژیی و قسەی رەنگاورەنگ خەلک هەڵدەخەڵەتێنێ و رەوشتی گشتیی تێک دەدات، ئەو دەیداتە پاڵ دەسەڵات.

سۆکرات دەلێت :

[[لەو هەموو درۆسازییەی کە کردوویانە، یەک درۆ منی سەرسام کرد: مەبەستم ئەوەیە کە ئەوان بە ئێوە دەلێن ئاگاتان لە خۆتان بێت، و نەهێڵن بە هێزی رەوانبێژی من {سۆکرات) هەڵبخەڵەتێن. ئەوان دەبوو بە قسەی ئاوا شەرمەزار بن، چونکە هەر کە من دەمم کردەوە و ناتەواویی [قسەکردنم ، نەبوونی رەوانبێژیی لە قسەکانمدا] دەرکەوت، ئەم درۆیەیان دەردەکەوێت. بە دڵنیایی ەوە ئەوانە دەبێ زۆر بێشەرم بن کە ئەمەیان وتووە، مەگەر مەبەستییان لە هێزی رەوانبێژیی هێزی راستیی بێت؛ ئەوسا بە دڵنیایی یەوە، من دانبەوەدەدا دەنێم کە رەوانبێژم. بەلام بە چ ڕیگایەکی جیاواز لە هی ئەوان! چاکە، هەر وەک وتم، ئەوان بە حاڵ وشەیەکی راستییان بەدەمدا هاتووە، یان لە وشەیەک زیاتر نا. بەلام ئێوە هەموو راستیی لە من دەبیسن، بەلام بەو شێوە نایگەیەنم کە ئەوان دەیکەن، بە کۆمەلە قسەیەکی رەوانبێژیی کە بە وشەو زاراوە رازێندرابێتەوە.

But many as their falsehoods were, there was one of them which quite amazed me; – I mean when they told you to be upon your guard, and not to let yourselves be deceived by the force of my eloquence. They ought to have been ashamed of saying this, because they were sure to be detected as soon as I opened my lips and displayed my deficiency; they certainly did appear to be most shameless in saying this, unless by the force of eloquence they mean the force of truth; for then I do indeed admit that I am eloquent. But in how different a way from theirs! Well, as I was saying, they have hardly uttered a word, or not more than a word, of truth; but you shall hear from me the whole truth: not, however, delivered after their manner, in a set oration duly ornamented with words and phrases

نا، بە راستی نا. بەلام من ئەو وشەو ئاخاوتنانە بەکاردێنم کە لە لەحزەی قسەکرندا بۆم دێن؛ من دڵنیام لەوەی ئەمە کارێکی دروستە و لە ماوەی تەمەنمدا، ئەی خەڵکی ئەسینا، نابێ من وەک بەچکە هۆرەوانیك [لە هۆرە، ئۆراری، ئۆرەتەر واتە وتار بێژ] لای ئێوە خۆ بنوێنم، با کەس ئەو چاوەڕوانییەی لە من نەبێت. هەروەها من دەبێ تکاتان لێ بکەم چاکەیەکم لەگەڵ بکەن، ئەویش ئەمەیە – گەر ئێوە گوێتان لە من بوو [ لە دیفاعەکەمدا هەر ئەو وشانە بەکاردێنم کە وەک عادەتێک بەکارم دێنان و زۆرلە ئێوە لە ئاپۆراگان [ئاگۆرا،شوینی خڕبوونەوە، مەیدان و بازاڕ] و بازاری پارەگۆڕینەوەکان، یان هەر شوێنێکی تر، لە منتان بیستوون، ئەوا تکاتان لێ دەکەم لەمە سەرسام مەبن و قسەکانم پێ مەبڕن، چونکە من تەمەنم لە حەفتا ساڵ زیاترەو ئەمە یەکەمجارە کە من لە دادگایەکی یاسادا دەردەکەوم و تەواو نامۆم لە رێوشوینی [قسەو دیفاعی] ئەم شوێنە، بۆیە داواتان ڵیدەکەم من لێرە وەک غەریبیک سەیرم بکەن کە دەیبەخشن گەر بە زمانی زگماکیی خۆی قسە بکات و بە پێی عادەتی وڵاتی خۆی؛ – وا بزانم ئەمە داوایەکی نابەجێ نییە.

No indeed! but I shall use the words and arguments which occur to me at the moment; for I am certain that this is right, and that at my time of life I ought not to be appearing before you, O men of Athens, in the character of a juvenile orator – let no one expect this of me. And I must beg of you to grant me one favor, which is this – If you hear me using the same words in my defence which I have been in the habit of using, and which most of you may have heard in the agora, and at the tables of the money-changers, or anywhere else, I would ask you not to be surprised at this, and not to interrupt me. For I am more than seventy years of age, and this is the first time that I have ever appeared in a court of law, and I am quite a stranger to the ways of the place; and therefore I would have you regard me as if I were really a stranger, whom you would excuse if he spoke in his native tongue, and after the fashion of his country; – that I think is not an unfair request

دوای ئەوەی سۆکرات لە هەنگاوی یەکەمدا بە دادگۆیانی وت کە ئەو خۆی لە تۆمەتنامەکەی دەسەلاتدا ناناسێتەوە، ئەمەی سەرەوە هەنگاوی دووەمی دامەزراندنی دیفاعەکەیەتی.. بەر لەوەی من هیچ لیدوان و شیکردنەوەیەک بۆ ئەم قسانەی سۆکرات بکەم، کە دەقە ئینگلیزییەکەشم لە باشترین تەرجەمەوە داناون، حەز دەکەم وردتر تێبینی ئاخاوتنەکەی سۆکرات بکەیت و پێم بلێی چی لێ تێدەگەی؟ سۆکرات لێرەدا جی دەکات؟ دەیەوێت بلێ چی؟ شوینی ئەم قسانە لە میتۆدی دایەلۆگی سۆکراتیدا کە پیشتر هەندێ باسمان لیوە کرد چییە ؟

[ بیری لێ بکەوە تا بەشێکی تر ]

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت