ئازاد حه‌مدى : ئه‌و ڕاوه‌ ماسییه‌ى كه‌ بیرم ناچیته‌وه‌ .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

وه‌كو دوو لاوى سه‌رگه‌رمى ساله‌كانى په‌نجاو شه‌سته‌كان .. له‌گه‌ل هۆگرى كاك مه‌حمودى كاره‌با هاوڕێی گیانى به‌ گیانى ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ بووین .. به‌ تایبه‌تى به‌هۆی متمانه‌ى خیزانى هه‌ردوولاوه‌ ، بووبووه‌ فرسه‌ت بۆمان كه‌ ده‌شتوو كێو چه‌مى ئه‌وناوه‌ به‌ ناوى كۆشش ( سه‌عى ) كردنه‌وه‌ بڕۆین هه‌ر ڕۆژه‌ى به‌لایه‌كدا . ..

كاك هۆگر هه‌ر له‌و سالانه‌وه‌ تا ئیستاش حه‌زی به‌ ڕاوه‌ ماسی بوو ..؟! كه‌ره‌سه‌ى ڕاوى هه‌میشه‌ پێبوو , به‌تایبه‌تى هه‌ویری ئاماده‌كراو به‌ژاله‌ ماسی (ژه‌هر ).. هه‌ر چه‌موو ئاوێك ماسی تیدابووایه‌و ماسی قران ئه‌كرا ئه‌گه‌رچى زۆربه‌یان ووردبوون بۆ خواردن نه‌ ئه‌شیان .. له‌سه‌ره‌تای مانگى ته‌موزى 1960 دا ، ووتى خۆت حازركه‌ هه‌ر ڕۆژێك فرسه‌تم هێنا له‌ ڕمى ماسی گرتنه‌كه‌ی باوكم لەسه‌ر به‌یانیه‌وه‌ ده‌چینه‌ ڕاو ، هه‌موو شتێكم ئاماده‌یه‌ .. زۆرى نه‌برد ووتى بابڕۆین.. به‌سه‌یاره‌كه‌ى مامه‌ عه‌زه‌ له‌چایخانه‌كه‌ى كاك فه‌تاح له‌ زه‌ڵم دابه‌زین پاش دانانى پانتۆڵ و جله‌كانمان .. به‌ره‌و خوار بوینه‌وه‌ چه‌ند كیلۆ مه‌تریك دوورتر له‌دێی ئه‌و كاته‌ى عه‌ره‌به‌كان .. ئه‌چوینه‌ سه‌ر هه‌ر گۆمێكو قولیه‌كى ئاوه‌كه‌وه‌ .. له‌ئاستى ته‌نكاییه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ربه‌ستێكمان به‌ده‌وه‌نى ئه‌وناوه‌ دروست ئه‌كردو ناو گۆماوه‌كه‌ى پڕئه‌كرد له‌ هه‌ویری ژه‌هره‌ ماسی .. چاوه‌ڕێمان ده‌كرد تا چ ماسی تیدابوو سه‌رئاو ده‌كه‌ووتن و له‌به‌نداوه‌كه‌ى درووستمان كردبوو .. ئه‌وه‌ په‌سه‌ندمان كردایه‌ ده‌مانگرتنه‌وه‌ .. تانزیكه‌ى نیوه‌ڕۆ پێوه‌ى خه‌ریك بووین .. به‌لام به‌ پێی ویستى هۆگر نه‌بوون .. به‌چه‌ند شوولیك ماسیه‌كانمان هه‌لگرت .. به‌ره‌و گۆمێكى قوولترى دوور تا ڕاوچیه‌كان پێی نه‌گه‌یشتبن .. له‌ ڕۆخێكى به‌رینى گوێ ئاوه‌كه‌ بۆمبێکی نارنجۆكى هه‌ڵدایه‌ ناو ئاوه‌كه‌ .. گۆمه‌كه‌ته‌قیه‌وه‌ چه‌نده‌ها ماسی هه‌ڵدایه‌ سه‌ر ئاوه‌كه‌ .. خۆمان بۆ هه‌ڵدا بۆ گرتنه‌وه‌یان .. من وه‌كو ئه‌و مه‌له‌وانیم نەدەزانیی ، كه‌ووتمه‌ قوولاییه‌كه‌وه‌ هاوارم كرد فریام كه‌وە ، هات ..؟! له‌بری ئه‌وه‌ى فریام كه‌وێت .. !! زیاتر منى نوقمى ئاوه‌كه‌كرد .. به‌ زه‌حمه‌ت خۆم ڕزگار كرد ، له‌وه‌وه‌ جارێكى تر نه‌موێرا بچمه‌ قوولایی هیچ ئاویكه‌وه‌ .. ماسیه‌كانى ئه‌م گۆمه‌ گه‌ووره‌تر بوون .. بۆیه‌ شووڵه‌ ماسیه‌كانى ترمان دا به‌ده‌م ئاوه‌وه‌ .. له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌مه‌نده‌ دوور كه‌وتبوینه‌وه‌ ، بۆمان هه‌لنه‌ئه‌گیرا …

كه‌وتینه‌ نیوەڕۆ زۆرمان برسی بوو .. به‌شى خۆمان ماسی پاككرد و شتمانه‌وه‌و ئاگرمان به‌چیلكه‌و چه‌واڵی ئه‌و ناوه‌ كرده‌وه‌ ، به‌ده‌وریدا به‌ردى پانكۆله‌مان بۆدانا .. سه‌یرمانكرد نه‌ك لیمۆندۆزیمان بیرچووه‌ ؟ به‌ڵكو خوێشمان بیر چووبوو.. پێم ووت گوێمه‌ده‌ری به‌رده‌كان هه‌موویان سوێرن چوونكه‌ میزێكى زۆری مه‌رومالاتى به‌سه‌ره‌وه‌یه‌ ..

باش تێر بووین .. كاك هۆگر به‌شی خۆی سێ ماسی گه‌وره‌ى هه‌ڵگرت و باقیه‌كه‌ی كردمان به‌چه‌ند شووڵێكه‌وه‌و من ئه‌مدا به‌شانمدا تا چایخانه‌كه‌ .. له‌به‌ر هیلاكى و گه‌رما هه‌ندێكم له‌و ده‌شته‌دا فڕێدا..؟ ! شایانى باسه‌ كاك هۆگر ڕمه‌كه‌ى وه‌كو چه‌كێك پێبوو بۆ دوور كه‌ووتنه‌وه‌ له‌سه‌گى ناوچه‌كه‌ ، سه‌گه‌كان له‌ چه‌ند لایه‌كه‌وه‌ ده‌هاتن بۆمن ، به‌ لنگى ڕووت و شوڵه‌ ماسیه‌وه‌ .. له‌ دووره‌وه‌ پێم پێئه‌كه‌نى و ئه‌یووت : ده‌ك یاخوا بتخۆن .. تا هاوارم ده‌كره‌ خه‌ڵكى دێیه‌كه‌ ڕزگاریان ‌كردم .. پاش دووسه‌عات و نیو ڕێگه‌ گه‌یشتینه‌وه‌ چایخانه‌كه‌ى زه‌ڵم و گه‌ڕاینه‌وه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ .