Goran-2

بەختیار شارەزورى : کۆنگرەى گۆڕان جیاوازى چیە و چى دەگۆڕێت ..؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر کۆنگرە لە ژیانى حیزبایەتیدا ئەو وێستگە گەورەیە بێت کە بەرنامە و کەسەکان لە لوتکەوە بگۆڕێت ، ئەوا ئەم کۆنگرەیەى بزوتنەوەى گۆڕان جیاوازییەکى گەورەى هەیە لەو شیوازە کۆنگرانەى کە لە ژیان و پاشخانى ئێمەدا بونى هەیە ، بە شێوەیەک لە زۆرینەى حیزبەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا ئەو وێنانەمان وەرگرتوە ، کە بەشێوەیەکى ستونى و هەیکەلى سێگۆشەیى ، لوتکە دیارى دەکرێت ، واتا جگە لە بەرنامە و گۆڕینى هەیکەلى ڕێکخستن کەسەکانیش بە دەنگدان دەگۆڕێن بە پێ ى ئەنجامى نوێنەرانى دەرچوى کۆنفراسەکان ، کە دەکرێت ئەم وێنەیە بۆ زۆرینەى حیزبەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ڕاستییەکى حاشا هەڵنەگربن ، لەم جۆرە گۆنگرانەدا مەکتەب سیاسیەکان دیارى دەکرێن ، تا ئێرە ئەو وێنانە دەبینین کە دەرهاویشتەى کۆنگرەکان بن … با بپرسین کۆنگرەى گۆڕان جیاوازى چیە و چى دەگۆڕێت ..؟

پێش ئەوەى بچینە ناو وردەکارى کۆنگرەوە دەبێت قۆناغەکە و ئەو زەمینەیەى کە هەیە بخوێنینەوە ، پاشان وردەکاریەکانى دیارى بکەین … بزوتنەوەى گۆڕان وەک یەکەم هێزى دروست بونى ئۆپۆزسیۆن توانى ئەو مانایە ببخشێتە بنەماکانى دیموکراسى و لە حکومى دابەشکارى خێل و ناوچە و حیزبەوە کایەکان بگۆڕێت ، ئۆپۆزسیۆنى لە کارتۆنیەوە گۆڕى بۆ هەقیقى ، توانى هەموو هێزەکان بخاتە بەردەم پێوەرێک کە خۆیان هەڵگرى بوون ، بەو واتایەى هەموو دروشمەکان ڕێک پێچەوانەى کردارەکانیان بوون ، بۆیە حوکمى دروشمەکان بونە پێوەر بۆ حیزبى هەقیقى ، ئەمەش بووە هۆکارێک بۆ ئەوەى سەرەتاى قۆناغێکى نوێ دروست ببێت و بازنەى قۆناغێکى نوێ بکێشرێت ، لە چوارچێوەى ئامانجە سیاسیەکانى ئەم بزوتنەوەیەدا ، بە شێوەیەک کەهێڵێک کێشرا بۆ کۆتایى هێنان بە حوکمى حکومەتى حیزبى و باڵادەستى حیزب ، دروستکردنى مۆدێلێکى تر کە خۆى لە چوارچێوەى حوکمى هاوڵاتى و دەسەڵاتى هاونیشتمانیدا دەبینیەوە ، کە دەکرێت هەمومان بە وریایەوە چاودێرى ئەم کۆنگرەیەى بزوتنەوەى گۆڕان بکەین ، بە حوکمى ڕابەرایەتیکردنى ئەو بازنەیەى کە قۆناغى نوێ ى تیا بەرهەم هێنراوە ، ئەم کۆنگرەیە ناو نراوە کۆنگرەى نیشتمانى .. کە یەکسان دەبێت بە حکومەت و دەسەڵاتى نیشتمانى کە هەموو هێزەکان دەخاتە بەردەم ئەم حوکمەوە .. هاوڵاتى و هاونیشتمانى دەکاتە چاودێرى گشتى بەسەر کۆى هێزەکانەوە بە بزوتنەوەى گۆڕانیشەوە ، بەڵام کاتێک ئەم بزوتنەوەیە خۆى هەڵگر و دروستکەرى قوناغى نۆى و بازنەى نوێ و داهێنانى نۆیە.. لە هەیکەلى ڕێکخراوەیدا چونیەتى کۆنگرەکەى و ئالیەتى کۆنگرەکەى چۆن دەبێت ، دەکرێت ئەم کۆنگرەیە بە کۆنگرەیەکى زۆر گرنگ ناو بنرێت کە بتوانێت سەرکەوتنى ئەم مۆدێلە نوێیە دیارى بکات … با بپرسین چۆن ..؟

ئەوە دەزانین کە بزوتنەوەى گۆڕان دابەش دەبێت بەسەر دوو تەوەرەى سەرەکیدا و دەکرێت لەم کۆنگرەیەدا چى بگۆڕدرێت ..؟:

1. هەیکەلى رێکخستن .

2. ئامانجە سیاسیەکان .

• هەیکەلى ڕێکخستن : بریتیە لە دروستکردنى ئۆرگانەکان و پۆلێن کردنى هەڵسوڕاوەکان ، ئەم تەوەرە لە کۆنگرەدا کەسەکان دیارى ناکرێت بەڵکو تەنها قسە لەسەر پێکهاتەکەى دەکرێت نەک کەسەکانى ناوى ، چونکە کەسەکان بە پێ ى ئالیەتێکى تر لە ڕێنماییەکاندا دیارى کراوە و ساڵانە بە پێ ى هەڵبژاردنەکان و ئەنجامەکانى دەگۆڕێن ، ئەم کۆنگرەیە ئەرێنماییانە دەگۆڕێت بۆ بڕیار ، ئەو کات دەبێتە بەرنامەى کار ، بۆیە گرنگە قسە لەسەر ریِکخستنى (هەڵسوڕاوە ناڕێکخراوەکان و لێهاتوان ) بکرێت لە چوار چێوەیەکدا پۆلێن بکرێن ، بۆ ئەوەى ئالیەتى هەڵبژاردنەکان بە پێ ى ئامارى بونى ناوەکان لە چوارچێوەى بازنەو ڕایەڵەکاندا شۆێنى خوێ بگرێت ، چونکە ئەم هەڵسوڕاوانە دەور و کاریگەرى گەورەیان هەیە و دەکرێت زیاتر سود لە تواناکانیان وەربگیرێ ، ئەوەش دەزانین کە گۆڕان حیزبى دەنگدەرە و خەباتى پەرلەمانى دەکات و بون بە هەڵسوڕاو ئارەزومەندانەیە و کارى دووەمى هەر هەڵسوڕاوێکە ، بۆیە بونى ئامار و پێگەى هەر هەڵسوڕاوێک گرنگە دیارى بکرێت ، تا لە کاتى کۆنگرە و کۆنفرانسەکاندا ئالیەتێک هەبێت بۆ بەشدارى کردن .. دەکرێت لە چوارچێوەى قسەکردن لەسەر ئەگەرى گۆڕانەکان لە کۆنگرەدا ، ئالیەتێک دیارى بکرێت بۆ ئەو دەسەڵاتانەى کە کەسەکان لە ژورەکاندا دیارى دەکات و چۆنێتى دانانى چڤاتى گشتى و خانەى ڕاپەڕاندن ، دووبارە چێک کردنەوەى هەڵبژاردنەکان لە وێستگە و بنکە و بازنە و ڕایەڵە و نوێنەرایەتى ژناندا ، بە شێوەیەکى گشتى ئەگەر کۆنگرەى حیزبەکانى تر بۆ بردنە پێشەوەى کەسێکى نزیک لە ئەندامى کۆنگرە بو بێت و ئامانج و چۆنێتى هەیکەل وون بوبێت ، ئەوا ئەم کۆنگرەیە مۆدێلى تازەیە و تەنها چۆنیتى ئالیەتى دەسەڵاتەکان و هەڵبژاردن و ئالیەتى شیوازى کارکردن دیارى دەکات نەک پۆستى کەسەکان .

• ئامانجى سیاسى : کە خۆى لە چوارچێوەى ( ئامانجە نیشتمانیەکان و دیموکراتیەکان و کۆمەڵایەتیەکان و ڕۆشنبیرى و … هتد . ) دا خوێ دەبینێتەوە ( کە لە سایتە فەرمیەکەى بزوتنەوەى گۆڕاندا هەیە ) کە دەکرێت هەڵسەنگاندنى چۆنێتى جێ بە جێ کردنى ئەم ئامانجانە بێت لە ماوەى ڕابوردودا ، وە ئەو پرسیارە جەوهەرییە بکرێت کە ئایا دەتوانرێت ئەو ئامانجانەى کە هەیە گۆڕانکارى بەسەردا بێت ، یان هەر بەردەوامى پێ بدرێت ، وە ئایا تا چەندێ گۆڕان توانیویەتى لەم چوارچێوەیانەدا کارەکانى بکات ، وە تاچەندى لەگەڵ ڕۆحى سەردەم و نوێبونەوەدا دەگونجێت … کە دەکرێت ئەندامانى کۆنگرە قسەى زیاتر لەسەر ئامانجەکان بکەن ، تا چەندێ دەتوانرێت ببێتە مایەى ڕەزامەندى هاوڵاتیان .. یەکێکى تر لە جۆرى خەباتەکان جۆرى خەباتى پەرلەمانیە ، ئایا ئەمە تا چەندێ دەتوانێت وەک سستمى پەرلەمانى کارى لەسەر بکرێت و پێداگرى لە بونى ئەم سستمە بکات لە چوارچێوەى ئەو گۆڕانانەى کە دەکرێت لەم کۆنگرەیەدا بکرێت .

ئەگەر ئەم کۆنگرەیە هێڵى دیارى کردنى قۆناغێکى نوێ بێت ، ئەوا دەکرێت زۆرترین قسە و باس هەڵگرێ و ببێتە بنەمایەک بۆ ئەوەى هەڵگرى بەرپرسیاریەتى ئەو قۆناغە نوێیە بێت .. بە گشتى ئەم کَونگرەیە ئەگەر لایەنى سەرەکى و سەرتایى هەبێت ، ئەوا لایەنە سەرەتاییەکەى ناسین و ئاشنا بونە بە کۆنگرەى تازە ، لایەنى سەرەکیشى دەبێت لەسەر ئاستى لایەنى چونێتى هەیکەلى ڕێکخستن دەسەڵاتەکان و ئامانجە سیاسى و گشتیەکان گەورەترین گۆڕان بکرێت .. خەڵکى و قۆناغەکە بە گشتى چاویان لەسەر ئەم کۆنگرەیەیە ، کە تەنها چەپڵە لێدان نەبێت و کۆنگرەیەکى پڕ جوڵە و بزاوت بێت نەک کۆنگرەیەکى بێدەنگ و مردوو .. هیوایەکى زۆر هەیە کە ئەندامانى کۆنگرە بتوانن وێنەیەک بدەنە دەرەوەى خۆیان کە جیاوازیەکى زۆرى هەبێت لە گۆنگرەى حیزەبکانى ناو هەرێم و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت