بەھرۆز جەعفەر : گۆڕانی ئاخر زەمان و ئاخر زەمانی گۆڕان .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لەدوای (١٧) ی شوباتەوە ، ڕەنگە من کەمترین قسەم دەرھەق بە بزوتنەوەی گۆڕان کردبێت،ئەمەش ئەگەر ھۆکارێکی ھەبێت ئەوەیە : ئێمە ئەو ماوەیە قسەی خۆمان کرد و ، ئەوانیش لە نیشاندانی ڕووی فاشیزمانەو پۆپۆڵیستانەی خۆیان ، لەجنێونامەو تەشھیرنامە و پەرواێزخستن دەنگ و ڕەنگمان لەمیدیاکانی خۆیان کەمیان نەکرد . ئەتوانم بڵێم : یەکەم قوربانی دەستی گۆڕانێکی بی ھزرو ستراتیژ بووم …

ئێستا گۆڕان کۆنگرە دەکات ، ئەیەوێ ھەرچۆنێک بێت ، بڕوا بەڕای گشتی بکات،کە کۆنگرە مەرج نییە سەرۆک و سەرکردایەتی تیا بگۆڕێت ..!. لەگەڵ ئەوەی بەدیدی زانستی سیاسیی و پرەنسیپی حزبایەتی ، یەکەم کاری ھەر کۆنگرەیەک ئەوەیە کە ” گۆڕان ” نەفی دەکات . قسەکە لەسەر کۆنگرەیەک نییە کە زیاتر لە (٦٠٠) کەس بە تەزکیە چونەتە ناوییەوە ، مەسەلەکە ئەوەش نییە کە چۆن دەبێت ھەر لیژنەیەک (٢٥٠) کەس بن و پێکەوە (عەدوفەرز) بکەن .. نا .. ئەوەش نییە کە بەو ھەزار و چەند کەسە ناتوانن شتێک لەبەرنامەی بزوتنەوەکە بگۆڕن .

گۆڕان: مانای گواستنەوەیە لەحاڵەتی ئێستاوە بۆ داھاتوویەکی باشتر.بۆنمونە : کەسێک کێشی خۆی لە (١٤٠ کگم) دادەگرێتە (٧٥کگم) . لێرە گۆڕانێکی ھەستپێکراوی بەرچاو ڕووی داوە ، لە ڕێگەی چەند ئالیەتێکی تەندروست ، لەماوەیەکی دیاریکراودا ، کەسەکە (٦٥کگم) ی لەکێشی خۆی دابەزاندووە . ئەوەی کەبووەتە ھۆی ئەم گۆڕانە پێش چاوە لەکەسەکەدا ، یەکەمجار بیرکردنەوەو ئیرادەی کەسەکەبووە ، ئەوسا بەرنامەو میکانیزمێکی گونجاو . واتە گۆڕان بابەتێکی ھەڕەمەکی نییە ، ئەمە بۆ گروپێک و بۆ حزبێکی شۆڕشگێر و … ھەتادوایی . بەم شێوازە دەق ئەگرێت .

کورد ، بەشێکە لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و گەلانی ناوچەکە ، ڕاستەوخۆ ئاڵوودەیە بەکلتورو زمان و سیاسەت و جۆری بیریی سیاسیان . ھەقمانە پرسیارو ڕەخنە لەئۆپۆزسیۆنێکی بێ پلان و بێ بەرنامەو بیکردنەوە بکەین ، چونکە ھەموو ئەو ھێزە چاکسازیخوازانەی لەناوچەکەدا دروست بوون ، دواجار ئەوەی پێش خۆیان تێنەپەڕاندووە .؟. ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەم ھەرێمەی ئێمە پرسیاری نوێ سەرھەڵئەدا،لەھەرێمێک حزبێک تیایدا یەکێتی و نیشتمانیی نییە ، یەکێکی ترپرەنسیپەکانی پارتی دیموکراتیی نییە،لەبری یەک ھێزی ئیسلامی چەندین مەددی ئیسلامی ھێدی ھێدی چەکەرە دەکەن ، بەپێچەوانەیشیەوە کایەی نوسین و چینایەتی و باس و خواسی ھاتنەوەی کۆمۆنیزم بازاڕی کۆمەنیستەکانی گەرمکردووە ، ئەرێ پێم ناڵێن گوتاری ئەقڵانیەت و ناسیۆنالیزمی کوردی دەکەوێتە کوێی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی کوردییەوە ؟. ئەری دەکەوێتە کوێی سەلەفی و ئوسوڵیەکانی کوردستان ، ئەرێ نەتەوەیی بون لای کۆمەنیستەکان چی دەگەیەنێت بۆ گەلێکی ژێر دەستە ..؟. لەوەھا حاڵێکدا کە بەقەد ھاتنەوەی مەسیحێک پێویستمان بەوەیە ئەم وڵاتە لەدەستی جەھالەت و خود داگیرکاریی قوتاربکەین ، ھێزێکی گۆڕانخواز لەولاوە وێنای ئایندەمان بۆدەکات لەسەر ھەمان نەمەتی ڕابردوو !!!.

وەزیفەی ھەرە مەزنی تاکی کورد ئەوەیە ، ئەو کۆدانە بشکێنێت کە ڕەمزو ھێما دروست دەکەن لەکۆمەڵگەدا ،  کەچی لایەنگرو پیاوە ڕۆشنبیرو موجامل و ماستاوچیەکانی گۆڕان خەریکی دروستکردنەوەی ڕەمزێکی ترن بەناوی ” نەوشیروان مستەفا “. دووری نابینم ھەر جەماوەرو دەوروبەر لەئایندەدا ڕێگەبگرن لە ئۆجەلان تا ” ماندیلا ” بێت .!.

پێم ناڵێن ، گوتارو پرۆژەی فکریی و ستراتیژیی گۆڕان بۆ ئایندە چی یە ؟؟. ئەری لای ئێوە سنوری کوردستان تاکوێیە ..؟. گۆڕانێک بۆ ڕەخنە گرتن دروست بوبێت ، عەجەبا ڕەخنە لەکەس قبوڵ ناکا .؟. ھەموو پرۆژەی چاکسازیی ئابوریی سیاسی گۆڕان خۆی لەوەدا ئەبینێتەوە ، کەشەوانەو ڕۆژانە پێمان دەڵێن : بودجەکە سەدا حەفتاو پێنجی بەکاربردن و تەشغیلیەو سەدا بیست و پێنجی وەبەرھێنان وئاوەدانکردنەوە !!. ئەرێ بۆچی خۆتان لەقەرەی دانا غازو دیارنەمانی پارەی ووشکەساڵی و مۆڵ و میترۆکانی شارو … ھتد . نادەن . کە باسی گەندەڵی کرا، گۆڕانخوازەکان ووتیان : جا ئەوە وەک تەپ و تۆز وایە ھەموومان ھەڵمان مژیووە،بەخەڵک دەڵێن : نابێت حزب ڕاگەیاندن و تەلەفزیۆنی ھەبێت خۆیان ھەیانە . باسی میکانیزم و بەرنامەی چاکسازیی لەکوردستان دەکەیت ، نییانە !.ھەموو کاری ھێزێکی گۆڕانخواز لەوەھا ساتێکدا ئەوەیە بڵێت : یەکێتی و پارتی گەندەڵن . ئەگەر دوو ڕۆژ یەکێتی و پارتی گەندەڵی نەکەن ، ئیدی ئەمان قسەیەکی تریان بۆ ووتن نییە !!.

گۆڕانکردن لەھەرێمی کوردستان لەسەردەستی نەوشیروان مستەفا،بەم شێوازە ئینتھازییە ، جگە لەدرۆیەکی گەورە ھیچی تر نییە،کۆی ڕۆشنبیرانش ئەم ھەقیقەتە باش دەزانن ، جورئەتیان نییەو موجامەلە دەکەن ، تاوەکو مینبەرو میدیاکانی گۆڕان بەسەریاندا دانەخرێت ، یان لەوەدەچێت ئالودەی قسەکانی مەلا کرێکار بوبن کەدەیوت ” گۆڕانەکە بەنەوشیروان دەکرێت ، چونکە شەقوەشێنی لەگەڵە “. بێئەوەی بزانن کاری شۆڕشگێڕیی و بیریی ئیسلاحخوازیی لەسەدەرمی مۆدێرنەو داھێنانە سەرسوڕھێنەرەکانی مرۆڤدا ، زۆر جیاوازە لەساڵانی حەفتاو ھەشتاکان . لەئێستادا خەڵکی چاوەڕوانی کڵاو ڕۆژنەیەکی ترن تا کامی ئارەزووەکانی خۆیانی تیا بخەن ، چونکە فەلسەفەیەکی گۆڕانخوازیی لەناو ھێزێکی وەک گۆِراندا بونی نەماوە ، ئەوەنەبێت : لەفەیسب بوک و سایتەکاندا ورتە وورت بکەیت دژی حوکمی بنەماڵە لەکوردستان . دواجار گۆڕانیش لەوە بەدەرنین کەبیانەوێ ڕۆشنبیران و چینی نوخبە دەستەمۆ بکەن ، لەنوکتە ئەچێت (٨٧٦٥) مامۆستا لەزانکۆکانی کوردستان وانە دەڵێنەوە ، ھەریەکەیان بەجۆرێک کلکە لەقێی مووچەو دەرماڵە بکات و لەولاشەوە تابخرێتە سەرشاشە .؟.

لەھەموو دونیا ڕۆشنبیران تەلەفزیۆن ڕاگەیاندن و جەماوەر دێننە قسەو ئاڕاستەیان دەکەن ،  بەڵام لای گۆڕان نەوشیروان مستەفا بەتاقی تەنھا ھەمووی ئاڕاستە ئەکا ..؟؟. بچن بگەڕێن لەشۆِرشی (ئەمریکا-١٧٧٣) دژی ئینگلیزەکان ، لەشۆڕشی فەڕەنسا (١٧٨٩) کە تەواو شۆڕشێکی مانابەخشە و مێژووی کرد بەدوو بەشەوە . تاڕاددەیەک شۆڕشی ئۆکتۆبەری (١٩١٧) . بۆچی وا گرنگ بون ، چونکە ڕۆشنبیران پلانی ژیرانەیان بۆ چارەسەرکردنی گرفتە کۆنکرێتیەکانی کۆمەڵگە ھەبوو ، لەڕێگەی شتی پڕو پوچی وەک سیدی و گرتەو پۆستەرەوە دەستی پێنەکرد وەک شۆڕشی ئێران (١٩٧٨) . دواجار ھەر بەسیدیەک و پۆستەرێکیش دەڕوا . لەعێراق (١٩٥٨) سیستەمەکەش گۆڕاو لەمەلەکیەوە بۆ کۆماری ، ئێ دواجار ھەیکەلی سیاسی و ئیداری و ھەموو شت وەک خۆی مایەوە ، لەپرۆسەی ئازادی (٢٠٠٣) سەدام و بەعس بەڕواڵەت نەمان ، کەچی دامودەزگاکانی ئێستا پڕن لەسەدام و بەعس . ئەم ھوڕینەیەی نەوشیروان و ھەندێ خەڵگ ساڵانێکە گرتویانەتە بەر لەناوچەگەرێتی و شارچێتی یەوە دەقی گرتوە ، بەناوچەگەرێتی و شارچێتیش ئاوا دەبێت ، وە ئەوەی ئێستا وەک تاوانێکی بەرنامە بۆداڕێژراو لەلایەن گروپێکی ناو یەکێتی و لەگەڵیدا پارتیش ، بەرامبەر شاری سلێمانی دەیکەن ، بۆ تێکدانی ھەموو سیما شازەکانی، ھەر لەناوچەگەرێتی یەوە دەقی گرتووە .

باشتر نەبو، نەوشیروان مستەفا لەبری نوسینەوەی کتێبی ئەدەبی و شیعری،ستراتیژی کارکردنی بزوتنەوەکەی بۆ ئایندە بنوسیبایە ،” . ئەرێ باشتر نەبوو نەوشیروان مستەفا ” ئینسکلۆپیدیای شەڕی ناوخۆ” ی بۆ نەوەکانی ئایندە بنوسیایەو بیانکردایە بە زنجیرە فلمێکی دۆکۆمێنتاریی؟؟. یان ھەروەک لەدیدارێکی گۆڤاری لڤینی ساڵی (٢٠٠٩) ڕوونی کردۆتەوە کە ” شەڕی ئەمان لەگەڵ پارتی و یەکێتی شەڕی پارەو دەسەڵاتە .. ئێستاش دوای (٤) ساڵ لەباسکردنی تاڵانی نەوت و غاز ، وا باڵبشتی سیاسەتی نەوت و نەخشەی نوێی ووزە دەکەن ..!.

ئێمە پێمانوایە ، لەکوردستان بەناوی ڕووخانی دەسەڵاتی تۆتاڵیتارو گەندەڵەوە ، ھەمان ئەزمون بەھۆی بێ بنەمایی و تێنەگەیشتن لە فەلسەفەو چەمکی گۆِران دووبارە دەکەینەوە ، ھەرسیاسەتێک بەبێ باگگراوەندێکی تیۆریی میزڵدانی پڕە لەھەواو دواجار بەنوکی دەرزییەک دەتەقێت . ئێستا کوردستان پێویستیەکی مێژوویی گەورەی بەگروپێکی گۆڕانخوازی ئەقلانی و مەنتقی و شارەزا ھەیە ، تا ڕێنسانسێک لەکوردستان بەرپابکەن ، لە ھونەرو ئەدەب ، لە کایەی پەروەردەو فێرکردن ، لە سیستەمی سیاسی و ئابوری وکایەی میدیایی و پرسی دین و لتورو زمان و … ھتد . ھەموو ھەڵتەکێنێت و بیداتە بەر نەشتەرو بێژەنگی توێژینەوەو تێفکرین ونۆژەنی بکاتەوە ، ئێمە ئا ئەم جۆرە گۆڕانەمان دەوێت … بەپێچەوانەوە ھەرچەندە وورد دەبیتەوە ھەستەکەیت فاشیزم ڕێک لەھەناوی ئەم ھێزە گۆڕانخوازانەی کوردستانەوە سەرھەڵئەداتەوە ، ئەنجامەکەشی تەنھا ئەوە دەبێت نەوازد ھادی و نەجمەدین کەریم دەگۆڕێن بە دانی ئەحمەد مەجیدو عەلی باپیر،خەسرەو نەزھەت دەبن سەرکەوتی کوببەو مام رۆستەم ، ھوشیار عەبدولاو عەدنان عوسمان دەبن بە عەبدلوەھاب و سلیمان عەبدوڵا…. ھتد . چەقۆ کێشەکانی ئاسایش و پاراستن دەبن بەچەقۆکێشەکانی دەوری مەنەسەکەی (١٧) ی شوبات . بەھێزە نەشازەکانی پێشویان ووت : نابێت حزب تەلەفزیۆنی= و ڕاگەیاندنی ھەبێت،ھەر لەئێستاوە خۆیان ھەیانە،بەخەڵکیان ووت شەڕی ناوخۆ ئەمە لێکەوتەکانی بوو،کەچی خۆیان ئاسایشی کۆمەڵگەیان تێکدا،لەبری ئەوەی ڕەگ و ڕیشەی سیاسەت و میکانیزمی کار لەناوخودی کوردستاندا بێت،دیسانەوە دەیبەنەوە بۆ ئێران و تورکیا. کەواتە گۆڕان بەم ھەناسەیە درۆیەکی شاخداری گەورەیە .