شنۆ عوسمان : کەس وەک مناڵەکەى کاوە لە ماناى ئازادى ناگات .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دکتۆرەکان ئەڵێن ژنانى دوگیان ، ئەبێت خەفەت نەخۆن تەنانەت سەیرى ئەو هەواڵانەش نەکەن کە خەفەتهێنن ، چونکە هەر ئاهێکى خەم کاریگەرى خراپ لەسەر کۆرپەکە جێدەهێڵێت ، لە نۆمانگیشدا بە ژنان دەڵێن پشوودان و خۆ ماندوونەکردن باشە بامناڵەکەتان ماندوونەبێت .

ئەبێت هاوسەرەکەى کاوەى جوانە مەرگ و منداڵەکەى چ پشویەک بدەن ! خۆئەو هێشتا دنیاى نەدیوە بۆ ئەوەندە ماندوو ببێت ! ئەو ماندوە بەوەى باوکى بۆ کوژرا ؟ چ شتێک دەرونى ژنێکى سکپر ئارام ئەکاتەوە کە هاوسەرەکەى بەبەرچاوییەوە لەخوێندابێت .

دڵنیام منداڵەکەى کاوە دەزانێت کە روداوەکە زۆر لەوە گەورەترە و هەستى پێدەکات ! شیرین و دایکى کاوە تاڕادەیەک هاوهەستن ئەوکاتەى دایکى کاوەش دووگیانبووە ، ئەبێت ژنان چەند لێیان پرسیبێت حەز لە شیرنى ئەکەى یان ترشى ؟ حەزت لە کورە یان کچ ؟ زۆر لە ژنان دوعایان بۆ کردوە کەبەدایکى کوڕان بیت ، ئاخر جاران وا باوبوە کە دایکى کوران دەحەوێتەوەو لە پەنای کوڕا ئاگردانى پیرى هەڵدەکات ، بەڵام ئێستا دایکى کوڕان هەمیشە دەست لەسەر دڵن ئەها کورەکەیان بەڵایەکى لێ پەیدا نەبێت و بکوژێت .

دوعاکەى ژنان بۆدایکى کاوەیان کرد نەگەیشە جێ ، ئەو سکى سوتا ، بەڵام چۆن سوتانێک ! تەنها بۆ گیرانەوەى چیرۆک ئاسانە کورەکەت لەخوێندا ببینیت ، رەنگە لەوساتەدا نەنەو دایە و منداڵەکەى کاوەى جوانەمەرگیش هاوهەست بن .

کێ ئەتوانێ بەو منداڵە بڵێت ژیان خۆشی زۆری تیادایە کە ئەو لەسکی دایکییەوە ناخۆشی ئەبینێت ، ئاخر ژنان دەزانن گرنگى هاوسەر چیە لەکاتى مناڵبووندا ، ئایا ژنان دەستورێکى تازە دادەرێژن بۆ دەرکردنى چلەو چلەخانەى شیرین و مناڵەکەى ؟ بۆ جیاکردنەوەى خۆشی و ناخۆشی چلەى لەدایکبون و مەرگ ؟ بادایەو نەنە ، لەچلەخانەى ( لەدایکبون و پرسەدا ) دەى با لە چل هەمین جامى ئاوى دەستییاندا بڵێن خوایە بەدورمان بگریت لە مرۆڤە دڵرەقەکان ، بەدورمان بگریت لە فیشەکى ئێوارە وەختە ، لە هەڵچونى جەلادە ئازادى خوازەکان ، بڵێن نیەتمانە پشتی رەوایەتى بگرین ، بڵێن خودایە ئەوکاتەى ئەم مناڵە گەورە بوو داوەرى گشتى بتوانێت مافی گشت بپارێزێت ، پۆلیس بتوانێت لێکۆڵینەوەى بەهێز بکات ! ئەم نیشتیمانەى کە چەندین منداڵى ئاواى بێ باوک کرد سەرتاسەر ئازاد بێت ، دۆسیەى ئەنفالیش لەبەر خاترى ئاهى شیرین وەک هۆلۆکۆست تەماشا بکرێت .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت