Fatih-Hesen

بەشی دوەم : بەڵگەنامانە کان خۆیان دەدوێن .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەڵگەنامەی ژمارە ( ٢ )

بەناوی خوای بەخشندەو میهرەبان

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی

پارێزگای هەولێر

ئەوپەڕی نهێنی و تایبەت

ژمارە/ ٣٢٢

رۆژ ٦/٥/١٩٨٧

بۆ/ هەمو بەڕێوەبەرو ئەفسەرانی ئاسایشی قەزاو ناحیەکان

ب/ نەپرسینەوە لە سکاڵا

بەگوێرەی نوسراوی ژمارە / خ / ١٠٤٨ ی ٢٨/٤/١٩٨٧ ی پارێزگای هەولێر، پاڵپشت بەو دەسەڵاتەی بەپێی بڕیاری ژمارە ( ١٦٠ ) ی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش، کە بەخشراوە بە هەڤاڵی تێکۆشەر ( عەلی حسن المجید )، ئەندامی سەرکردایەتی هەرێمی / ئەمینداری گشتی بیرۆی رێکخستنی باکور، بەڕێزی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە گوێ ڕانەگیرێت لە سکاڵای خەڵکی ئەو گوندانەی کە لە ڕوی ئەمنییەوە قەدەغەکراون، وە هەروەها لە سکاڵای تایبەت بە گێرەشێوێنەکان نەپرسرێتەوە ، ئەو شکاتانەش هەڵپەسێرن کە پێشتر بەرزکراونەتەوە .

تکایە لێی ئاگاداربن وە کاریپێبکەن

لەگەڵ رێزوپێزانیندا

بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای هەولێر

١٠ / ٥ / ١٩٨٧

ژمارەی رۆیشتوو ١٨٢١ لە ٩ / ٥/ ١٩٨٧

بۆ گشت مەڵبەندەکان

بەڵگەنامەی ژمارە ( ٣ )

نهێنی و بە پەلە

ژمارە / ٧٦٧٨

رۆژ / ٢٧ / ١١ ١٩٨٩

بۆ / فەرمانگەی ئاسایشی قەزاکان

بۆ / بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شەقڵاوە / ق ش م

بەگوێرەی ئەوەی لە نوسراوی ژمارە / ص / ٥ / ٣ / ٤٠٥٤٥ ی ٦ / ١١ / ١٩٨٩ ی دیوانی سەرۆکایەتی بەڕێزدا هاتووە :-

دەبێت دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش جەخت بکەن لە وەرگرتن و کارکردن بۆ سکاڵای ( میسرییەکان و عەرەبەکان ) ، ئەوانیش وەك عێراقی حسابیان بۆ بکرێت، لەگەڵ جەختکردن لەسەر بنەمای دادوەری لە جێبەجێکردنی یاسادا.

بۆ لێبەئاگابوون و کارپێکردن، وە هەرچی پێویستە بکرێت بۆ ئەوەی سەرەوە.

تکایە دڵنیابن لە وەرگرتنی …. هەواڵمان لێبگێڕنەوە.

رائدی ئاسیش

بەڕێوەبەری ئاسایشی شەقڵاوە

ژمارەی رۆیشتو : – ١٦٥٤ لە ٢٩ / ١١ / ١٩٨٩

گشت خاوەن پلەکان

بۆ جێبەجێکردن

٣٠ / ١١ / ١٩٨٩

بەڵگەنامەی ژمارە ( ١٠ )

A, B

بەناوی خوای بەخشندەو میهرەبان

لیژنەی ئاسایشی

پارێزگای سلێمانی

نهێنی و تایبەت

خودی نامە بۆ هاتوو نامەکە دەکاتەوە

بۆ بیرۆی رێکخستنی باکور – لیژنەی هەماهەنگی ئاسایشی ناوەندی

بابەت / کۆنووسی کۆبوونەوەی گشتی فراوانی لقەکانی لیژنەکانی ئاسایش

لە پارێزگای سلێمانی

١٦ / ٢ / ١٩٨٥

لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری بەڕێز ، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش ، بەخێرهاتنی سەرۆك و ئەندامانی لقەکانی لیژنەکانی ئاسایشی کرد، ئەو ئەرکەی بەرزنرخاند کە هەریەك لە رێکخراوەکان کێشاویانە ، بۆ بەجێهێنانی ئەرکەکانی سەرشانیان بە شێوەیەکی رێکوپێك ، بۆ راگرتنی بارودۆخی ئاسایش و جێبەجێکردنی بنەماکانی حیزب وشۆڕش لە ناوچەکەدا. جەختی لەسەر ئەوە کرد کە لە کۆبوونەوەکەیاندا دوو خاڵی سەرەکی باس دەکەن کە بریتین لە :- یەکەم :- دیالۆگی نێوان سەرکردایەتی حیزب و شۆڕش لەگەڵ جەماعەتی یەکێتی نیشتیمانی. دوەم :- ئەو بڕیاری لێبوردنەی کە سەرکردایەتی شۆڕش دەریکردووە بۆ :- ( راکردو و دواکەوتوەکان لە سەربازی، گێرە شێوێنەکان ، گشت بزوتنەوە سیاسییە گێرەشێوێنەکان ، ئەندامانی حیزبی دەعوا ) ی ناوەوەو دەرەوەی هەرێم . یەك :- دیالۆگ لەگەڵ جەماعەتی یەکێتی :- پارێزگاری بەڕێز سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی ، جەختی کردەوەو وتی هەروەك دەزانن جەماعەتی یەکێتی نیشتیمانی دەستیان درێژکردوە بۆ دیالۆگ ، دەڵێن دەمانەوێت نیشتمانپەروەر بین وە خزمەتی گەل و نیشتیمان بکەین هەروەها دەیانەوێت ئۆتۆنۆمی پتەوبکەین و پەرەی پێبدەین.

١- ئێوە دەزانن کە بنەماکانی حیزبی سەرکردە ، وە دەستکەوتەکانی لە بوارە جۆربەجۆرەکاندا بۆ سەرجەم نەتەوەکانی عێراقە بێ جێاوازی ، وە خزمەتکردنی هەر نەتەوەیەك خۆی لەخۆیدا دەستکەوتێکە بۆ هەمو عێراقی مەزن ، نەخاسمە سەرکردایەتی سیاسی و سەرۆکی فەرماندە ، خوا بیپارێزێت ، بایەخێکی تایبەتی دەدەن بە ناوچەی ئۆتۆنۆمی. ٢- لەسەر هەمو ئەو بەندانە رێککەوتین کەخزمەتی بارودۆخی ئاسایش و ناوچەکەدەکەن . کەئەم کارەش لەوانەیە ببێتە مایەی ئەوەی ببن بە هاوڵاتی باش ، وەک هەر هاوڵاتییەکی دیکە ئامادەبن بۆ خزمەتکردن و قورابانیدان. ٣- بەڵام لەکاتی بڕیاردان ورێککەوتن لەسەر هەر بڕیارێك، سەرکردایەتیمان تێبینی ئەوەیان کردووە کە ئەو جەماعەتە دودڵی نیشان دەدەن ، بۆ ئەوەی دەرفەتێك بدۆزنەوە، تا ئەوەی کە بەنیازن لەسەری رێکبکەوین بخەنە بەردەستی کادرەکانیان. ٤- جەخت لەسەر ئەوە دەکەین کە پەیوەندیمان لەگەڵ هیچ هاوڵاتیەکدا نەپچڕین، سەر بە هەر لایەنێك بن و مەرامی سەرکردایەتییان بۆ رونبکرێتەوە. بەمەبەستی دابڕینیان لەو واقعەی کە تیایدا دەژین و تا بگەڕێنەوە سەر رێگەی راست، پێویستە بەکردەوە لەنێو هاوڵاتیاندا گوزەران بکەین و بچین بەدەنگ داواکان و کێشە رەواکانیانەوە. ٥- جەخت بکرێت لەسەر سەردان و پشتگیری و گرتنەباوەشی ئەو کەسانەی کە سەر بە ( فەوجی خەفیفە، مەفرەزەی تایبەت، جەیش شەعبی ) ین و رێنماییان بکەین لەکارەکانیاندا، دەرفەت نەدەین بە خراپەکارییەکانیان چونکە هەڵسوکەوتیان لەسەر ئێمە حسابە لە ناوچەکەدا. ٦- پێویستە هاوکارییەکی توندوتۆڵ هەبێت لەگەڵ یەکەسەربازیەکاندا، کارئاسانییان بۆ بکرێت و داواکارییەکانیان بهێنرێتەدی، چونکە هەر ئەوانن لەبەرەکانی پێشەوەی جەنگەوە سەرکەوتنمان بۆ بەدەست دەهێنن. ٧- لەناوی ئەو کەسانە ئاگادارمان بکەن کەسەر بە حکومەتن و لە روی راگەیاندنەوە رۆڵی کاریگەر دەگێڕن لە وشیارکردنەوەی هاوڵاتیاندا بۆ هێنانەوەی کوڕوکەسوکاریان لەڕیزی گێرەشێوێنەکانەوە بۆ سایەی خۆمان، بۆ ئەوەی ئەو کەسانە پاداشت بکەین تا خەڵکانی دیکەش چاو لەوان بکەن.

دوو :- جەخت لەسەر راسپاردەکانمان دەکەینەوە، جەردێکی تەواوی راکردو وە دواکەوتوەکان لەسەربازی و لە یاسالادەرەکانمان بۆ بنێرن، بەگوێرەی ئەو ئیستیمارانەی دابەشکراوە بەسەر لیژنەکانتاندا، ئەوانە چیان هەیە لەخانوی حکومی و تەلەفون و بریکارنامە و هەر دەستکەوتێکی دیکە کە دەوڵەت پێیبەخشیون، بۆ ئەوەی پاش کۆتایهاتنی ماوەی لێبوردنەکە بیدەین بەو خەڵکانەی گوێڕایەڵن و چەکیان بۆ حکومەت هەڵگرتووە دژی دوژمنەکانمان، جونکە ئەوان شایستەترن بەو دەستکەوتانە. لەکۆتاییدا سەرۆکی پارێزگار سوپاسی ئەرك و ماندووبوونی هەموانی کرد کە کێشاویانە بۆ خزمەتکردنی ئامانجەکانی پارتی سەرکردە و شۆڕشە مەزنەکەمان، بەسەرۆکایەتی سوارچاکی سەرکەوتن، هەڤالی تێکۆشەر سەدام حسێن ( خوابیپارێزێت ) .

جعفر عبدالکریم البرزنچی

پارێزگاری سلێمانی

سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی

وێنە بۆ :-

بەڕێزان ئەندامانی لیژنەی ئاسایشی پارێزگا

گشت لقەکانی لیژنەکانی ئاسایش

ئاماژە بەکۆبونەوەی

١٦/ ٢ / ١٩٨٥ ی خۆمان

بۆ زانیاریتان لەگەڵ پێزانیندا تکایە.

بەڵگەنامەی ژمارە ( ١١ )

A,B

حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی عەرەب یەك نەتەوەیە

هەرێمی عێراق و

بیرۆی رێکخستنی باکور خاوەنی پەیامیکی نەمرە

ژمارە :- ٢٨ / ٤٦٨٤

رۆژ :- ٢٩ / ٦ / ١٩٨٥

بۆ / هەڤاڵانی بەڕێز سەرۆکی لیژنە ئەمنییەکان

هەڤاڵی بەڕێز فەرماندەیی فەیلەقی یەك

هەڤاڵانی بەرێز ئەندامانی بیرۆ

بابەت / گرتنەبەری رێوشوێن

سڵاوێکی هەڤاڵانە :-

لەپێناو جێبەچێکردنی ئەو سیاسەتەی کە دەبیتەهۆی تەنگپێهەڵچنینی گێرەشێوێن و ناپاکان ، ئەم رێوشوێنانە دەگیرێنەبەر:- ١- خۆراکەماددە بنچینەییەکان ( ئارد – شەکر – چا – رۆن ) بە کۆپۆن ( بیتاقە ) بەسەر ئەندامانی خێزاندا دابەشبکریت ، وەدەتوانن هانا بۆ سوپا ببەن بۆ ئەوەی هاوکاریتان بکات لە دروستکردنی کۆپۆنەکاندا. ٢- تەنها لە رێگای لایەنی رەسمی تایبەتەوە نەبێت گواستنەوەی خۆراکە ماددە لە پاریزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە قەدەغەیە . ٣- رێوشوێنی توند بگیرێتەبەر بۆ نەگەیشتنی خۆراکەماددەو کەلوپەلی دیکە بۆ ئەو گوندانەی گێرەشێون و ناپاکەکان کردویانەتە بنکە و بارەگا. ٤- رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ رێگەگرتن لە گەیاندنی خۆراکەماددەو کەلوپەل بەدزییەوە بە گێرەشێوێنەکان یا بەدەرەوەی عێراق. هەروەها نەهێڵن لە وڵاتە دراوسێکانەوە هیچ شتێك بێتە عێراقەوە. ٥- هەمو جۆرە خزمەتگوزارییەکی ( ئاو – کارەبا – تەندروستی – پەروەردە ) لەو گوندانە ببڕن کە بونەتە بنکەی گێرەشێوێنەکان. ٦- ئەو گوندانەی گێرەشێوێنیان تێدایە رێگەیان پێنەدرێت بەروبومەکانیان بەرن بۆ بازاڕەکانی ناوخۆ، هەروەها بەهەموشێوەیەك هاتوچۆ لەنێوان ئەو گوندانە و شار و شارۆچکەکاندا قەدەغەبکرێت. ٧- لێسەندنەوەی بریکارنامە لە خزموکەسوکاری گێرەشێوێنەکان. ٨- لەپێناوی پرۆسەی بەوردی دابەشکردنی خۆراکەماددەدا بە کۆپۆن ، لە یەکە ئیداری و ئۆردوگاکان { ئۆردوگازۆرەملێکان} دا لیژنە پێکبهێنرێت ، بەسەرۆکایەتی سەرۆکی یەکە ئیدارییەکان و ئەندامەتی نوێنەرێکی حیزب و نوێنەرێکی ئاسایش و نوێنەرێکی ( ئیستیخبارات ) . ٩- بڕینی تەلەفونی ئەو خێزانانەی کە ئەندامێکیان پەیوەندی بە گێرەشێوێنەکانەوە هەیە ، بێجگە لەو خێزانانەی خاوەنی شەهید یا دیلن لەپێناوی حکومەتدا. ١٠- بڕینی ئاوکارەبای ئەو خێزانانەی کە پەیوەندییان بە گێرەشێوێنەکانەوە هەیە . ١١- کۆپۆنی خۆراك نەدرێت بەخێزانی گێرەشێوێنەکان. ١٢- دەست بەسەر ماڵوموڵکی گێرەشیوێنەکاندا بگیرێت و بخریتە مەزاتی ئاشکراوە. ١٣- دەرکردنی خێزانی گێرەشێوێنەکان لە خانوەحکومییەکان، چ لە شار، یا خانوەکانی کارگێڕی خۆجێیی یا ئۆردوگاکان بێت. ١٤- پوچەڵکردنەوەی بەڵێننامەی زەویوزارە کشتوکاڵییەکانی کەسوکاری گێرەشێوینەکان. ١٥- لیژنە ئەمنییەکان راپۆرتی مانگانە دەربارەی چۆنیەتی راپەڕاندنی ئەو ئەرکانە بۆ سەروی خۆیان بەرزبکەنەوە. ١٦- رێکخراوە حیزبی و جەماوەری و دەزگارەسمییەکان، هۆی گرتنەبەری ئەو رێوشوێنانە شرۆڤە بکەن بۆ خەڵك، هەروەها لەسەریان پێویستە لە هەڵمەتێکی بەرفراواندا بەشێوەیەك جەماوەر وشیاربکەنەوە کەببێتە مایەی پرۆتۆستۆکردن و رەتکردنەوەی تاوانکاری و هاریکاریکردنی دوژمنان و گێرەشێوێنان.

بۆ لێبەئاگابون و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست تکایە.

هەڤاڵ

سعدی مهدی صالح

ئەمینداری گشتی بیرۆی رێکخستنی باکور

سەرۆکی لیژنەی هەمئاهەنگی ئاسایشی ناوەند

 

بەڵگەنامەی ژمارە ( ١٢ )

A,B

حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی عەرەب یەك نەتەوەیە

فەرماندەیی ناوچەی سەلاحەدین و

فەرماندەیی فرقەی سدیق خاوەنی پەیامێکی نەمرە

 

ژمارە / ١٦ / ٢٧٣٢

رۆژ :- ٢٧ / ٩ / ١٩٨٥

بۆ / سەرجەم رێکخراوە حیزبییەکان

بابەت / رێنمایی

ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەنراوی رێنماییەکانی هەڤاڵ ، ئەندامی سەرکردایەتی هەرێمی / ئەمینداری گشتی بیرۆی باکورە، کە لە رۆژی ٩ / ٩ /١٩٨٥ دا رایگەیاند، بۆ لێبەئاگابون و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست، تکایە بەند بە بەند جێبەجێی بکەن، بەپێی ئەم رێنماییانە کۆڕ ببەستن و لە دەرەنجامەکانی ئاگادارمان بکەنەوە، لەگەڵ پێزانیندا.

هەر بژین بۆ خەبات

خۆیی :-

لە کۆبونەوەکاندا دەخرێتە بەردەست هەڤاڵ

عصام محمد عبدە

ئەمینداری گشتی سەرکردایەتی فرقەی سدیق

١- ئابڵوقەی ئابوری تەواو بخرێتەسەر گوندەکانی ناوچەقەدەغەکراوەکان. ٢- نەگرتنەبەری چارەسەری مامناوەندی لەگەڵ گێرەشێوێنەکاندا، وەدەبێت راددەیەك بۆ خۆیان و تاوانەکانیان دابنرێت . ٣- ئەو گوندانەی هاوکاری گێرەشێوێنەکان دەکەن ، بەگێرەشیوێن لەقەلەم بدرێن . ٤- رێگە بە ئۆتۆمبێل نەدرێت سەردانی گوندەکانی ناوچەقەدەغەکراوەکان بکات ، دەستبگیرێت بەسەر ئەو ئۆتۆمبیلەی سەرپێچی دەکات، یان بەنزین دەدات بە ئۆتۆمبێلی گێرەشێوێنەکان . ٥- زەوتکردنی هەمو بەروبومەکشتوکالییەکانی گێرەشێوێنەکان و گوندەکانی ناوچەقەدەغەکراوەکان. ئەو بەروبومانە بەشێکی دابەشبکرێت بەسەر هێزەسەربازییەکان و جەیش شەعبیدا، ئەوەشی دەمێنێتەوە بفرۆشرێت . ٦- هەمو دەزگاکان هاوکاری یەکتر بکەن و بێ پسانەوە بەهەمو هێزێك لە گێرەشێوێنەکان بدەن. ٧- ئەوانەی هاوکاری گێرەشێوێنەکان دەکەن، خۆیان وخێزانەکانیان مامەڵەی گێرەشێوێنیان لەگەڵدا بکرێت. ٨- فەرمانی گلدانەوەو راگواستنی خێزانی گێرەشێوێنەکان بەخێرایی جێبەجێبکرێت. ٩- هەمو خزمەتگوزارییەکان لەو گوندانە ببڕن کە گێرەشێوێنەکان سەردانیان دەکەن، بە خوێندنگاشەوە. ١٠- ئەو خێزانانەی کە دۆستی حکومەتن لە گوندە قەغەکراوەکانەوە بیانگوێزنەوە بۆ شوێنی ئارام. ١١- دەستەبەرکردنی دڵنیایی و ئاسودەیی بۆ کەسانی دڵسۆزی سەربەخۆمان. ١٢- بەبێ رەزامەندی ئێمە گلدراوەکان بەرمەدەن و خزمەتگوزاری مەگێڕنەوە بۆ گوندەکان. ١٣- دڵنیابوون لەوەی کە سەرۆکی یەکە ئیدارییەکان و فەرمانبەرانی فەرمانگە ئیدارییەکان سەربەخۆمانن. ١٤- لەناوچەکانی خۆتان هێزێکی ئامادەباشی لە هەمو دەزگا ئەمنییەکان و سەربازییەکان و جەیش شەعبییەکان پێکبهێنن و مەشقی تەواویان پێبکەن، بۆ لێدان و بەرەنگاربونەوەی گێرەشێوێنەکان. ١٥- جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە یەکە ئیدارییەکانتان ، دابەش بکەن بەسەر چەند کەرتێکدا بۆ راپەڕاندنی پلانە ئەمنییەکان. ١٦- راکردوو دواکەوتووکان لە سەربازی پشتگوێ مەخەن، بیانگرن ، ئەو کەسانەی خۆیان بەدەستەوە دەدەن و پەشیمانی دەردەبڕن لایەنە حیزبییەکانیان لێئاگاداربکەنەوە. ١٧- پێویستە دڵنیابن لەو زانیارییانەی بەرزیدەکەنەوە.

بەڵگەنامەی ژمارە ( ١٣ )

وتاری کۆبونەوەفراوانەکەی ( ١٢/٨ /١٩٨٥ ) ی هەڤاڵ ( محمد حمزة الذبیدی ) ئەمینداری گشتی رێکخستنی باکور لە هۆڵی لقی دهۆک :-

مایەی شانازییەکی گەورەیە بۆمن ، کە لەم کاتەدا دەبمە لێپرسراوی رێکخستنی باکور، پێمخۆشە سڵاوی سەرۆکی خەباتگێر سەدام حسیێن ( خوابیپارێزێت) تان پێڕابگەیەنم. لەم یەکەم بەیەکگەیشتنەدا کە بەڕێزان پیاوانی ئاینی، ئەنجومەنەکانی گەل، فەرمانگەحکومییەکان، رێکخراوە جەماوەرییەکان تیایدا بەشدارن، باسی هەرێمی عێراق و ناوچەکەتان بۆ دەکەم، باسی ئەو بڕیارانەتان بۆ دەکەم کە دەرچون وە چۆنێتی جێبەجێکردنیان. بۆ ئەوەی باشتر لاتان رونبێت، ئەم کۆبونەوەیە لەپێناو پاراستنی خاکی عێراقە . برایان :- هەمومان لەوباوەڕەداین لێکتێنەگەیشتن لەنێوان ئەندامانی خێزانێکدا یان دراوسێکانیدا رودەدات، بەڵام هەموان سورن لەسەر پاراستنی خێزان لە گشت دەستدرێژییەك. – ساڵانێکی دورودرێژە ئێمە لەهەوڵی ئەوەداین کە زیان بەهیچ هاوڵاتییەکی گەلەکەمان نەگەیەنین. – هەمو عێراقییەکی بەشەرەف و دڵسۆز بەم نیشتمانە زۆر گرانبەهایەو نانرخێندرێت، لەبەر ئەوە هەروەك دەبینین هەردەم رێنماییەکانی سەرۆك ( خوابیپارێزیت ) ، داوامان لێدەکات رۆڵەکانی گەلەکەمان بپاریزین ، وەنابێت هەرگیز جیاوازی لەنێوان دینەکان و مەزهەبەکان و نەتەوەکاندا بکەین – ئێمە لەگەڵ ئیمانداریداین، دینی رەسمی دەوڵەت ئیسلامە ، لە عێراقدا سەربەستی ئاینی هەیە ، نابێت جیاوازی بکەین لەنێوان کوردو عەرەبدا، ئەوی جیاوازی دەکات لەنێوان کوردو عەرەبدا بەمسۆگەری لەدڵەوە نەخۆشە . – ئەوی جیاوازی دەخاتە نێوان عێراقییەکانەوە ناشێت عێراقی بێت. – سەرکردایەتی هەوڵێکی زۆری داوە بۆ گەڕاندنەوەی لەخشتەبراوەکان بۆ ریزی نیشتیمانی ، چونکە نامانەوێت تەنانەت یەك عێراقیش لەدەستبدەین. – گفتوگۆمان لەگەڵ جەماعەتی یەکێتی هەبو، بەڵام بەر لەتەواوبونی لەپڕ کەوتنە قەڵاچۆکردنی پیر و ژن و منداڵی گوندە عەرەبنشینەکان ، مەبەست لەم تاوانەیان وروژاندنی رەگەزپەرستی بو ، کەگوایە لەنێوان عەرەب و کورددا کێشە هەیە. – بەڵام ئێمە دەڵێین هیچ هێزێك ناتوانێت عەرەب و کورد لەیەك جیابکاتەوە لەبەرئەوەی لەم نیشتیمانە مەزنەدا خاوەن بەشن. – بەڕێز سەرۆکی فەرماندە ( خوابیپارێزێت )، رێنمایمان دەکات کە ( ئاگامان لەهەڵخلیسکان بێت ) ، بەڵام روداوەکانی ئێرە لەبەرژەوەندی گەلی عێراق نەبون ، کارگەیشتۆتە ئەوەی نۆکەرو خۆفرۆشەکان بونەتە داردەستی ئێرانییەکان بۆ داگیرکردنی خاکی عێراق ( نۆکەرێتی خەسڵەتی ئەو جەماعەتەیە ) ئەم پرۆسەیەش ئەوپەڕی سوکێتی و ناپاکییە ، ئەوان بەم کارە نامۆنین، چونکە ناپاکێتییان لەباووباپیرانیانەوە بۆماوەتەوە ، ئینجا جەماعەتی جەلال بێت یا جەماعەتی مەلا یا شیوعییەکان. – سوپاس بۆخوا ئێمە سەرکەوتوین ، تکا لەهەمو توێژەکان ( پیاوانی ئاینی، ئەنجومەنەکانی گەل و … هتد) دەکەم بەهاوڵاتییان رابگەیەنن کە ئێمە بەپشتیوانی عێراقییە دڵسۆزەکان سەرکەوتوین. – دەبێت رینمایی خەڵک بکەین کەلەبەرژەوەندی نیشتیماندا کاربکەن ، لەخشتەبراوەکان بگێڕنەوە ریزی نیشتیمان .

* ئەم بەڵگەنامانە بەشێکی گرنگن لە بەڵگەنامەکانی پاشکۆی کتێبی ئەنفال – کورد و دەوڵەتی عێراق

کە برای نووسەر ( شۆڕش حاجی رسوڵ ) لە ساڵی ( ٢٠٠٣ ) دا لە لەندەن بە چاپی گەیاندووە ، بە رێز و سوپاسەوە ڕێگەی پێدام کە بەرچڤەی بکەم لە عەرەبییەوە بۆ کوردی ، لەم کارەمدا سودێکی زۆرم لە کتێبەکەی و سی دی ( دۆکۆمێنتەکانی ئەنفال ) بینییوە کە بەڕیزیان لە لەندەنەوە بۆی ناردم ، لەگەڵ سوپاس و پێزانیندا، بۆ بەراورد لەگەڵ دەقە عەرەبییەکەیدا هەمان ژمارەیان گرتۆتەخۆ . لەگەڵ پۆزشێکی بێسنوردا بۆ ( شەهید ، پێشمەرگە ، هاوڵاتی ، سەرکردەی لایەنەکان ) زاراوە دزێوەکانی ئەم بەڵگەنامانە زمان حاڵی حکومەتی بەعسە، کە لە فەرهەنگیاندا سوکایەتییان بە بەها پیرۆزەکان دەکرد، بۆ نمونە :-

شەهید ، سەرکردەی نەمر :- گۆڕ بە گۆڕ .

شۆڕش :- پیلانگێڕی دژی وڵات ، گێرەشێوێنی.

شۆڕشگێڕ :- تاونبار ، ئاژاوەگێڕ

پێشمەرگە ، خەباتگێڕ :- گێرەشێوێن ، تێکدەر ، ئاژاوەچی.

جاش :- جەنگاوەر.

گەڕانەوە بۆ سەر رێگای راست :- ملکەچبوون بۆ رژێمی بەعس.

هاتنەوە ریزی نیشتمان :- پەشیمان بونەوە ، پاکانەکردن لە کاری شۆڕشگێڕی.

سەرکردەی زیندوو :- نۆکەری بێگانە، خۆفرۆش .

رونکردنەوەی وەرگێڕ /  فەتاح حەسەن

 بەڵگەکان

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت