شنۆ عوسمان : 2013 و ئەزمونەکانى .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ساڵى 2013 شمان وەکو هەموو ساڵەکانى تر بەرێ کرد ، هەرچەندە چەندین روداوى گەورە هەبوو لەئەمساڵدا روویدا ، کە جیاواز تربوون لە ساڵى پار . ئەو رووداوانەش وەکو هەربژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان ، وەرگرتنى چلو نۆملیۆن دینارەکەى نوێنەرانى میلەت لە قوتى خەڵک ، کوژرانى کاوە گەرمیانى ، قوربانیەکانى سیستەمى تەندروستى ، تەقینەوەکانى بەردەم ئاسایشى هەولێرو بازارى سەرچنارى سلێمانى ، دروستکردن و هەڵوەشانەوەى لیستى لایەنە کوردیەکان لەکەرکوک ، نەخۆشکەوتن و غیابی مام جەلال لە یەکێتى و لەعێراقدا ، سەردانکردنى بارزانى بۆ ئامەدو دەرکەوتنى دوو وێنەى نوێ ئۆجەلان پاش چواردەساڵ ، راگەیاندنى حکومەتى کاتى کوردستانى رۆژ ئاوا. ئەگەر ئەم روداوانە سەرتۆپى هەرە روداوەکانى ساڵى 2013 بێت ، ئەوا بەشێکی زۆرینەی لایەنى نەگەتیڤى خۆیان بەجێهێشتوە نەک پۆزەتیڤ . وەبەشێکى لەچاوەڕوانیدا ماوەتەوە بۆ ساڵى 2014 .

ئەم ساڵ وەکو سالانى تر نەبوو ، لەهەموو ساڵەکانى رابردوو پر ئەزمونتربوو ، ئەوەى کەمتربیسترابوون بیستمان ، ئەوەى پێشبینى نەدەکرا بینرا . ئەگەر سەرەنج بدەین لەسەر ئاستى کۆمەلایەتى زۆرترین روداوى توندتیژى بینران ، زۆرترین بەرکەوتنى هاوڵایتان لەگەڵ یەکتریدابوون کە زۆرینەى قوربانییەکانی ئەوتوندوتیژیەش بریتیبون لە ژنان و گەنجان ! لە ئەمساڵدا بارودۆخى کۆمەڵایەتى بەرەو ئاستى خراپتر هەستى پێدەکرێت نەک بەرەو باشتر ، هەر وەکو ئەوەى ئەم ساڵ زۆرترین کەیسى هاورەگەز بازىء زیناى مەحارم ، لەلاى توێژەرو لەلاى رێکخراوەکانى ژنان تۆمارکران کە ئەمەش ئازادیە کۆمەڵایەتیەکان دەخاتە ژێرپرسیارەوە . کەسانى لێقەوماوى ئاوارەى کوردانى رۆژ ئاوا لەشەقامەکاندا دەبینرێ کە ریزدەگرن بۆ وەرگرتنى هاوکارى پارە . لەسەر ئاستى یاسایش ئەوەیی بینیمان یاساکانی هاتووچۆ کەکەمترین کاریگەری هەبوو ، ئەم یاسایانە نەیانتوانی رێگە لە ئەوسەرپێیانە بگرن کە سەدان قوربان لێکەوتەوە کێشەى ترافیک خەڵک بێزار کەربوو . لەسەر ئاستى سیاسیش هەڵبژاردنەکان نەخشەى سیاسییان لەرێگەى دەنگەوە گۆڕى ، رێکەوتنى نوێیان هێنایە گۆڕێ ، بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا سیستەمى دەنگدان نەى توانى سیستمى سیاسی و شێوەى بەرێوەبردنى سیاسی بگۆڕێت ، حزبەکان نەیانتوانى لەکاتى پێویستدا بەجورئەتەوە بریار لەسەر دروستکردنى حکومەت بدەن . ڕەنگە دواکەوتنى پێکهێنانى کابینەى هەشت هۆکارێکى ئەوەبێت کەهەرلایەک گرەوى سیاسیى لەسەر زۆرترین دەستکەوت بۆ خۆى بکات . لەپاڵ ئەمەدا ئەوەى جێگای سەرسورمان بوو گەنجێکى لەدایک بوى ساڵى 1983 زۆرترین دەنگى لە کوردستاندا بەدەستهێنا ، کەئەمەش مێژووى سیاسەتمەدانى خستە ژێر پرسیارەوە !

لە ڕوى ئەمنیەت و ئاسایشەوە تێکچونى بارى ئەمنى ساڵى 2013 زۆر زیاتر بوو لە ساڵان ، تەقینەوەکان پێمان دەڵێن ئەمنیەتى هەرێمى کوردستان شڵەژاوەو نائارامى پێوە دیارە ! ئایا گریمانە چیە ساڵى 2014 رەوشی ئاسایشى هەریمى کوردستان بەرەو خراپتر نەڕوات ؟

لەسەر ئاستى نەتەوەیش ئەوەى جێگەى سەرسوڕمانبوو ئەو هەواڵەبوو کە هەموو حزبەکوردیەکان بەیەک لیست خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى عیراق لە کەرکوک ئامادە بکەن ، بەڵام هەر زوو ئەو هەواڵە رەتکرایەوە بێ بیرکردنەوە لە پێداویستیە نیشتیمانیەکان . هەموویان بیریانهێناینەوە کە ئەمان ناتوانن یەکبن ، هەر ئەمانیشبون نەیانتوانى لەئەم ساڵدا کۆکبن لەسەر دروستکردنى گفتوگۆیەکى مەبەستدار بۆ داڕشتنى دەستورێک کە هەموو هاوڵاتییەک هەست بکات مافى بەسەر هەرێمى کوردستانەوە هەیە .

هەمیشە چاوەروانین ! چاوەروانین بۆ خۆشتر ، چاوەروانیین بۆ باشتر . زۆر لەوەترسم ئەم پەندە بەرۆکمان بەرنەدات ” ساڵ بەساڵ خۆزگەم بەپار ” هیوادارم ساڵى 2014 ، ساڵێکبێت نەوت بۆهەموان بێت ، سالێکبێت بۆ ئاسودەى بۆ شەفافیەتى سیستەمى سیاسی بۆ نەکوشتنى رۆژنامەنوسان ، ساڵێکبێت پیاوان لەوە تێبگەن ژنیش مرۆڤە . ساڵێکبێت وەڵامى ئەو پرسیارەمان بدرێتەوە ئێمە بەرەو کوێى ئەچین ؟