د. کەمال میراودەلی : نزای جەستەی پیرۆزی ئاگرین بۆ یەزدانی گەردوون و زەمین .

جەستەی پیرۆزی ئاگرین بەرجەستەی هەرە بەرزی تاکپەرستیی یەزدانی گەردوون و زەمین کە بیستی چیرۆک دوای سەرسامیی و ئازارو شۆک لە بەردەم خوداوەندی خۆی هاتە سەر چۆک :   “ئەی خودای […]
هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە

جەستەی پیرۆزی ئاگرین

بەرجەستەی هەرە بەرزی تاکپەرستیی

یەزدانی گەردوون و زەمین

کە بیستی چیرۆک

دوای سەرسامیی و ئازارو شۆک

لە بەردەم خوداوەندی خۆی

هاتە سەر چۆک :

 

“ئەی خودای سەرەتایی و ئێستایی و ئەبەدیی

نە لە کەس بوویت و نە کەست لێ دەبی

مەحاڵە مەحاڵە مەحاڵە

نە کەس شێوەت دەکا و نە هیچ کائین و کەسێ

هاوکوف و هاو- وێنەتە

گوێت لە کزەی هەناسەی هەموو هەستییەک دەبێ و

بیستنی تۆ

سەرووی ئیمکان و سوننەتە

هەموو کەس دەبینی و خەونیش

دیداری تۆ وێنا ناکا

زمانی تۆ تەواوی کەونەو

زمانی بەشەرکەموکورت و پەککەوتەیە و

مەحاڵە لە زمانی تۆ ناکا 

 

من لە تۆ بەولاوە ، کوفری لادانی فەرمودەشت بێ ،

کەس ناپەرستم

من لە تۆ بەولاوە سوجدە بۆ هیچ کائینێک :

سروشت، جن ، فریشتە ، مرۆڤ دانابەستم

بە تایبەتی بوونێکی لە قووڕ وزەلکاو دروستکراو

مرۆڤێکی گڵاوو گلاو

زگ پڕ لە شیت ،

دڵ پڕ لە گومان ،

لەش نەساغ و

نەفس نەوسن و

هۆش ناتەواو

بە منداڵیی پاک و سادە ،

بە گەنجیی تەماعکارو تاوانکار .

بە پیریی ئیفلیج و خەواڵوو – و خەڵەفاو

 

ئەی یەزدانی تاکە پەرستگای مەبەستم

مـن چۆن کائینیكی ئاوا داتەپیو بپەرستم

کە جەلالت لە دەست یاخیبوون و نەزانییان تووڕە دەبیت

سەدان ئایەت وحیکایەت و ئەفسانەو پەندیان بۆ دەنێریی

سێبەری ئاگر، لە سەرو بنیان ‌رادەدێریی

کەچی بێ خەم لە سەری دەنوون ؟

لهم من فوقهم ظلل من النار

ومن تحتهم ظلل

ذلك يخوف الله به عباده

يا عباد فاتقون

 

ئاوا هەڕەشە دەکەی ، دەیانترسێنی

رۆژی حەشریان بۆ دادەمەزرێنی

بەلێنی بەهەشتی دۆڕاوو پەیامی دۆزەخی ئەبەدییان بۆ دەهێنی

کەچی هێشتا زۆربەیان بە دڵ کافرن

کەچی هێشتا زۆربەیان نەزانن ،

کەڕن لاڵن ، گوێ ناگرن

بل أكثرهم لا يعلمون

الحق فهم معرضون

صم بكم عمي فهم لا يرجعون 

 

ساختەچین ، مونافیقن ، نەزانن

تلە تێگەیشتنی پەیامەکەت ساقیت بوون ،

بە هەق فەرمووت زۆربەیان بێ ئیمان دەرچوون

لقد حق القول على أكثرهم

فهم لا يؤمنون

 

خودایە هەر تۆ شەفیعی منی

ئەو قوڕبەندانە نە هیچیان بەدەستە

نە عەقلیان مەبەستە

أم اتخذوا من دون الله شفعاء

قل أولو كانوا لا يملكون

شيئا

ولا يعقلون

 

 

خودایە با ئەم مەردومە درۆزنانە رۆژانە نەفرەتم کەن

با ساڵانە بەردبارانم کەن

لە نوێژیشدا غایەلەی پیس دەکەن

دان بە گوناهی خۆیاندا نانێن

شەیتان نەفسی خۆیانەو ناوو ناتۆرە لەمن دەنێن

من هەزاران جار بەرزترم لەوان

چونکە لە پڕشنگی پیرۆزی تۆم

نە وەڵامیان دەدەمەوە ، نە گوێیان دەدەمێ ،

نە خەفەتیان پێ دەخۆم

تا رۆژی حەشری پیرۆزی تۆ،

بەردەوام دەبم لە سەر پەیامی خۆم

ئەوسا خودای من

خۆت دەبینی ئەم مەردومە درۆزنە دوو لاقانە

چۆن بوونە مونافیق و دوو فاق

قاچیان لە جێی سەریانەو سەریان لە جێی لاق

لە رۆژی قیامەتیشدا لە بەردەمی جەلالت دا

بێشەرمانە

هەڕ شەرەچەقەیانە

دەکەن واقەقاق

بە بوون و بە نەبوون

فأبى أكثر‌ الناس إلا كفور‌ا

ثم إنكم يوم القيامة

عند ربكم تختصمون

 

منیش لەگەل ئەوان بەرەو رووکەوە

بە قەد هەموو ئۆقیانووسەکانی گەردوون

تف و نەعلەت و جوێنی ئەوانم پێکەوتووە

من قسەیەکم پێیان نەوتووە

بە قەد زەمین بەردبارانی ئەوانم بەرکەوتووە

بەلام من بەلەپیتکەیەکم لەوان نەگرتووە

چونکە ئەی خودای پیرۆزم ، ئەی یەزدان

تۆ منت زۆر لەوە بەرزتر دروستکرد

دابەزم بۆ ئاستی ئینسان

 

هیشتا من هەر خۆمم

جەستەی ئاگرینی پاکی پڕشنگی تۆ

بیری پاکی خۆم

بە هیچ بیرێکی تر تێکەلاو ناکەم

تۆ دەپەرستم و سوجدە بۆ

مەشکەی قوڕ، مێشکی گڵاو نابەم

کە بۆ خاتری قەپاڵی سێوێ

دنیا بە گوناه و تاوان دەپێوێ

خۆم ئاگرم و لەناو ئاگردایە ماڵی پیرۆزم

خۆم تاکە ئیماندارم و پەرستنی تۆیە

هەست و سۆزم

 

لەبەرئەوە با کەمێکیش بەم کوفرە خۆم شاد کەم

دەبمەوە خاوەنی ماڵە ئاگرینە خۆشەکەی خۆم

ئەی تاکە پەروەردگار :

تمتع بكفرك قليلا

إنك من أصحاب النار ..

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە
دکتۆر کەمال میراودەلی

ئەرشیڤی بەڕێز: دکتۆر کەمال میراودەلی