کەژاڵ عەلی : کەڤالی باران .

  راوەدووی بای دەنا سەری لە گێژی باخچەدا  لێ جێ ما ، باران .   شەری گەردوون دەکەم بەس هی تۆم پێ ناکرێ کەدێی وەک باران لەچاو ترووکاندنێکدا شەلالم دەکەی […]
هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە
 
راوەدووی بای دەنا
سەری لە گێژی باخچەدا 
لێ جێ ما ، باران .
 
شەری گەردوون دەکەم
بەس هی تۆم پێ ناکرێ
کەدێی وەک باران
لەچاو ترووکاندنێکدا
شەلالم دەکەی بە دەسرێژی ئەشق .
 
 
کە دێمە بەر نمەی شەرەکانی تۆ و
مۆسیقای بەخوری ئاو
لە خەونێکی ئەرخەوانی یاخییەوە
دەبم بەپلینگێکی چنگ بەبارانی 
عاشق
دێم بۆن بەرووحتەوە دەکەم .
 
 
پێیەکانی تەزین، باران
بەدیار چەپڵە بارگاوی یەکانی هەورەوە
دەستی سری کانوونەکانی گرتووە و
سەما دەکا .
 
وەک دلم لای ئەو بێ
سەری بە کەڤالی هەنسکم کردوە 
باران .
 
منداڵیم ،
سێریز تریقانەوەی بارانی دەهۆنییەوە ،
تەر نەدەبوو .
گەورەییم، لەبەر تەوژمی 
بێهومێدی تافاو
زەمەن وشک دەکاتەوە .
 
سەرم پر بوو لەجریوە
دەنووک لەگۆی ئیحساسم گیر دەکا
باران .
 
ئەوەندە دێتە بەر پەنجەرەکەم 
دڵۆپ دلٶپ ،
دەترسم ، 
لەنهۆمی حەوتەمی باوە ،
بکەوێتە باوەشی سیناریۆی 
بارانەوە ، دڵم .
 
هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە
کەژاڵ عەلی

ئەرشیڤی بەڕێز: کەژاڵ عەلی