عەتا قەرەداخی : کێ لە دواکەوتنی حکومەت بەرپرسیارە ؟؟؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە کاتێکدا تێکڕایی تەمەنی مرۆڤ لە نێوان شەست بۆ حەفتا ساڵدایە ، ماوەی سرووشتی مانەوەی لە کۆرپەلە سکی دایکیدا نۆ مانگ و نۆ رۆژە . زۆربەى زیندەوەرانی تریش هەمان جۆرە هاوسەنگی هەیە لە نێوان مانەوەیان لە سکی دایک و ژیانی دوای لە دایکبوونیاندا . لە وڵاتانی ئاسایدا لە پاش ماوەیەکی کەم لە هەڵبژاردن حکومەت پێکدەهێنرێت . لە عێراق و هەرێمی کوردستان تەمەنی یاسایی حکومەت چوار ساڵە ، بەڵام پێکهێنانی حکومەتەکە بەلایەنی کەمەوە دەیەکی تەمەنی حکومەتەکەى پێویستە کە ئەمەش بەرامبەر بەو ماوەیەیە کە کۆرپەلە لە سکی دایکیدا دەمێنێتەوە. ئەگەر هەمان رێژە بۆ مرۆڤیش جێگیر ببووایە ئەوا دەبوو کۆرپەلەی مرۆڤ لە نێوان شەش بۆ حەوت ساڵ لە سکی دایکیدا بمایەتەوە ، یان لە شێوەیەکی تردا تەمەنی مرۆڤ نەوەد مانگ دەبوو . بەهەرحاڵ یاساکانی سرووشت جێگیرن و مرۆڤ ناتوانێت گۆڕانکاری لەبەرچاویان تێدا بکات ، بۆیە باشترە مرۆڤ بیر لە باشتر کردن و جوانترکردنی ئەو شتانە بکاتەوە کە خۆی درووستیان دەکات یان ئەو یاسایانە بە جوانی دابڕێژێت و کاریان پێبکات کە خۆی دایان دەنێت.

ئایا هۆکاری راستەقینەى ئەوە چیە کە لە عێراق و کوردستاندا ناتوانرێت بە ئاسانی حکومەت پێکبهێنرێت ؟ ئایا ئەوە پەیوەندی بە لاوازی بنەماکانی دیموکراسیەوە هەیە یان پەیوەندی بە عەقڵی تایەفەگەری و خێڵایەتییەوە هەیە ؟ یان ئەوە نفوزو بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتانی دەوروبەرە کە رۆڵ و کاریگەرییان هەیە لە درووستکردنی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا؟ ئایا ئاسەوارە نێگەتیفەکانی دواکەوتنی درووستکردنی حکومەت چ دەرهاوێشتەیەکی نەرێنی لەسەر بارودۆخی کوردستان و لەسەر تێڕوانین و هەڵوێستی خەڵک دەبێت ؟ ئایا هیچ گومانێک لەسەر ئەو دروشمە درووست ناکات کە کۆی حیزب و لیستە براوەکانی هەڵبژاردن باس لە درووستکردنی حکومەتی یەکێتی نیشتیمانی دەکەن؟ ئایا بەرپرسیارێتی سەرەکی لە دواکەوتنی درووستکردنی حکومەتی هەرێم لە ئەستۆی کێیە ؟

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی سەرەکی لاوازی بڕوابوونی حیزب و لایەنەکانە بە هەڵبژاردن ، چونکە ئەگەر سندوقی هەڵبژاردن حەکەم بێت ئەوا هەر حیزب و لیست و لایەنە مافی خۆی دەزانێت و بەپێی ژمارەى دەنگەکانی بەشداری دەکات لە حکومەتدا ، یان دەبێتە ئۆپۆزسیۆن. چونکە ئەگەر بڕواهێنانی راستەقینە بە سندوقی دەنگدان بوونی هەبێت ئەوا رێکەوتن لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان کارێکی ئاسان دەبێت ، بە تایبەتیش ئەگەر ئامانج لەو بەشداریکردنە خزمەتکردن بێت یان لە ئاستێکی تردا ئەگەر سادەترین بنەمایی نیشتیمانی و نەتەوەیی بوون و ئامادەبوونی هەبێت . بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت ، کۆی لیستە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەمجارە هەمان شێوەى ئامادەبوونی بەردەوامیان لە درێژەى مێژووى خۆیاندا بارگاوی کراون بە کۆی رەگەزەکانی بەرژەوەندییە تایبەتیە کەسی و حیزبیە تەسک و مەودا کورتەکان ، هەربۆیەش ناتوانن بە ئاسانی بگەنە دەرئەنجامێکی ئەوتۆ کە لە دایکبوونی حکومەتی لێبکەوێتەوە. ئەمە بێجگە لەوەى کە زۆرینەى لیستە براوەکان بە عەقڵی تاک حیزبی و حیزبی شمولی تاکڕەو بیردەکەنەوەو دەشیانەوێت ئەو تێڕوانینەیان لە درووستکردنی حکومەت و هەموو کارێکی بەڕێوەبردن و دەوڵەتداریدا جێبەجی بکەن . هەروەک زیاتر لەوەى کە وەکو ئەرک سەیری پۆست و پایەکان بکەن وەکو مەکسەب سەیری دەکەن.

بێگومان لە سەرەتادا کۆی لایەنەکان باسیان لەوە دەکرد کە خاڵی گرنگ بەلای ئەوانەوە رێککەوتنە لەسەر بەرنامەو کارنامەى حکومەت ، بەڵام لە ماوەیەکی کورتدا کۆی لیستەکان یان لایەنەکان پاشەکشەیان لەو بابەتە کردو هەمووان ململانێیانە لەسەر بەدەستهێنانی زیاترین پۆست . ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات کە زۆرێک لە قسەکانی کاتی شاڵاوی هەڵبژاردن و تەنانەت قسەکانی دوای دەرچوونی ئەنجامەکانیش تەنیا بۆ سەرفی محەلین و باشترین بەڵگەش ئەوەیە کە ئێستا ئەو قسەوباسانەى سەبارەت بە بەرنامەو کارنامەى حکومەت دەکران ، نە دوو حیزبەکەى پێشتری دەسەڵات و نە ئەو حیزبانەشی کە ئەوسا ئۆپۆزسیۆن بوون و ئێستا دەویانەوێت ببنە بەشێک لە دەسەڵات باسیان ناکەن . کەواتە بە ئاشکرا دیارە زۆرینە شینی هەریسەکە دەکەن و بە شێوەیەکی میکاڤیلینەش پاساو بۆ دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت دەهێندرێتەوە بەوەى کە گوایە پێکهێنانی حکومەتی بنکە فراوان هەروا کارێکی ئاسان نییە .

بێگومان سەرباری بەرژەوەندییە مادییەکان کە هۆکارن بۆ پێداگری هەر لیست و حیزب و لایەنە لەسەر بەدەستهێنانی زیاترین پلەو پایە بە تایبەتی هەوڵدان بۆ بەلاوەنانی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن و گەڕانەوە بۆ پشتبەستن بە وەهمی مێژوو یان ئامادەبوونی رابردوو کە ئەمەش لە رووی بنەماکانی کۆمەڵناسیەوە لە پەیوەندی خۆێن و دەمارەوە ئیلهام وەردەگرێت ، چونکە ئێمە لە نێوان دوو بۆچوونداین یان پشت بەستن بە ژمارەی کورسی کە ئەوەش سادەترین بنەمای دیموکراسیە ، یان گەڕانەوە بۆ ئامادەبوونی رابردوو کە ئەمەش تێزێکە لە چوارچێوەی عەقڵی خێڵ و چەمکی خێلدا جێگای دەبێتەوە ، ئەویش لەو روانگەیەوە کە ئەو چەمکە هەمیشە لەسەر بنەمای پیرۆزیی رەگ و ریشەو نەسەب و ئامادەبوونی رابردوو دەژی ، واتە لەسەر مێژوو . بۆ نموونە لە کۆمەڵگەى کوردەواریدا چەندین خێڵ و عەشیرەت هەن کە لە ئێستادا هیچ ئامادەبوونێکیان نەماوە بەڵام تاکەکەسە ماوەکانی ئەو خێڵ و عەشیرەتانە کە ئێستا وەکو راعی بێ رەعیەت وان ، هەر بە وەهمی رابردوو دەژین و پێیان وایە ئەوان هێشتا لەسەرووى هەموو کۆمەڵگەوەن . ئەم بۆچوونە لەگەڵ بنەمای دیموکراسی و هەڵبژاردندا ناکۆکەو لە عێراق و لە کوردستانیش کە زۆرینەى حیزب و رێکخراوەکان جێگرەوەى دامەزراوەى خێڵ و عەشیرەتن ، ناتوانن تەسەوری خۆیان بکەن کە پێگەى جەماوەری لەدەست بدەن و نفوزێکی ئەوتۆیان نەبێت . بێگومان ئەمەش دەوری هەیە لە داواکاری هەندێ لایەن لەسەرووى ئەوەوە کە لە هەڵبژاردندا بەدەستی هێناوە کە ئەوەش لەسەر حیسابی هەندێ لایەنی تر دەبێت کە لە هەڵبژاردندا دەنگی رووبەرێکی فراوانتریان بەدەست هێناوە . کەواتە دیارە بڕوابوون بە عەقڵی خێڵ و عەشیرەت و پێکهاتەى حیزبی بڕوا بوو بەو عەقڵ و چەمکەو لەبەرامبەردا هەوڵدان بۆ بەڵاوەنانی مەسەلەى دەنگ و رێژەى دەنگ هۆکاری دواخستنی پێکهێنانی حکومەتە .

لە لایەکی ترەوە ئەوە ئاشکرایە بە درێژایی مێژوو کورد لە نێوانی فشاری دەوڵەتانی دەوروبەری کوردستاندا رووبەڕووی کێشە بووەتەوەو زۆربەى کات نەیتوانیووە بێ دەربەستی خۆی لەو فشارانە رابگەیەنێت ، هۆکەشی ئەوەیە کە هەمیشە بەراورد بە کورد دەوڵەتانی دەوروبەر بەهێزتر بوون و بەردەوامیش هەر دەوڵەتەو باڵادەست و داگیرکەری بەشێکی کوردستان بووە . تەنانەت زۆربەی کات هەر یەکە لەو دەوڵەتانە هەوڵیان داوە کوردی بەشەکەى تر بە دژی دەوڵەتی داگیرکەری ئەوبەشە بەکار بهێنن کە ئەمەش بەردەوام وایکردووە حیزب و لایەنە جۆراوجۆرەکانی کوردستان هەریەکەیان وەکو لایەنگری یەکێک لە دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان دەربکەوێت ، لەبەرامبەریشدا هەریەکە لەو دەوڵەتانە هەوڵیداوە لە پێناوی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا ئەو لایەنە بپارێزێت کە سەربەوە . دیارە لە بارێکی وەهاشدا کوردستان چ لە کاتی بزووتنەوەى چەکداریدا بێت یان لەباری خۆبەڕێوەبردندا بێت وەکو سەردەمی میرنشینەکان و تەنانەت دەسەڵاتی حکومەتی ئێستای هەرێمی کوردستانیش هەمیشە جێگای ململانێی دەوڵەتانی دەوروبەربووە بەپێی هێزو نفوزیان . ئێمە دەزانین کە لە رابردووی شەڕی ناوخۆدا چۆن کوردستان لە نێوان نفوزی ئێرانی و تورکیدا دابەشبوو کە ئەو نفوزە ئێستاش لەسەردەمی ئاشتیدا هەر بەردەوامە . بەهێزیی هەژموونی ئەو دوو دەوڵەتە رۆڵ دەگێڕێت لەسەر درووستبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێگەی لایەنەکان لەو حکومەتەدا.

تورکیا کە دەوڵەتتێکە ئیدیعای دیموکراتی دەکات ، رەنگە بەو شێوەیەی ئێران راستەوخۆ دەستنەکێشێتە ناو سیاسەتی بەڕێوەبردنی هەرێمەوە بە تایبەتیش کە ئەو لایەنەى ئەو پشتگیری دەکات لە کوردستاندا تاکو ئێستا لە زۆر رووەوە بەهێزترینەو لە هەمان کاتیشدا بەرژەوەندییەکانی تورکیا لە کورستاندا کە بەرژەوەندی ئابوورین و ، لێرەوە بەرەو ئایندە باشتر دەپارێزرێن بە تایبەتی دەروازەى دیاری کوردستان بە جیهانی خاوەن بڕیارەوە روو لەتورکیایەو ئەو رێگایەش کە کورد لێیەوە دێتە نێو سیستێمی دەوڵەتداری جیهانییەوە هەر پێدەچێت بە تورکیادا تێبپەڕێت . کەواتە وەکو ئاشکرایە دەوڵەتانی دەوروبەر رۆڵیان هەیە لەوەى کە هەندێ لەلایەنەکان زیاتر پێداگری بکەو باسی مێژوو ئامادەبوونی رابردوو ، رێکەوتنی پێشتر بکەن کە هەموو ئەمانەش لە دەرەوەى سندوقەکانی دەنگدانن و لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسیشدا ناکۆکن . دیارە ئاستی گوێڕایەڵی بەشێک لە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان و پەنابردنی بەشێکی تریشیان بۆ دەوڵەتانی دەوروبەر بۆ ئەوەى بە فشاری ئەوان لە حەقی خۆیان زیاتریان پێبدرێت ، ئەوە نیشان دەدات کە سەرکردایەتی سیاسی کورد لەم بەشەدا تاکو ئێستا نەیتوانیووە لەسەر پێی خۆی بە تەواوی رابووەستێت و خۆی بڕیار بدات کە ئەمەش بە داخەوە گومان لەسەر سەربەخۆیی بڕیاردان و سەربەخۆیی کارکردنیش درووست دەکات و هەربەو پێیەش گومان لەسەر مەسەلەى حکومەتی یەکێتی نیشتیمانی و حکومەتی یەکڕیزی درووست دەکات چونکە کاتێک پێکهاتەیەک لە ناوخۆیدا نەتوانێت بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات چۆن دەتوانێت بەو رەهاییە باس لە سەروەری نیشتیمان و سەربەخۆی بڕیاردان و ئیرادەی بڕیاردان بکات . دیارە هاووڵاتی مافی خۆیەتی بپرسێت ئایا ئەمە چی دەگەیەنێت لە پاشی چوار مانگ لە هەڵبژاردن هێشتا نەتوانربێت بڕیار لەسەر پێکهێنانی حکومەت بدرێت ؟ ئایا دەبێ کێ ئەو حکومەتە درووست بکات ؟ خۆمان یان دەرەوە ؟

بێگومان هەرچۆن دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت کاریگەری نێگەتیفی لەسەر باری ژیانی جەماوەر هەیەو لە هەمان کاتیشدا دەبێتە هۆی رووخاندنی متمانەى جەماوەر بەو حیزب و لایەنانەى کە دەبێ حکومەت درووست بکەن ، لە هەمان کاتدا ئەو ئاماژەیە دەدات بە هاووڵاتی کە هەڵبژاردن رۆڵ و کاریگەرییەکی ئەوتۆی نییە چونکە سەرئەنجام دەبێ حکومەتی هەرێمی بەپێی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتانی دەوروبەر درووست بکرێت .

راستە ئێستا پاساوی جۆراو جۆر بۆ دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت دەهێنرێتەوەو راستە جەماوەری خەڵکی کوردستان پێیخۆشە هەمووان بەشداربن لە پێکهێنانی حکومەتدا بەو ئومێدەى حکومەتێکی کاراتربێت لەچاو رابردوودا. بەڵام بەرپرسیارێتی یەکەمینی دواکەوتنی حکومەت دەکەوێتە ئەستۆی لیستی یەکەم کە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستانە . بە بڕوای من دەبوو پارتی زۆر بە ئاشکرا بەرنامەى حکومەتی لە زووترین کاتدا لەگەڵ لیستەکاندا پێکبهێنایەو پێداگری ئەوەشی بکردایە کە هەر لیستە بەپێی ژمارەی دەنگەکانی بەشدار دەبێت لە حکومەتداو پۆست وەردەگرێت ، ماوەیەکیشی دیاری بکردایە وەکو دوا کات و هەر لایەنێک داواکاری زیاتر لە ئیستحیقاقی خۆی هەبووایە ، چاوەڕوانی نەکرایەو حکومەت بەبێ ئەو پێکبهێنرایە . کەواتە ئێستا هەر لیستء حیزب و لایەنێک داواکاری زیادی هەبێت و وەکو بەربەست لە بەردەم درووستکردنی حکومەتدا سەیر بکرێت من پێموایە هەر پارتی بەرپرسیارە چونکە دەبوو ئەو وەکو لیستی یەکەم بێجگە لە ئیستحیقاقی هەڵبژاردن هیچ پێوانەیەکی تری قبوڵ نەکردایەو ئەسڵەن رێگای بە کردنەوەى دەرگای لەو جۆرە نەدایە .

بەهەرحال یەکێک لە لاوازییەکانی پێگەى کورد لە ئێستادا بەرامبەر بە بەغدا دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتە کە ئەوەش چەندێ درێژە بکێشێت ئەو پێگەیە زیاتر لاواز دەکات و لاوازبوونی ئەو پێگەیەش زیاتر زیان لە پارتی دەدات چونکە ئەو بڕیاربەدەستی یەکەمی هەرێمی کوردستانەو هەربەو پێیەش نەک دواکەوتنی درووستبوونی حکومەت بەڵکو لە زۆرینەى کێشەکاندا ئەو بەرپرسیارى یەکەمە ، بۆیە حەقە پارتی بە جیدیترو بێترستر لەوەى کێ زوویر دەبێت و کێ بەشداری ناکات ئەو بڕیارنە بدات کە لە قازانجی دیموکراسی و خەڵکی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستانن کە ئەوەش بە بێ بوونی حکومەتێکی کارا جۆرێکە لە وەهم ..

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت