لوقمان غەفوور : هاوڕێکانی ” بڕیار ” ئیتر ئاوات بەئیجە ئەخوازن .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەبێت ” بڕیار حەسەن ” شەوی سەری ساڵ لەچ شایی و لۆغانێکدا بووبێت بۆ خۆشی نیشتمانە ئەتککراوەکەی کە هەموو رۆژێ بەشێکی لێ هەراج دەکرێت .

ئیتر کاتی ئەوەیە بڵێین ” گەنجبوون” لەم هەرێمەدا هێڵی سوورە ، ئیتر ئەبێت منداڵەکانمان لەقۆناغی منداڵییەوە خۆیان فڕێدەنە قۆناغی پیربوون ، نەرزەبوون تێپەڕێنن ، ئەو بەڕەواڵەت گەنجبوونەی هەشیانە فرێیدەنە دەرەوەی سۆزیان ، وەک چۆن ئێستا لەنەستی هیچ گەنجێکدا ، گەنجێتی بوونی نەماوە و بەدوای دامەزراندن و فڕکان فڕکانی نان و ئازادییدا دەگەڕێن و زۆریان بەبێئومێدی شەو و رۆژ بەرێدەکەن ، ئاوا گەنجانی ئەم وڵاتە هەقیانە ئیتر خۆزگە بەساڵانی نەوەدەکانی برسێتی بخوازن کە دەروازەیەک هەبوو بۆ رزگاربوون لەم نیشتمانە و بەلایانەوە زۆر خۆشتر بوو لەدەریای ئیجەدا بخنکێنن نەک ئەو چەکانەی تا دوێنی بۆ رزگاری نیشتمان دەتەقێنرا، ئەمڕۆ دەیانی وەک بڕیار-ی پێ شەهید بکرێت.

ئەوەی کە جگەرگۆشەیەکی هەبێت لەئازاری دایکوباوکی ‌ بڕیار- ی تەمەن 23 ساڵ ، تێدەگات ، ئەوەی برایەکی شەهید بووبێت تێ دەگات ، ئەو کۆستە چەند بەئازارە ، بەڵام ئەوانەی کە بیرو هۆشیان لای پارەو پۆست و خۆفرۆشییە ، بە ئاسانی مەرگی ئەم گەنجەیان بەسەردا تێدەپەڕێت و پاساوی سەیرو بێ بنەما دەهێننەوە بۆ شەهیدکردنی.

بڕۆن لەفەیسبووک لەپەیجی تایبەتی ئەم گەنجە بڕوانن پڕیەتی لەخەیاڵی شاعیرانەو دنیایەکی جوان بۆ نیشتمان ، شەهیدکردنی ئەم گەنجە لەپێناوی چەند داوایەکی سادە کە دڵنیام بەشێکی زۆر کەمیشی بۆ خۆی نەدەبوو ، پێمان دەڵێت داواکاری گەنجان بۆ ئەم نەوەیە و نەوەکانی داهاتوو هیچ نییە لەسوتووی جگەرەیەکی فڕێدراو زیاتر نەبێت ، کەچی هەندێک قەڵەم بەدەستیش دەیانەوێت خوێنی رژاوی ” بڕیار” بەسادەیی بڕوات و بەدوایدا هیچ قسەیەک نەکرێت .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت