لوقمان غەفوور : ویستیان رۆحی ” شەهید ئارام ” ببەنە کۆنگرە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەڵبژاردنی 31/1 بۆ کۆنگرە لەلایەن سەرکردایەتی یەکێتییەوە هەروا لەخۆ و لەناکاو نەبوو ، بەڵکو یەکێتی ویستی رۆحی شەهید ئارام بکات بەبەری کۆنگرەدا و بەئەندامانی بڵێت  : ” ئێوە ئارام – تان هەیە و ئارامتان هەبێت لێمان “.

ئەم بیرکردنەوەیە راست و دروست بوو ئەگەر کۆنگرە ببەسترایە ، بەڵام کە نەبەسترا چی لەرۆحی زیندووی شەهید ئارام بکەین و پێی بڵێین چی ؟، لێرەدا ئایا گوناهی ئەندامانی خوارەوەیە یان ئەو سەرکردایەتییەتی کە تائێستا رێز لەهەڤاڵە شەهیدە سەرکردەکانیشی ناگرێت ؟ ، لای من بەستن و نەستنی کۆنگرە جەدەلێکی ترە و لەوتارێکی تردا باسی دەکەم ” کۆنگرە بکرێت چییە و نەکرێت چییە ؟” چونکە لای من بەستن و نەبەستنی ، ئەوەندەی پەیوەندییەکی دراماتیکی و تەکنیکی و ناسازانی پێکەوەیی نێو باڵەکانی یەکێتییەوە هەیە ، ئەوەندە پەیوەندی بەشەرعییەت و ناشەرعییەتی سەرکردایەتیییەوە نییە ، ئەوەندە ترس لەو شەرعییەت و ناشەرعییەت بوونە نییە ، پەیوەندی بەدڵسۆزی و نادڵسۆزی کادرەکانی یەکێتییەوە نییە .

ئەوەی دەمەوێت پیت بەپیت بینەخشێنم یادی شەهید ئارام و هەڵبژاردنی رۆژی 31/1 کە بۆ کۆنگرەیەک کە لەکاتی خۆیدا نەکرا ، چونکە پێموایە ئەم مەکتەب سیاسییەی ئێستا لەنێوان ” نیەت و خواست و بەڵێن ” دا زۆر شتی لێتێکچووە و سەریان لەئەندامەکانیشیان شێواندووە ، ئەگەر نیەت بووە رۆژی 31/1 بکرێتە رۆژێک بۆ نوێکردنەوەی رۆحی شەهید ئارام بەکۆنگرە ، ئەوە غەدرە لەرۆحی ئەو شەهیدە ، چونکە لەرووە سایکۆلۆژییەکەیەوە نیەت بۆ ساتێکی لەناکاوە و عەقلانییەتی لەپشتەوە نییە ، خۆ ئەگەر خواست وابووە کە رۆژی 31/1 رۆژێک بێت بۆ جۆشدانەوەی یەکێتی و بەئەندامانی کۆنگرە و بەئەندامانی دەرەوەی کۆنگرە بڵێن ئەوانەی لەدەرەوەی یەکێتیشن و لەمنداڵدانی یەکێتییەوە هاتونەتە دەرەوە ئەبێت بیریان بێت شەهید ئارام کێیە و ئەو سەرکەوتنەی ئێوەش بەدەستان هێناوە و مامۆستاکانتان لەسەر رێبازەکەی شەهید ئارام پەروەردە بووە ، ئەوە لەمیشیاندا نەتانتوانی پەیامەکە بگەیەنن، چونکە ئەو سەرکردایەتییە ئەبێت بزانێت کە ئیرادەیەکی بەهێز لەگەڵ خواستەکانیاندا نییە ، لەساتی بریاردان لەسەر ئەو خواستەی هەندێک سەرکردە بۆئەوەی لەو رۆژەدا کۆنگرە ببەسترێت بیر لەوە نەکراوەتەوە کە لەوەناچێت ئیرادەیەک هەبێت بەرژەوەندییە شەخسییەکان پێش بەرژەوەندییە گشتییەکان نەخات ، ئەو بەرژەوەندییە گشتییانەی کە رابەرانی وەک کاکە ئارام خوێنیان بۆ بەخشی ، ئەگەر بەڵێن- یش وابوو ئەو رۆژە 31/1 ببێتە رۆژی نوێبوونەوەی یەکێتی و بەڵێن بدرێت بەخوێنی کاکە ئارام ئەوە ئەندامانی یەکێتی ئەو بەڵێنەی مانگی تشرینی یەکەمی 2010 یان بیرنەچووە کە لەپلینیۆمێکدا تێکڕای مەکتەبی سیاسی بەڵێنی شەرەفیان ئیمزا کرد کە تەکەتول و دەستەگەری لەناو یەکێتیدا بوونی نەبێت ، لەکاتێکدا ئەگەر پێشتر تەکەتول و دەستەگەریی نهێنی بووبێت لەناو یەکێتیدا ئێستا ئاشکرا و بێ پەردەیە و هەموو ئەندامێک کەسە دیارەکانیشی دەناسێت.

کۆتای ئەم قسانەم بەئامۆژگارییەکی کاکە ئارام کۆتایی دێنم کە لەژمارە 1ی ئاڵای شۆڕش-ی ئەیلولی 1977 لەژێر ناونیشانی لەپێناوی پتەوی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا، لەپەرەگرافی کۆتایدا دەڵێت : ” داوا لەهەموو هاورێیانی ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکەین بەئەندامانی کۆمەڵە و بزووتنەوە و هەموو ئەندامان و کەسانی تری سەربەخۆی ناو یەکێتی کە تێبکۆشن لەپێناوی بەهێزکردن و پتەوکردنی یەکێتیماندا لەهەردوو رووی قوڵکردنی فیکری شۆڕشگێڕانە و فراوانکردنی بنکەی جەماهیری …”، منیش دەڵێم 31/1 ئەگەر لای هاورێ سەرکردەکانی شەهید ئارام تێپەڕێت ، ئەوە لای ئەندامەکانی خوارەوە رۆژێکە هەرگیز لەیادناچێت .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت