Lwqman-Xefwr

لوقمان غەفوور : 101 رۆژی بێ پەرلەمان و شەوی شایی و لۆغان .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لەشەوی سەری ساڵدا 101 رۆژی تەواو بوو کە ئەم هەرێمە بێ پەرلەمان دەڕوات بەڕێوە ، 101 رۆژی تەواوە ئەم هەرێمە لەناو بۆشاییەکی ئیداریدا دەڕوات ، چونکە ” حکومەتی ماوە بۆ درێژکراوە ” لەرووی یاساییەوە کارەکانی ناتەواوە ، هەر وەک بۆی نییە گرێبەستی گەورە ئیمزا بکات ، لەرووی دەروونیشەوە خەڵک تووشی رەشبینی دەکات ، چونکە گەنجانی ئەم هەرێمە بۆیە دەنگیاندا تا شێوازێکی نوێ لەحوکمڕانی ئەم وڵاتە دروست ببێت ، ئەگەر نا زۆر ئاسایی بوو هەڵبژاردن لەساڵی 2014 بکرایە ، بەڵام دیارە هێزە سیاسییەکانی کوردستان دەیەوێت نمونەیەکی نوێ پێشکەش بکەن لەوەی عیراق بچێت کاتێک دوای هەڵبژاردنی 7/3/2010 بە264 رۆژ دواتر حکومەتێکی پڕ لەکەموکوڕی بەسەرۆکایەتی نوری مالکی دامەزرا کە نە وەزارەتی ناوخۆ و نە بەرگری ، وەزیری بۆ رانەسپێردرا.

بێباکی گەنجانی ئەم هەرێمەش لەولاوە بوەستێت کە ماوەی 101 رۆژە سندوقەکانی دەنگدانیان تاقیکردەوە کەچی لاشعوریانە لەشەوی سەری ساڵی 2014 دا بەدیار شایی و لۆغانەوە دۆش داماون و ئەوەی بیریان نەمابێت سندوقەکانی دەنگدان بوو ، خەڵکی ئێمە کەوتۆتە بەر بەرداشی بێباکی حزبی کوردی کە نازانێت قەدری دەنگدان چییە ؟، ئەگینا دروستنەبوونی کابینە و پشووی 101رۆژی پەرلەمان لەئیرادەی چ تاکێکدا جێی دەبێتەوە ئەگەر بێباکی حزبی کوردی نەبێت ، ئەگەر ئەوەندەی تر سووککردنی پەرلەمان نەبێت .

ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت کە ئینتمای نیشتمانی هێندە لاواز بووە کەس ئاگای لەژیانی سیاسی ئەم هەرێمە نەماوە و هەمووی دوای ئارەزووەکانی خۆیان کەوتوون و شەقهەڵدانیش لەکات لەلایەن حزبی کوردییەوە هێندە توندە مەگەر یاریزانێکی دۆڕاو ئاوا توند شەق لەتۆپی نێو گۆڕەپانەکە هەڵدات لەو کاتەی کە گۆڵی بردنەوەی لێدەکرێت .

لەدوای 101 رۆژ هێشتا بیرکردنەوە لەحکومەت لەزۆرانبازی نێو گۆرەپانێکی بچوک دەچێت کە هەمووی خۆی بەبراوە بزانێت تێیدا و هیچی ئامادەیی تێدا نییە یەک هەنگاو بێتە خوارەوە لەداواکارییەکانی خۆی، من لۆمەی ئەو گەنجانە ناکەم کە شەوی سەری ساڵیان بە شایی و لۆغانی پارکی ئازادی و پارکی شانەدەرەوە بەرێکرد ، چونکە ئەوانیش لەوە گەیشتوون کە حزبی کوردی ئەوەی لەمیزاجیدا جێگیر نەبێت زەحمەتە بیری لێبکاتەوە و شەڕی چەند ساڵەی ناوخۆ- ش باشترین بەڵگەی ئەو بێ باکییەی ئەم هێزانە دەردەخەن ، بەڵام ئەو بێدەنگییەش دەمانخاتە بەردەم بێ نرخکردنی هەڵبژاردن و ئەوەندەی تر وێرانکردنی ئینتما بۆ نیشتمان و نەتەوە و بەها دیموکراسییەکان.

کاتێک هاووڵاتیان و بەتایبەتی گەنجان سندوقەکان و ئەنجامەکانی بەجێدێڵن بۆ سیاسیی و حزبەکان ، ئیتر مانای ئەوە نییە ئەوان بەئارەزووی میزاجی خۆیان و سەرکردەو مەکتەب سیاسیەکان بیر لەنەخشەدانان و بەرێوەبردنی هەرێم بکەنەوە ، بەڵکو هاووڵاتیان وەک ئەرکێکی نیشتمانی نەتەوەیی ئەوکارەیان کردووە و ئەبێت مەکتەب سیاسیی و سەرکردەکانیش رێز لەو هەستی ئینما سیاسییەی گەنجانی ئەم هەرێمە بگرن ، نەک 101 رۆژ تێپەڕێت و لەپانایدا بۆ سەرقاڵکردنی گەنجان شایی و لوغان ساز بکەن .