Babek-zncani

زنجانی ‌؛ ئه‌و ملیاردێره‌ ئێرانیه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌ردۆغانی‌ هه‌ژاند

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ دادوه‌ری‌ ئێران به‌رده‌وامن له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانیان له‌گه‌ڵ (بابه‌ك زنجانی‌) كه‌ كه‌سێكی‌ ملیاردێری‌ ئێرانییه‌‌و به‌وته‌ی‌ سایتی‌ ئیلاف پێشتر ئه‌ندامی‌ سوپای‌ پاسداران بوه‌ . زنجانی‌ رۆژی دو شه‌ممه‌ی‌ رابردو به‌تۆمه‌تی‌ ئه‌نجامدانی‌ تاوانی‌ ” دارایی ” له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ ئێرانه‌وه‌ ده‌ستگیركرا ، به‌گوێره‌ی‌ راپۆرته‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان زنجانی‌ كه‌ كه‌سێكی‌ نزیك له‌ مه‌حمود ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژادی‌ سه‌رۆكی‌ پێشوی‌ وڵات‌و ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ دیكه‌ی‌ ئێرانه‌وه‌ ، ده‌ستی‌ هه‌یه‌ له‌و ته‌نگه‌ژه‌یه‌ی‌ كه‌ ئێستا له‌ توركیا روده‌دات‌و بوه‌ته‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆسه‌ر حكومه‌ته‌كه‌ی‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان . ده‌ستگیركردنی‌ (بابه‌ك زنجانی‌) دوای‌ رۆژێك هات له‌ ده‌ركردنی‌ فه‌رمانێك له‌لایه‌ن حه‌سه‌ن رۆحانی‌ سه‌رۆكی‌ ئێرانه‌وه‌ كه‌ تێیدا داوای‌ له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ كرد روبه‌ڕوی‌ ” گه‌نده‌ڵی‌ دارایی ” ببێته‌وه‌ ، به‌تایبه‌ت ئه‌و جۆره‌ گه‌نده‌ڵییه‌ی‌ كه‌ به‌ یارمه‌تی‌ ” ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان ” ده‌كرێت‌و تێیدا ” سزا ئابورییه‌كانی سه‌ر ئێران ده‌قۆزرێته‌وه‌ “. زنجانی‌ كه‌ به‌تۆمه‌تی‌ یارمه‌تیدانی‌ حكومه‌تی‌ ولاته‌كه‌ی‌ بۆ رزگاربون له‌ سزا ئابورییه‌كان له‌لایه‌ن ولاتانی‌ خۆرئاواوه‌ خراوه‌ته‌ لیستی‌ ره‌ش ، له‌ئێستادا له‌ زیندانی‌ (ئه‌ڤین) له‌تارانی‌ پایته‌خت ده‌ستبه‌سه‌ره ‌. دوای‌ تۆمه‌تباركردنی‌ به‌ راكێشانی‌ (ملیار‌و 900 ملیۆن دۆلار) له‌داهاتی‌ نه‌وت ، مانگی‌ ئه‌یلولی‌ رابردو په‌رله‌مانی‌ ئێران دۆسیه‌یه‌كی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ بۆ مامه‌ڵه‌ بازرگانییه‌كانی‌ زنجانی‌ كرده‌وه‌ . له‌به‌رامبه‌ردا زنجانی‌ ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی‌ ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ سه‌باره‌ت به‌ راكێشانی‌ پاره‌ی‌ نه‌وتی‌ فرۆشراوی‌ ئێران‌و تێوه‌گلانی‌ له‌ ئابڕوچونی‌ گه‌نده‌ڵی‌ له‌ توركیا ئاڕاسته‌ی‌ ده‌كرێت .

تێوه‌گلانی‌ بازرگانێكی‌ ئازه‌ربایجانی‌  

 له‌م ئابڕوچونه‌دا ، په‌نجه‌ی‌ تۆمه‌ت بۆ خاوه‌ن كارو بازرگانێكی‌ ئاڵتون راده‌كێشرێت كه‌ ناوی‌ (ره‌زا زه‌راب) ـه‌‌و خه‌ڵكی‌ ئازه‌ربایجانه ‌، ده‌وترێت ئه‌م ره‌زا ناوه‌ به‌رتیلی‌ به‌ وه‌زیره‌كان داوه‌ تاوه‌كو په‌رده‌پۆشی‌ گرێبه‌ستێك بكه‌ن كه‌ گرێمانه‌ ده‌كرێت به‌گوێره‌ی‌ ئه‌وه‌ ئێران غازی‌ به‌ توركیا فرۆشتوه‌‌و له‌به‌رامبه‌ر پاره‌یه‌كدا كه‌ دواتر له‌رێگه‌ی‌ بانكێكی‌ توركییه‌وه‌ كراوه‌ به‌ ئاڵتون‌و له‌رێگه‌ی‌ دوبه‌یه‌وه‌ ره‌وانه‌ی‌ تاران كراوه ‌. توركیا تێوه‌گلانی‌ (بابه‌ك زنجانی‌) له‌ گه‌نده‌ڵییه‌ داراییه‌كه‌ی‌ وڵاته‌كه‌ی‌‌و سپیكردنه‌وه‌ی‌ پاره‌ راگه‌یاند‌و ئاشكرایكرد ، ده‌ستگیركردنی‌ زنجانی‌ دوای‌ ئه‌وه‌ هاتوه‌ ره‌زا زه‌راب كه‌ له‌توركیا ده‌ستگیركراوه‌ دانی‌ به‌وه‌دا ناوە كه‌ به‌رتیلی‌ به‌ وه‌زیر‌و كوڕی‌ وه‌زیره‌كانی‌ توركیا داوه‌ هه‌روه‌ها پاره‌شی‌ سپیكردوه‌ته‌وه‌ . به‌وته‌ی‌ رۆژنامه‌ی‌ ( توده‌ی‌ زه‌مان ) ی‌ توركیا ، ئه‌و بازرگانه‌ ئازه‌ربایجانییه‌ دانی‌ به‌وه‌دا ناوه‌ ئه‌و ته‌نها كارمه‌نێك بوه‌ له‌لای‌ بابه‌ك زنجانی ‌. وه‌ك ده‌وترێت وه‌زیری‌ ئابوری‌ توركیا كه‌ ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ (هالك بانك) له‌نێو ئه‌و كه‌سانه‌دان كه‌ ره‌زا زه‌راب به‌رتیلی‌ پێداون‌و بڕی‌ به‌رتیله‌كه‌ی‌ وه‌زیری‌ ئابوری‌ ” 40 ملیۆن دۆلارە ” ‌و به‌رتیله‌كه‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ هالك بانك – یش ” حه‌وت ملیۆن‌و 700 هه‌زار دۆلار ” بوه‌ .

70 كۆمپانیا

 بابه‌ك زنجانی‌ له‌دایكبوی‌ ساڵی‌ 1971ه‌و ده‌وترێت سه‌روه‌ته‌كه‌ی‌ (13 ملیار‌و 500 ملیۆن) دۆلاره‌‌و خاوه‌نی‌ 70 كۆمپانیایه‌ ، باس له‌وه‌ده‌كرێت چالاكییه‌ ئابورییه‌كانی‌ له‌وكاته‌وه‌ ده‌ستپێكردوه‌ كه‌ له‌ باره‌گای‌ سه‌ركردایه‌تی‌ سوپای‌ پاسداران له‌شاری‌ ئه‌رده‌كان خزمه‌تی‌ سه‌ربازی‌ كردوه‌‌و له‌و كاته‌دا سوپای‌ پاسداران وه‌ك سه‌رباز‌و به‌ ئه‌ركێك ناردویه‌تی‌ بۆ كاركردن له‌ بانكی‌ ناوه‌ندی‌‌و دواتر بوه‌ته‌ شۆفێری‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پێشوی‌ بانك (محسین نور به‌خش ) كه‌ ئێستا كۆچی‌ دوایكردوه‌‌و له‌ ژیاندا نه‌ماوه‌ . لێره‌وه‌ زنجانی‌ بوه‌ته‌ نێوه‌ندگیر له‌نێوان بانك‌و بازاڕی‌ دراوی‌ قورس‌و به‌مشێوه‌یه‌ كاروانی‌ ملیاردێری‌ ده‌ستپێكردوه‌‌و هه‌ندێكی‌ تر سه‌روه‌تی‌ ئه‌م پیاوه‌ به‌ (28 ملیار دۆلار) ده‌خه‌ملێنن كه‌ ده‌وترێت له‌ماوه‌ی‌ كه‌متر له‌ دو ده‌یه‌دا كۆیكردوه‌ته‌وه‌ . وه‌ك راپۆرته‌كه‌ی‌ سایتی‌ ئیلاف نوسیویه‌تی‌ ، بۆ فرۆشتنی‌ نه‌وتی‌ ئێران به‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ حكومه‌تی‌ تاران ، پێشتر زنجانی‌ دانی‌ به‌وه‌دا ناوه‌ له‌ساڵی‌ 2010 وه‌ تۆڕێكی‌ به‌كارهێناوه‌ كه‌ له‌ زیاتر له‌ 60 كۆمپانیا پێكدێت له‌ وڵاتانی‌ ئیمارات‌و توركیا‌و مالیزیا ، به‌مه‌ش بڕی‌ (17  ملیار‌و 500 ملیۆن دۆلار ) قازانجی‌ ده‌ستكه‌وتوه ‌. گه‌وره‌ترین‌و به‌ناوبانگترین كۆمپانیاكانی‌ زنجانی‌ بریتین له‌ ” هۆڵدینگ سورینت قشم “‌ و ” بانكی‌ ئیسلامی‌ یه‌كه‌م ” له‌ مالیزیا‌و ” دامه‌زراوه‌ی‌ باڵانسی‌ دارایی و ” بانكی‌ ئه‌رزش” له‌ تاجیكستان ، ئه‌وه‌ سه‌رباری‌ چه‌ندین كۆمپانیای‌ تر له‌ وڵاتانی‌ توركیا‌و دوبه‌ی‌و تاجیكستان . وه‌زیری‌ نه‌وتی‌ ئێران بێژه‌ن نامدار زه‌نگه‌نه‌ ئاشكرایكرد ، بابه‌ك زنجانی‌ دو ملیار دۆلاری‌ له‌ داهاتی‌ نه‌وت بۆ حسابی‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی‌ نه‌ناردووه‌ ، به‌ڵام دواتر ئه‌نجومه‌نی‌ شورای ئێران رایگه‌یاند : قه‌رزه‌كانی‌ ئه‌و بازرگانه‌ ده‌گاته‌ ” دو ملیارو 400 ملیۆن یۆرۆ ” .

ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ تۆمه‌ته‌كان

 له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و تۆمه‌ت‌و قسانه‌ی‌ كه‌ له‌سه‌ر ده‌كرێت ، بابه‌ك زنجانی‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات ، ئه‌و هه‌موو پاره‌كانی‌ ره‌وانه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ نه‌وتی‌ ئێران كردوه‌ ، به‌لام بانكی‌ ناوه‌ندی‌ بانگه‌شه‌كانی‌ زنجانی‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌‌و تۆمه‌تباریی ده‌كات به‌ ساخته‌كردنی‌ به‌ڵگه‌نامه‌كان بۆ خۆدزینه‌وه‌ له‌ پێدانه‌وه‌ی‌ قه‌رزه‌كانی ‌. به‌ر له‌ چه‌ند مانگێك دوای‌ تۆمه‌تباركردنی‌ به‌ راكێشانی‌ پاره ‌، زنجانی‌ وتی ‌، ئه‌و به‌شێوه‌یه‌كی‌ كرده‌یی 700 ملیۆن دۆلاری‌ ره‌وانه‌ كردوه ‌، به‌ڵام ئه‌و سزا ئابوری‌‌و داراییانه‌وه‌ كه‌ به‌سه‌ر ئێراندا سه‌پێندراوه‌ وایكردوه‌ نه‌توانێت پاشماوه‌ی‌ پاره‌كه‌ ره‌وانه‌ بكات كه‌ بڕه‌كه‌ی‌ ( ملیارێك‌و 200 ملیۆن دۆلاره ‌) . هه‌ر له‌وكاته‌دا له‌ چاوپێكه‌وتنێكی‌ رۆژنامه‌وانیدا ئه‌و ملیاردێره‌ رایگه‌یاند ” ئه‌گه‌ر ژماره‌ی بانكییه‌كم پێ بده‌ن ، سبه‌ینێ بڕی یه‌ك ملیار یۆرۆ ره‌وانه‌ ده‌كه‌م ، به‌ڵام چۆن بتوانم پاره‌ بۆ وه‌زاره‌تی‌ نه‌وت‌و بانكی‌ ناوه‌ندی‌ ره‌وانه‌ بكه‌م كه‌ ئه‌وان له‌ژێر سزا ئابورییه‌كاندان ؟ ئێمه‌ ناتوانین به‌و شێوه‌یه‌ پاره‌ ره‌وانه‌ بكه‌ین ، به‌ڵام پاره‌كه‌ هه‌یه‌‌و له‌ حسابدایه ‌”. دواینجار هه‌فته‌ی‌ رابردو بانكی‌ ناوه‌ندی‌ ئێران رایگه‌یاند ، هێشتا ئه‌و بڕه‌ پاره‌ی‌ كه‌ لای‌ بابه‌ك زنجانییه‌ نه‌گه‌یشتوه‌ته‌ ده‌ستی ‌.

Babek zncani 3

Babek zncani 2

Babek zncani 1

Reza serab

دووا وێنە ڕەزا سەراب .

سەرچاوە / سبەی .