puk-pdk

جیهاد موحەمد : کولتوورە خوێنڕێژییەکەی یەکێتی‌و پارتی ، گۆڕانی شەرمەزارکرد .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

هێشتا ، ئەو حکومەتەی کە بزووتنەوەی گۆڕان ، شاگەشکەبوو بەوەی دەتوانێت وەک هێزی سیاسی دوەم بەشداری تیا بکات ، دروستنەببوو ـ تا هەنووکەش دروستنەبووە ـ بە پەلەو بێ بیرکردنەوە لە مێنتالێتی یەکێتی‌و پارتی ڕایانگەند کە چوار ساڵی ئایندەی کوردستان ، ئارام دەبێت !، وەک نەبایان بینیبێت‌و نە بۆران !

ئەم ڕاگەیاندنە بێ بنەمایە ، هەر لە یەکەم رۆژەوەو تا دەگاتە دوێنی کوشتنی کاوەو ، ئەمرۆی خوێنرێژێکەی یەکێتی لە شارۆچکەی سەید سادقدا‌و کوشتنی بڕیار ، دەیان پرسیاری لای خەڵک دروستکرد . ئایا ئەم بزووتنەوەیە ، هەر ئەوەندەی بە لاوە گرنگ بوو کە بەشداری حوکمەتە گەندەڵەکەی کوردستاندا بکات ؟ ئایا ئەم بزووتنەوەیە بە ناوی (گۆڕانەوە) سەدان هەزار دەنگی ناڕەزایەتی کۆکردەوە دژی نادادپەروەریی‌و ستەمکاری ، ئەوەندە بێ باکانە قسەدەکات ، دوای خوێنڕشتنی کاوەکانیش ؟ بە راستیانە کە چوار ساڵی ئایندەی کوردستان ئارام دەبێت، یان گاڵەت بە عەقڵی گۆرانخوازان دەکەن ؟ ئایا بیریان چووەتەوە کە حوکمرانانی کوردستان بەردەوام خەریکی خۆ دەوڵمەندکردنە لە سەر حسابی سەدان هەزار کەسی هەژاری کوردستان ؟ ئەو لاف‌وگەزافەیان بیر چووەوە کە دەیانوت ئێمە چاوی خەڵکی کوردستانمان کردەوە؟ لە پێناوی چییدا چاوی خەڵکی کوردستانتان کردەوە؟ بۆ ئەوەی هاوبەشی بکەن لە ستەمی خوێنڕێژی کوردستاندا ؟

بە بروای من ، بزووتنەوەی گۆران ، تا ئەو ئاستە کەوتنە هەڵەوە ، کە نەیانتوانیوە هەڵسەنگاندێکی واقیعیانە بکەن بۆ ئەو فەزا سیاسیی‌و کۆمەڵایەتی‌ و کولتووریە خوێنڕێژ‌و داتەپیوە ویژدانیەی یەکێتی‌و پارتی‌و هەموو ئەو هێزانەی کە هاوبەشییان لەگەڵ دەکەن لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگای کوردستاندا .

ئەوەی تۆزێک هوشیارانەو بە ئاگاییەوە وردبێتەوە لەو بارودۆخەی ئەمرۆی خەڵکی کوردستان ، دەزانێت بارودۆخەکە جوڵەی تێکەوتوە ، دەیەوێت بگۆڕێت ، دەیەوێت لە جێگەی خۆی نەمێنێتەوە ، دەیەوێت بگاتە قۆناغێکی تر ، کە تیایدا هیچ نەبێت بەهاو نرخی مرۆڤەکان لە بەهاو نرخی بلۆکە دۆلارەکانی بازرگانانی حیزبیی‌و سیاسییەکانی یەکێتی‌و پارتی زیاتر بێت .

لەم قۆناغەدا ، هەموو ئەوانەی هەست بە ستەم دەکەن ، هەست بە سوکایەتی دەکەن ، هەست بە قورسایی دەسەڵاتێکی سیاسی ناشیرن دەکەن ، هەست بە خنکان‌و تەنگە نەفەسی دەکەن ، هەست بە دزین‌و تاڵانی نەوت‌و غازی وڵاتەکەیان دەکەن ، هەست بە ترس لە سبەینێ‌و دواڕۆژی منداڵەکانیان دەکەن، هەست بە نائارامی ژیانیان دەکەن ، هەست بە داڕزانی ویژدانی حکومڕانان‌و پیاوە بکوژەکانی یەکێتی‌و پارتی دەکەن ، کە بووە بە دێوەزمەو هەر رۆژەی لە لایەکەوە پەلامارو هێڕشدەکاتە سەرخەڵک‌و بە فیشەک وەڵامی سادەترین خواستی خەڵکی دەداتەوە . هەموو ئەو خاوەن هەستانە ڕوبەڕوو دەبنەوە لە گەڵ دەسەڵاتە سیاسیە ستەمکارەکەی کوردستانە‌و دەیانەوێت لە جێگەی دەسەڵاتێکی ستەمکار، خۆیان دەسەڵاتیان هەبێت .

دەسەڵاتی یەکێتی‌و پارتتی ، زۆر بێ شەرمانە دەیانەوێت هەموو خەڵک مێگەل ئاسا بژین ، دەیانەوێت وەک ئاژاڵ خەڵک بێدەنگ بێت ، دەیانەوێت وەک ئاژاڵ خەڵک خۆی ڕادەستی چارەنووسی ژیانی سروشتی نەگۆڕی خۆی بکات ، دەیانەوێت ئاژاڵئاسا خەڵک مێژووکرد نەبێت ، کەس بۆی نەبێت هاوبەشی بکات لە ژیانی خۆیی‌و گەڕەکەکیی‌و قوتابخانەکەی‌و فەرمانگەو دامەزراوەکەی‌و شارو شارۆچکەکەیی‌و بەڕێوەبردنی حوکمی خۆیدا . هەموو ئەمان بۆ دەسەڵاتە نادادپەروەرو گەندەڵ‌و ستەمکارەکەی هەردوو هێزی یەکێتی‌و پارتی ، جگە لە حیزبەکانی پاشکۆی ئەم دوو هیزە هیچ کەس بۆی نییە بەشداری حوکم بکات ، هیچ کەس بۆی نییە دەنگ بەرزبکاتەوەو داواکاری پێشکەشبکات . کوردستان ئارامەو ئەوەتا پڵنگەکانی سەر شاخەکانیش بە ئارامی دەسورێنەوەو کەس نییە تەقیان لێبکات ، فیشەکەکانیان هەڵگرتوە بۆ کوشتنی ئەوانەی سەرکێشی دەکەن‌و دەنگ بەرز دەکەنەوە . ـ گرتەیەکی ڤیدوێیی پۆلیسی دارستان پڵنگێکی ناوچەی قەرداغی پیشاندا ، بەسەر شاخەوە دەسورایەوە ـ

ئەم کولتوورە ناهەموارو خوێنڕێژەی یەکێتی‌وپارتی ، ملهوڕانە دەیانەوێت تێنەگەن ، لەوەی کە مرۆڤەکانی کوردستانیش وەک هەموو مرۆڤێکی تری ئەم جیهانە ناتوانێت وەک ئاژاڵ بژی ، گیانی بەرهەڵستکاریی تێدایە ، دژی ناکۆکیەکانە ، دەیەوێت ناکۆکیەکان نەهێڵێت‌و ژیانێکی ئاسودەو مرۆییانە بژی ، دەیەوێت ژیانی خۆی سەرلەنێو نوێ بکاتەوە .

داواکاریەکانی خەڵکی کوردستان ، ورژان‌و هەژین نییە ، بەڵکو کارو چالاکیە ، لە ئەنجامی بیرکردنەوەیان دێتە ئاراوە ، دەیانەوێت پرسیاریانلێبکرێت ، چییتان دەوێت، چۆن دەتانەوێ بژین ؟، دەیانەوێت بەشداریبکەن لەو چوارچێوەو سنورەی کە بۆیان دادەنرێت ، دەیانەوێت مافی ئەوەیان هەبێت بلێن نا . دەیانەوێت بەرپەرچدانەوەیان هەبێت ، دەیانەوێت گوێیان لیبگیرێت ، دەیانەوێت رەخنەگرانەو چاوکراوەبن لە ژیانیاندا ، دەیانەوێت خۆیان ئارامیی‌و ئاسودەیی دروستبکەن ، نەک بە خواستی ستەمکاران بۆیان دروستکرێت . دەیانەوێت لە بەرپرسەکان بپرسنەوە ، باوی ئەوە نەماوە خەڵک شەرمبکات‌و بچەمێتەوە بۆ بەرپرسی گەندەڵ‌و ستەمکار‌و پیاوکوژ .

ئەم بارودۆخە پێویستی بە گۆرانی بنەڕەتیەو دەبێت بگۆردرێت‌و ، بروا ناکەم هێز هەبێت بەری پێبگرێت، بەڵام بە داخەوە کاروانی گیان بەختکردوەکان درێژەی دەبێت .

 نەرویج