بەهرۆز جەعفەر : تۆ بڵێی مەکتەبی سیاسیی ئەم شتە بزانێت …؟.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

کارى سیاسیی و سەحافى ، لەوێدا مرۆڤ لەکورەى خۆیدا قاڵ دەکات ، کە بۆئەوەى بەردەوام بیت لەپەیامەکەت ، هەر شتت لێوەرئەگرێت ، پێت نابەخشێت . هەموو شتت لەسەر حیساب ئەکات ، بێجگە لەوەى زۆرجار ئەو شتەى خەڵکێک یان گەنجێکى ئاسایی دەیکات ، تۆ بۆت نییە توخنى بکەویت . بەتایبەتیش بۆناوچەى ڕۆژهەڵاتى . کەبەردەوام ئەم جۆرە کەسێتی یانە خۆیان ئاڵۆز دەگرن و شتەکان بەجدییەکى زۆر وەرئەگرن .

بەدرێژایی چەند ساڵى ڕابردوو ، ئەو ماوەیەى مەلەفاتى گەندەڵیمان هەڵئەدایەوەو ، دەستمان ئەکەوت ، بەحوکمى نزیکییەکم لە چاودێریی داراییەوە ، بەدیوێک هەستم بەوە دەکرد سەرکەوتین و توانیمان هەندێ شت لەڕێگەى عیلاقات ى خۆمانەوە پیشانى خەڵک بدەین و ئاشکراى بکەین ، بەڵام بەدیوەکەى تر ، خەمێکى قووووڵ داى دەگرتم و دەمانوت : ئەى قووڕ بەسەر میللەتى بێ ئاگا.. ئەى ئایندەمان تاریک ..!. ئەموووت: تۆبڵێی بارزانى و تاڵەبانى ئەم شتانە بزانن ؟. بەڵێ دەزانن ، چونکە ” نێچیرەڤان بارزانى ” بەپێش چاوى کامێراکانى دونیباوە ووتى: گەندەڵى بووە بەکلتور ..!”. تاڵەبانیش بەمدواییە ، لەیەکەم و کۆتا دیدارى لەڕۆژنامەى هاوڵاتى ووتى : گەندەڵیەکى زۆر هەیەو ، منیش خۆم لەو بەرپرسیارێتییە نادزمەوە .”.

کاتى خۆى ، کە هێزەکانى ” دیجلە هات”. لەڕێگەى چاودێریکردنى ڕەوشی سیاسیی باشورو دەورو بەرى کەرکوکەوە ، چەند زانیارییەکى مەترسیدارمان دەستکەوت و،کردمانیش بەوتارێک ، هەر ئەوسا ئەمووت : تۆ بڵێی مەرکەزی بڕیار ئەم شتانە بزانن ؟. خۆم پێ نەگیراو شتەکانم پێیان دا بە هەردوو مەکتەب سیاسییەکەى دەسەڵات و ، ناردم بۆ لایەنەکانى دیکەش ..!.

دواى گەڕانەوەى قاعیدە ، بۆ ناوەڕاستى عێراق و،ترس و لێکەوتەکانى ” داعش” لەسەر ناوچە داگیرکراوەکان و هەرێمى کوردستان ، وە بڵاوکردنەوەى باسێکى تێروتەسەلى بەندە ، لەسەر ئەو کەیسە لە ناوەنندى خەندان بۆ دیراساتى سیاسیی و ستراتیژیی و چەند شوێنێکى دى بڵاوکرایەوە ، وەپاش زیاتر قوڵبونەوە ، هەر خەممە ئەڵێم: تۆ بێژى مەکتەبى سیاسیی و ناوەندى بڕیار ئەم شتانە بزانن ؟؟. جارێکى دى وێڕاى بەردەوام گومان و دوو دڵیم لێی ئەم کەیسەم دا بەهەموو لایەک .

چاکم بیرە ، جارێکیان بەرپرسێکى مەکتەبی سیاسی ، لەیادى ئەنفاڵدا پێی وتین : ئێوە دەتوانن هەموو شت نەنوسن و بڵاوى نەکەنەوە ، بەڵکو بەڕاپۆرت بیدەن بەئێمە چارەسەرى ئەکەین ، هەر لەوشوێنە بەپێش چاوى برادەرانەوە پێم وت : کاکى خۆم ببورە ، ” ئێمە ڕۆژنامەنووسیی دەکەین ، نەک تەقریر نوسی “. مرۆڤ لەم ژینگەیەى کوردستاندا هەرچەندە بێلایەن بێت ، بەردەوام لەکارلێکدایە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنە ڕیفۆرمخوازەکان . . لەگەڵ یەکێتى و پارتى.. کاراکتەرەکانى میدیا … خەڵکى عەوام … گەورەو بچوک . بەووردبونەوە لەهەمووى (3) خاڵى سەرەکى ئاشکرا دەبن :

یەکەم : بەهیچ شێوەیەک مەکتەبی سیاسیی ، ناوەندى بڕیار نییەو ، ئەوەى دەگوزەرێت هەندێکى مەکتەبی سیاسیی هەر ئاگاشی لێی نییە .

دووەم : لەکوردستان ، جگەلەوەى بە دانپیانانى خۆیان ، دووئاسایش هەیە، وە دەزگاى ئاسایشى نیشتمانى و توێژینەوەى لەسەر پرسەنیشتمانیی و ستراتیجیەکان نییە . ئاڵکاون بەشتى دیکەوە . سەربارى ئەمە و لەمەش ترسناکتر ” میدیایەکى نیشتمانى” نییە . میدیا یان هى حزبە یان هى ئۆپۆزسیۆن ، یان گەمەدەکەن و نایانەوێ قسەى جدیی بکەن . کەمیدیا و سەکۆى ئازاد نەبوو ، تاکى ئازادو نیشتمانى ئازاد ….؟.

سێهەم : بۆشاییەکى گەورە لەنێوان خەڵک ودەسەڵات ، هەیە ، بەئندازەیەکى زۆرباش ئەم بەرپرسانەى هەرێم دوورن لەبیرکردنەوە و واقیعەوە . هەربۆیە بەردەوام دەیانەوێت بە ڕاى گشتى بڵێن : ئەوە نییە ئەوە گەنج و نەوى نوێ ، ئەى نایبینن ئەوەتا قسەئەکەن و کادرى ئێمەن و گەنجن و… هتد.!!.