هاشم ساڵح : کەی ڤۆلێتری عەرەب دەردەکەوێت ؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

وەرگێڕانی : جیهاد محەمەد .

ساڵێ ٢٠١٣ وا دوا هەناسەی خۆی هەڵدەکێشێت ، ئومێدەواربووم ، کە بمانتوانیایە چەند ساتێکمان تەرخانبکردایە بۆ ئاهەنگێڕان بە بۆنەی ئەو ڕووداوە گەورانەی کە پێش ٢٥٠ ساڵ ڕوویانداوە ، بەڵام کاروانی شکۆمەندی تێپەڕیی‌ بەبێ ئەوەی کەس ئاگاداریبێت‌و ئاورێکی لێبداتەوە . ڕەنگە وا چاوەڕوانیی بکەن من مەبەستم لە ڕووداوێکی سیاسیی گەورە بێت ، یان کەوتنی ئیمپراتۆرێک‌و دەرەکەوتنی دانەیەکی تر، یان باسم لە جەنگێکی گەورەبێت ، یان شۆڕشێکی سیاسی گەورە … نا هەرگیز نا . مەبستم دەرکەوتنی کتێبێکە ، بەڵێ تەنیا کتێبێکی بچکۆلەی ڤۆڵتێر . هەر بەم هۆیەشەوەیە ، کە مێژوو بەروار تۆمار دەکەین لە پشتی کتێبەکان ، بە نموونە دەڵێن : لە ساڵی ١٦٣٧ کتێبی” ئارتیکڵ لەسەر ڕێباز ” ی دیکارت ، لە ساڵێ ١٩٧٠ کتێبی ” ئارتیکل لە سەر لاهوتی سیاسی ” سبینوزا ، لە ساڵی ١٩٦٢ ” ئیمل” ‌و ” گرێبەستی کۆمەڵایەتی” رۆسۆ ، لە ساڵی ١٧٨١ ” ڕەخنە لە عەقلێ پەتی” کانت ، لە ساڵی ١٨٠٧ ” فینۆمینۆلوجیای رۆح ” هیگڵ و … هتد .

بەڵێ ، دەرکەوتنی یەک دانە کتێب ، گرنگترە لەو هەوموو تەقە تەقە ڕووکەشەییەی کە ڕۆژانە سەرمان دەیەشێنێت‌و وەرسمان دەکات ، بەڵام هەرچ کتێبێک نا ! پێویستە کتێبێک بێت کە سەردەمێکی نوێ لە مێژووی مرۆڤایەتییدا بهێنێتە ئاراوە . هەر لە سەرتاوە ، وشەکان ، ئاسۆ داخراوەکان بکەنەوەو ڕوناکی‌و تیشکەکانی ، شەوی ئەنگوستەچاو روناککەنەوە .

کەواتە لێرەوەیە کە جوانی‌و بەنرخی بیرەکان‌و دەقە ئەدەبیەکان لە مێژووی نەتەوەکان‌و گەلەکاندا دەردەکەوێت . لەبەر ئەمە ، نەتەوەو گەلەکانی جیهان شانازییەکیان نییە جگە لە داهێنانە گەورەکانیان نەبێت . پیاوانی سیاسی دەڕۆن‌و کاریگەریەک بەجێنا‌هێڵن لە سەر مێژوو ، جگە لە پاڵەوانێتی . تەنیا فەیلەسوفەکان‌و شاعیرە گەورەکان‌ دەمێننەوە . ‌جارێک جاک شیراک هەمان قسەی کردو وتی : ئەوە بەس نییە کە سەرۆکی کۆماری فەرنسابیت بۆ ئەوەی ناوت لە لاپەڕەی مێژوودا تۆماربکەیت . تەنیا لە نێوانماندا دیگۆڵ دەمێنێتەوە ، بەڵام ئێمە لەبیردەچینەوەو دەکوژێینەوە .. زۆر لام سەیربوو ئەو قسەیەی ، لە کاتێکدا لە کەسێکەوە بکرێت کە زۆر گرنگی بە خۆی دەدات . خەڵکی پرسیاری ئەوە دەکەن : کێ بوو سەرۆکی فەرەنسا لە سەردەمی هیگۆدا ، بە پێچەوانەوە پرسیار ناکەن ، واتا ناڵێن کێ بوو فەیلەسوف‌و شاعیر‌و نووسەری گەوەرو داهێنەر لە سەردەمی فڵان سەرۆکدا ؟ پاشای ئەنگلتەر کێ بوو لە سەردەمی شکسپیردا ؟ ئەوانە پاشای ڕاستینە بوون : کە منەوەری گەورەی مرۆڤایەتی بوون ، پاشای رۆح ‌و بیر بوون .

بەڵام با بگەڕێینەوە بۆ لای ڤۆڵتێر . لە ساڵی ١٧٦٣دا کتێبەکەی بە ناونیشانی” لێبوردەیی ” Tolerance دەرکەوت . کتێبێکی بچووک کە لە سەد لاپەڕە تێناپەڕێت . خۆشبەختانەش تەرجەمە کراوە بۆ سەر زمانی عەرەبی بە شێوەیەکی نایاب لە لایەن ڕۆماننووس هنرییت عەبودی ەوە . نووسینی ئەم کتێبە بەرپەرچدانەوەیەکە لەسەر دەمارگیری دینی کە ئەو کاتە باڵی کێشابوو بەسەر وڵاتی فەرەنسادا . ئەم نووسینەی لەسەر ڕووداوێکی تۆقێنەر بوو ، کە لە شاری تولوز دا ڕوویدا دژی خێزانی جان کالاس کە سەر بە کەمینەی پرۆتستانیەکان بوون . کاتێک کوڕە لاوەکەی خۆی کوشت ، باوکیان تۆمەتبارکرد بەوەی خۆی کوڕەکەی خۆی کوشتووە بۆ ئەوەی بە زۆر قەدەغەی مەزهەبی کاسۆلیکی لێبکات ! کابرای تووشی شۆک کرد : چۆن کوڕی خۆی لەسەر کارێک وا دەکوژێت ، کە خۆشەویست‌و جگەرگۆشەیەتی ؟! بە هەموو توانای خۆی بەرگری لە خۆیکردو نکوڵی لەم تۆمەتە کرد کە لە حاڵەتێکی هێندە حەپەسان‌و دۆشداماودا بوو کە وەسف ناکرێت . گەیاندیانە ژووری ئەشکەنجەدان‌و لە ژێر ئەشکەنجەدانێکی قورسدا گیانی لە دەستدا .

کاتێک ڤۆڵتێر ئەمەی بیست ، کەلەیی بوو ، توشی شێتێتی بوو . ئەو کات زانی کە دەستی ڕەشی دەمارگیری دینیە کوێرەکان دەستی خۆیان وەشاند . کە دوژمنێکی سەرەکی ئەم بیرە بوو ، هەموو ژیانی خۆشی لەم پێناوەدا دانا . هەموو توانا‌و پێوەندیە فراوانەکانی خۆی خستەکار لە پێناوی ئەم مەسەلەیەدا ، تا لە دواجاردا توانی ڕاستیی مەسەلەکە بدۆزێتەوەو بێتاوانی تۆمەتباری کوژراو بسەلمێنێت ، ئەو تۆمەتبارە بێتاوانەی کە دوو جار ستەملێکراو بوو : جارێک لەبەر ئەوەی کوڕەکەی لە دەستداوە ، جارێکیش لەبەر ئەوەی خۆیان بە بێتاوان کوشت ، ئەم چێرۆکە یەکێک بوو لە سەرکەوتنەکانی فەیلەسوفانی منەوەر بەسەر ستەمکارانی مەسیحیدا . هەندێک وا بیردەکەنەوە کە بەرگرییکردنی ڤۆلتێر لەو پیاوە بێتاوانە لەبەر ئەوە بووە کە پرۆتستانی بووە ، بەڵام ئەمە هەرگیز وانییە . لەبەر ئەوەی جانکاڵاس یەکێ بوو لەو کەسانەی کە تەواو بڕوای بە بیری کاسۆلیکەکان هەبوو .

لە ڕاستیدا ئەگەر ڤۆلتێر بەرگریبکردایە لە یەکێک لەوانەی بیرییان وەک ئەم وابوو رەنگە نووسینەکەی‌و بەرگریکردنەکەی هێندە هێزی نەبوایە . بەڵام بەرگری لە کەسێک کردوە کە لەگەڵ ئەمدا دژ بووە . هەتتا گیانی خۆی خستوەتە بەردەمی مەترسیەوە لەسەر ئەم مەسەلەیە . ئالێردایە مەسەلە گرنگەکە . مەسەلی تۆلێرانس . ڤۆڵتێر سەلماندی کە دەمارگیری دینی لە هەرچ لایەکەوە بێت ئیدانەکراوە، بیرمەندی ڕاستینە دەبێت هەڵوێست لە بەرامبەر ئەو تاوانانەدا وەربگرێت کە بە ناحەق دەکرێت ، کەسی تاوان لێکراو هەرکەسێک بێت . رۆشنفکر ، ئەگەر بە ڕاستی ڕۆشنفکربێت ، دەبێت هەڵوێست وەربگرێت دژی تایەفەگەریی‌و دەمارگیری مەزهەبی دینیی ، نابێت ئەوە بکرێت بە پاساو کە ئەو تاوانانە لە نێو کەمینەیەکی دزێودا دەکرێت بۆیە پێویست بە هەڵوێست وەرگرتن ناکات ، ئەم جۆرە قسانە لە ڕق‌و قینەوەیە کە نابێت ڕۆشنفکر بگرێتەوە ئەم رق‌و قینە لە دڵانە . ئەو نەتەوەیەی کە ڕۆشنفکرەکانی هەڵوێست وەرنەگرن لەسەر ئەم تاوانانە شەرفمەند نیین . ڤۆڵتێر بەم جۆرە لاپەرەیەکی نوێی کردوە بۆ هەڵسەنگاندنی ڕۆشنفکرەکان ‌و ڕۆشنبیریی ، بیری حەق‌ و دادپەروەری دامەزراند .

لەسەر ئاراستەی ڤۆڵتیر بوو کە چەپکێک لە روناکی لای گەورە ڕۆشنبیرانی فەرنسەوە دەرکەوتن ، وەک فیکتۆر هیگو و ئیمیل زۆلاو جان بول سارتەر کە ئیدانەیەکی تەواوی فەرنسای کۆلۆنیالکەرییان کرد‌و بەهەموو جۆرێک بەرگریان لە جەزائیری کۆلۆنیالکراو کرد‌و لایەنی سەربەخۆیی‌و ئازادی جەزائیریان کرد .

دواجار لەم ڕاستینەیەی ڤۆلتیر تێگەیشتین : ئیدانەکردنی دەمارگیریی لای خەڵکانەوە ئاسانە ، بەلام ئیدانەکردنی لای خەڵکانی ڕۆشنفکرەوە گرنگەو ئاسانیش نییە ، ڕۆشفکری ڕاستینە ئەو کەسەیە کە لایەنی حەق دەگرێت‌ و هەتتا ئەگەر ئەو مەسەلەی حەقە لایەنی دژیش بگرێتەوە ، من دەزانم ئەم جۆرە لە ڕۆشنفکر کەم نیین لە وڵاتانی عەرەبیدا ، بەڵام تا ئێستا بە شێوەیەکی کەمینە دەرکەوتوون . بۆ نموونە ، ( ئال خلیفە سوسن ئەلئەتبەح ) ، ( ئەحمەد عەبدولمعتی حجازی ) ‌، ( مشار ئەلزایزی ‌) ، (عەلاء ئەلئەسوانی) ‌، ( رجا‌ء بن سەلامە ) و ( محمەد عبدولمتلب ئەلهونی ) و هەندێکی تر .

سەرچاوە /  الشرق الاوسط