Daesh1

بەهرۆز جەعفەر : ڕەهەندە مەترسیدارەکانى داعش .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

داعش : کورتکراوەى دەوڵەتى ئیسلامییە لە عێراق و شام ( دولە اسلامیە فی العراق والشام ) . بەپێچەوانەى بەرەى نوسرە کە زۆربەى سەرکردەو پیاوکوژەکانى سورین ، داعش هەمەڕەنگە لەوڵاتانى عەرەبى و ، ئامانجەکەشی لەو ماوەکورتەى کە دروستبووە ، دروستکردنى ئەمارەتێکى ئیسلامییە لە عێراق و شام . دواى ئەوەى هێرشێکى توندییان کردە ، سەر زیندانى ئەبوغرێب و زیاتر لە (100) کەسیان کوشت و ، زیندانیەکانیشیان ئازادکرد ، لەکۆتا ڕۆژەکانى (2013) و سەرەتاى سەرى ساڵى (2014) یشدا ، هاتنى خۆیان بە فەرمى بۆ عێراق ڕاگەیاند . کە لەپارێزگاى ( ئەنبار ) دا خۆیان بینییەوە . شەڕێکى زۆریش لەقەزاى فەللوجە ( کە سەر بە پارێزگاى ئەنبارە) ڕوویداو ، داعش توانى دەست بەسەر شارەکەدا بگرێت .

ئەنبار : یەکێکە لەگەورەترین پارێزگاکانى عێراق و ، ئەکەوێتە بەشی ڕۆژئاواى عێراقەوەو ، ڕووبەرەکەى (138،500 کم) چوارگۆشەیە . بەپێی ئامارى (2013) ژمارەى دانیشتوانەکەى دەگاتە (1،9000000) ملیۆنێک و نۆسەد هەزار کەس . پارێزگایەکى سووننى یە . وە لەمێژوودا بە ( لیواى دلێم ) ناسراوە . گرنگترین شارو قەزاکانى سەر بەم پارێزگایە : ( ڕوومادى: کەمەرکەزی پارێزگاکەیە .. فەللوجە .. هیت .. قائم.. حەدیسە.. عوکاشات .. حەببانییە .. سەرسار.. نوعەیمە.. خالدییە.).

عێراق و سوریا ، دوو وڵاتى دراوسێن و نزیکەى (600 کم) سنورى هاوبەشیان هەیە . پێدەچێت داعش سەرەتاى ڕزگارکردنى دووبەرەى گەورەى لەعێراق و سوریا بۆ ژێر دەستى خۆى کردبێتە بەرنامەى سەرەکى و ، دەست بەسەراگرتنى فەللوجەو پارێزگاى ئەنباریش بۆماوەیەک و ، کوشتنى دەیان جەنەراڵى سوپاى عێراقى لەلایەن داعشەوە ، لەو هێرشەدا کە دیارترینیان ” قائیدى فیرقەى 7 ” (عمید محەمەد الکروی و جیگرەکەیەتى). هەروەها بەپێی ووتەى وەزارەتى بەرگرى عێراق (55) کەس لەچەکدارەکانى داعش کوژراون بەهاوکارى چەکدارى هۆزەکانى ئەنبار ، ئەمە تواناوئیرادەى هێرشکردن و ڕایەڵەکانى ئەوان لەعێراق بەهاوبەشی لەگەڵ قاعیدە ئەسەلمێنێ . پێدەچێت ، زۆرجار حکومەتى عێراقى ، وەک مەسجێک کارئاسانى بۆئەم گروپە تیرۆریستیانە بکات و ، لەبەرژەوەندی خۆى وەبەرهێنانى لەسەر بکات ، ئەوەتا وەزیرى دادى عێراقى ( حەسەن شەمەرى) دەڵێت : ئامانج لەئازادکردنى بەندکراوەکان و دەستگیرکراوەکانى گرتوخانەکانى عێراق ، وە کارئاسانى بۆ گروپە تیرۆریستیەکانى وەک قاعیدە ئەوەبوو ، کە ئەمریکا بترسێت و گورز لەبەشار ئەسەد نەوەشێنێت . لەم کاتەدا (3) هۆکارى سەرەکى هەیەبۆ دەرکەوتن و نواندنى کارەکانى توندوتیژییەکانى ” داعش” :

یەکەم : پاڵپشتى و ئاڕاستەکردنیان ، لەلایەن وڵاتانى ئیقلیمییەوە.

دووەم: سروشتى ” داعش” خۆى ، لەڕووى مەشق و جۆرى چەک و تەکتیکى دەستوەشاندن و ڕایەڵەى پەیوەندییە نهێنییەکانیان لەم ناوچەیە . بەجۆرێک ئەم هێزانە توندوتیژترن لە ئەندامەکانى ڕێکخراوى قاعیدە .

سێهەم : ژینگەو ئەدمۆسفێرى عێراق خۆى ، زەمینیەکى لەبارە بۆ بەهێزبون و گەشەسەندنى ” داعش”. بەجۆرێکیش ئەتوانین بڵێن : ئەمە شەڕێکى مەزهەبیە ، لەبەرگى تیرۆردا .

گۆڕانکارییەکان ، لەڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ، هەموویان پێکەوە گرێدراون ، دەشێت هۆکارەکەى تەکنیکى کارتێکردنى خۆرئاواو زلهێزەکان بن ، یان بەرژەوەندییە ئابوریی یەکان ،ئەمە سەربارى گرفتى مەزهەب و ئاین و شەڕە ئیتنیەکانى ناوچەکە . وەکو زنجیرەیەک ئەڵقە هەموویان بەدواى یەکدا دێن ، دەستکاریی یەک شت بکەیت هەموو شتەکان دەگۆڕێت . ئیسرائیل دەیەوێت هەژمونى خۆى پتر بکات ، ئەمەش لەڕێگەى لەقاڵبدانى سیاسەتە ئەتۆمیەکەى ئێران و ، پتر گوێ بۆگرتنى لەلایەن کۆمەڵگەى نێودەوڵەتییەوە . ئێران گەرەکیەتى تا هەتایە دەست لەناوچەى کەنداوو ، عێراق و سوریاو حزبوڵڵا هەڵنەگرێت و ، دەروازەیەکیش بۆ بازاڕى شمەک و پارەکانى خۆى بدۆزێتەوە ، هیچ نەبێت ستراتیژیی ئابوریی خۆڕاگرانەى خۆى قولانجێک بەرەو پێش ببا.. بەهۆى ئەوەى ( ئێران و سعودییەو ئیسرائیل و میسر ) بەردەوام سەرقاڵى گرفتەکانى خۆیان بونەو لە دیارنەبونیاندا ،” ئەردۆغان” بەتەنها ئەسپى خۆى لەگۆڕەپانەکە غارداوە. ئێستا تورکیا لەلێوارى گۆڕانکارییدایە.بۆخۆى گرفتى کەڵەگەبوى هەیە. بەهۆى قۆناغى ئاشتى نێوان کوردو تورک . تەوژمێکى نوێی گویلەنیەکان ، کە نفوسێکى باشیان لەناو کایەکانى دەوڵەت و دامەزراوە حکومییەکاندا هەیە ، سەربارى ئەمەش دەستلەکارکێشانەوەى نزیکەى (8) وەزیرو پەرلەمانتار ، دەرکەوتنى گەندەڵییەکى زۆر لەحکومەتەکەى ئەردۆغانەوە و گەلێکى فاکتەرى تر …

بەهەموو شێوەیەک هەر گۆڕانێک لەتورکیا ، گۆڕانە لەسوریا ، لەعێراق و سوننى یەکانى ناوچەکە ، هەڵوێستى نوێی ڕوسیایە ، هاوکات ئەو ڕاستییەش دەردەخات کە : ئەگەرى ئەوە هەیە ( ئەمریکاو ئیسرائیل بەهاوبەشی لەگەڵ چەند دەوڵەتێکى عەرەبى سیاسەتى نوێی هەموو ناوچەکە دابڕێژنەوە ) .

ئالەم کاتانەدا ، ڕۆڵى ڕێکخراوى قاعیدە و داعش ، گەڕانەوەیان بۆ ناوەڕاستى عێراق و دەست پێکردنى شەڕ لە فەللوجەو بەغدادو ناوچەکانى ناوەڕاست ، مەترسی و ماناى ئیقلیمی و هەواڵگریی و سیاسیی خۆى هەیە .

بۆیە بەنیسبەت کوردەوەو ، بەتایبەت دواى ڕووداوەکەى ” جەواهیر مۆڵ ” و هێرشکردنە سەر بارەگاى هەواڵگریی کەرکوک ، لەلایەن ” داعش” ەوە . لە (15/12/2013) کە بە (6) چەکدارەوە تونییان بەرگرییەکى زۆر بکەن ، دەبێت ژوورێکى هەواڵگریی هاوبەش و توندو تۆڵ ، کە گڵۆپى سەوزیان لەناوەندیی بڕیارەوە بۆ هەڵکرابێت ، دابنرێت لەکەرکوک و موسڵ و خانەقین ، تاسەرپەرشتى ئەم سێ ڕێڕەوە بکات . بەمەرجێک دوور بن لەکارى حزبایەتى و گوێڕایەڵى کەسانێک کە بۆ مەرامى شەخسى بەکاریان بهێنێت . هەم پشتێنەیەکى توند بن بۆ خودى ناوچە داگیرکراوەکان ، هەم بۆ هەرێمى باشورى کورد ستان .چونکە وەک خۆشیان ئاماژەیان پێکردووە شانەو خانەى نوستویان لەناو هەرێمى کوردستان هەیە.!.

گەلۆ ، ئاخۆ کەى ڕاگەیاندن و سەرکردایەتى سیاسیی سەبارەت بەم پرسە ئیقلیمى و گۆڕانە جوگرافییە سیاسییەى جیهان هەڵوەستەیەک دەکەن ، تۆبڵێی کەى لەمەترسییەکانى ” داعش” تێبگەن ، ئەوا بە (1000) چەکدارەوە خۆیان لە زنجیرە چیاکانى حەمرین توند کردو ، نیازى خۆشیان بۆ هێرشکردنە سەر دامودەزگاکانى هەرێم نیشانداو ، هەموو شەڕو شۆڕشی سوریا نەى توانى گورزێکى گیانى بگەیەنێتە کوردانى ڕۆژئاوا ، بەهۆى سیاسەتى پاراستنى هاوسەنگى لەلایەن پەیەدەوە ، کەچى ” داعش” لەچالاکیەکیاندا (36) کەسیان کردە قوربانى لەو ناوچە کوردانە .

ئەگەر تۆزێک جڵەو بۆ دەماخمان بگەڕێنینەوە ، ئەوە ” داعش” ە حکومەتى هەرێم پێک دەهێنێت ، دواى ئەوەى لایەنەکان تێگەیشتن قاعیدە هەناردە دەکرێت بۆ ئێران و تا لەناوچە سوننیەکان جێگیر بن ، ئێران زۆر مەبەستیەتى هەرێمى کوردستان بۆشاییەکى تیا دروست نەبێت ، تاوەک پشتێنەیەکى ئەمنى بۆخۆى بەکارى بهێنێت. بۆیە پەلەى کرد لەپێکهێنانى حکومەت و یەکێتى و پارتى بانگ کرد تا خاوە خاو نەکەن زوو کابینەکە پێک بهێنن .