Manuelclippedmontage_fixed

مانویل کاتسلز : شوناس لە هەمبەر جیهانگیریدا .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لە ئەنگلیزیەوە : السيد يسين

لە عەرەبیەوە : جیهاد موحەمەد

شتێکی ڕێکەوت نەبوو کە زانای کۆمەڵناسی سیاسی ئەمەریکی مانویل کاتسلز ، بەشێکی چکۆلەی تایبەت لە کتێبی ( هەموو زانیارییە سەردەمییە ئابووریی‌و کۆمەڵایەتیی‌و کولتوورییەکان ) ی تەرخانکردبوو بۆ بابەتی شوناس لە بەرەنگاربوونەوەی جیهانگیرییدا .

ئەم کتێبەی کە لە ساڵی ١٩٩٦دا بڵاویکردەوە ، بە گرنترین سەرچاوە دادنرێت ، کە تا ئێستا دەربارەی زانیارییە جیهانییەکان . تا ئەو ڕادەیەیی کە هەندێک لە زانا کۆمەڵایەتییەکان دانەری ئەم کتێبە( مانویل کاتسلز ) بە کارل مارکسی سەدەی بیستویەک دادەنێن ، ئەمەش لەبەر ئەوەی کە کارل مارکس گەوەترین تیۆریازان بووە لەسەر کۆمەڵگای پیشەسازیی سەرمایەداری .

لە کاتێکدا کاتسلز ، تاکە کەس بووە کە توانیوێتی تیۆریایەکی گشتی پێکهاتوو لە یاساکانی کاری کۆمەڵگای زانیاری جیهانی دابرێژێت ، ئەو کۆمەڵگایەی کە لە هەشتاکانی سەدەی بیستدا مژدەبەخشبوو بۆمان ، بەو حکومەی کە کۆمەڵگای پیشەسازی خۆی نوێدەکاتەوە لە گواستنەوەی بۆ قۆناغی کۆتای مێژوو، لە ژێر کاریگەیی پرۆسەکانی کەڵەکەبوونی پیشەسازیی‌و تەکنۆلۆجیا‌و کۆمەڵایەتییدا، کە تیایدا شۆرشی پێوەندیەکان( کۆمینیکەیشن ) ی بە جۆرێک گەورەو بەربڵاو بەرپاکردوە ، کە بۆ یەکەم جار لە مێژووی مرۆڤایەتییدا هەموو جیهانی خستوەتە نێوە پێوەندیەکی بەردەوامەوە .

کتێبەکەی مانوێل کاتسلز ، لە سێ بەشی جیا لە یەکتر پێکهاتووە ، بەڵام توند پێکەوە گرێدراون ، بەشی یەکەم ، لە ژێر ناونیشانی کۆمەڵگای تۆڕبەندی The Network Society، کە تیایدا روخسارە بناغەییەکانی کۆمەڵگای جیهانی نوێی لە گۆشە نیگای بونیادی سیاسیی‌و ئابووریی‌و پێوەندیەکانەوە نمایشکراوە . بەڵام بەشی دوەمی کتێبەکە، لە ژێر ناونیشانی هێزی شوناس ، کە تیاییدا جۆرەها شوناسی Identites نمایشکردوە ، کە بەرنگار بووەتەوە لەگەڵ جیهانگیریدا . بەشی سێیەمی کتێبەکە ، لە ژێر ناونیشانی کۆتای هەزارەو ، قسەکردن لەسەر قەیرانی دەوڵەتی پیشەسازی بەستەڵەک‌و روخانی یەکێتی سۆڤیەت‌و هەموو ئەو ڕووداوە مێژووییە گرنگانەی بە دوای خۆیدا هێنای ، لە مەسەلە سیاسیەکان‌و ئابووریەکان‌و کولتووریەکان ، گرنگترینییان دەرکەوتنی جیهانی چوارەم و پێگەیشتنی سەرمایەداری زانیارییدار و بەرزبوونەوەی ئاستی هەژاری لە جیهاندا‌و ، پاشکۆیەتیی‌و پەراوێزی کۆمەڵایەتی .

گرفتەکانی شوناس

دەخوازم لەسەر شوناسی گیروگرفتدار بوەستم ـ وەک چۆن کاتسلز نمایشیکردوە ـ بە تایبەتی لە بەرەنگاربوونەوەماندا بەرامەبەر بە جیهانگیریی.

پنتی یەکەم لەم مەسەلەیەدا ، کارو چالاکییەکانمان ئاراستە پێکدادانەکانی جیهانگیریی‌و شوناس پێکدەهێنێت ، لەسەر ئەو بنەمایەی کە لە ژێر کاریگەری‌و تیشکی تەکنۆلۆجیای زانیاریدار‌و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سەرمایەداری سەردەمدا ، بوەتە هۆکاری دەرکەوتنی داڕشتنەوەیەکیتر بۆ کۆمەڵگای جیهانگیری، کە ناودەبرێت بە کۆمەڵگای تۆڕبەندی ، ئەم کۆمەڵگایەش داڕشتنەوەی چالاکیە ئابووریەکان‌و ستراتیژییە جیهانگیریەکان کاریتێکردوە ، نەرمی‌و بە لاستیکی بوونی کار و ژیانمان ، وەک چالاکیەکی مرۆیی و جێگیرنەبوونی‌و تەنیا کەوتنی کارگەری یەکێکە لە دەرکەوتەکانی ئەو کۆمەڵگایە.

کولتووری ئەم کۆمەڵگایە ناولێنانی خۆی لە جیهانێکی گریمانەکراوە هەڵێنجاوە ، ئەویش لە میانەی هۆنینەوەیەکی ڕاگەیاندنکارییدا کە خۆی ئاماژەکانی دەگەیەنێتە هەموو کونوقوژبنێکی گەردون‌و هەروا ئاماژەدەکات بەوەی کە یەکە پێکهاتووەکانی گرێدراوی یەکترین بە جۆرێکی بەڵگەنەویست‌و، لە هەمانکاتدا پەیامەکانی لە رادەبەدەر جۆراوجۆرن ‌. ئایا کەس نوکوڵی لەوە دەکات کە سیستەمی ڕاگەیاندنی جیهانی بە پەیامە سیاسیەکانی‌و ئابووریەکانی‌و کولتووریەکانیەوە کاریگەرییان هەیە لەسەر بەهاو دابونەریت‌و ڕەفتاری ملوێنانن لەو مرۆڤانەی کە سەر بە کولتوورگەلێکی یەجگار زۆروزەوەندن ؟

دەرکەوتەکانی جیهانگیری بوەتە هۆکاری گۆرێنی تێگەیشتنە گشتیەکان لەسەر شوێن‌و زەمان‌، لەئەنجامی پێکهاتنی فەزایەک لە هەڵقوڵاوەکانی Flows بواری سیاسیی‌و ئابووریی‌و کولتووریدا ، گۆرانکاریی لە تێگەیشتنی گشتی زەمەندا هاتوتە ئاراوە ، ئەمە هەمووی دەربڕینیی چالاکیە باوەکانییەتی ، کە دەستەبژێرێکی جیهانی زاڵبووە بەسەریدا.

ئەم ڕێکخستەن کۆمەڵایەتیە لە وێنە نوێکەیدا، کە لە جیهانگیرییەوە لە دایکبووە، ڕوخساری خۆی لە وڵاتە جۆراوجۆرەکاندا بڵاوکردوەتەوە، وەک چۆن سەرمایەداری پیشەسازی لە سەدەی بیستدا بڵاوبوەوە کە پیکهاتەی دامەزراوەکانی گۆڕیی‌و مۆرکی خۆی دانا بەسەر کولتوورە جۆراوجۆرەکانەوەو، ئەم سەرمایەدارییە پیشەسازییە ، وەک لە تۆمارگای مێژوودا دەیناسین، سامانێکی زۆری کەڵەکەکرد بۆ چینێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراو، هەروا هەژاری لە چینێکی بەربڵاوی کۆمەڵایەتیدا بڵاوکردەوە، لە کاتێکدا کە گیانی ئازایەتی بۆ نوێکردنەوە لە ئارادابوو، گیانی چاوچنۆکی دادەگیرسان. سەرمایەداری لەگەڵ هەموو ئەرێنیە ناسراوەکانیدا، کێشەو گرفتی بێ سنوری بۆ مەلاین کەس بڵاودەکردەوە تا دەگاتە ڕەشبینیی‌و بێهویایی .

لە مێژووی سەردەمدا‌و بە تایەبەتی لە چارەکی سەدەی بیستدا‌و ، دوای هەڵقوڵانی شەپۆلێک لە جیهانگیریی ، گۆرانکاری جۆراوجۆر پەیدا بوو لە شوناسی کۆمەڵایەتیدا کە هەوڵیئەدا بۆ سنوردارکردنی جیهانگیریی‌و خواستە کۆسمۆمپولیتیەکانی‌، بە ناوی تایبەتمەندێتی کولتوورەوە، هەڵبەت ئەوەش وەک هەوڵێکی جەماوەری بەرفراوان بۆ زاڵبوون بەسەر چالاکایەکانیی‌و ژینگەی خۆیدا .

گۆرانکاریی ئەو شوناسانەی کە قسەی لەسەر دەکەین ، بۆ بەرپەرچدانەوەی جیهانگیری ، فرە ژمارە‌و فرە جیاوازن بە حوکمی تەنیایی‌و جیاوازی ڕیشەی هەریەکێکیان کە گوزارشتیان لە شوناسە کۆمەڵایەتیە تایبەتیەکانی خۆیان دەکرد.

ئەو بزووتنەوانە ڕەوتگەلێکی کولتووری زۆر لە خۆ دەگرێت بە ئامانجی گۆڕینی سروشتی پێوەندیەکانی نێو مرۆڤەکان، وەک بزووتنەوەی ژنانە یان ئاراستەکانی پارێزگاری لە ژینگە کە خوازیاری داڕشتنەوەی پێوەندی نێوان مرۆڤەکان‌و سروشتە ، ئەویش بابەتێکی یەجگار گرنگە بۆ مانەوەی ڕەگەزی خودی مرۆڤ خۆی .

ئەم بابەتە ، چەندین ڕەهەندی پیشەسازی‌و تەکنۆلۆجیی‌و کولتووریی هەیەو، پێش ئەمانەش ڕهەندی سیاسی پێوەندیداری بە کرۆکی پێوەندیە نێودەوڵەتیەکانەوە لە جیهانی ئەمرۆدا هەیە، دژایەتیکردنەکانی نێوان دەوڵەتانی پیشەسازیی‌و دەوڵەت تازە پێگەییوەکان گەواهی ئەم ڕاستییە دەدەن، دەربارەی حەتمەیتی رێکخستنی ئاوهەواو ژینگەی جیهانی‌و پاراستنی گەردون لە پیسبوون‌و ، وەک پەیمانگای کیوتو کە لەم پێناوەدا دروستبووە .

سەرەڕای ئەم ڕەوتە کولتووریی‌و ژینگەییانە ، پێکهاتەیەکی زۆریش لە گۆرانکارییەکانی شوناس هەیە وەک پەرچەکردار بۆ جیهانگیری، کە دەیەوێت یەک پێوەری یەکگرتوو بسەپێنێت بەسەر جیهاندا ، بە بێ ڕەچاوکردنی مێژووە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانی وڵاتان ، یان پشتگوێخستنی کولتوورە جیاوازەکان‌و ئەو دەربڕینە کولتوورییە کۆمەڵایەتیانەی کە دروشمی بەرگریکردن لە خوای گەورەیان بەرزکردوەتەوە ، یان بەرگریکردن لە نەتەوە یان بەرگریکردن لە بنەچەو توخم .

لە گەورەیی ئەم ناکۆکییە توندانەوە لە نێوان ئەم ڕەوتە دژ بە یەکانەدا دەوڵەتی نەتەوەیش NationState خۆی لە قەیراندا دەبینێتەوە ، ئەم دەوڵەتی نەتەوەییە کە کەوتوەتە قەیرانەوە لەسەر بنەمای سەروەی ڕاگیراوە کە بە توندی هەڕەشەلێکراوە لە لایەن جیهانگیریەوە ، بە دامەزراوە ئابوورییە جۆراوجۆرەکانی‌و لەسەرو هەمووشیانەوە کۆمپانیا گەورە بێ سنورەکانی ، ئەوانەی کە سنور تێدەپەڕێنن‌و سنور ناناسن‌و هەروا ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانیش .

هەموو ئەوانەی کە ئاماژەمان پێدا ، تەنیا پێشەکیەکبوو کە هەوڵیداوە بۆ ئەوەی بە کورتی وێنەیەک بخاتەبەردەست لە بەهێزی فۆرمی سەردەمی جیهانی زانیاریی ، لە گۆشەی هەڵتۆقینی شێوەی ئابووریی نوێ ، کە سەرمایەداریی زانیاریی‌و پێکهینانی بونیادی کۆمەڵایەتی تازەگەریە بۆ کۆمەڵگای جیهانی‌و هەڵتۆقینی ڕەوتە کلوتووریەکانە لە سەر هەموو گۆی زەوی‌ کە لە هەوڵی بەرگریکردندایە بۆ شوناسە کۆمەڵایەتیە جیاوازەکان .

لە ژێر ئەم ڕۆشناییەدا، دەتوانیین بڵێین ، بابەتی شوناس ، لە نێوان بابەتە گەورەکاندا پێوستی بە شیکارییەکی ڕەخنەگرانە هەیە، بەڵام کێشەی تیۆریایی‌و مەنهەجی جۆراوجۆر دێتە ڕێگەی توێژەرو بەرەنگاری دەبێتەوە لەسەر ئەم بابەتە، لە هەمووشیان گرنگتر شێوەکانی شوناسە چ لە ناو دەوڵەتی پیشەسازی پێشکەوتوودا یان لە ناو دەوڵەتی تازەپێگەیشتوودا .

بەم جۆرە دەکەوینە نێو دارستانی چڕی کێشەکانی شوناسەوە کە پیویستی بە چارەسەگەلێکی تری وردتر هەیە .

http://www.freemediawatch.org/81-010706/8.htm