Dersim-Dibegeyi

دەرسیم دیبەگەیی : ئای کە شەرمەزارت کردم وەزیری کاروباری شەهیدان

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

دوای ئەوەی لە ڕێکەوتی (8.12.2013) دا نامەیەکی کراوەم لەژێر ناوی ( ناساندنی فازڵ یوسف شێخ ئەلیاس وەکو زیندانییەکی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان ) دا بۆ هەریەک لە سەرۆک وەزیران ، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری کاروباری شەهیدان نووسی و لە ڕێکەوتی (21.12.2013) دا لە ماڵپەڕەکان و پەیجی فەیسبووکدا بڵاوکرایەوە ، فەرمانبەرێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان لە ڕێکەوتی (25.12.2013) دا ئەوەی بۆ نووسیم ( کاک دەرسیم سڵاو . کاکە قسەم لەگەڵ وەزیر کرد ، گوتی با داواکاری پێشکەش بکەن ئێمە بەڵگەکانی کاک دەرسیم لەبەر چاو دەگرین و کاری باشی بۆ دەکەین ) ، دەبێ ئەوە بڵێم ئەو فەرمانبەرە هیچ درێخییەکی نەکرد و ئەمڕۆکە (19.1.2014) فازڵ یوسف شێخ ئەلیاس – ی گەیاندە لای وەزیری کاروباری شەهیدان ، وەلێ وەزیر گفتەکەی خۆی نەبردە سەر و نە بەڵگەکانی لەبەر چاو گرت و نە کاری باشیشی بۆ کرد ، بەڵکو بەنائومێدی ناردیەوە شەنگال و منیشی شەرمەزار کرد ، تەنانەت ڕووی ئەوەم نەبوو بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ فازل یوسف بکەم .

بۆیە داوا لە هەموو ئەو هاوڕێ و هەڤاڵانە دەکەم کە لە زیندانی هەیئە خاسەی کەرکوک و ئەبوغرێب لەگەڵ فازڵ یوسف شێخ ئەلیاس بووینە ، بەتایبەت هاوڕێ محەمەد حەسەن خورشید کەرکوکی کە چەند مانگێک لە ژووری سێدارەی موسڵ بووەو هەڤاڵ ڕزگار تەها عوسمان عەبدولڵا ( ڕزگار کێستەیی ) کە خۆی و هەڤاڵەکانی لە هەیئە خاسە لەگەڵ ناوبراو بووینە ، بە چەند دێرێک پشتیوانی خۆیان بۆ فازڵ یوسف دەربڕن و گلەیی خۆیان دەربارەی ئەو کارەی وەزیری کاروباری شەهیدان دەربڕن .

حکومەتی هەرێم و دوو حزبی دەسەڵاتدار بە هەزاران کەسیان لە جاش ، دزو تەزویرچی کە بەشێکیان دەناسم و ناوەکانیان لامە بە ناڕەوا کردۆتە شەهیدی سەنگەرو مووچەی شەهیدانە و خانەنشینییان پێدەدەن . کۆمکاری زیندانە سیاسییەکان (40) هەزار زیندانی سیاسییان تۆمارکردبوو کە بەشێکی زۆریان زەوی ، خانوو و مووچە یان خەڵاتیان لەو دوو پارتە وەرگرتبوو ، کەچی دواتر دەرکەوت تەواوی ژمارەی زیندانییە سیاسییەکانی کوردستان لە (4) هەزار زیندانی زۆرتر نەبووە . خۆ هەر باسی پێشمەرگەی دێرێن و ڕێکخستنی دێرین هەر مەکە ، کە سەرەڕای ئەوەی چەندین جاشی دێرین و سەرۆکجاشی دێرین و فەرماندەی مەفرەزە خاسەی دێرین و ڕەفیق حزبی دێرین کران بە پێشمەرگەی دێرین ، فەریق ڕوکن نزار عەبدولکەریم فەیسەڵ خەرزەجی سەرۆک ئەرکانی سوپای ئێراق ، لیوا ڕوکن سوڵتان هاشم ئەحمەد تائی فەرماندەی فەیلەقی یەک ، لیوا ڕوکن فارس نوعمە حوسێن ئەلمحیاوی فەرماندەی فەیلەقی پێنج و عەمید ڕوکن وەفیق عجیل حەمود سامەڕائی جێگری بەڕێوەبەری هەواڵگری سەربازی گشتیی سەردەمی ئەنفالەکان کە هەر چواریان بەشداری ئەنفالەکانیان کردووە ، وەلێ بە قسەو شایەدی سەرکردەی حزبە کوردییەکان بە دەسەڵاتدارو ئۆپۆزسیۆنەوە کران بە ڕێکخستنی دێرین ، تیاشیان دایە لە سەرۆکجاش، فەرماندەی مەفرەزە خاسەکان و جاشە کوردەکان مووچەی خانەنشینییان بۆ بڕدراوەتەوە ! کەچی فازڵ یوسف شێخ ئەلیاس ، هەروەکو خۆم ئاگادار بوویمە لە ڕێگای براو ئامۆزامەوە کە لە ژووری سێدارەی زیندانی موسڵ بووینەو دواتر لە سێدارە دران ، خۆی و شەهید مەردانی برای کە بەهۆی هەوڵی شکاندنی زیندانی سێدارەی موسڵ لە سێدارە دراو فازڵ-یش خۆی سزای هەتا هەتایەی بۆ دەرچوو ، حکومەت و دەسەڵاتی کوردی مووچەیەکی زیندانیی سیاسیی بۆ فازڵ بە ڕەوا نابینێت !

بۆیە ئیمڕۆکە زۆر دڵتەنگ و بێزارم، حەزناکەم قسە لەگەڵ هیچ کەسێک بکەم ، مەگەر کەسێکی خۆشەویست و زۆر لە دڵا شیرین نەبێ .