بەهرۆز جەعفەر : ئایا غەدر لەیەکێتى ئەکرێت ؟.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

حزب: کۆمەلێک خەڵکن لەدەروى فکرەو ئایدیایەک کۆئەبنەوە و ئامانجى هاوبەشیان هەیە. سیاسەتیش بریتى یە: لەهونەرى ڕێکخستن و ئیدارەدان و ئاڕاستەکردنى ئەو کۆمەڵە خەڵکە.

یەکێتى ئەو حزبەیە، کە ڕایەڵەو شیرازەى خەڵکەکانى بچڕاوە، فکرەیەک و ئامانجێک نییە تا لەپێناویا تیبکۆشن، وەکو ” قوباد تاڵەبانى” لەدواى شکستى یەکێتى لەهەڵبژاردنەکان ووتى: خەڵک دەیزانى بۆچى دەنگ بە پارتى و گۆڕان ئەدات، بەڵام نەیدەزانى بۆچى دەنگ بەیەکێتى بدا “. ئەم دێرەى بەمدواییە ئەو کردى،(4) ساڵ پێش ئێستا زۆرى نەمابو، لەسەر وتنەکەى ڕەوانەى قەبرسانمان بکەن!. ڕوونتریش ئەم گرفتانەى یەکێتى هەیە، هى ئەمڕۆ و دوێنێکە نییە، جیا لەسروشتە فرەییەکەى خۆى، ڕیشەکەى بۆ هەڵبژاردنى مەڵبەندەکان لەساڵى (2006) ئەگەڕێتەوە. لە (17) ى شوباتدا خۆى دەبینێتەوەو، لە درێژکردنەوەى ماوەى سەرۆکایەتى سەرۆکى هەرێمدا دەگاتە لوتکە، لە زویرکردن و کپکردن و پەراوێزخستنى خەڵکە دڵسۆزو ڕۆشنبیرەکانى خۆیدا بەتەواوى لێى ئەرژێت.

لەمیانەى پێشکەش کردنى نامەیەکى دەستلەکارکێشانەوەى خۆیدا، پێش (4) ساڵ ” بەرهەم ساڵەح” ناردى بۆ ” تاڵەبانى” لەبەغدا. دەستەواژەیەکى بەکار هێنابوو کە” باشە یەکێتى ماوە” دواتریش نوسیبوى” ڕاستیەکەى هەریەکێتییە بەرگەى ئەم هەموو کێشە ناوخۆییە دەگرێت”. سادەتر لەمەش ئێستا قەیرانەکان لەهەموو ئەمانە دەرچوون، بەحاڵێک بۆنمونە: ئەگەر کەسێک پرۆژەیەکى هەبوو، لەماوەى مانگێکدا یەکێتى بکات بەسەردارى عالەم و، مووشەک ڕەوانەى مەریخ بکاو، کادرەکانى لەوانە بن کە بەدواى گەلە ئەستێرەو تیۆرى نوێی هەمەلایەنەدا ئەگەڕێن، ئەم کەسە ڕووبکاتە کوێ؟. دادو بێدادەکانى بۆ کێ ببات؟. یەک کاتژمێر قسە بۆ ئەندامێکى سەرکردایەتى یا مەکتەبى سیاسیی بکە، کەچى ئەویش باسی موعاناتت بۆ ئەکا.؟. خۆدەبێت مەرکەزیەتێک هەبێت و، بڵێن: ڕاوبۆچونى فڵان بەرپرسی باڵا بریتى یە لەسیاسەتى یەکێتى.

هەربەجدى نابێت ئەم برادەرانە خۆیان بخەڵەتێنن و، بەوە ڕاى گشتى بەلاڕێداببەن، کە” غەدر لەیەکێتى ئەکرێت و هێرشی هەمەلایەنەى لەسەرە!”. هیچ کەسێک بەقەد ئەم گروپە باڵادەستەى ناویەکێتى مەترسی نیە بۆسەر یەکێتى، سەرکردایەتى یەکێتى ئەوەندەى نزیکن لە گۆڕان و پارتییەوە، ئەوەندەى نزیکن لەکۆمپانیاکانیان، نیو هێندە نزیک نین لەیەکێتى خۆیەوە.

هەموو ڕاگەیاندنى یەکێتى و، هەموو حزبە سیاسییەکان، ناتوانن یەکێتى بچوک بکەنەوە، ئەگەر یەکێتى خۆى خۆڵ نەکا بەسەرى خۆیدا. ئەمڕۆکە بەسەدان کەس بێدەنگیان هەڵبژاردووە دەرهەق بەهەر هێرشێک بۆسەر یەکێتى، کادرە ناوەندیی و ڕۆشنبیرو گەنجەکان هێندە سنگى خۆیان دایە بەرگوللەى ناحەزان ، نەکوژران، بەبەڵام هەندێ کەس لەناو یەکێتى لەپشتەوە یەخەیان گرتن.!. هەرکەسەو بەتەلەفۆنێک بەکەسێکى خوار خۆى ووتووە: بۆکوێ ئەچى بچۆ .. یەکێتى تۆى ناوى؟. لەگەڵ ئەوەى پەرێزى بەرامبەرەکانى یەکێتیش بەو بارتەقایە پاک نییە. ئێستا یەکێتی و ڕۆشنبیرەکان و خەڵکە وەئاگاکەى کوردستانیش وابیردەکەنەوە، هەموو شتێکیان بوێ، نەک ئەم یەکێتییەى ئێستا هەیە. ئاخر بەهەموو پێوەرێک ئەبێت ئەوانەى یەکێتى لەمەولا دەیانکا بە واجیهە و بیانووى سەیرو هەرزە بۆ خەڵک باس ئەکەن ، بەتواناتربن لەوانەى پێشووتر. دونیاکە ئاڵۆز بووەو تاکەکانیش وشیارترن.

ئەوانەى پێیانوایە: غەدر لەیەکێتى کراوە، ئەوەیە کوتەکێکى تر بدەنە دەست جەماعەت و ، ئەوەى ماویانە تەواوى بکەن . هەنووکە ئەم حزبە پێویستى بە بیانووى ساردو سڕو ئەملاو لا نییە، تا ئاریشە کۆنکرێتییەکانى خۆى بشارێتەوە، بەڵکو یەکێتى ئیدارەى نییەو تەواو .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت