ئەردەڵان ئەحمەد : ھۆکاری ئارێشەکانی سلێمانی و دەرفەتێک بۆ رزگاربوون .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

لاپەڕەکانی مێژوی سلێمانی لە بوارە جیاجیاکاندا پڕن لە سەروەری و شانازی , تایبەتمەندیەکانی سلێمانی لە زۆر ڕوەوە ھەمیشە مایەی قسەلێکردن و لێڕامانە , ئەمە بەو مانایە نیە کە لە شکۆی شارەکانی تر کەمکەینەوە , نەخێر چونکە ھەر شارێک خاوەن تایبەتمەندی و لاپەڕەی زێڕینە , لێ بۆیە لەمەڕ سلێمانی زیاتر دەوەستم مەبەستمە ناونیشان و ناوەرۆکی بابەتەکە یەکگیر بن .

شۆرش و ئەدەب و ھزر لەم شارە بە ئەندازەیەک بووە لە زۆر قۆناغدا شانی لە ھەوردا بووە , ئەم شارە رۆشنە بە فیکر , ماندووە بە شۆڕش شایستەی ڕۆشنکردنەوەو گەشەکردن و گرنگی پێدانە و مافی دانیشتوانەکەیەتی ئاسودەو ئارام بژین , بەڵام لە بری ئەوە دەبینین گرفت و ئارێشەکانی زێدەترن لە شارەکانی تر لە روی باری ئەمنی و ئاوەدانی و خزمەتگوزاریەوە , ئەم دۆخە ناجێگیرو بێ خزمەتگوزاریە لە ئاست داھاتی شارەکە مایەی نیگەرانی ھەموانەو تێکرا ھیواخواز بوین کە دۆخی شارەکە ھێندە ئارام و گەشەسەندوو بایە وەک مێژوە زێڕینەکەی جێگەی بایەخ بوایە , بەلام ئەوە ئەسەفێکەو بۆتە نیگەرانی و دەربڕینی نارەزایی گەر نەڵێم رۆژانە ئەوە ھەفتانە ھەموان وەبەرچاومان دەکەوێت .

بێگومان کۆمەڵە فاکتۆرێک ھەن کە ئەم دۆخەیان دروست کردووە کە بە دیدی من نەبونی بەرپرسی بە مانا بەرپرسە لە شارەکەو دابەشکردن پۆستەکانە بە کەسانی بێ تواناو نەبونی لێپرسینەوەیە , ئەوەش ڕونە کە ئەو ھێزەی تا ھەنوکە ھەموو پۆستەکانی بەدەستە پۆستەکانی لە نێو باڵەکانیدا بەخشیوەتەوەو ئەم باڵانەش رێگرن لە لێپرسینەوەو لانەبردنی بەرێوەبەرەکان و دەستنیشانکردنی کەسە ئەکادیمیەکان بۆ پۆستەکان , ئەمە لە کاتێکدا ئەم ھێزە لە ئێستادا لە ڕوی جەماوەریەوە پاشەکشەی کردووە بەڵام تا ھەنوکە خاوەنی زۆرینەی پۆستەکانە و ئامادەیشی نیە بواری لایەنەکان بکات مومارەسەی حەقی بەرێوەبردن لە شارەکە بکەن .

دواجار ئەوەی وەک دەرفەتێک دەبینرێت بۆ کۆتایی ھێنان بەو دۆخەی سلێمانی پرۆسەی ھەڵبژاردنی داھاتوی پارێزگاکانە , کە بە دیدی شیکارانی دۆخەکە ئەنجومەنی داھاتوی شارەکە دەسەڵاتى زێدەتر دەبێت و دەستی کراوەتر دەبێت , ھاوکات ئەو ھەڵبژاردنە دۆخی مۆنۆپۆڵکردنی شارەکە کۆتایی پێدێنێت و ئەمەش دەبێتە ھۆی دابەشکردنی پۆستەکان بەسەر ییەنەکاندا , بەڵام دەکرێت پرسیار ئەوە بێت  ,,

– ئایا تا چەند ئەم ھێزە ئامادەیی ھەیە مامەڵە لەگەڵ دەرئەنجام ھەڵبژاردنەکان بکات ؟

– کاراکتەرەکانی ئەو لایەنە سیاسیانەی تر گەر سبەی بگەنە یەکێک لە پۆستەکانی ئەم شارە تا چەند گەرەنتی ئەوە دەدەن سلێمانی بگەیەننە دۆخێک ھاوشێوەی مێژوەکەی مایەی شانازی کردن بێت ؟

– دواجار دانیشتوانی ئەو شارە چۆن بڕیار لەسەر ئایندەیان دەدەن,رازیبوون بەو دۆخە یان ھەنگاونانی گەورەی شارستانیانە بۆ گۆرینی ئەم دۆخە بۆ دۆخێکی شایستە بە سلێمانی دایک ؟

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت