ستیڤان شه‌مزینی : غه‌دركردن له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

من یه‌كێكم له‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی له‌ چوار ساڵی رابردوو زۆرترین ره‌خنه‌م له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان گرتووه‌ و كه‌م نووسه‌ر هه‌ن هێنده‌ی من بێ رتووش له‌سه‌ر ئه‌و بزووتنه‌وه‌ سیاسییه‌ نووسیبێت ، ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ من دژایه‌تی و دوژمنایه‌تی كۆنكرێتیم له‌گه‌ڵ ئه‌و حزبه‌ هه‌یه ‌، خۆ ناكرێت چاو له‌ راستییه‌كان بپۆشین و هه‌میشه‌ ئه‌و حزبه‌ سیاسییه‌ له‌ قه‌فه‌زی تاوانباریدا رابگرین .

وه‌ك ده‌زانین بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ هه‌ڵبژاردنی 21ی ئه‌یلوولی ساڵی رابردوو توانی سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ به‌ده‌ستبهێنێت و له‌سه‌ر ئاستی سلێمانی ببێته‌ حزبی یه‌كه‌م و له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم به‌ دووه‌م ، به‌ پێچه‌وانه‌ی گریمانه‌كانی پێش هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ نه‌ك ئه‌م هێزه‌ پاشه‌كشه‌ی جه‌ماوه‌ریی نه‌كرد ، به‌ڵكو تاكه‌ هێز بوو له‌ په‌نا پارتیدا، له‌ رووی ژماره‌ی ده‌نگده‌رانه‌وه‌ كێرڤی به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ كشا . ئه‌مه‌ خۆی له‌ خۆیدا ده‌یسه‌لمێنێ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هێزێكی ئه‌كتیڤ و كارای نێو گۆڕه‌پانه‌كه‌یه‌ و توانای هه‌یه‌ له‌ به‌ستێنی سیاسیی داهاتوودا وه‌ك ئه‌كته‌رێكی به‌هێز گه‌مه‌ بكات و هه‌نگاو هه‌ڵبگرێت .

به‌پێی ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردن، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌ دوای پارتی زۆرترین پۆست و وه‌زاره‌ت و پله‌ی جۆراوجۆری له‌ حكوومه‌تدا هه‌بێت ، پۆستی جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت و چه‌ندین وه‌زاره‌ت ” وه‌زاره‌تی سیادیی و خزمه‌تگوزاریی” یه‌كێكه له‌ مافه‌ قانوونییه‌كانی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه ‌. ئه‌مه‌ش مه‌كره‌مه‌ و خێركردن نییه‌ پێیان ، به‌ڵكو مافه ‌، هه‌قی شایسته‌ی خۆیانه‌ . له‌وه‌دا دڵنیام كه‌ پارتی تێگه‌یشتووه‌ پێدانی ئه‌و پۆستانه‌ به‌ گۆڕان دیاریی ده‌سه‌لاَت نییه‌ ، به‌ڵكو هه‌ركام له‌و پۆستانه‌ی له‌ پێشه‌وه‌ ناومان هێنان ، ره‌وایی خۆی بۆ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ میانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ وه‌رگرتووه ‌،  كه‌ بێگوومان هه‌ڵبژاردن دیو و فنۆمینێكی هه‌ره‌ گرنگی دیموكراسییه‌ و ته‌نانه‌ت زۆرجار به‌ كۆڵه‌گه‌ی سیستمی دیموكراسی پێناسه‌ ده‌كرێت . به‌هه‌رحاڵ نامانه‌وێ ئه‌وه‌ روون بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ گۆڕان مافی جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت و چه‌ند وه‌زاره‌تێكی هه‌یه‌ چوونكه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌لفبای سیاسه‌ت تێبگات ، ناتوانێ نكۆڵی له‌م فاكته‌ بكات ، به‌ڵكو ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ بلێین زه‌وتكردنی ئه‌و مافه‌ نه‌ك خزمه‌تی دیموكراسی ناكات به‌ڵكو هێنده‌ی تر پرۆسه‌ی دیموكراسیی له‌كه‌دار ده‌كات .

ئیراده‌ و ویستی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ك هێزی دووه‌م بۆ هاوبه‌شیكردن له‌ حكوومه‌ت نه‌ك به‌شدارییه‌كی په‌ڕاوێزی ، یارمه‌تیده‌رێكی گرنگی پرۆسه‌ی حكومدارییه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ,  چوونكه‌ دۆخی ئه‌مڕۆی كوردستان زیاد له‌ هه‌موو كات پێویستی به‌ بوونی حكوومه‌تێكی به‌هێز هه‌یه‌ كه‌ كۆده‌نگی لایه‌نه‌كانی كوردستانی له‌سه‌ر بێت و بگره‌ زۆرینه‌یان تیایدا به‌شدار و هاوبه‌ش بن . به‌لاَم ئه‌وه‌ی له‌ تابلۆ سیاسییه‌كه‌دا ده‌بینرێ ، یه‌كێتی ده‌یه‌وێ پارتی به‌ دیفاكتۆ ناچار بكات بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پرنسیپ و به‌نده‌كانی رێككه‌وتنی ستراتیجی و دیسانه‌وه‌ ئه‌زموونی رابردوو له‌ پێكهێنانی حكوومه‌تدا دووباره‌ بكاته‌وه ‌، ئه‌وه‌ش نه‌ك دژی دیموكراسییه‌ به‌ڵكو كرده‌یه‌كه‌ بۆ تیرۆری ئه‌و سه‌ره‌تایه‌ له‌ دیموكراسیی كه‌ سیمایه‌كی گه‌شی به‌م هه‌رێمه‌ به‌خشیوه‌ و جیای كردۆته‌وه‌ له‌ به‌شه‌كانی تری عێراق .

وا ده‌هزرێم نابێت غه‌در له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بكرێت، مافی یاسایی و دیموكراتی خۆی لێ زه‌وت بكرێت . نابێت ئه‌و پۆستانه‌ی بۆ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌ به‌تایبه‌ت جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت به‌ هیچ پاساوێك بدرێته‌ لایه‌نێكی تر . ناكرێت له‌ پشتی كه‌والیسه‌وه‌ ده‌وڵه‌تانی هه‌رێميى رۆڵ ببینن و له‌سه‌ر حسابی گۆڕان هێز و حزبی تر بكه‌نه‌ هێزی دووه‌م له‌ پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكوومه‌تدا . نابێت پارتی به‌وه‌ رازی بێت كه‌ ئه‌و غه‌دره‌ له‌ گۆڕان بكرێت، چوونكه‌ دواجار ئه‌و كرده‌یه‌ نه‌ك تاوان و په‌ڵه‌یه‌كی شه‌رمه‌ به‌ته‌وێڵی ئه‌و دیموكراسییه‌ی له‌ كوردستان بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرێت به‌ڵكو به‌ دیوه‌كه‌ی تردا ئاكامی خراپی ده‌بێت و ره‌نگه‌ ئه‌مجاره‌ گۆڕان له‌ ئۆپۆزیسۆندا چیدی خاتری هیچ كه‌س نه‌گرێت و شه‌قام و گۆمه‌ مه‌نگه‌ به‌ ته‌واوه‌تی بشڵه‌قێنێت . ئێستا كاتی به‌گه‌ڕخستنی ئیراده‌یه‌كی راسه‌قینه‌یه‌ بۆ چاكسازیی و چه‌سپاندنی دادی كۆمه‌لاَیه‌تی و به‌هێزكردنی پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ شه‌‌ترنجی سیاسه‌تی نوێی رۆژهه‌لاَتی ناوه‌ڕاستدا ، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش نه‌ك به‌ په‌ڕاوێزخستنی گۆڕان سه‌ركه‌وتوو نابێت به‌ڵكو هیچ گره‌نتییه‌ك نییه‌ بۆ سه‌ركه‌وتنی . خوسه‌لای قسه‌ی من ئه‌وه‌یه‌ غه‌دركردن له‌ گۆڕان و سه‌پاندنی ئیراده‌ی هێز و كاركردن به‌ رێككه‌وتنی ستراتیجی و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دیدی فیفتی به‌ فیفتی، دوا بزمار ده‌دات له‌ پرۆسه‌ی دیموكراتی له‌ كوردستان و زه‌مینه‌ خۆش ده‌كات بۆ مه‌وجدانی شه‌قام و زه‌مین له‌رزه‌ی سیاسیی گه‌وره ‌.