ئاکۆ برایم ; کەناڵى ئێن ئاڕتى و ، بێ ئومێدکردنى خەڵک .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر غەریبەیەک رێى بکەوێتە ئەم وڵاتەو بۆ تاوێک تەماشاى کەناڵى ئین ئارتى بکات ، وا هەست دەکات ئەم وڵاتە لێوان لێوە لەکێشەو گرفت و نەهامەتى و کوشتن نارەزایى و بێ سەروبەرى و پاشا گەردانى . هەرچى بڵێى ئومێد و هیوا نایدۆزیتەوە .

ئەگەر گوزەرێکى خێرا بە بەرنامە و هەواڵەکانى ئەو کەناڵە بکەیت جگەلە هەواڵى ناخۆش ، کوشتن ، سوتان فڕاندن و سوکایەتى وئیهانە ، شتێکى ئەوتۆ نادۆزیتەوە ، هەواڵ لەسەر هەواڵى ناخۆش ، فڵان کوژرا ، فڵان سوتا ، فڵان بێ سەورشوێن بوو، تەقە لەوێکرا.. کەئەمەدەستپێکى هەواڵى هەموو رۆژێکیانە ، جا ناخۆشیەکەى لەچیدایە ، رێکخەر و ئامادەسازى ئەو بەشە نایەت لەپاش هەواڵێکى ناخۆشدا هەواڵێکى هونەرى یان تەرفیهى بکات بەسەریدا ، تا تۆزێک ئاراممان بکاتەوە ، نەخێر دێت هەوڵێک لەو جەرگبڕتر و ناخۆشتر ئەکات بەمێشکماندا کەتەواو مەئیوس و دەستەوەستان مان ئەکات .

من ناڵێم سیاسەتى کەناڵەکەیان بگۆڕن وچۆن لەبەرژەوەندى لایەنێک هەواڵ ئەهۆننەوە ئاوهاش لەبەرژەوەندى دەسەڵات و حکومەت ئاخاوتن بدەن ، حکومەت بەجوانى پیشان بدەن .. نا ئەوەیان کارى نەکردەیە ، چونکە سروشتى ئیشەکەتان و سیاسەتى کەناڵەکەتان وایە ، بەڵام هێندە دەڵیم رەچاوى بارى دەروونى و هەست و هۆشى بینەران بکەن ، دنیایان لەبەر چاو رەش مەکەن و ئومێدبڕاویان مەکەن.

راستە کوشتن هەیە تەقینەوە هەیە و دزى هەیە، زۆر نارەوایى و تاوانکارى هەیە ، بەڵام ئەوە ناگاتە ئەوەى ئیتر هەمووشت تەواو ، مادام حکومەت یان دەسەڵات نەتوانێت بەر بەو شتانە بگرێت ، ئەبێت وەلانرێت و بخرێتە پەراوێزەوە ، نا بەڕێزەکانم گەر بەچاوێکى کراوەو ویژدانێکى زیندوەوە ، بڕوانیە جیهان ئەوا درک بەوە دەکەین کە ، تاوان وخراپەکارى و کوشت وبڕ وناڕەزایى و مانگرتن چى و چى لە تەواوى وڵاتانى دونیادا هەیە ، ئەو فەرەنسا کە سەرمەشقى شۆرشى ئەوروپایە و خاوەنى لیبرالترین دەسەڵاتە و نمونەى دیموکراسى و مافى مرۆڤە ، هەرچى تەکنەلۆجیا و ئامێرى و سیخورى و چاودێرى هەیە خاوەنێتى ، بەڵام تائێستاش نەیتوانیوە بکوژانى سێ چالاکوانەکەى پەکەکە بدۆزێتەوە( لێم ببورن مەبەستم ئەوە نیە ، کەبڵێم تیرۆرى کەسانى وەکو کاوە گەرمیانى و هاوشێوەى ئەگەر نەدۆزرایەوە ئاساییە ، یان پاساو بۆ نەدۆزینەوەى بکەرانى بکەم و بڵێم دەستى لێ بشۆن ) بێجگە لەوەش ئەوەتا براى بەڕێز دکتۆر سالار باسیرە ( خوا لێێخۆش بوو ئەحمەد باسیرە ) بۆ گەشت و سەیران روى کردۆتەوە وڵاتى مەکسیک ، کەچى جگە لەوەى کە دزى لێدەکرێت ، دەشکورێت ، دەى خۆ مەکسیک لەوڵاتە هەر پێشکەوتوەکانە ، گەر بیرتان بێت ساڵى 86 رێکخەرى کاسى جیهانى بووە ، بیرمان نەچێت ئەو وڵاتەى ئەو مۆندیالە ساز دەکات دەبێت لە هەموو رویەکى ئەمنى و ئابورى و خۆشگوزەرانى کامڵ و سازبێت ، کەچى لە 2013 ئەوەى تیا روودەدا.

سەربارى ئەوانە ئەو بەرنامەیەى کاک (کاروان چێوار) من وەکوخۆم تەنها واى دەیبینم کە بۆ لەکەدارکردنى ئەم شارەو خەڵکەکەى سازبکرێت ، گەر دیققەت بدەیت پرسیار و دواندن چاوپێکەوتنەکانى هێندە سەیرە کە مرۆڤ تەواو بێ زار دەکات ؟ وادەزانێت لەسەر ئەم زەمینە شوێن بڕاوە ئیلا دەوربەرى سەرا و جادەى مەولەوى نەبێت (( بەفرەکە لەویاچوبێتەوە)) ؟! نوێترین بەرنامەى لەسەر یاسا و پەیڕەوکردنى یاسا بوو ، ئەو بەڕێزە لەپوختەى پرسیار و دواندنەکانى ئەیویست ئەوەمان پێ بڵى کە ئەم وڵاتە بێ یاسا و رێسایە ، یاسا خراوەتە بن پێ وە ، ئەوەى حسابى بۆنەکرێت و لاى خەڵک بایەخى پێ نەدرێت یاسایە .

بەڵام رەنگبێت من و زۆرێک لە خەڵکى پێچەوانەى ئەو بەڕێزە بیربکەینەوە و قسەمان هەبێ ت، جگە لە مەبەست و مانا شاراوەکانى پشتى بەرنامەکەى ، خوێندنەوەیەکى ترمان بۆ ئەوە هەیە ، دەڵێم : بەڵى یاسا هەیە و تارادەیەکى زۆر باشیش ، خاوەن دەسەڵات بووە وپەیڕەویش کراوە ، هیوادارم کە ئەو بەڕێزە و برادەرانى پشتى بەرنامەکەى ، یاسا هەر لەو چوارچێوەیەدا نەبینن کە مادام تەقەکەرانى شاسوار نەدۆزراونەتەوە ، کەواتە یاسا ئەرزشى پولێکى نییە . نەخێر یاسا کۆمەڵێک فەقەرە ومادەیە کە بەپێ ى ئەوە ژیان ئەڕوات بەڕێوە. ئەوەى کە لەسەرمانەو پێویستە سەرەتا لەخۆمانەو دەست پێ بکەین ، خۆمان یاسا چەسپێن بین ، خۆمان پەرۆشى یاسا و رێنماییەکان بین ، ئەوکاتە رووى دەممان بکەینە خەڵکى . یاساش با تەنها هەر ئەوەندە بێت خۆمانى پێوە کۆت وبەند بکەین ، بەپێى بڕگەو بابەت و ماددە و فەقەرەکانى هەڵسوکەوت بکەین . بۆنموونە ، تا ئێستا لەسەریاساى پیسکردن و پاراستنى ژینگە وخاوێنی هیچ دەقێکى یاسایمان نیە ، واتە من و تۆش هەردوکمان رێگەمان پێدراوە ، کە لەجامى ئوتومبیلەکانمانەوە ، توێکڵە گوڵەبەرۆژە و کلینس وچى وچى فڕێ بدەینە دەرەوە ، یان لەسەیران و گەشتەکان پاشەرۆ و پیسى بخەینە سەر زەوى و روبارەکان ، بۆ ئەوە تۆ کەسێکى وڵاتى خۆت خۆش دەوێت ئەو کارە ناکەیت ، بەپێچەوانەوە من هەست بەو بەرپرسیاریەتیە ناکەم و جۆرێکى دیکە رەفتار دەکەم، کەواتە هەردوکمان لەبەرامبەر یاسا بێ تاوانین ، ئەوە بەتاوان ئەژمار ناکرێت.. بەڵام ئایا ئێمە پێشتر بیرمان لەوە کردۆتەوە پێش ئەوەى خۆمان لەچوارچێوەى بەند فەقەرە یاسایەکاندا شەتەک بدەین ، یاسایەکى ئاکارى و ئەخلاقى بەخۆمان پەیڕەو بکەین؟! ئایا راگەیاندن بەگشتى وکەناڵى نالیا بەتایبەتى بیرى لەوە کردۆتەوە کە بەرنامەکانى زیاتر فێرکارى بن و وەکو ئەرکێکى سەرشانى خۆى لەهەوڵى بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیارى و رۆشنبیرى خەڵکى دا بێت و هانیان بدات پابەندى یاسا و رێسا و سیستەمەکان بن؟ هیچ هەنگاوێکى ناوە تا وا لەبینەرانى بکات وڵات وخاکى خۆیان خۆش بوێت و پارێزگارى لەیاسا و دەستورەکەى بکەن؟! ئایا ئەو یاسایەى کە ئەوان باسى دەکەن ودەیوروژێنن ، هەمان ئەویاسایە نى یەکە کەسانى دیکە پێشیڵى دەکەن؟ بەڵام بەهەر پاساو و بیانوویەک بێت ناوى ناهێنرێت و ، دیزە بەدەرخۆنەى دەکرێت ؟!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت