بەهرۆز جەعفەر : دەستە چەورەکەتان بە پێشمەرگەیا مەسڕن !

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەم سیستەمە سیاسیی و فەرمانڕەواییەى کە ، ئەمڕۆ هەرێمى کوردستان هەیەتى ، زۆرباش سەرکەوتو بووە ، لەشاردنەوەى قەیرانەکان و دروستکردنى قەیرانێکى تر . دەمێکە بەتەمامە باسێکى زانستى سەبارەت بە ” ستراتیژیی نیشتمانیی و ستراتیژیی سەربازیی ” بڵاوبکەمەوە ، ڕاستییەکەى ئەوەندە گرفت دەخوڵقێت بوار نادەن مرۆڤ نە ڕابمێنێت و ئیستێک بکات ، نە بەهەموو گرفتە کۆنکرێتییەکانیش ڕابگات .

هەرچەند بیردەکەیتەوە ، ئاسان نییە ” گەش بین بیت”. ئاخر ئەمانە لەماوەى (22) ساڵى خۆحوکم کردنا ، نەیانتوانى : دەزگایەکى ئاسایشى نیشتمانیی ، میدیایەکى نیشتمانیی ، چوار مەرکەزیی لێکۆڵینەوەى کلتوریی – کۆمەڵایەتى دابنێن ، ئەمانێک نەتوانن چوار سەنتەرى توێژینەوەى ستراتیژیی ، بۆ لێکۆڵینەوە لە پرسی ئاسایشى ئیقلیمى و نێودەوڵەتى بخەنە گەڕ ، تا نەخشێک لەپێشکەوتنى خودموختاریی کورددا دیارى بکەن . لەسەروى ئەوەشەوە ، هاتوون چەپ و ڕاست کەوتونەتە وێزەى ناوى پیرۆزى پێشمەرگەو شۆڕشەکانى ڕابردوو ، کەخەڵکى کوردستان ماک و بزوێنەرى بون ، نەک هەر بەحزبەنەکراون وبونەتە موڵکى چەند کەسێک ، چەندین فرسەخیش لەسوپایەکى نیزامیی شێوەو هەنگاونانەکەى دوورخراوەتەوە ، جاش و باش پێکەوە خانەنشین کردووە بەناوى پێشمەرگەوە . لەسەروى ئەمەشەوە لەوەها ساتێکى پڕمەترسیی و هەستیاردا ، بەهۆى بەرژەوەندیی تەسکى حزبایەتییەوە ، لەم (2014) یەدا ، بێژى : خەتاى پێشمەرگەیەو حکومەتى ناوەندیی بودجەى پێشمەرگەى نەداوە ، بۆیە ئەم هەڵاوسان و کێشە مالیانە دروستەبن ؟. هەرئەمەتان مابو !.

گرفتى دیارنەمانى پارە لە بانک و دەرەوەى بانک ، هى ئەمڕۆ ودوێنێ نییە لەبانکەکان ، یەکەمجار خەڵک و ئێمەش لە (29/1/2011) گوێمان لێبو ، کە بزوتنەوەى گۆڕان (7) خاڵەکەى دەرکردو ، سلێمانى پڕ کرا لە ناقیلەو دەبابەو کوردستانیان خستە ئینزارەوە ، ئیتر بانکەکانیش کەوتنە بەر لێشاوى چاوتێبڕین و چۆڵکردن و شاردنەوەى پارەکان ، دواتریش کە خۆپیشاندانەکانى (17) ى شوبات ڕوویدا ، ئەمە بەرەو پتر چوو ، هەتا لەناوەڕاستى ساڵى (2013) ” مەلا بەختیار” لێپرسراوى دەستەى کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی ( ی ، ن ، ک) ووتى : ژێر زەمینەکان پڕن لەفەردە دۆلارو بانکەکانیش پارەیان تیا نییە !!. ئەوەى یەکەم کەس هاتە وەڵام : پارتى دیموکراتى کوردستان بو ، کە تا ئەوکات و ئێستاش بەچڕى ئیشیان لەسەر گرفتەکانى زۆریى نیلى و سەوز ئەکەن .

بۆیە چۆڵبونى بانکەکان پەیوەندیی بەشتى ترەوە هەیە ، نازانم ئیتر بۆچى وا ئەکەن کە فەرمانبەرو کەم ئەندام و پەککەوتە و گەنجى ئەم نیشتمانە ڕقیان لەپێشمەرگە بێتەوە .؟. پەرلەمانتارە سووننى و شیعییەکان و کۆنە بەعسیەکان ئەوەیان نەشاردۆتەوە ، ئەگەر کوردستان خاوەنى هێزى پێشمەرگە نەبوایە ، ئەوە ئێستا حاڵى لە ناوەڕاستى عێراق و بەغدا خۆشتر نەدەبو . بۆیە تکایە خەتاکە مەکەنە سەر پێشمەرگە ( بەهەموو ئەو کەموکورتیانەى لەمەشق و چەک و لۆجستى و مووچەو ئینتیما و…. هتد) هەیە لەناو هێزەکانى پێشمەرگەدا .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت