BEHROZ-3

بەهرۆز جەعفەر : ئایندەى پەیوەندییەکانى تاک و سیستەم لەڕوانگەى قوتابخانەى فرانکفۆرتەوە .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

دووساڵە کۆڵانى ڕێبازە تیۆریی و فەلسەفییە هاوچەرخەکان ئەگەڕێم ، هەڵوەداى کۆڕو قسەوباسی بیرمەندانى ئەم جیهانە ئاڵۆزەم ، ئاخۆ مرۆڤایەتى بەرەو کوێ ؟. بەرەو دابەشبونێکى دوو جەمسەرى جیۆ – سیاسیی و ئیکۆنۆمییە ، لە هەموو جیهان و شەڕ لەسەر ناوچەى ئۆراسیا ( وەک بریژنکیس دەڵێ ئۆراسیا دڵى جیهانە و کلیلى کۆنترۆڵکردنى جیهانە) ئۆراسیا : والێکدراوەتەوە کە هەردوو کیشوەرى ( ئاسیاو ئەوروپایە ) . هەندێکیش لایانوایە ئەم ناوچەیە ، تەنها ڕووسیاو ئەوروپاى شەرقى ئەگرێتەوە، لەگەل ئەوەى ( قوتابخانەى ئۆراسیاى نوێ ) لەلایەن ڕووسیاوە تازە دامەزراوە،بۆ ئەوەى لەمەولا چۆن ڕووسەکان هەنگاو هەڵبگرن لەڕووبەڕوبونەوەى هێزەکانى پەیمانى ئەتڵەسیدا ، ئەگەر بێتو ئەمە سەربگرێت ، ئەوا بەتەواوى جیهان بەرەو دابەشبوون ئەچێت و ، هەریەکە فریاى ئەوە دەکەوێت بەلایەکدا خۆى ساغ بکاتەوە ، لەگەڵ ئەوەى ئایندەى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دابەشبونەئابوریی و سیاسیی و جوگرافییەکان ، ڕاستەوخۆ لەخوێندنەوەى ئەم باسەدا پەیوەندیی دەگرن ، بەڵام ئێمە لێرەدا قوفڵى ئەدەین . چونکە بۆ تیۆرى ئێستاى نەتەوەگەرایی بایەخ و ملدانى تاکەکان بۆ دەسەڵات و سیستەمەکان ، نەک هەر شەبەنگێکە جێی تێرامان ، بەڵکو تازە گرفتێکى هەرەگەورەى سەرەتاى هەزارەیە.

یەکەم : تێزەکانى فرانکفۆرت زەنگێک بۆ مرۆڤایەتى .

لە ( 22 ى حوزەیرانى 1923) لە فرانکفۆرتى ئەڵمانیا ، قوتابخانەیەک بۆ لێکۆڵینەوە کۆمەڵایەتى – کلتورییەکان دامەزرا ، هەر قوتابخانە نەبو ، بزوتنەوەیەکى فەلسەفى شۆڕشگێڕیی یاخیانەبوو ، بەپێشەنگێتى ( ماکس هۆرکهایمەرو تیۆدۆر ئادۆرنۆ ) دەستى پێکردو ، دواتریش هەریەکە لە ( واڵتەر بنیامین و یۆرگن هابرماس وهربرت مارکۆزەو فرۆید وکارل پۆپەر ) قوتابخانەکەیان گەیاندە ترۆپک ، بۆ یەکەم جاربو لەسەر بنچینەی ( تیۆریی ڕەخنەگەرایی ) ڕەخنە لەئەقڵانیەتى خۆرئاوا بگرن ، ئەو لافوگەزافەى دووسەد ساڵ بو ئەوروپاییەکان لەسەرهەڵدانى ڕۆشنگەرییەوە بۆ دوو جەنگە جیهانییەکە ، بەسەر جیهاندا لێیان ئەدا ، قوتابخانەى فرانکفۆرت هەمووى خستە ژێرگومان و پرسیارەوە ، پرسیارێک کە ” شۆبنهاوەر ” یش شەرعیەتى پێ ئەدا ، چۆن دەبێت لەباوەشی ڕۆشنگەرییەوە تاریک گەریی ، لەناو ڕەحمى مرۆڤدۆستى و ئازادییەوە کوشتارو وێرانکاریی جیهانى بێتەدەر ؟. هەر بەڕاست ئەنجامى ئاقڵبون و داهێنان بێ ئەقڵى و گورز لەخۆ وەشاندنە ؟.

ئەم بارودۆخە ، ڕاست و چەپى دونیاى هێنایە جۆش ، جۆشێک کە مرۆڤایەتى قان بدات . سەرەتا هۆرکهایمەر (1895-1973) ( دیالەکتیکى ڕۆشنگەریی ) نوسی . واشى لە ئادۆرنۆ کرد بڵێت : ئێمەتازە هیچ چارەسەرێکى دیکەمان نەماوە ، ئەوەنەبێت ڕەخنە بگرین ، نابێت خۆمان ڕادەستى دەوربەر و ئەو واقیعە بکەین کە هەیە ” . خوێنەرى وەئاگا زوو تێئەگا ، ڕیشەو خزمایەتى و ئاوێزانبونێکى چاک لەنێوان ڕابەرانى تیۆریی ڕەخنەگەرایی (نڤریە نقدی) و (کانت) دا هەیە . کەلایوایە : ڕەخنەگرتن ئەرکە ، هەروەک زۆرى دیکەش پیشەى ڕۆشنبیر وەکو “کانت ” تەنها بەڕەخنەگرتن ناوزەند ئەکەن ، هەربۆخۆى کانتاویکردنى تاک و کۆمەڵیش جێی لەسەر ڕاوەستانە ، بەتایبەت لەقۆناغى ڕاگوزەرى کۆمەڵەکاندا .

دواى ئەمانیش ، یەکسەر لەچوارچێوەى قوتابخانەکەدا ،کارل پۆپەر کتێبى ” هەژاریی مێژووگەرایی ” ( الفقر والتڕریخانیە ” دەنوسێت ، تیایدا سەراپا کتێبەکەى تەرخان ئەکا بۆئەوەى بیسەلمێنێ : ئێمە ناتوانین لەم سەرزەوییە بەهەشتێک دروست بکەین ، تەنها ئەوەبەسە ئەم دۆخەى ئێستا کەمێک باشتر بکەین “. بەدوایشیدا کتێبى ( کۆمەڵگەى کراوەو دوژمنەکانى ) دەنوسێت .

دووەم : مارکۆزە و مامەڵەى تاکەکان

بۆ خۆى سروشتى ڕەوتى مێژووى فەلسەفەکاران وابووە ، لە دواجاردا هەریەکەو پێش خۆى یان هاوکارەکەى سەرکۆنەو ئەفەرۆزکردووە ، گەڕان بەدواى ئەم خوێندنەوەیە بۆ ناساندنى ئەندامەکانى فرانکفۆرت ، وە ئەنجام و پێشبینیەکانیان ، تەنها کارێکى خۆسەرقاڵکەرانەو بێ فەڕە ، گرنگە بێین لەچوارچێوەى تیۆریی ڕەخنەگەراییدا ، ڕۆڵى تەنها ( مارکۆزە ) لە نوسینى ( مرۆڤى تاک ڕەهەند ) یا ( الڕنسان ژوالبعد الواحد) دا ، بخەینە ڕوو .

ئاخر مرۆڤ بەسروشتى خۆى یەک بوعدى هەیە ، لەسەدەى (21) دا هەر تاکێکى هاوچەرخ ، لەدامێنى داهێنان و تەکنەلۆژیاو پتر بونى حەزو خواستەکانیدا ، بەدەیان دوورى و لق و پۆپى دیکەى پەیداکردووە !. مارکۆزەو ڕێبەرانى دیکەى قوتابخانەکە ، بۆ هۆشدارى لەهاتنى ئەم جیهانەى ، ئەمڕۆکەى مرۆڤایەتى و تاکەکان تیایدا بەئاڵۆزیی گوزەر ئەکەن ، بێ ئەندازە ئازارو وڵاتبەدەرى و شار بەدەرییان چەشتووە ، بۆیە یەکێک لەگرنگیەکانى ئەم تیۆرانە ئەوەیە : ماناى مێژوویی خۆیان لەدەست نەداوە ، لەدواى دووەم جەنگى جیهانى یەکسەر ئەوان بون پرسییان : ئەم مرۆڤە بەڕۆبۆتکراوە ، بەماددە مۆمیاکراوە ، داڕنراوە لەهەر چەمکێکى ڕۆحى و ئەخلاقى ، بارگاوییە بەسەردەمى پیشەسازیی و ماددەو کەرەستەکانى ژیان ، ” مارکۆزە ” لایوایە ، ڕاستە داهێنانە یەکلەدواى یەکەکان بەرهەمى سەرکێشى و بیرى ئینسانە ( چ مرۆڤێک ؟ چ کلتورێک ؟ بێگومان خۆرئاوایی مەبەستە ) . بەڵام هەربەم کاڵایانەى لەبازاڕداهەن ، هەربەم ئامرازانەى کۆمینیۆکەیشنەوە ، ڕاستەوخۆ خودى مرۆڤ کۆت و بەندى توند ئەکاتە دەست و پێیەکانى خۆى .

ئەو پڕبەگەرووى خۆشى هاوارئەکات : کوچەو کۆڵانەکان و بازاڕەکان جمەیان دێ لەشمەک ، ئەى چارەنووسی مرۆڤ کوانى ؟. هەقە بپرسین ژمارەى ئەو کەسانە چەندە ، کە جڵەوى ئاڕاستەکردنى خۆیان نەداوەتە دەست تەکنەلۆژیا و داهێنانى وەک : کۆمپیوتەرو ئینتەرنێت و ئایپادو ئایفۆن و ڤایبەرو هەموو ئەوبەرنامەو شتە نوێیانەى دیکەى لەناو ئەمانەدا هەن ؟. ئایا مرۆڤى هەزارەى نوێ فریاى پێداویستییەکانى ژیانى خۆى و لاساییکردنەوەى ئەوانى دى دەکەوێت ؟.

لێکەوتەو لایەنە خراپو هەستناکەکانى شەپۆلى ئەم داهێنانانە ، کام پنت و خانەى ناو کۆمەڵ ناگرێتەوە ؟. لەکلتور ( زمان و هونەرو ئەدەب و بچوککردنەوەى جوگرافیا ) ەوە تا دەگاتە ئیختراقێکى کۆمەڵایەتى ئەمنى بە بەرنامە کراو . بۆنمونە : تاکەکان دوێنى لەمامەڵەدا چۆن بون و ئەمڕۆکە چۆنن ؟ ئاخۆ ئەقڵ و هۆش سەنتەرە یان تەکنەلۆژیا ؟. یاخودشێوازەکانى مکیاژو خۆگۆڕین و غەسالەکانى قاپ شتن و سەیارە شتن و جل شتن و جۆرەکانى ئۆتۆمبیل و ئامێرەکانى دى !. بۆیە مارکۆزە وازناهێنێت لە نەمانى هۆش و ئینتیماى تاکەکان بۆ هەر شتێک ، لایوایە : پارسەنگى ئەقڵ بۆ نائەقڵانیەت ئەوەیە رۆح بگەڕێتەوە بۆ تاکەکان و بۆ کۆمەڵەکان ، ڕۆحیش جەختکردنەوەیە لەو مرۆڤەى کە هەر بەسروشت یەک ڕەهەندى هەبووەو هەیە . دەکرێت ئەنجامى ئەوەى لێ هەڵڵوشین کە : لۆدو کاریگەرییە نێگەتیڤەکانى ئەم پرۆسەیە ، بۆ خودى ڕۆژئاوا کەم نییە ، چونکە لانى کەم داماڵینى تاکە لەخەیاڵ و فەنتازیاو چەمکە ئاکارییەکان ، وەگۆڕینى پەیوەندییە ڕاستەوخۆکانیانە بۆپەیوەندیی لاوەکى ( لەبرى بەریەککەوتنى ڕاستەوخۆ و بینینى کەسە نزیکەکان،ڤایبەرێک یان ئینتەرنێت بەکاربهێنە ) ، ئاخۆ دەبێت بۆ کۆمەڵەجیاوازەکانى کایەى ڕۆژهەڵاتى بەکاربەر چۆن بێت ؟.

سێهەم : بێهۆش کەوتنى تاکى ڕۆژهەڵاتى .

ئیشى زانست و مرۆڤ هەرگیز دۆزینەوەى دیاردە نییە ، هەرچى زانست و بکەرێک هەیە ناتوانێ ببێتە هۆى دۆزینەوەى دیاردەیەک ، بەواتایەکى تر مرۆڤ هەبێت یان نەبێت ” دیاردەکان ” هەیە ، (مەریخ و زوحەل ) هەبون ، مرۆڤ تەنها ژیان و هەبون یان نەبونى ئاوى لەسەر دۆزیونەتەوە ، تەنانەت لاى هەندێک : مرۆڤ لەمێژووشدا ڕۆڵى نییە ، تاکەکان هەبن یان نەبن ، مێژوو خۆى ملى ڕێگەى گرتووە . بەڵکو ئەرکى زانست بەهەموو لقەکانییەوە ، تەنها ئەوەیە : پەیوەندیی نێوان ئەم دیاردانە بدۆزێتەوە .بۆخۆشى بونى زانستێک بەناوى دیاردەناسی ( فینۆمینۆلۆژیا ) لەواقیعدا ئەوەیە : کەسەکان هێشتا تاقەتیان نەگەشتۆتە ئەوەى دیاردەکانیش بەتەواوى بناسن ، بۆنمونە : لەگەردوون . لەشێوازى ناسینەوەى مرۆڤە زۆر سەرەتاییەکان . بیردۆزەکانى پەرەسەندن .. هتد . زۆرجار هەڵەیەک ڕووئەدات کاتێک پەیوەندیی نێوان دوو حاڵەت یان دوو دیاردەیان ئاشکرا کردووە ، ناویان لێناون (دیاردەیەکى نوێ ) .

لێرەوە ، تاکى شەرقى و سسیتەمەکانیان ، هەرلەوەدا زیان ناکەن کە لەتەکنەلۆژیاشدا ئەوان بەکاربەرو بەرخۆرن ، لەنەبونى ئاگاییەکى ئەوتۆشدا هەریەکەو سەیرى ئەوى دى دەکاو ناگەن بەوەى پەیوەندیی نێوان ئەم دیاردانە چین ؟. تەنانەت لەوگوتارەشدا سەرکەوتو نین کە ئاڕاستەى خۆرئاواى دەکەن ، لەدژى ئەو داگیرکردن و تێکچون ( اختلا و احتلال) ە . ناڕاستەوخۆیەى کە کەس نازانێ کەى دەستیان لەم ناوچەیە ئەبڕێت !. ئەوەتا فەیسەڵ قاسم لە هەجوى ئەوانەى دژى بەرهەم و نیعمەتەکانى ئەوروپان دەڵێت : سەیرە ! هەندێک کەس سوارى شەمەندەنەفەر ئەبن و پارەش نادەن ، کەداشئەبەزن دەست دەکەنە جنێودان بەشۆفێرەکە .!. ئیدى ئەمڕۆ شۆفێرەکە خۆرئاوایە ، دەزگا موخابەراتیەکانى ڕۆژهەڵات و زۆرێکى جیهانیش بەڕێگەى ( یاهو و جیمەیڵ و هۆتمەیڵ ) نامەکانیان ئاڵوگۆڕ ئەکەن ، کەچى مەرکەزیی ئەم کارانە لەئەمریکایە و ئاگاى لێیەتى !! هەموو ئامێرێک لەمەولا کە دروستى دەکەن ، بەپێی ئەو مەواسەفاتانەیە کەخۆیان دەیانەوێ ، بۆ کۆنترۆڵکردنى بارودۆخێک لەئایندەدا ڕووئەدا . سەیربکە ، لەکوردستان هاککەرێکى شارەزا ، کەسێکى سیڤیل و ئاسایی ، چۆتە ناو یەکێک لەسایتەکانى (پ ، د ، ک) ەوە ، یەکسەر بێ زانینى ناوو هیچ ناونیشانێکى ئەم هاککەرە ، تەلەفۆنى بۆ دەکەن : ئەوە چى ئەکەیت لەناو سایتەکەمان بچۆ دەرەوە،لەحەپەسانێکى هاککەرە شارەزاکە،جوڵەیەک دەکات ، پێی ئەڵێن : جیگەکەى خۆت مەگۆڕە ، ئەوە بۆ جوڵاى !.

بڕوانە ڕۆژهەڵات دەستەمۆیە ، جاران چەند ئیلهام و کتێب لەمیسر ئەنوسرانەوە ئێستا چەن ؟. چەند کتێب لەعێراق دەفرۆشراو دەخوێنرایەوە ئێستا چەن ؟. جاران چەند پرۆژەى سیاسیی هێزە پلەیەک و دووەکانى جیهان هەبوو ، ئێستا چەن پرۆژەى خەستى هەواڵگریی و ئابوریی لەسەر نەخشەى ووزەى جیهان هەیە ؟ هەریەکەیان لەڕێگەى ئامێر و داهێنانە نوێیەکانەوە ئامانجەکەیان پراکتیزە دەکەن . لەنێوخۆشدا جێی پرسیار نییە کە فەرمانبەرو سەربازەکانى ئێمە لەڕێگەى فەیسبوکەوە ، داواى مۆڵەت لەبەڕێوەبەرو ئامرەکانى خۆیان ئەکەن !.کەواتە دەبێت سەرلەنوێ و تازووشە ئەم پەیوەندییانەى نێوان ( تاک و دەوڵەت ) وە (کۆمەڵ و دەوڵەت) دابڕێژرێنەوە ،کەپێشتر لەسەر بنەماى (ئەرک و ماف) شوناسکرابون ، ئێستا رۆبۆتێک و ئالەتێک ئەرکى سەد مرۆڤ دەبینێ ، مافەکانیش تادێن لەسەردەمى زیاتربونى حەزو غەریزەکانى خودى مرۆڤدا بەرەو زفت بون دەچن . تاکەکان لەوەها حاڵێکدا ئامادەگى نانوێنن تا ملکەچى سیستەم و دەوڵەت بن ، بەسروشتى سیاسەت لە (دەولەت – شار) ى یۆنانى کۆنیشەوە ، وابوە کە کۆمەل هەبو سیاسەت هەیە ، لەدووچین پێک دێت : زۆرینەیەکى فەرمانپێکراو (مەحکوم ) کەمینەیەکى فەرمانڕەواى هەڵبژێرراو (حاکمەکان) . ڕونتریش ئەگەر وا بچێت ئەرک و ئایندەو ماناى هەریەکەکە لە : تاک ، کۆمەڵ ، دەوڵەت ، سیستەم ، سیاسەت ، نەتەوە . دەگۆڕێن .

بڕوابون ، بەوەهم و ئارەزوى سیستەمەکان بۆ ڕیفۆرمێکى ڕیشەیی ، وەک تەماشاکردنى ئەوفلیمە بەرجەستەیەى ئەمڕۆى جیهانى عەرەبییە ، قورئانیان بەرزکردۆتەوەو کار بەمەجوسیەت ئەکەن ، باسی نەتەوەو نیشتمان دەکەن ، بەشدارن لەوێرانکردنى بیرى ناسیۆنالیزمی بۆ دامرکاندنەوەى مەرامە تاکگەرایی و گروپگەراییەکانى خۆیان . لەمێژووى مرۆڤایەتى یان لەو ڕۆژەوەى (سیاسەت ) هاتۆتە سەرزەوى ، هیچ کاتێک وەزیرو پەرلەمانتارەکان و سەرکردەکان بەشێک نەبون لەچاککردنى ئەم دونیایە ، ئەوەى دەستى لەگۆڕینى کۆمەڵ و کلتورو مێژوودا هەیە نوخبەو ڕۆژنامەنووسە جەربەزەکانن . ئەوانن بەئاڕاستەى یاخى بون لە هەموو شت ، شۆڕشێکى قووڵ و مەشخەڵێک دائەگیرسێنن ، بیرۆکەو چەمکەکان دائەتاشن تاهەمووان لەدەورى کۆببنەوە . دەچنەوە سەر ئامۆژگارییەکەى ” کافکا ” دەیگوت : کۆمەڵگە بەلاى ڕاستدا ڕۆیشت،تۆ بچۆ لاى چەپ ، تۆ زووتر ئەگەى .”