Serkrdekan

یەکێتی و گۆڕان شەڕ لەسەر جێگری نێچیرڤان بارزانی دەکەن

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

ستیڤان شەمزینی :

* گۆڕان و یەکێتی بەهۆی ململانێ لەسەر جێگری نێچیرڤان بارزانی پێکهێنانی کابینەی نوێ دوادەخەن

* پێشنیاری دوو جێگر یان زیاتر بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران رێگە چارەیەکی ناچارییە

لە ماوەی 22 ساڵی رابردوو و لە میانی پێکهێنانی حەوت کابینەی پێشووتری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، پێکهێنانی هیچ کابینەیەکی حکوومەت هێندەی ئەم کابینە پڕ زەحمەت و پرۆسەیەکی تاقەتپڕوکێن نەبووە . بەشی زۆری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ تێکچوونی نەخشەی سیاسیی لە هەرێم و جێگۆڕکێی هێزەکان لە میانی پرۆسەی هەڵبژاردنی 21 ی ئەیلوولی ساڵی رابردوو. باڵانسی هێز و گۆڕانی ریزبەندیی حزبە سیاسییەکان دۆخێکی هێناوەتە ئاراوە کە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتێکی کردۆتە ، کردەیەکی قورس و پڕ سەرئێشە لە دانوستانی هەمەلایەنەی سیاسیی نێوان کۆی لایەنە سیاسییەکانی سەر گۆڕەپانی ئەمڕۆی کوردستاندا.

حاڵی حازر پرسی دواکەوتنی کابینەی هەشتەم نەک بووەتە گرێکوێرەیەکی سیاسیی ، بەڵکو بووەتە بابەتێکی گرنگ و گەرمی میدیایی . ئاخۆ بۆچی هێزە سیاسییەکان ناتوانن لە یەکتر نزیک بنەوە بۆ پێکهێنانی حکوومەت ؟ چی ئەم کابینە لە کابینەکانی پێشووتر جیا دەکاتەوە کە وا پێکهێنانی بۆتە کردەیەکی ئەستەم ؟. ئایا چەند کاتی تر پێویستە لە چاوەڕوانی پێکهێنانی ئەم کابینەیەدا ؟ ئایا ئەگەر زیاتر لەمە پێکهێنانی حکوومەت دوا بکەوێت ، چی کاریگەرییەکی نەرێنی دەبێت بۆ سەر جووڵەی سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ؟. هەموو ئەم پرسیارانە ، کۆمەڵێک پرسینی زۆر لۆجیکی و رەوان کە لە سەروبەندی گفتوگۆی درێژماوەی لایەنەکان بە مەبەستی پێکهێنانی حکوومەت هاتوونەتە ئاراوە. بەڵام پرسیاری جیددی ئەوەیە رێگرە هەرە گرنگەکە چییە ؟.

وەڵامی پڕاوپڕی ئەو پرسیارەی لای سەرەوە ئەوەیە ، کۆی حزبە براوەکانی هەڵبژاردنی 21 ی ئەیلوولی 2013 لە هەوڵێکی چڕ و پڕدان ، بە مەبەستی بەدەستهێنانی پشکی زیاتر لە دەسەڵات و کابینە چاوەڕوانکراوەکەدا. بە مانایەکی تر هەر یەکە لە روانگە و میتۆدێکەوە دەیەوێت بەرانبەرەکەی قەناعەت پێ بکات ، تاکو بتوانێت زۆرترین دەستکەوتی هەبێت لە پۆستەکانی حکوومەت و گوڵەوەچنێی زۆرترین سەرکەوتنی سیاسیی و ئابووری بکات . بەڵام ئەوەی لەم نێوەندەدا لەبەرچاو نەگیراوە ، ژیانی هاووڵاتیان و پرسی نەتەوەیی کوردە کە ئەو دوو بوارە بە رۆژێک زیاتر دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەت ، زۆرتر زیانمەند دەبن و لە کۆتاییدا دەبنە کێشەیەکی تر لەسەر کێشە کەڵەکەبووەکانی پێشتر کە هێشتا بە چارەسەرنەکراویی ماونەتەوە.

لە هەڵبژاردنی 21 ی ئەیلوولی 2013 ، پارتی براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە بوو ، بە دوایدا گۆڕان پلەی دووەم و یەکێتی پلەی سێیەمی بەدەستهێنا ، هەرچی هەردوو حزبە ئیسلامییەکەشە لە پلەی چوارەم و پێنجەمدا مانەوە. کە ئەوەش ئاماژەیەکی دڵخۆشکەرە چوونکە بەسێ حزبی عەلمانی ” پارتی و یەکێتی و گۆڕان ” توانیان 80 کورسی پەرلەمان ببەنەوە ، لە بەرانبەر 17 کورسی لایەنە ئیسلامییەکان . خۆ ئەگەر لە باسەکە دوور نەکەوینەوە و بگەڕێینەوە سەر کاکڵەی مەبەست و سەیری چەند خولی پرۆسەی دانوستانی شاندی دانوستانکاری پارتی بکەین ، نەیانتوانی هیچ سیاغەیەک بدۆزنەوە کە هەموو لایەنەکان رازی بکات ، بە تایبەت پارتی کەوتبووە نێوان بەرداشی یەکێتی و گۆڕانەوە، چوونکە نەیدەتوانی دەستبەرداری هیچکامیان بێت ، بەوەی لەگەڵ یەکێکیان رێککەوتنی ستراتیجی هەبوو ، لەگەڵ دووەمیشیان رێکەوتنێکی نوێ کە پەیماننامەی شەرەفی پیرمامی تێدا بەرهەم هاتبوو . بە گشتیی تا ئەم چرکەساتەش هێشتا پارتی لە نێوان دووڕیانی یەکێتی و گۆڕان ماوەتەوە ، کە نازانێ بە خواستی کامیان مامەڵە بکات .

هەردوو لایەنی ” یەکێتی و گۆڕان” تەماعیان لە پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەتدا هەیە . یەکێتی لەلایەک ئەوە بە بیر پارتی دەهێنێتەوە کە خاوەنی رێککەوتنی ستراتیجییە لەگەڵیدا و وەک دۆستێکی هەمیشەیی خۆی سەیری دەکات ، لەلاکەی تر پارتی بە قەرزاری خۆی دەزانێت بەهۆی دەنگدانیان بە درێژکردنەوەی ماوەی ولایەتی سەرۆکی هەرێم کە ئۆپۆزیسیۆن ناویناوە کودەتای 30 ی حوزەیران . لە بەرەی دووەمەوە گۆڕان هەیە ، کە ئامادەیە لەگەڵ پارتی هاوپەیمانێتی بکات بە مەبەستی پێکهێنانی حکوومەت و بەگەڕخستنی ئیرادەیەکی نوێ بۆ چاکسازیکردن لە دۆخی ئێستای هەرێمدا. گۆڕان ئەوە بە بیر پارتی دەهێنێتەوە ناکرێت ئەوە لەبەرچاو نەگیرێت بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن هێزی دووەمە و بە پێی یاسا پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەت مافێکی رەوای خۆیەتی .

لە بەرەی پارتییەوە ، ئەوە بڕاوەتەوە نێچیرڤان بارزانی کاندیدی پارتییە بۆ سەرۆکایەتی کابینەی هەشتەم، بەڵام لە ئێستادا شەڕ لەسەر پۆستی جێگرەکەیەتی ، کە دەبینین هەر دوو لایەنی ” گۆڕان و یەکێتی ” شەڕی لەسەر دەکەن. بە دیوێکی تردا گۆڕان و یەکێتی چەند مانگە بەهۆی ململانێکردن لەسەر جێگری نێچیرڤان بارزانی پێکهێنانی کابینەی نوێ دوادەخەن و هەوڵەکانی بەیەک گەیشتنی هێزەکان لە خاڵێکی هاوبەشدا پەک دەخەن. بارودۆخەکە گەیشتۆتە راددەیەک یەکێتی هەڕەشە لە پارتی دەکات ، هەر کابینەیەک بێ ئەوەی خواستی ئەو حزبەی تێدا بهێنرێتە دی ، لەم دیو دێگەڵەوە هیچ دەسەڵاتێکی نابێت ، لەلایەکی ترەوە گۆڕان هەڕەشەی ئەوە دەکات ، ئەگەر بەپێی ئییستحقاقی هەڵبژاردن مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت ، کاردانەوەی دەبێت و رەنگە لەم بوارەشدا دەست بباتەوە بۆ ورووژاندنی شەقام و جۆشدانی دەنگی ناڕەزایەتی .

ئەوەی لە دیمەنەکەدا دەبینرێت ، کە زۆر جار باس لە پێشنیاری دوو جێگر یان زیاتر دەکرێت بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ، رێگەچارەیەکی ناچارییە بۆ دەربازبوون لەو قەیرانەی ئێستا بەهۆی شەڕی یەکێتی و گۆڕانەوە لەسەر پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەت هاتۆتە ئاراوە . هێشتا دەرنەکەوتووە ئایا هێزەکان لەسەر پێشنیاری دوو جێگر یان زیاتر بۆ سەرۆکی حکوومەت رێکدەکەون یان نا ، بەڵام ئەگەر بارودۆخەکە بەمشێوەیە بن و گۆڕان و یەکێتی سووربن لەسەر داواکانیان ، بێگوومان ئەو پێشنیارە دەبێتە بژاردەیەکی دیفاکتۆ ، یان دیفاکتۆیەک کە رەنگە لە داهاتوودا شوێنەواری نێگەتیڤی لەسەر پرۆسەی حکومداریی لە هەرێمی کوردستان دەربکەوێت ، چوونکە ناکرێت دیموکراسی و پرۆسەی دەوڵەتداریی لەکەدار بکرێت بە خاتری دڵڕاگرتنی هێزێک یان چەند هێزێک کە نەیانتوانیوە بە رێگای سندووقی دەنگدان ئەو بەشە بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن .

لەوانەیە چوونی شاندی پارتی و یەکێتی ، بەشی زۆری پەیوەندیی بە پرسی پێکهێنانی حکوومەتەوە بێت ، چوونکە وا دیارە هێزە کوردستانییەکان ، لە ئاستی ناوخۆ نەگەیشتوونەتە ئەنجامێکی دڵخۆشکەر ، بۆیە لەم نێوەندەدا تەرەفی سێیەم ، کە هێزێکی هەرێمییە هاتۆتە سەر خەت، لەوەشدا کارەساتێکی گەورە خۆی نمایش دەکات، بەوەی چۆن دەبێت پرسێکی ناوخۆیی کوردستان، لەسەر مێزی گفتوگۆی دەوڵەتێکی هەرێمی بگاتە چارەسەر؟. بەهەمەحاڵ تائێستا یەکێتی و گۆڕان هەریەکەیان بە پاساوێکی تایبەتی سوورن لەسەر وەرگرتنی پۆستی جێگر سەرۆکی حکوومەت، ئەوەی لە گووتاری ئەم حزبانەدا لەم ماوە کورتەدا دەرکەوت کە هیچ پێگە و بوونێکی نییە، ستراتیجی نەتەوەیی و دڵسۆزییە بۆ وڵات ، چوونکە وڵاتپەروەری راستەقینە هەمیشە خاوەنی کانگای لێبووردنە بۆ سوودی گشتیی و دواڕۆژێکی رووناک بۆ نەتەوەکەی .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت