Atta-00

عەتا قەرەداخی : نەوت و ناسیونالیزم .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

رەنگە کۆکردنەوەى ئەم دوو وشەیە پێکەوە لە ئێستادا ئاسایی ببینرێت لە کاتێکدا بۆ سەدەی نۆزدەیەم کە سەدەی دەرکەوتنی ناسیونالیزمی ئەوروپی بووە ، زاراوەى نەوت پەیوەست بەو چەمکە کۆمەڵایەتیە دەشێ هیچ مانایەکی نەبووبێت ، ئەویش لەو روانگەیەوە کە هێشتا دۆزینەوەى نەوت لە ئاستی نەبوودا بووەو لە رووی ئابووریشەوە هیچ رۆڵ و دەورێکی نەبووە . ئەوەش بە بارێکی تردا لە لایەک شێوازی سرووشتی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی نیشان دەدات کە ئەویش رووناکی دەخاتە سەر شێوازی دەرکەوتن و فۆرمەلەبوونی ناسیونالیزم لەو قۆناغە مێژووییەدا.

بەهەرحاڵ کاتێک باسی ناسیونالیزم لەو کۆمەڵگەیانەدا دەکرێت کە بە وڵاتانی جیهانی سێیەم ناودەبرێن و زیاتریش کۆلۆنیکراون ، قسە لەسەر چەمکی ناسیونالیزمی دژە کۆلۆنیالیزم دێتە پێشەوە واتە ئەو ناسیونالیزمەى کە لە یەک کاتدا دوو ئەرکی لە ئەستۆیە ئەرکی رزگاری نیشتیمانی و ئەرکی درووستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی . کە زۆربەى کات ئەم ناسیونالیزمە لە بری ئەوەى بەرنامەو ئایدیۆلۆجیای چینی ناوەند بێت بەرنامەو ئایدیۆلۆجیای کۆی کۆمەڵگە یان نەتەوەی کۆلۆنیکراو بووە .

هەروەک لە هەندێ کۆمەڵگەى پاشکۆی وڵاتانی سێیەمیشدا کە پێشتر نە دەوڵەتی خێڵ و نەدەوڵەتی ئایینی و نە هیچ جۆرە دامەزراوەیەکی لە جۆری دەوڵەتی نەبووەو وڵاتەکەشی بەر پرۆسەى داگیرکردن کەوتووە جۆرێک لە بزووتنەوەى رزگاری نیشتیمانی تیایدا درووستبووە کە دەشێ بگوترێت ئەو بزووتنەوانە بزووتنەوەى ناسیونالیزمی خاوەن شووناس نەبوون بەڵکو بە هەندێ لە رەگەزەکانی ناسیونالیزم بارگاوی کراون . هۆکاری ئەوەش ئاشکرایە کە لە ئاستی یەکەمدا مانەوەى ئەم جۆرە کۆمەڵگەیانەیە لە ئاستێکی دواکەوتووی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتووریدا . بە جۆرێک دەتوانرێت بگوترێت ئابووری نەیتوانیووە لەم کۆمەڵگەیانەدا سادەترین دەوری بزوێنەری مێژوو ببینێت و لە رووی ئابوووریشەوە ئەم جۆرە کۆمەڵگەیانە وابەستەو پاشکۆی ئەو دەوڵەتانە بوون کە داگیریان کردوون . ئەمەش وایکردووە کە شێوازی بزووتنەوە رزگاریخوازەکانی ئەم جۆرە کۆمەڵگەیانە نەتواونن شێوازێکی تایبەتی لە بزووتنەوەى ناسیونالیزمی خاوەن شووناسیان هەبێت بەڵکە زیاتر ناوچەیی بن و عەقڵی خێڵ و ستراتیژی خێڵ بەڕێوەیان ببات .

بەهەرحاڵ کۆمەڵگەى کوردی لەم جۆرەیانە ، واتە نە ناسیونالیزمی سرووشتی لە کوردستاندا درووست بووە ، نە ناسیونالیزمی بە تەواوی هاوشێوەى ناسیونالیزمی ولاتانی جیهانی سێیەمیش درووست بووە. نە لە رابردوودا ناسیونالیزمی دژە کۆلۆنیالیزمیش بە شێوەیەکی پێگەیشتوو دەرکەوتووە. ئەى کەواتە ئەو بزووتنەوانەى ئێمە دەشێ لە دەرەوەى بزووتنەوەى ناسیونالیستی باس بکرێن ؟ ئایا جۆرێک لێکچوون هەیە لە نێوان ناسیونالیزمی کوردی و ناسیونالیزمی ئەو دەوڵەتانەدا کە لەسەر داهاتی نەوت دەژین و دەشێ پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان ناسیونالیزمی ئەو کۆمەڵگەیانەوە ئابووری نەوتدا هەبێت . بێگومان وەکو ئاشکرایە ناسیونالیزمی سرووشتی بەرهەمی پەرەسەندنی سرووشتی کۆمەڵایەتیەو لە بنەڕەتدا پرۆژەى چینی ناوەندە .

لەم روانگەیەوە بە گوێرەى کۆمەڵگەى کوردی کە ئاشکرایە چینی ناوەند بەو جۆرە پێکنەهاتووە کە بووبێتە چینێک بۆ خۆی و خاوەنی شووناسی خۆی بێت و بەو پێیەش هەڵگری پرۆژەى نسیونالیزم بێت کە درووستکردنی دەوڵەتی نەتەوەییە . هاوکات ئەوەش دەزانین کە کوردستان نەبووەتە کۆلۆنییەکی ژێر سایەی دەوڵەتێکی کۆلۆنیالیستی خاوەن شووناس لە جۆری کۆلۆنیالیستەکانی رۆژئاوا. بەڵکو کوردستان بووەتە کۆلۆنییەکی نێودەوڵەتی کە کۆمەڵێ دەوڵەتی پاشکەوتووی شۆڤێنی دەسەڵاتیان بەسەردا کردووە ، ئەوانیش لە لایەکەوە هەوڵیانداوە بنەما کلاسیک یان سرووشتیەکانی بوونی کورد وەکو ئیتنیکێکی جیاواز هەڵبوەشێننەوەو بەوپێیەش هەوڵیان داوە بنەماکانی ناسیونالیزمی کوردی لە رەگ و ریشەوە لە نێوبەرن و تەنانەت هیچ دوودڵ نەبوون لە پاکتاوی رەگەزی کورد .

لە لایەکی ترەوە ئەو بارودۆخەی کە کۆلۆنیالیکردن بەسەر کوردستانیدا سەپاندووە هەر لە دێر زەمانەوە بووەتە هۆی درووستنەبوونی سیستێمی ئابووریی خاوەن شووناس لە کوردستاندا . لێرەوە دەمانەوێت بڵێین ئەو بنەمایانەى کە لە باری سرووشتیدا دەشیا یان تەنانەت پێویست بوون بۆ ئەوەى ببنە زەمینەى درووستبوونی ناسیونالیزمی کوردی بە هۆی پەرەسەندنی ناسرووشتی و بەهۆی داگیرکردن و دابەشکردنی یەک لە دوای یەکەوە پاسیڤ کراون ، بە جۆرێک کە نەتوانن دەوری سرووشتی خۆیان لە جوڵاندنی کورد بەرەو بوون بە نەتەوە لە روانگەی مۆدێرنێتەوە ببینن ، کە مەبەست لەم قسەیەش ئەوەیە کە چۆن دەوڵەت نەتەوە درووست دەکات . واتە لێرەدا ئێمە وەکو کورد بە هۆی داگیرکردنەوە بنەماکانی هاتنە ناومێژوومان لە رووە کلاسیکیەکەیەوە لە کار خراون . لە روانگەى هاوچەرخانەشەوە کە دەوڵەت بەرهەمی مۆدێرنێتەیە داگیرکردن رێگای نەداوە مودێرنێتە لە کۆمەڵگەی کوردیدا لەسادەترین شێوەەشیدا دەربکەوێت بەڵکو ئەم کۆمەڵگەیە بووەتە بەکاربەرێکی پاسیڤی بەرهەمەکانی مۆدێرنێتەو لەو رووەشەوە هیچ بنەمایەک بۆ بەرهەمهێنانی ناسیونالیزمێک نەڕەخساوە تا لەوێوە دەوڵەتی نەتەوەیی کوردی درووست ببێت .

بەڵام ئێمە دەزانین کە چەندین نەتەوەی تریش هەبوون کە لە هیچ کام لەو دوو دەروازەوە نەبوونەتە خاوەنی دەوڵەت بەڵکو لە دەروازەیەکی ترەوە گەیشتوون یان گەیەندراون بەو ئاستەى کە دەوڵەتیان هەبێت ، باشترین نموونەش میرنشینەکانی کەنداون . ئەوە ئاشکرایە کە پاڵنەری سەرەکی بۆ بوون بە دەوڵەتی کۆمەڵێک میرنشین لە دوورگەى عەرەبیدا دۆزینەوەی نەوت و دەرکەوتنی سامانی دەوڵەمەندی نەوت بوو لەو رووبەرەدا. ئەگینا ئێستاشی لەگەڵدا بێت بنەماکانی نەتەوە لەو رووبەردا نە لە بارە کلاسیکیەکەیداو نە لە رێگای مۆدێرنێتەشەوە فەراهەم نەبوون بەڵام نەوت وەکو سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی ئابووری بووەتە هۆکارو رێگاخۆشکەر بۆ ئەوەى پێش ئامادەکردنی زەمینەى ناوخۆ بۆ درووستبوونی دەوڵەت زەمینەى دەرەوە یان نێودەوڵەتی بۆ ئەو مەبەستە ئامادە کردووە .

هاوکات نوخبەیەک لە بازنەکانی سەرەوەى دەسەڵاتی بنەماڵەى میرەکان و نوخبەی رۆشنبیریش وەکو نوخبەى ناسیونالیست دەرکەوتوون بۆ هەڵگرتنی ئەو پرۆژەیە کە پرۆژەى درووستکردنی دەوڵەتە کە بێگومان ئەوە ئاشکرایە لەو رووبەرەدا کە نوخبەیەک لە ناسیونالیست دەرکەوتووە هاوکات نە ئەوساو نەئێستاش ناسیونالیزمی عەرەەبی خاوەن شووناس لەو رووبەردا ئامادەبوونی نەبووە. سادەترین بەڵگەش ئەوەیە ئەگەر ناسیونالیزم بوونی هەبووایە لەو رووبەردا کە تەنانەت یەک ئیتنیکی دیاری تێدا دەژی لە بری ئەو کۆمەڵە دەوڵە یەک دەوڵەتی نەتەوەیی درووست دەبوو .

ئێستا دیارە کە پاڵنەری درووستکەری دەوڵەتانی کەنداو پاڵنەری نەوتە واتە کۆمەڵگەى نیمچە دوورگەى عەرەب لە رێگای نەوتەوە دەوڵەتیان بۆ درووست بووە. ئایا دەشێ کوردیش وەکو نەتەوەیەک کە لە هیچ کام لە دەروازەکانی ترەوە نەیتوانیووە بێتە ناو مێژووەوەو دەوڵەتی خۆی درووست بکات ، لە رێگای نەوتەوە وەکو ئەوان ببێتە خاوەنی دەوڵەتی خۆی ؟ راستە قۆناغە مێژووییەکەى ئێستا لەچاو دوای جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی جیاوازی هەیە، بە تایبەتی بۆ ئەو کاتە کە دەوڵەتانی رۆژئاوا خاوەنی بڕیاری یەکلاکەرەوە بوون و بەرژەوەندییان لەگەڵ کێدا گونجا بێت پشتگیری ئەوەیان کردووەو بۆ ئەو کاتەش ئاشکرایە بەرژەوەندی رۆژئاوا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وایکردووە کە پشتگیری شێخ و میرە عەرەبەکان بکەن بۆ ئەوەى ئەوانیش دەور ببینن لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی رۆژئاوادا. بۆ ئێستاش ئەوەى گرنگە کورد چۆن لە رووی بەرژەوەندی ئابوورییەوە هاوبەش و بەشدار بۆ خۆی پەیدا بکات بەو مەبەستەى کە ئەوانیش لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا بەرژەوەندی کورد بپارێزن .

دیارە ئاشکرایە کە یەکێک لەو بوارە گرنگانەى کە باشووری کوردستان ماوەیەکە دەستی داوەتێ مەسەلەى دۆزینەوەو پاشانیش دەرهێنانی نەوتە . راستە لە سەرەتاوە کورد بە ناچاری هەوڵیدا نەوت دەربهێنێت بۆ دابین کردنی پێدویستیەکانی خۆی لە کاتێکدا کە رژێمی بەعس بە تووندترین شێوە دەرگاکانی ئابووری لەسەر هەرێمی کوردستان داخست . ئەو کات کورد توانی نەوتی شیواشۆک دەربهێنێت و پاڵاوگەش بۆ دابینکردنی بەشێک لە پێداویستیەکانی خۆی دابنێت . وەکو دەشزانین لەو سەرەتایەدا پشتی بە تواناو شارەزایی ناوخۆ بەست . بەڵام پاشان ئەو پێداویستیە بوو بە جۆرێک لە ویست و بەرنامەو تا کارگەیشتە ئەوەى کە ژمارەیەکی دیار لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوتی جیهانی بێنە کوردستان و بە دوای دۆزینەوەو دەرهێنانی نەوتدا بگەڕێن و دوا هەنگاویش درووستکردنی بۆری ناردنە دەرەوەى نەوتە .

سەرۆکی کۆریای باشوور لە نیوەی دووەمی شەستەکانی سەدەی رابردوودا کاتێک وڵاتەکەى توانی کۆمپانیای ئاسن بەرهەمهێنان دابنێت دەڵێت کۆریا لە وڵاتێکی پەراوێزییەوە گواسترایەوە بۆ وڵاتێک لە ناوەنددا چونکە بووە هاوبەشی ئابووری جیهانی. بێگومان دەشێ هەمان قسە بۆ هەرێمی کوردستانیش راست بێت مادەم کورد سەرچاوەیەکی هەیە کە جیهان چاوی لێیەتی کەواتە ئەگەر بە وردی و بە پێی بەرنامە کاربکات ئەوا لە رێگای نەوتەوە دەبێتە جوگرافیایەک کە ئامادەبوونی ئابووری و بەو پێیەش ئامادەبوونی سیاسی دەبێت لە سەر مێزی سیاسی و ئابووری جیهانی. دیارە ئێمە پێشتر باسی رۆڵی نەوتمان کرد لە درووستکردنی دەوڵەتدا بۆ نیمچە دوورگەى عەرەبی لە کاتێکدا کە ناسیونالیزم لەو جوگرافیایەدا هیچ ئامادەبوونێکی نەبوو ، کە بە پێچەوانەى ئەو رووبەرەوە ئێستا لە کوردستاندا هەرچەندە پرۆژەى ئاشکرای ناسیونالیزم لای حیزبی کوردی رانەگەیەندراوە بەڵام بنەماکانی ناسیونالیزم لە قۆناغی بەرەو درووستبوون و خۆنمایش کردندایەو لە هەمان کاتیشدا نوخبەیەکی بەرفراوانی ناسیونالیست بوونی هەیە کە شێوازی کارکردنی نوخبەى سیاسیش هەرچەندە جۆرێک لەشەرمنی پێوە دیارە بەڵام دیسان هەست دەکرێت جۆرێک لە تموحی ناسیونالیستانەى هەیەو سەرئەنجامیش هەڵوێستە شۆڤێنیەکانی دەوڵەتی عێراقی نوخبەى سیاسی کوردی ناچاردەکات کە هەڵوێستی درووست و واقیعیانە وەربگرێت کە مل نەدانە بۆ چوونە ژێرباری بڕیارو هەڵوێستەکانی شۆڤینیزمی عێراقی سوونەو شیعەوە بە بێ جیاوازی . بەڵی ئێستا نزیکترین دەروازە کە کورد لێیەوە لەم بەشەى کوردستاندا بگەیەنێتە بڕیاری یەکلاکەرەوە مەسەلەى نەوتە . ئەگەر کورد لەم پرۆژەیەدا سەرکەوتنی بەدەست هێنا ئەوا ناسیونالیزمی کوردی بە هۆی پاڵنەری نەوتەوە هەنگاوی بەرەو پێگەیشتن دەنێت و دەشێت لێرەوە کورد بێتە ناو مێژووەوەو بوونی خۆی بسەلمێنێت .