aram-Rafat

دکتۆر محەمەد ره‌فعه‌ت : هەرێمی کوردستان لە خاوەنەوە بۆ شەریک .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە گوێرەی سایتی فەرمی حکومەتی هەرێم نزیک بە سێ دەرزەن کۆمپانییای نەوتی بیانی، کە سەر بە ١٧ وڵاتن ، زیاتر لە ٥٠ گرێبەستییان لەگەڵ هەرێمدا واژۆکردووە . لەناو ئەو کۆمپانیایانەدا پێنج لە گەورەترین کۆمپانیای ناحکومی لەسەر ئاستی جیهاندا هەن ، ئەوانیش : ئێکسۆن – مۆبیل ، چێڤرۆن ، تۆتەڵ ، کاسپروم نەفت ، بی پی ( لە رێگەی بەرێوەبەری پێشووی ) . لەوەش گرنگتر، ئێکسۆن – مۆبیل ، چێڤرۆن و بی پی میراتگری ئەو حەوت کۆمپانیایەن کە بە حەوت خوشکەکە ناسراون و بۆ نیو سەدە کۆنترۆڵی زۆربەی نەوتی جیهانیان کردبوو . 

هاتنی کۆمپانیاکان وەرچەرخانێکی مێژووییە ، لەلایەکەوە ، یەکەم جارە هەرێمی کوردستان مامەڵە بە نەوتەکەیەوە دەکات و راستەوخۆ کۆنتراکت لەگەڵ کۆمپانیا جیهانیەکاندا واژۆ دەکات و دەکەوێتە سەرنەخشەی جیهانی وزە وە هەنگاو بەرەوسەربەخۆیی ئابووری هەڵدێنێت . لەلایەکی ترەوە، هاتنی کۆمپانیاکان هەرێمی کوردستان دەخاتە بەردەم کۆمەڵێک گرفتی درێژخایەن کە رەنگە هاوشێوەی ئەزموونی وڵاتانی ناوچەکە لەگەڵ حەوت خوشکەکەدا ، پێویستیمان بەدەیان ساڵ ململانێ لەگەڵ ئەو کۆمپانییایانە و وڵاتەکانییاندا هەبێت بۆ ئەوەی لە هەژموونییان رزگارمانببێت .

ئەوەی کوردستانی باشور دەخاتە بەردەم مەترسی درێژخایەنەوە سروشت و جۆری کۆنتراکتە نەوتییەکانی هەرێمە . مادەی ٢٤ی یاسای نەوت و غازی هەرێم جەخت لەوە دەکاتەوە کە کۆنتراکتە نەوتییەکان لەسەر بنەمای شەراکەت لە بەرهەمدا دەبێت . ئەم یاسایە کە وەک بنەمایەک بەکارهاتووە بۆ هێنانی کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان و مافی هاوبەشی لە خاوەندارێتی کێڵگە نەوتییەکانیان دەداتێ  .

بەگوێرەی مارین کاتەسا ، گەورە راوێژکار و توێژەرەوە لە ” دامەزراوەی توێژینەوەی کێسی ” تایبەت بە وزە ، کۆمپانیا نەوتییەکان زیاتر لە٢٠٪ی پشکی نەوتی هەرێمییان بەردەکەوێت . لەراستیدا پشکی کۆمپانیاکان لەوە زیاترە و هەرێم نابێتە خاوەنی ٨٠٪ی یەدەگی نەوتەکەی. بەپێی بەندی ٣٧ی یاسای نەوت و غازی هەرێم کۆمپانیا نەوتییەکان ئەو مەسرەفە وەردەگرنەوە کە لە گەران و دەرهێنانی نەوتدا خەرجیانکردووە هەر لە کرێی کرێکارەکانییانەوە تا دەگاتە نرخی ئەو تەکنەلۆژیایەی بەکاری دەهێنن . بەمجۆرە ، هەردوو مادەی ٢٤ و ٣٧ هاوکێشەیەکی ناهاوسەنگی لێ بەرهەمدێت . لەلایەکەوە کۆمپانیاکان لە قازانجی نەوتدا شەریکن بەڵام لەخەرجییەکاندا نا ، بە پێچەوانەوە ئەوان هەموو کرێ و خەرجییەکیان بۆ دەگەرێتەوە . لەبەرامبەردا حکومەتی هەرێم دەبێت بەتەنیا جگە لە کرێی کۆمپانیاکان هەموو خەرجییەکانیش لەئەستۆ بگرێ . هەروەک لە ستونەکانی داهاتوودا تیشکی زیاتری دەخەمە سەر ، ئەو خەرجی و کرێیەی کۆمپانییا نەوتییەکان وەری دەگرن خەرجییەکی خەیاڵییە و نزیک دەبێتەوە لە ٥٪ی کۆی نەوتی دەرهێنراو . بەواتایەکی تر ، کۆمپانیاکان دەبنە خاوەنی نزیک بە ٢٥٪ی نەوتی هەرێم ، بەڵام پشکی هەرێم لە ٧٥٪ کەمتر دەبێت ، چونکە حکومەتی هەرێم جگە لەخەرجی کۆمپانیاکان دەبێت کۆمەڵێک خەرجی تریش بدات . واتە ، لەهەر چوار بەرمیل نەوتی یەدەگی هەرێم ، بەرمیلێک بۆ کۆمپانیاکان و کەمتر لە سێ بەرمیلیش بۆ هەرێم دەبێت . دامەزراوەی وزەی ئەمریکی یەدەگی نەوتی دۆزراوە (سەلمێنراو) ی هەرێم بە ٥٠ ملیار بەرمیل دەخەمڵێنێت . بەمجۆرە، کۆمپانیایە نەوتییەکان بەتەنیا خاوەنی زیاتر لە ١٢ ملیار بەرمیل نەوتی هەرێمن و خاوەنی بڕیاریشن لە چارەنووسی ئەو ٣٨ ملیار بەرمیلەکەی تریش، هەر لە چٶنییەتی و بڕی دەرهێنانی، تا فرۆشتن و نرخ و گواستنەوەی .

بەکورتی، گەلی کوردستان چیتر بەتەنیا خاوەنی سامانی سروشتییەکەی نییە، بەڵکو تەنها شەریکێکن و حکومەت و خەڵکی کوردستان لەمەودوا ناتوانن سەربەخۆ بڕیار لەسەر چارەنووسی سامانە سروشتییەکانی هەرێم بدەن . بەمجۆرە ، حکومەتی هەرێم رێک پێچەوانەی رەوتی مێژوو هەنگاودەنێت و سیاسەتی نەوتی لەسەر بنەمای پشکداری و هاوبەشی داڕشتووە، سیستەمێک کە بۆ نیو سەدە حەوت خوشکەکەی کردبووە مۆتەکەی گەلانی ناوچەکە .

پرسیارێک کە پێویستە وەڵام بدرێتەوە ئەوەیە ئایا جگە لەو جۆرە گرێبەستانە هەرێم چارە و بەدیلی تری هەیە ؟ لە گۆشەی داهاتوودا هەوڵدەدرێت تیشک بخرێتە سەر ئەو مەسەلەیە .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت