ئاکۆ برایم : موچە بۆ نى یە ؟ .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ساڵانى نەوەدەکان بەهۆى ئابڵوقەو فشارى رژێم و ، نائارامى و بارگرژى و، جەور وستەمى دوژمنانى دەرەکى و ، نەبوونى سەرچاوەى داهات و ژێرخانێکى ئابورى تۆکمە ، حکومەت زۆر بەزەحمەت دەیتوانى مووچەى فەرمانبەران دابین بکات ، جارى وا هەبوو بە سێ مانگ و پتریش و مووچە نەدەدرا ، بەڵام سەرجەم فەرمانبەران رەچاوى بارودۆخ و رەوشەکەیان دەکرد ، هەروەها بەقەولى ئەوسا ساوایى و کەم ئەزمونى حکومەتیشیان لەبەرچاو دەگرت ، بۆیە سەربارى بارگرانى و چەندین ئابڵۆقە ، موچەخۆران کەلو پەلى ناو ماڵ و ، تەنانەت دەرگا وپێخەفى خۆیان دەفرۆشت ، بە دروشمى ( سەرى بەرز بۆ مووچە نەوى ناکەین ) روبەروى هەستیارترین و تاڵترین رۆژگار بوونەوە ، کەمترین نارەزایى و مانگرتنیان ئەنجامدا .

ئەبوایە حکومەت و دەسەڵاتداران ئەو وەفا و ئەمەک و لەخۆبوردوەى فەرمانبەرانیان لەبەر چاو بگرتایە و ، کە لەو کات و بارە ناهەموارەدا خاوەنى ئەو هەڵوێستە جوان ومەردانیە بوون ، بەهەموو شێوەیەک پاداشتى بدانایەتەوە ، کەچى بەداخەوە وانەکەوتوە ، بەشێوەیەکى دیکە پاداشت درانەوە ، ئەوەتا ئەمڕۆکە دەبینین ئێستا شوکر بۆخوا حکومەت بارى دارایى و وەزعى ئابورى زۆر زۆر باشە ، خاوەنى چەندەها سەرچاوەى داهاتە ، جگەلە بەشە بودجەى بەغدا ، بەڵام بەداخەوە هەمووساڵێک ئەم قەیران و نەبوونى مووچەیە سەرودڵمان دەگرێت ، بارى بژێوى و ژیانمان دژوار دەکات.

سەیرەکەى ئەوەیە نەئەندام پەرلەمان نەحکومەت نە دارایى بەتەنگ ئەو گرفتەوە نین وبیر لەرێگە چارە ناکەنەوە ، کە دڵنیام ساڵێکى دی و دوان سیان ودەى دیکەش وەکو کێشەى کارەبا و بەنزین سەرو دڵمان دەگرێت . بەبێ ئەوەى بیرێک لە چارەسەر و دەرباز بوون لەو قەیرانە بکەنەوە.

ئەم بێ موچەى و نەدارییە زیاتر بەرۆکى فەرمانبەرانى کەم مووچە و بێ پلەى گرتۆتەوە ، دەنا وەک تر بەڕێوەبەر و وەزیر و گزیر و ئەندامانى پەرلەمان بەباى خەیاڵیانا نایەت ، چونکە لەسەرێک مووچەکانیان هێندە بەرزە کە ئەگەر ساڵى چوار مووچەش وەرگرن سەرو زیادیانە ، لەسەرێکى دیکەوە بەشێوەی نەسریە یان هەر رێگایەکى دیکە بێت شتێکیان لەحکومەت و ئەملا و لا دەست دەکەوێت . ئەوەى کەدەمێنێتەوە فەرمانبەرانى وەکو ئێمەن ، کە سەرچاوەى داهات و بژێویمان تەنها هەر ئەوبڕە مووچەیەیە ، ئەوەشمان پێ رەوانابینین؟

ئەم بێ موچەى و گیرفان خاڵیەى فەرمانبەران ، جگە لەوەى کاریکردۆتە سەر ناخ و دەروونیان، توڕەیى و نیگەرانى و پەستی بەروویانەوە دیارە ، راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ ، قسەو پلار ئەگرنە حکومەت، بەدواى خۆشیدا چەندین کێشەى کۆمەڵایەتى و پەشێوى وئاژاوەى ناوەتەوە ، چەندین جار بیستومانە کە خەڵکانێک لەتاو نەدارى و بار گرانى خۆیان کوشتوە. هەروابێتەوە ئەم یەک دوومانگە لەسەرئەو نەدارى و دواکەوتنى موچە، چەندین بەسەرهات و روداوى ناخۆشم بیستوە ، کەلەهەموویان ناخۆشتر و ناهەموارتر لێک هەڵوەشانى خێزان و جیابونەوە بووە ، کە هۆکارەکەشى هەژارى و بێ پارەیى بووە . زۆر فەرمانبەرى کرێچى دەناسم ، کە بەیانی هاتوە بۆدەوام ، بەچاو و قورگى پڕلەگریانەوە هاتوە ، کە پرسیارمان لێکردوە و ، ویستومانە هۆکارەکەى بزانینن ، یەکەو راست وتویەتى ئەمشەو لەسەر ئەوەى کرێکەمان نەداوە ، خاوەن خانوەکەمان بەخۆى چەند کەسێکەوە هاتوون ویستویانە شڕ وشتاڵمان فڕى بەنەدەرەوە ، تا بەتکا ورجاى دەرو دراوسێ ، چەند رۆژێک مۆڵەتیان داوین. لەوەش ناخۆشتر فەرمانبەرێکى کەم مووچە لەدایەنگەیەک کاردەکات ، رۆژانە دەبێت کرێى چوار پاس بدات بۆ هاتوچۆ ، مناڵەکەشى لە باخچەى ساوایانە ، باخچەى ساوایانیش لەبرى خواردنى مناڵان ، مانگانە بڕى 20 هەزار دینار لەهەر مناڵێک وەردەگرێت ، ئەوبەڕێزە موچەکەى زۆر کەمە و کرێچى و نەدارە، بۆیە ناتوانێت ئەو بڕە پارەیە بدات ، بۆیە بەواسیتە و تەکلیف باخچەکەى رازى بوون کە ئەو مناڵە لەو پارەیى ببەخشرێت ، بەمەرجێک کەسو کارى پێش نیوەرۆ بێن بەشوێندا ، ئەو مناڵە داماوە بۆى نەبێت لەوێ نان بخوات.

کەچى بەداخەوە ئەو بەڕێزە بەو ژیان کوللە مەرگیە قایلە ، بەڵام بەوەش وازى لێناهێنن ، ئەو و من و چەندین فەرمانبەرى تر بەهۆى هەڵەى بەشى ژمێریارى بەڕێوەبەرایەتیەکەمان کە پار ساڵ پاداشتێک کراین ، بەلام دەڵێن سەهوەو هەڵەى حسابى بووە لەو پاداشتەدا ، دەبێت بۆیان بگێڕینەوە ، بۆیە بڕیاردراوە مانگانە یەکى بڕێک پارە لەمووچەکانمان ببڕن. ئەوەش قیروسیا و رەزامان بەرەزاى خۆا. بەڕێوەبەر کە بەحساب وقسە کەبیستومانە و وایان پێ راگەیاندوین ، گەورە وبەرپرس و خەمخۆرى فەرمانبەرانە و ، لەخەمى ئەواندایە ، هەستاوە بەرێگەیەک مووچەى بۆ فەرمانبەرانى بەڕێوەبەرایەتى یەکەى خۆى مەیسەر کردوە ، بەشەکانى دیکەى سەربەڕێوەبەرایە تیەکەى کە چەند سەد فەرمانبەرێکن فەرامۆش و وەلا ناوە . کە جوانتر و خۆشتر دەبوو ، ئەوبەڕێزەش هاو خەمى ئێمە بوایە وبەو بڕیارە رازى نەبوایە ، هەوڵى بدایە مووچەى بۆتەواوى فەرمانبەران دابین بکردایە ، یان ئەگەر ئەوەشى بەلاوە نەکردەو قورس بوو ، دەیتوانى مووچەى پلە بەرزەکانى نەدایە و لەبرى ئەوە بیدایە بەو فەرمانبەر و کارمەندانەى کە مووچەکانیان کەمە و کەم ئەندام وکرێچین .

من تەنها ئەوەندە دەڵێم و هەمووش چاک دەزانین ، کەمرۆڤ برسى ونەدار و بێ پارەبوو ، لەپێناوى پەیداکردنى داهات ، پەنا دەباتە بەر زۆر کارى نەشیاو ، هەرلەدزى و ، راوەڕوت کوشتن و کارى تێکدەرانە،تا دەگاتە سەر فرۆشتنى ئابڕو وناموس. بۆیە تەمەننا دەکەم بەزوترین کات لەم میحنەت و نەهامەتیە رزگارمان بێت و دووچارى کارى وا نەشیاو نەخوازراو نەبین ، چونکە هەرتاوانێک بەو هۆیەوە روو بدات لەئەستۆى حکومەت و پارە بەدەستەکانە ، خوداش بەردار نى یە بۆ ئەو زوڵم و ناهەقیە. با ئاهو نزولەى ئەو هەزاران فەرمانبەر و بەش خوراوە نەتان گرێت ، نەتان بیستوە دەڵێن نزا و پاڕانەوى مەزوڵوم رەت ناکرێتەوە ، لەنێوان زوڵم لێکراو یەزدان دا هیچ پەردەیەک نامێنێت !!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت