فەرهاد عەبدولعەزیز : پلانی نەوشیروان مستەفا، لەپوكاندنەوەی یەكێتی بۆ هاوپەیمانییەتی پارتی .

سەرهەڵدانی بزووتنەوەی گۆڕان لەساڵی‌ ٢٠٠٨ دیاردەیەكی هەڕەمەكی‌و لەناكاو نەبوو، بەڵكو دەرەئەنجامی پلانێكی تۆكمەو درێژخایەنی جێگری سكرتێری گشتیی ئەوكاتەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بوو. دەمێك بوو نەوشیروان مستەفا، وەك سیاسەتمەدارێكی خاوەن ئەزموون […]
سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

سەرهەڵدانی بزووتنەوەی گۆڕان لەساڵی‌ ٢٠٠٨ دیاردەیەكی هەڕەمەكی‌و لەناكاو نەبوو، بەڵكو دەرەئەنجامی پلانێكی تۆكمەو درێژخایەنی جێگری سكرتێری گشتیی ئەوكاتەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بوو. دەمێك بوو نەوشیروان مستەفا، وەك سیاسەتمەدارێكی خاوەن ئەزموون و خاوەن تموح سەرقاڵی رەخساندنی دەرفەت بوو بۆ ئەوەی بەر لەكۆتایی تەمەنی سیاسی ببێتە رابەری بێ ركابەری ئەو رێكخراوەی كە زیاد لەسی ساڵ‌ خەباتی سیاسی‌و پێشمەرگایەتی تێدا ئەنجام دابوو.

لەزۆر پێچی مێژوویدا هەوڵیدا ئەو رۆڵە مسۆگەر بكات، ‌یان هیچ نەبێت میكانیزمێكی كارا بێنێتە كایەوە كە بەهۆیەوە دەسەڵاتی بڕیاردانی لوتكەیی دەستاو دەستی پێ بكرێت. بەڵام لەدوای چەندین هەوڵی بێوچان‌و خێرا تێپەڕبوونی تەمەن، نەوشیروان مستەفا دڵنیا بوو لەوەی كە سكرتێری گشتیی هیچ نیازێكی بۆ دابەشكردن یان دەستاودەستكردن، ‌یان‌ دەست لێهەڵگرتنی دەسەڵاتەكانی نییە. بۆیەش، لەماوەی حەوت ساڵی رابردوودا پلانێكی تۆكمەو درێژخایەنی بۆ ئایندەی سیاسی خۆی داڕێژت كە كاریگەری لەسەر چارەنووسی سیاسی دەڤەری سلێمانی بەتایبەتی‌و باقی هەرێم بەگشتی هەبووەو كاریگەرییە مەزنترەكانیشی لەئایندەی درێژدا بەدەر دەكەون.

هەوڵە بێهودەكانی پێشتر

لەكۆتایی هەشتاكان، نەوشیروان مستەفاو سەركردە‌كانی كۆمەڵەی رەنجدەران فشاریان خستە سەر جەلال تاڵەبانی‌و زۆر بەڕاشكاوی پێیان راگەیاند كە‌وا كۆمەڵە بریتییە لەپێكهاته بەهێزو‌ مە‌زنەكەی ناو یەكێتی‌و‌ بەژمارەی پێشمەرگە‌و كادیرانی حیزبی زۆرینەی یەكێتی پێكدێنن. بەو پێیەش، مستەفا ویستی گۆڕانكاریی گەورە لەدابەشكردنی پۆست‌و دەسەڵاتەكان بكرێت، داوای كرد‌ كە رێژەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی سەر بەكۆمەڵە لە‌وانی سەر بە هێڵی گشتیی‌و یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان زیاتر بن، سەرتیپ‌و ئەندامانی مەكتەب عەسكەرییەكان‌و مەڵبەندەكان زیاتر سەر بەكۆمەڵە بن. بەڵام ئەو هەوڵە بەئەنجامێكی بەرچاو نەگەیشت‌و جگە لەبڕە تەنازولاتێكی كەم لەسەر حیسابی دوو باڵەكەی تر، تاڵەبانی توانی بە‌وردیی ئیدارەی ئەو فشارانە بكات. 

بۆ رێگرتن لەو جۆرە هەڕەشانە، سكرتێری گشتیی مانۆڕێكی سیاسی نوێی دەستپێكردو لەسەرەتای نەوەدەكاندا هەر سێ رێكخراوی كۆمەڵەی رەنجدەران‌‌و یەكێتی شۆڕشگێڕان‌و هێڵی گشتیی هەڵوەشاندەوەو لەپەیكەری تاكە حیزبێكدا كۆی كردنەوە. بەوەش پۆستی سەرۆكایەتی ئەو سێ رێكخراوەی سڕیەوەو دەسەڵاتەكانیانیشی لەدەستی خۆیدا چڕكردەوە.

لەساڵەكانی دوای روخانی رژێمی سەدام، نەوشیروان مستەفا هەوڵێكی تری جیدیدا بۆ كەمكردنەوەی‌ دەسەڵاتەكانی سكرتێری گشتیی، ‌یان دەستاودەستكردنی دەسەڵات، لەنامەیەكدا داوای ریفۆرمی بنەڕەتی لەكاری رێكخراوەیی كردو نامەكەشی بەواژۆی زۆربەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی یەكێتی خستە بەردەم سكرتێری گشتیی.

ئەو كەمپەینە سیمای كودەتایەكی لەدژی تاڵەبانی پێوە بوو، بووە هۆی سەرهەڵدانی قە‌یرانێكی مەزن، بەڵام دیسانەوە تاڵەبانی توانی مانۆڕێكی كارامەو زیرەكانه ئەنجام بدات. توانی بەتاك‌و بەكۆو بەشێوازی هەمەجۆر ئەندامه واژۆكەرەكان رازی بكات‌و شكست بەهەوڵەكانی جێگرەكەی بهێنێت‌و زیاتریش لەجاران مۆنۆپۆڵی دەسەڵات مسۆگەر بكات‌و سەرچاوەكانی مەترسی پەڕاوێز بكات.

رێگای ئەڵتەرناتیڤ بۆ دروستكردنی مێژوو

ئیتر كات بەسەر دەچوو تەمەن پێش دەكەوت‌و هەوڵەكانیش بێهودەبوون، بۆیە نەوشیروان مستەفا گەیشتە ئەو بڕوایەی كە یەكێتی قابیلی چاككردن نییەو دەستاودەستكردنی دەسەڵات لەناویدا مەحاڵەو ئەو یەكێتیەش وەك موڵكێك بووەتە هی سكرتێری گشتیی‌و بنەماڵەكەی. ئەگەر لەنێو رێكخراوەكەشدا بمێنێتە‌وە، ئەوا خۆیشی وەك سەركردەیەكی ژمارە دوو ناوی لەمێژوودا هەمیشە بەناوی تاڵەبانییەوە بەند دەبێت. بۆیە كەوتە داڕشتنی پلانێكی درێژخایەن بۆ دروستكردنی رێكخراوێكی نوێی سەر بەخودی خۆی، بەجۆرێك كە لەسەر بنەمای پرەنسیپەكانی خۆی دابمەزرێت‌و تەنیا ناوی خۆی پێوە بلكێ‌و هەر خۆیشی تا گەیاندنی بەدەسەڵاتی فەرمانڕەوایەتی پێشڕەوێتی بكات.

لەباڵی ریفۆرمەوە بۆ بزووتنەوەی گۆڕان

دەستپێكی راپەڕاندنی پلانەكانی نەوشیروان مستەفا بەدروستكردنی باڵی ریفۆرمی ناو یەكێتی بوو، كە بریتیبوو لەتۆڕی كۆمەڵێك لەكۆنە كادیرانی كۆمەڵە‌ی رەنجدەران، بەتایبەتی لەوانەی كە لەخودی خۆی نزیك بوون. لەڕێگەی ئەو باڵەوە، توانی كادیرو ئەندام‌و جەماوەرێكی ریفۆرمخوازی پان‌و بەرین لەخۆی كۆ بكاتەوە، دوای دووساڵیش بێ هیوایی‌و وازهێنانی خۆی لەیەكێتی راگەیاندو كاتی خۆی بۆ دامەزراندنی كۆمپانیای (وشه)‌ تەرخان كرد.

كەس نازانێت ئایا لەدانیشتنە دوو قۆڵییە مێژووییەكەیاندا مستەفاو تاڵەبانی، لەڕۆژی پێش راگەیاندنی جیابوونەوە، گەیشتوونەتە چ رێككەوتنێك، بەڵام لەوە دەچێت مستەفا توانیبێتی تاڵەبانی دڵنیا بكاتەوە لەوەی كە نایەوێت ببێتە سەرچاوەی هەڕەشەو ململانێ لەدژی یەكێتی‌و خودی تاڵەبانی. بەو پێیەش، زیاتر لە ١٠ ملیۆن دۆلارو گردە ستراتیژییەكەی زەرگەتەی ناو جەرگەی سلێمانیشی لێوەرگرت.

لێرەدا ئاشكرا نییە كە ئایا تاڵەبانی، كە هاوڕێی ژیان‌و خەباتی بووە، ئاگاداری نیەت‌و پلانە درێژخایەنەكانی نەوشیروان مستەفا بووە،‌ ئایا لەدەرەنجامی كارو چالاكییەكانی نیگەران بووە ‌یان لێیان بێباك بووە، بەڵام لەوە ناچێت كە لەدوای دەیان ساڵی ئەزموونی ململانێ‌و خەباتی پێكەوەیی بەسەرچاوەیەكی مەترسی ئەوتۆی زانیبێت.

جێبەجێكردنی پلانی ستراتیژی

بۆ خاتری سەرخستن‌و گەیاندنی رێكخراوە تازەكەی بەدەسەڵاتی فەرمانڕەوایەتی‌و بۆ پوكاندنەوەو پەڕاوێز خستنی یەكێتی، نەوشیروان مستەفا پلانێكی درێژخایەنی ستراتیژی داڕشت‌و به ‌بەرنامەكارییەوە كەوتە جێبەجێكردنی. سەرجەم ئەو هەنگاوانەی خوارەوەی كە بەشێكی گرنگی پلانە ستراتیژییەكەی بوون‌ بەسەركەوتوویی بەجێیگەیاند.

یەكەم: بنكۆڵكردنی رێكخستنەكانی یەكێتی: توانی لەهەناوەوە، شیرازەی حیزبەكە لەخوارەوە بۆ سەرەوە بپسێنێت.

دووەم: بنكۆڵكردنی سەركردایەتی یەكێتی: توانی پەیوەندی نێوان سەركردەكانی ناو یەكێتی بایی ئەوەندە بنكۆڵ بكات كە متمانەی نێوانیان لاواز ببێت‌و باڵباڵێنیش بگاته ئاستی لوتكه.

سێیەم: بنكۆڵكردنی متمانەی خەڵك بە یەكێتی: توانی لەرێگەی كامپەینێكی خەستی هێرشبەر بۆ سەر پەیام‌و سیاسەتی یەكێتی وەكو حیزب، هەروەها بۆ سەر كەسایەتیە دیارەكانی یەكێتی‌و رەشكردنیان لەبەر چاوی خەڵك، متمانەی خەڵك بە یەكێتی لاواز بكات.

چوارەم: پەروەر‌دەكردنی جەماوەری دژ بەیەكێتی‌و پارتی: توانی نەوەیەكی نوێی لەدەرەوەو ناوەوەی بزووتنەوەی گۆڕان ئامادە بكات كە هیچ پەیوەندیەكیان لەڕووی سیاسی‌و عاتیفی‌و كۆمەڵایەتییەوە بەیەكێتی‌و پارتی نەمێنێت‌و بەهەموو شێوازێك دژ بەم دوو حیزبەو سەركردەكانیان بن.

پێنجەم: نەهێشتنی ئاسەواری یەكێتیبوون: دوابەدوای تۆكمەكردن‌و پتەوكردنی بزووتنەوەكەی، نەوشیروان مستەفا كەوتە خۆكۆكردنەوەو پاكتاوكردنی بزووتنەوەكەی لەپاشماوەو ناسنامەی یەكێتی. كەوتە پێشخستنی خوێنی تازە لەكادیرو هەڵسوڕاوی خۆڕسكی ناو گۆڕان، ئەو هەڵسوڕاوانەی كە پەروەردەی دەستی خۆین‌‌و وەلائیشیان تەنیا بۆ ئەوە.‌

شەشەم: جیاكردنەوەی فەرهەنگی سیاسی گۆڕان لەیەكێتی و پارتی: داهێنانێكی نوێی خستە ناو فەرهەنگی زمانەوانی حیزبی. ‌ پەیكەری رێكخستن‌و دەستەواژەكانی لەبنەڕەتەوە گۆڕی، بەجۆرێك كە لەمێژوو كەلتووری یەكێتی‌و پارتی دوورخستەوە. بۆ نموونە، گۆڕینی هاوڕێ‌و هەڤاڵ بەهەڵسوڕاو، مەڵبەندو لق بەمەكۆو باژێر، سەركردایەتی بەجڤات‌و سەرۆك‌و سكرتێری گشتیی بەرێكخەری گشتیی. ئەوەش لەڕووی دەروونییەوە، گوڕو تینی بەچالاكوانەكانی گۆڕان داوەو خۆیان بەجیاواز لەیەكێتی‌و پارتی سەیر دەكەن.

حەوتەم: هەڵبژاردن رێگەیە بۆ دەسەڵات وەرگرتن: دیارە كە هەر لەزووەوە نەوشیروان مستەفا دركی بەو راستییە كرد كە لە رێگەی كودەتاو بەزەبری چەكەوە ناتوانێت شانۆ بەیەكێتی چۆڵ بكات، یان دەسەڵات بگرێتە دەست، بەڵام دەتوانێت لەچوارچێوەی پرۆسەی دیموكراسی عێراقی نوێوە‌و لەرێگەی هەڵبژاردنەكانەوە ئەو ئامانجانە بەدی بهێنێت. بۆیە هەڵبژاردنەكان بوونە قیبلەی چالاكییەكانی بزووتنەوەكە.

هەشتەم: شەڕی یەكێتی ئەولەویەتەو با شەڕی پارتی دواكەوێت: نەوشیروان مستەفا بڕیاریدابوو كە لەیەكەم قۆناخدا تەنیا شەڕی یەكێتی پێدەكرێت‌و بۆی ناكرێت شەڕی پارتیش لەهەمانكاتدا بەرپا بكات. بۆیەش، لەماوەی خۆ رێكخستن‌و خۆ دامەزراندندا، هەتا ئەو كاتەی كە پێگەی رێكخراوە نوێیەكەی دەچەسپێت، خۆی بەململانێی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە زۆر خەریك نەكرد.

نۆیەم: هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانی ستراتیژی: هەر لەزووەوە سەركردەكانی گۆڕان هاوپەیمانێتی ستراتیژی نێوان پارتی‌و یەكێتی بە مەترسییەكی راستەوخۆ لەسەر ئایندەی بزووتنەوەكەیان دەبینن، بۆیەش بەردەوام هەوڵیانداوە ئەو هاوپەیمانێتییە لاواز بكەن‌و زیاتر بەرەو هەڵوەشاندنەوەی ببەن. سەرەداوی سەركەوتنی ئەم تاكتیكەی گۆڕان لەهەڵبژاردنەكانی ئەیلولی ٢٠١٣و لەسەروبەندی پێكهێنانی حكومەتی كابینەی هەشتەمدا بەڕوونی دیارە، ئەنجامەكەشی ها‌وپەیمانی ستراتیژی نێوان یەكێتی‌و پارتی ئێستا لەكردارەوە چووەتە‌‌ چوارچێوەی دروشم‌و موزایەدە.

شایانی باسە پارتی بە چاوی گومانەوە دەڕوانێتە بزووتنەوەی گۆڕان و رێكخەرە گشتییەكەی، بۆیە لەكۆبونەوە دووقۆڵییەكەی سەری رەش لەنێوان رێكخەری گشتیی‌و سەرۆكی هەرێم، كە تائێستاش ناوەڕۆكەكەی ئاشكرا نەكراوە، رەنگە سەرۆكی هەرێم ویستبێتی لەخودی نەوشیروان مستەفا گوێبیستی پلانی داهاتووی ببێت‌و بزانێت‌ چۆن دەڕوانێتە كاركردن لەگەڵ پارتی‌و بنەماڵەی بارزانی، لەمەش گرنگتر پارتی دەیانەوێت دڵنیا بن كە گۆڕان هەمان پلانی داڕێژراوی بۆ بنكۆڵكردنی پارتی‌و بنەماڵەی بارزانیش نییە، رەنگە لەم دیدارە وەڵامی ئەم پرسیارانەیان دەستكەوتبێت‌و بۆیە رازیبوون بەكاركردن لەگەڵ‌ گۆڕان.

پلانی نەوشیروان مستەفا بۆ ئایندە

گومانی تێدا نییە كە نەوشیروان مستەفا بەكاتێكی قیاسی توانی پلانەكانی بگەیەنێتە ئەنجام، ئەوەش نەك تەنیا رەنگدانەوەی ستراتیژێكی درێژخایەن‌و تۆكمە و زیرەكانە بوو، بەڵكو توانای ئەو سەركردەیە دەردەخات كە توانی قۆناخەكان بەسەركەوتوویی ببڕێت بەبێئەوەی دەستی كەشف بێت‌و نەیارەكانی هەست بەمەترسییەكان بكەن. ئەمڕۆ مستەفا بووەتە داهێنەری دیاردەو كەلتوورێكی سیاسی نوێ لەهەرێمدا، ئەویش كەلتووری درێژە پێدانی خەباتی سیاسییە لەپلە سەرەتاییەكانی ئۆپۆزیسیۆنەوە تا گەیشتن بەلوتكەی دەسەڵات.

بەڵام تائێستا زانیارییەكی كەم لەسەر دیدی بزووتنەوەی گۆڕان‌و روانگەی رێكخەری گشتیی بۆ ئایندەی رێكخراوەكەی‌و داهاتووی دەڤەری سلێمانی‌و هەرێم بەگشتی زانراوه. پێشتر وا پێشبینی دەكرا كە پلانی مستەفا ئەوە بێت كە لەدوای تاڵەبانی، هەردوو رێكخراوی یەكێتی‌و گۆڕان لەژێر رابەرایەتی خۆیدا كۆ بكاتەوە، بەڵام لەوە ناچێت ئەو ئەگەرە لەپلانەكانیدا بێت، بەپێچەوانەوە رەنگە بیەوێت ئەندامان‌و جەماوەری یەكێتی بێنێتە ناو گۆڕانەوەو یەكێتی بەپوكاوەیی وەیان هەڵوەشاوەیی بە‌جێ بهێڵێت. رەنگە بەو زوانە ئاشكراتر دەركەوێت ئایا دوای پوكاندنەوەی یەكێتی بزووتنەوەی گۆڕان‌ بەرەو هەولێر دەخشێت ‌یان هەر لەدەڤەری سلێمانی قەتیس دەمێنێت؟ ئایا لەهەولێر بەرەو رووبەڕووبوونەوەی پارتی دەڕوات یان بەرەو هەماهەنگی‌و پێكەوە كاركردن؟

پرسیاری گرنگتریش لێرەدا ئەوەیە ئایا نەوشیروان مستەفا دەبێتە ئەندازیاری گەشە پێدانی دیموكراسیەت‌و داهێنانی سیستەمی فەرمانڕەوایەتی دروست‌و عەدالەتی كۆمەڵایەتی‌و سەروەركردنی یاسا لەهەرێم؟ وەڵامی ئەو پرسیارانە لەماوەی دەسەڵاتدارێتی‌و ئەزموونی فەرمانڕەوایەتی چوار ساڵی ئایندەدا بەدەردەكەون.

تێبینی : ئەم وتارە كورتكراوەی وتارێكی شیكارییە كه بەدرێژیی لەماڵپەڕی شارپرێس بڵاوكراوەتەوە.

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
وتاریکورد

ئەرشیڤی بەڕێز: وتاریکورد