بەهرۆز جەعفەر : پێشنیار ئەکەم لەدژى خەڵک خۆپیشاندان بکرێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەمێژووییەکى کۆندا ، کوردستان لانکەى دەرکەوتنى شارستانیەتەکانى دونیا بووە ، یەکەمین هەوڵى مرۆڤە بۆ کشتوکاڵ و دروستکردنى پێگەى خۆى ، سێ ئاینى گەورەى وەکو ( زەردەشت و مەزدەک و مانى ). لەم ناوچەیەوە هەڵقوڵاون . سۆمەرییەکان و ئیمپراتۆریەتە ناوچەییە گەورەکان ماک و سەرچاوەی هەڵقوڵانیان لەکوردستانەوە بووە . میتانیەکان لە (1450) پ . م باشترین بەڵگەى بونى کورد ئەسەلمێنن کە لەدروستکردنى شارستانیەتى بەشەریەتدا ڕۆڵى گێڕاوە ، میدییەکان لە (612) پێش میلادەوە لەم خاکى کوردستانە ، یەکەم شێواز لەشێوازەکانى دیموکراتیەتیان پەیڕەوکردووە ، لەسەربنەماو دروشمى ( دادگەریی ، یەکسانى ، برایەتى) لەنێوان گەلانى ناوچەکە کاریان کردووە. ئەگەرچى مێژووى کورد پڕە لەعەیب و درۆى گەورەو پاڵەوانى درۆزن و شۆڕشگێرى خیانەتکارو ، خێڵ و هۆزگەریی ، لەهەرکوێیەکیەوە ئەیگرى پڕە لەناپاکى و خۆخۆریی و بێ هۆشی خەڵک .

پیرەمێردى شاعیر لە ساڵى (1946) لەگۆڤارى ” ژین ” نوسیویەتى : ئێستا کورد سەحافەو سەقافەى هەیە . سەیر نییە لەسەدەى بیست و یەک و ئاسانبونى هۆکارە میدیاییەکاندا ، نە پیاوى ڕۆشنبیرو بەهەڵوێست ، نەسەحافەو نەسەقافەمان نەبێت !.

ئەو بەیانیەى کاوەگەرمیانى بەرەو گۆڕستان بەڕێکرا ، پێشبینیم ئەکرد ، هەموو خەڵکى کەلار بێنە شەقام و لەحزورى کاوەو میوانەکانیدا ، بەرەو گۆڕستان ڕێ بکوتن . کەچى خەڵکى هەموو شارەکان گەیشتە کەلار هێشتا نیوەى کەلاریەکان لەخەو هەڵنەسابون . ئەمە شتێک نییە پەیوەست بێت بە هەست و جورئەتى کەلارەوە ، بەقەد ئەوەى کۆمەڵى کوردیی یەکپارچە : خەوێنراوە ، خانەنشینکراوە ، سەلەفێنراوە ، خەڵەتێنراوە ، تەکنەلۆژێنراوە ، مادێنراوە . ئیدى ئەوەى بەها ( قیم) و خەسڵەتى باڵاو بونیادە پێکهێنەرەکانى کۆمەڵگەیە ، هەموو بەرەو نەمان چوون . جەستەیەک بەبێ ڕۆح .!.

ئەو ئێوارەیەى ، بزوتنەوەى گۆڕان لە (17) شوباتدا ، بەخۆپیشاندەرانیان گوت: هیچ نین ، تەنها چەند ئاژاوەگێڕێکن .!. دەبو خەڵک سزاى بدانایە ، ئەو ڕۆژەى مەلایەک لەسەر مینبەرەکە بانگى جیهادى دا ، دەبو پێمان بوتبایە: فەرموو یەکەم جار خۆت بەکوشت بە !. ئەوساتەى ڕۆشنبیرێکى درۆزن دەیشیڕاند ، دەبوو بتانزانیبایە هاکا لەپڕ خۆى کاندید کرد بۆ پەرلەمان و کڵاوى کردە سەر هەمووتان . ئەوێ ڕۆژێ سەرۆکى حکومەت بەپێش چاوى هەموو کامێراکانى دونیاوە ووتى : گەندەڵى بوە بەکلتور . ئەبو شۆکێکى کلتوریی ڕووی بدایە. نەک حزبەکەى (7460000) حەوت سەدو چل و شەش هەزار دەنگ بهێنێت .!.

کورد ، گەلێکە هەموو شوێنێکى ئەجوڵێت ، دەماخى نەبێت . لێرە لەکوردستان: خانوەکان و قەنەفەکان و ئۆتۆمبیلەکان و مکیاژەکان گۆڕاون . سەنتەرەکانى جوانکاریی و ئارایشتگاى پیاوانەو زیادکراون .

ئامێرەکانى شتنى ئۆتۆمبیل و جلو بەرگ و قاپ شتنیش هەیە ، دەتوانن سێکسى ئەوروپى و گەشتى ئەوروپیش بکەن ، بەڵام ئەوەى نییە ، بیرکردنەوەیە ، پرسیارکردنە ، گومانکردنە ، ئەوەى کەمى کردووە ئاستى هوشیارى و ڕادەى تێگەیشتنە . هیچ پێوەرێک نییە جگە لە پارە .

لێرە ، ئەوەى وەرگرە ، بینەرو بیسەرى تەلەفزیۆنەکانى دەسەڵاتە ، خەڵکە . ئەوەشی بینەرو بیسەرى میدیاکانى ئۆپۆزسیۆنە ، هەر خەڵکە. هەردولایان پێویستى یان بەڕاچڵەکانە ، ڕوونتریش ، جیاوازییەک نییە کەسێک لەنێوان میدیاى دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن . هەردوکیان بەپارەى خەڵک کارئەکەن . دواجار ئۆپۆزسیۆنى ڕیفۆرمخوازیش بەشێکە لەدرێژکەرەوەى تەمەنى هەردەسەڵاتێک . چونکە هەموو یەکەیەکى سیاسیی ، نێوخۆیی یان دەرەکى ، بەسروشت و بە ڕێسا پێویستى بەبەرامبەرێکە تا زۆرانبازیی لەگەڵ بکات . ئەگەرنا لەشوێنى خۆى بەپێوە دەمرێت .

ئێستا بۆ ئەم (17) ى شوباتە . ئەز وەک چالاکێکى خۆپیشاندانەکانى (17) ى شوبات . وەک کەسێک کە لەهەڵگیرسێنەرانى مەشخەڵەکە بوم و ، دواتر موزایەداتى هیچ هێزێکى ئۆپۆزسیۆنم قبوڵ نەبو ، جیابومەوە ، پێشنیاردەکەم :

هەرچى ڕۆژنامەنووس و بەناو ڕۆشنبیرە ، بێنە سەر شەقامەکان ، دژى خەڵک ڕابوەستنەوە ، ئەوخەڵکەى شەڕی ناوخۆ و براکوژیی و خوشک کوژییان کرد ، ئەوانەى ناپرسن داهاتى کوردستان لەکوێیە ، ئەوانەى مووچەکانیشیان دەبڕن هەر متەق ناکەن . وەرن خۆپیشاندانیان لەدژ بکەن و بڵێن : بڕوخێ ئەم جۆرە خەڵکە ، نا بۆگەلێکى مردوو ، بەلێ بۆ زیندوبونەوەى کۆمەڵى کوردیی هاوچەرخ ، نا بۆ ئەوانەى تەمەنى درێژ هەڵئەبژێرن ، بەڵێ بۆ ئەوانەى تەمەنیان پانە . نا بۆ لەبیرکردنى تیرۆرى ڕۆژنامەنووسان ، بەلێ بۆ پێگەیاندنى تاکى کوردیی . نا بۆ تاریکى و دادگای پشکنینى ئەقڵ ، بەڵێ بۆ جوڵاندن و ڕاهێنانى بیرو ئەندێشەى تاکى کورد .

هەر ماڵێکى کرێنشین و هەژارتان بینى ، بەردبارانى بکەن ، پێی بڵێن : چۆن قبوڵى دەکەى بەناوى ئاوەدانکردنەوەو جوانکردنى شارەوە ، شوققەو ڤیەللا بە (17) دەفتەرو (80) دەفتەر دروست بکرێت . بچن موەزین و خادمەکانى مزگەوت یاساغ بکەن ، تاخزمەتى مەلاکانى دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن نەکەن ، بڵێن ئێوە درۆ ئەکەن لەگەڵ پەیامەکەى خوا .

دەى برادەرینە،لێیان بەن ، لەمیدیاکانیش بەن ، ئا ئەزانى ئاسایشەکان ، پێشمەرگەکان ، پۆلیسەکانى هاتوچۆ ، پێویستیان بەوەیە (24) سەعات خۆپیشاندانیان لەدژ بکرێت ، ئەمانە هەرە هەژارترینەکانن ، ئەوانەن لانى کەم هەست بە مەغدوریی و نەزانى ناکەن . بەرژەوەندییەکانى دەسەڵات دەپارێزن .

دەى براینە ، ئینجا وەرنەوە تین بە کوردستان بدەنەوە ، کوردستان تینى دەوێ ، پیشەسازى دەوێ لە خۆشەویستى لەعەشق ، لەمێژوو ، لەسیاسەت ، لە ئابوریی . لەدروستکردنى نیشتمانێک بۆ هەموومان . ئینجا هەموومان براین . ئینجا ئەتوانین بەهەموومان شتێکى گەورە بکەین .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت