mansour-barzani

دەرباز سەرابی : حیزبی کوردی لەنێوان زاوەزێ و نەزۆکی دا .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئایا بەڕاستی پارتی لەدوای دروست بوونی یەکێتی بۆتە حیزبێکی نەزۆک و منداڵدانی خۆی دەرهێناوە؟! ئایا یەکێتی تاکەی ئاوا بەخۆش زاوەزێی خۆی دەمێنێتەوە؟! ئایا گۆڕانیش زاوەزێ دەکات؟! ئایا ئیسلامیەکان هەرچی منداڵێکیان ببێت هەر لەیەک باوک نیە؟! ئایا چەپەکان باوەڕیان بەنەوە خستنەوە ماوە؟!

ئەوەی پارتی کرد بەحیزبێکی بنەماڵەیی دامەزرێنەرانی ئەو حیزبە بوو نەک پارتیەکانی ئێستا ، چونکە ئەگەر خۆشباوەڕی نوخبە ڕۆشنبیرو خوێندەوارەکەی ئەوسا نەبوایە پارتی لەحیزبێکی زەرورەتی نەتەوەیی و نیشتمانیەوە نەدەگۆڕا بۆ حیزبێکی بنەماڵەیی . من وەک خۆم دروست بوونی ئەو حیزبە وەک کارکردن و هیلاکەتی کۆمەڵێ کرێکار دەبینم ، کە ڕۆژ تا ئێوارە کاردەکەن و ئێوارەش کرێی کارەکەیان دەخەنە نێو دەستی دراوسێ دەست ڕۆیشتوەکەی گەڕەکەکەیان ، پاش ماوەیەک ئەو کرێکارانە داوای پارەکەیان دەکەنەوە ، کەچی دراوسێکەیان نەک هەر پارەکەیان ناداتەوە بەڵکو لە گەڕەکەکەش وەدەریان دەنێت ، بڕیاردان لەسەر ئەوەی کام لایان تاوانبارە مەسەلەیەکی دوورو قوڵەو لە تاقەتی ئەو خامە لاوازەی مندا نیە ، من تەنها دەڵێم ئەو دێڕە نوسراوەی کۆن بە نمونە دەهێنمەوە ” کە جامت خستە سەر لێوت غەشیمانە ، ئەگەر زەهریشی تێدابوو گوناحی خۆتە بیزانە “.

پارتی یەکەم زاوەزێی خۆی کردو لەجێگەی منداڵی تازە خاوەن ماڵ کرایە دەرەوە ، ئەگەرچی زۆر هەوڵ درا ، بەڵام هیچ کامیان نەیانتوانی زەمەن بۆ پێش زاوەزێیەکە بگێڕنەوە ، ئەمەش کرانەوەی یەکەم دەرگا بوو بەڕووی لەدایک بوونی یەکێتی …

تا ئێرە مێژومان گێڕایەوە ، ئەوەی ئێمە گەرەکمانە دۆخی دوای لەدایک بوونی یەکێتیە ، بۆ ئەوەی بزانین ئاخۆ پارتی چلۆن و بە چ شێوەیەک یاساخی زاوەزێی خۆی کرد ، ئایا چۆن بوو بەحیزبێکی نەزۆک ، ئایا هەر بەڕاستی ئەو حیزبە منداڵدانی خۆی دەرهێناوە؟! پارتی لەکۆنەوە بەوە ناسراوە کەلەپێناوی مانەوە دەست بۆ هەموو چڵە دارێک درێژ دەکات ، جا ئەو چڵە بەدەستی کێوە بێت گرنگ نیە . واتە پارتی هەرگیز سڵی لەوە نەکردۆتەوە کە مانەوەی خۆی لەهەموو شتێکی ئەم وڵاتە پێ گرنگتر بێت ، پێم وابێت ڕابردوو گەواهی دەری ئەو قسەیەم دەبێت… هەر بۆیەش پارتی زۆر بە ئاسانی هەموو زەمەنە سەختەکانی مێژوی تێپەڕاندووە ، لای ئەو گرنگ ئەوەیە بگاتە کۆتایی ڕێگاکە جا چۆن بەچ شێوازێک گرنگ نیە .

لەناو پارتیدا یەک قسەکەرو یەک بیرکەرەوەو یەک میتۆدی خەبات بوونی هەیە ، ئەویش تەقدیس کردن و مانەوەی هەیمەنەی بنەماڵەی بارزانیە ، کەوابێ بەبێ بیرکردنەوەی جیاواز ، قسەکەری جیاواز ، میتۆدی جیاوازی خەبات هیچ نەوەیەکی نوێ لەدایک دەبێت ؟! من دەتوانم بڵێم پارتی دەستکاری فیترەتی بوونی مرۆڤەکانی ژێر دەستی خۆی کردوە ، وای لێکردوون ، لەدەرەوەی زەمەنەکەی خۆی هیچ زەمەنێکی تر نەبینن ، وای لێکردوون بوونی پارتی بە زەرورەتی ژیانیان بزانن و وا بیربکەنەوە کە پارتی سەرچاوەی ڕزق و ڕۆزی ئەوانەو ئەگەر پارتی نەبێت ئەوان لەبرسانا دەمرن .

مەسەلەی نان و ئازادی لە زۆنی زەردی پارتی تەواوی تەواو جیاوازە لەهەموو زۆنێکی تری ئەم وڵاتە ، لەوێ ئازادی مانای پراکتیزەکردنی سەلماندنی مرۆڤ بوون ناگەیەنێ ، بەڵکوو هەموو ئازادی لە خەوتن و کارکردن دا کورت کراوەتەوە ، لەوێ نان قیمەتی لەهەموو شتێک زیاترە ، بە کوردیەکەی نانی خۆت بخۆو پرسیاری نانی کەس مەکە .

تا ئێرە پارتی لە پیادەکردنی ئەو سیاسەتەی خۆی براوەبووە ، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ تا کەی دەتوانێ ئاوا بمێنێتەوە؟! ئایا دیار نەمانی قسەکەری یەکەم چی دەخولقێنێ؟! ئایا ئەو گۆمە بەیەکجاری ناشلەقێنێ و هەرچی قسەی مت کراوی ناخی هاوڵاتی و خزمانی قسەکەری یەکەمەوە ئاگا نەیەن و نایانەوێ خۆیان ببنە قسەکەری یەکەم؟! ئەنجامی ئەو هەموو تەماحەی یەکەم بوون چی دەبێت؟! من پێم وایە تا ئێستا پارتی نەیتوانیوە منداڵدانی خۆی لەکاربخات ، کەوابێ زاوەزێ کردنەوەی ئەو واریدەو دەکرێ ڕوبدات ، جا چۆن ئەوە داهاتوو بڕیاری لێوە دەدات .

من باوەڕ ناکەم بۆ ئەبەد خەونی بەدوبەی کردنی هەولێرو کردنە بوکی بۆ برا خۆشخوانە عەرەبەکان تا ئەبەد بەو شیرینیە لای خەڵک بمێنێتەوە ، چیتر ئەو نەوە تازەیە دەست بەکڵاوەکەی خۆیەوە ناگرێت تا ڕەشەبای پارتی نەیبات ، چونکە ڕۆژێک دێت باش لەوە تێدەگەن ، سەر نەبێت باشترە لەوەی کڵاوی کۆیلایەتی لەسەر بنێت و هەر ڕۆژەو کڵاوی بەرپرسێکی گەندەڵ جاڕسی بکات .

جێگای ئاماژەیە بەشی دووەم کە سبەی بلاو دەبێتەوە تایبەتە بەخۆش زاوزێی یەکێتی .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت