عەتا قەرەداخی : یەکێتی بەرەو کوێ ؟ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

حیزب لە بارە سرووشتیەکەیدا دامەزراوەى کۆمەڵگەى مەدەنیە ، یان بە چەمکی کلاسیک دامەزراوەى کۆمەڵگەى شارە . دەشێ ئەم بنەمایە لە دوو رووەوە گۆڕانکاری بەسەردا هاتبێت و سەرئەنجامیش جۆرێک لە حیزب درووست بووبێت کە بەرهەمی کۆمەڵگەى شار نەبێت ، ئەویش یەکەم لە ئەنجامی یرۆسەکانی داگیرکردن و دەسەڵاتکرنی کۆلۆنیالیستەکان کە حیزب وەکو دامەزراوەیەک درووستبووە بۆ رێکخستن و رابەرایەتی کردنی کۆمەڵگە بۆ راپەڕین و شۆڕش و بەرخوردان لە پێناوی رزگاری نیشتیمانیدا . دووەمیش ئەوەیە کە لە کۆمەڵگە خێڵایەتییەکاندا جۆرێک لە حیزب درووستبووە وەکو ئەڵتەرنایتیفی دامەزراوەى خێڵ و عەشیرەت کە ئەوەش بەدەر نەبووە لە بنەمای کاریگەری دەرەوەو درووستکردنی ئەو دامەزراوە لەسەر شێوەى دامەزراوەى حیزب لە کۆمەڵگەکانی تردا کە ئەوان دەشێ لە قۆناغێکی تری ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کەلتووری و ئابووریدا بووبن .

حیزب لە کۆمەڵگەى کوردیدا وەکو دامەزراوەیەک کە جێگرەوەى دامەزراوەى خێلە ، ئەرکی رابەرایەتیکردنی بزووتنەوەى رزگاری نیشتیمانیشی لەئەستۆ بووە . لەسەر ئاستی سەرکردایەتی حیزبی کوردی ئەگەر پێگەى سەرکردایەتییەکە پێگەیەکی کۆمەڵایەتی بەهێزبووبێت لە نێو خێڵ و عەشیرەتەکانی کوردستاندا ئەوە ئەو حیزبە توانیوێتی پارێزگاری لە بوونی خۆی بکات بە تایبەتی ئەگەر توانیبێتی لەگەڵ سەردەمیشدا خۆی بگونجێنێت و ببێتە دامەزراوەیەک بتوانێت بەرژەوەندییەکانی ئەوانی تری دەرەوەى ئەڵقەى سەرکردایەتیەکەى بپارێزێت . رەنگە لە کوردستاندا تاکە حیزب کە ئەم خاسێـەى هەبێت پارتی دیموکراتی کوردستان بێت هەر بۆیە سەرباری شکست و نسکۆش هەر توانیوێتی بوونی خۆی بپارێزێت و تاکو ئێستاش لە باشووری کوردستان لە رووی جەماوەرو پێگەوە لە ریزی پێشەوە بێت .

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە دامەزرێنەرانی لە پارتی جیابوونەتەوەو لەسەرەتاوە وایان نیشانداوە کە ئەمان جۆرێکی نوێ و هاوچەرخ لە حیزب درووست دەکەن کە هاوشێوەى حیزبی کۆمەڵگەى شار بێت و تاکە خاڵێکیش کە بەردەوام سەرکردایەتی و کادیرانی ئەم حیزبە وەکو خاڵی جیاکەرەوە لە پارتی باسیان کردووەو شانازیشیان پێوەە کردووە ئەوە بووە کە پارتیان بە حیزبێکی خێڵایەتی و بنەماڵەیی داوەتە قەڵەم و خۆیشیان وەکو حیزبێکی نوێ و هاوچەرخ داناوە کە گوایە یەکێتی حیزبی کۆمەڵگەیە نەک حیزبی بنەماڵە .

بێگومان ئەوە ئاشکرایە کە یەکێتی لە خەباتی شاخدا رۆڵ و کاریگەرییەکی دیارو لەبەرچاوی هەبووە بە تایبەتی هەتا ئەو کاتەى هەڵگری پەروەردەو سامانی رەمزی و ئەخلاقی کۆمەڵە بووە ، دوای راپەڕینیش وەکو حیزبێکی جەماوەری رووبەرێکی دیاری کۆمەڵگەى کوردی لەگەڵ بووە . بەڵام لە دوای شەڕی ناوخۆو زیاتر خەریکبوونی بەشێکی بەرپرسانی سەرەوەى یەکێتی بە بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیانەوەو لەو پێناوەشدا پەیڕەو کردنی سیاسەتی مەنسوبیەت و مەحسوبیەت ئەویش بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیان کە ئەوەش سەرئەنجام ئاستی جەماوەری بوونی ئەو حیزبەى لاواز کرد . هەر لەسەرەتاشەوە بوونی ناکۆکی و ململانێ لە نێو سەرکردایەتی ئەو حیزبەدا هۆکارێکی لاوازبوونی بەردەوامی ئەو حیزبە بووە .

مام جەلال وەکو سکرتێری گشتی ئەو حیزبە بەردەوام ئیدارەی ئەو ململانێیەى کردووەو هەمیشە هەوڵیداوە ئەوانەى کە دەردەکەون و دەشێ ببنە کەسێتی بەهێز ، رێگری بۆ داناون . هەر لەسەردەمی شاخەوە پەیڕەوی ئەو سیاسەتەى کردووە بە تایبەتی لە دوای شەهیدبوونی ئارامەوە ، کاتێ کاک نەوشیروان دەبێتە سکرتێری کۆمەڵە ، ئیدارەدانی ئەو ململانێیانە لەلایەن مام جەلالەوە بە ئاشکرا دیاربووە .

لەبەرامبەر سکرتێری کۆمەڵەدا ئەوانەى خۆیان بە شوێنکەوتووی ئارام دەزانی ئەو کات پێگەو هێزی ناو حیزب و جەماوەریشیان هەبوو ، بەڵام مام جەلال پشتی سکرتێری کۆمەڵەى گرت هەتا ئەوانی پێبەزاندن ، کە سەرئەنجامەکەى بە دەستگیرکردنی مەلا بەختیار کۆتایی هات . کاتێ سکرتێری کۆمەڵە بەهێزبوو ، دەشیا مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتی مام جەلال هەبێت ، مام جەلال پشتگیری کاک کۆسرەت و جەبار فەرمانی کردو بەجۆرێک بەهێزی کردن کە زەنگی بۆ کاک نەشیروان لێدا کە لە شوێنی خۆیدا بووەستێت بە تایبەتی کە مام جەل هەستی بەوە کرد لە کۆنگرەى یەکەمی یەکێتیدا کارو جوڵەى کاک نەوشیروان واپێدەچوو بۆ دوورخستنەوەى مام جەلال بێت . پاش ئەوەش کە کاک کۆسرەت و جەبار فەرمان زۆر بەهێزبوون ، مام جەلال بە پاڵپشتی کاک نەوشیروان هەوڵیدا کاک کۆسرەت لە سەرۆکایەتی حکومەتی ئەوسای سلێمانی دووربخاتەوەو دکتۆر بەرهەمی هێنایە پێشەوە . دکتۆر بەرهەم وەکو کەسێکی خوێندەوارو تەکنۆکرات و دیپلۆماسی و زمان زان چووست و چالاک و کوڕی خێزانێکی دیارو لە ماوەیەکی زۆر کورتدا وەکو سەرکردەیەکی هاوچەرخی شار دەرکەوت بە تایبەتیش دوای ئەوەى کە بوو بە جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق نەک لە سنووری یەکێتی و کوردستاندا بەڵکو وەکو سەرکردەیەکی نوێ و لێهاتوو لە عێراقدا دەرکەوتوو ، تەنانەت بووە جێگای سەرنجی راگەیاندنەکانی عەرەبی و جیهانیش . بە تایبەتی لە هەڵکشانی تەمەنی مام جەلالداو لە نەبوونی کەسێتیەکی تری لێهاتووی وەکو ئەمدا لە ناو سەرکردایەتی یەکێتیدا ئەو بۆچوونە لە نێو جەماوەردا درووستبوو کە تاکە جێگرەوەى مام جەلال دکتۆر بەرهەمە .

بە تایبەتیش دوای ئەوەى کە کاک نەوشیروان یەکێتی بەجێهێشت و باری تەندرووستی کاک کۆسرەتیش باش نەبوو . دیارە دەرکەوتنی دکتۆر بەرهەمیش بەو جۆرە بۆ بەشێک لەسەرکردایەتی یەکێتی و بەتایبەتی لە نێو بنەماڵەى تاڵەبانی و شوێنکەوتووانیاندا بە ئاسانی هەزم ناکرێت . بەڵام ئایا مام جەلال پێش ئەوەى کە باری تەندرووستی بە تەواوەتی تێکبچێت و سەرئەنجامیش لە مەیدانی سیاسەتدا دیار نەمێنێت ، نەیدەتوانی چوارچێوەیەک دابڕێژێت کە بۆ دوای خۆی حیزبەکەى دووچاری لێکترازان نەبێت ؟ یان ئەویش وەکو زۆرێک لەسەرکردەکانی جیهان بڕوای بە پیربوون و مردن نەبوو ؟ یان هەر لەبنەڕەتەوە نەیدەویست هەتا خۆی ئامادەبوونی هەبوو کەسێکی تر بۆ سەرۆکایەتی حیزبەکەى دیاری بکرێت ؟

بەهەرحاڵ مام جەلال ئەو بابەتەى بە کراوەیى بەجێهێشت ، ئەمە لە کاتێکدا کە خانەوەدەى مام جەلال بە تایبەتی خانمی یەکەم دەسەڵاتێکی رەهای بەسەر حیزبدا هەبووە ، تەنانەت ئەو کاتەشی کە هێشتا بە فەرمی لەسەرکردایەتی حیزبدا نەبووە ، هێشتا دەسەڵاتی لە مەکتەبی سیاسی حیزب زیاتر بووە ، ئەمە بێجگە لەوەى کە لەم چوارساڵەى دوایدا کە خانمی یەکەم بووەتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی زۆرێک لە جومگە هەستیارەکانی یەکێتی لە جۆری دارایی و دەزگای زانیاری و دژە تیرۆرو ئاسایشی کۆنترۆڵ کردووەو زۆرێک لە بەرپرسشانی دیاریش لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندییەکانیاندا بوونەتە پاشکۆی خانمی یەکەم لە کاتێکدا کە دەشیا ئەو بەرپرسانەى سەرەوە رۆڵی ئەرێنییان ببینیایە لەوەیدا کە هاوسەنگی نێوان مەکتەبی سیاسی حیزبەکەیان بپارێزن و چوارچێوەیەکیش دابڕێژن کە کەس نەتوانێت بەو جۆرەو بەبێ شەرعیەتی بەدەستهێنانی دەنگی ناو گۆنگرە کۆنترۆڵی حیزب بکات و لەبارێکی وەهاشدا خانمی یەکەم بەوجۆرە کۆنترۆڵی حیزبی نەکردایەو کێشەکانی نێوان خانمی یەکەم و دکتۆر بەرهەم ساڵح نەگەیشتایەتە ئەو ئاستە کە دەشیا دکتۆر بەرهەم بەو تواناو پێگە کوردستانی و عێراقی و نێودەوڵەتییەى کە هەیەتی دوای مام جەلال وەکو رزگارکەری حیزب سەیریان بکردایەو بۆ ئەو مەبەستەش هاریکارییان بکردایەو خانمی یەکەمیشیان رازی بکردایە کە بەو ئەمری واقیعە رازیببووایە ، ئەویش لە پێناوی پاراستنی حیزبەکەیاندا . بەڵام بەداخەوە لاوازی زۆرینەى ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و کارکردنیان لە پێناوی بەرژەوەندییەکانیانداو هەست بە کەمی کردنیان لەبەرامبەر کەسێتی بەتوانای دکتۆر بەرهەمدا وای لێکردوون کە زۆربەیان بچووک و بێ دەسەڵات دەربکەون لە ئاستی خانمی یەکەمدا جگە لە پاساو هێنانەوە رۆڵێکی تریان نەبێت . لە کاتێکدا هەموویان دەزانن لە دوای مام جەلال خانمی یەکەم ناتوانێت یەکێتی لە هەرەس و رووخاندن بپارێزێت ، بە تایبەتی کە ئەزموونی شکستخواردووى ئیدارەى سلێمانی لە چوارساڵی رابردوودا بە دەستی مەڵبەندی سلێمانیەوە کە ئەو بەرپرسی بووە لەبەرچاوەو رێژەى دەنگەکانی یەکێتیش لە هەڵبژاردنی مانگی نۆی رابردوودا لە سلێمانی زیاتر ئەوە ئاشکرا دەکات . ئەمە بێجگە لە خاڵێکی تری گرنگ کە سەرکردایەتی ئێستای یەکێتی بە بێ بوونی دکتۆر بەرهەم لە سلێمانی ئامادەبوونی سلێمانی تیایدا یەکسانە بە سفر کە ئەوەش بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو یەکێتی لە سلێمانیدا بە تەواوی فڕێدەداتە دەرەوەى حیساب بۆکردن بە تایبەتی کاتێ پارێزگاری سلێمانیشان لەدەستدا نامێنێت .

بەهەرحاڵ ئێستا یەکێتی لەچرکەساتێکی ترسناکدایە ، هەرچەند بەلای منەوە ئەوەى ئێستا یەکێتی پێدا دەڕوات چاوەڕوان کراوبووە چونکە هەمیشە چارەنووسی ئەو حیزبانەى کە حیزبی تاکە سەرکردەن و نابن بە دامەزراوەو سکرتێر یان سەرۆک لە بری هەموو حیزب بیردەکاتەوەو بڕیار دەدات و کەلتووری حیزبیش ئەوەیە کە لە خوارەوە تاسەرەوە بە باڵای سەرۆک یان سکرتێردا هەڵبدەن و چاوی رەخنەیان نابیناو زمانیان بۆ رەخنە لاڵ بێت ، لە مردن یان نەمانی سەرۆک یان سکرتێردا دووچاری شکستی ترسناک دەبن . ئەوەى ئێستا یەکێتی پێوەى دەناڵێنێت مام جەلال لێی بەرپرسیارە . بەڵام تازە ئامادەبوونی سیاسی ئەو بە داخەوە بووە بە مێژوو . کەواتە دەبێ ئێستا یەکێتی بەسەرکردایەتی و پێکهاتەى حیزبەوە چی بکات ؟

ئێستا یەکێتی دوو رێگای لەبەردەمدایە . یان بەجیدی کاردەکات و دان بەشکستی خۆی و بە کۆتایی هاتنی سەرکردایەتی مام جەلالیشدا دەنێت و کۆنگرەى خۆی بە خاوێنی دەبەستێت و سەرکردایەتییەکی نوێ و سکرتێری نوێ بۆ خۆی هەڵدەبژێرێت و پرۆسەی چاکسازی ریشەیی لە ریزەکانی خۆیەوە دەست پێدەکات و لە وەهمی رابردوو خۆی رزگار دەکات و واقیعیانە بەقەد ئەوەى کە ئێستا هەیە خۆی نیشان دەدات و بەجیدی کار دەکات بۆ زیندووکردنەوەى خۆی کە دیارە ئەوەیش لە پلەی یەکەمدا دەبێ ئەو مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتییەی ئێستای بگۆڕێت کە بەدەگمەن تاکو تەرایان تێدایە بۆ کاری سیاسی ئەمەودوای یەکێتی بشێت چونکە لە ئێستادا یەکێتی پێویستی بەسەرکردایەتییەکە بتوانێت هەڵگری پرۆژەى زیندووکردنەوە بێت کە ئەوەش بەو سەرکردایەتیەى ئێستا ناکرێت .

خاڵی دووەمیش ئەوەیە کە ئەم مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیەى ئێستا بەم شێوەیە بەردەوام بن و کۆنگرە نەبەستن و بە وەهمی رابردوو بژین و دان نەنێن بەو شکستەی تێیدان و خەون بە گەڕانەوەى مام جەلالەوە ببینن ، تەنیا بۆ ئەوەى هێرۆخان و خانەوادەی تاڵەبانی رازی بکەن بەوەش بەتەواوەتی یەکێتی بەرەو شکستی زیاتر دەبەن . لە بارێکی وەهاشدا یەکێتی بەوشێوە بچووکەى کە دەشێ بمێنێـەوە دەبێتە حیبزبی بنەماڵە کە دەشێ حیزبێکی بچووکی لێ بمێنێـەوە بە تایبەتی ئەگەر دکتۆر بەرهەم ساڵح بەتەواوەتی ریزەکانی ئەو حیزبە بەجێبهێڵیت . بێگومان ئەو حیزبەش کە بەقەوارەیەکی بچووکەوە دەمێنێتەوە ناتوانێت ئەو هەموو بەرژەوەندییە بپارێزێت کە ئێستا هۆکاری ناکۆکی و ململانێی نێوانیانەو خانەوادەى تاڵەبانی و بەشێکی زۆر لەسەرکردایەتی حیزب دەیانەوێت بەو شێوەەی ئێستایانەوەو بەو سەرکردایەتییەوە بەردەوام بن بۆ پاراستنی .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت