بەهرۆز جەعفەر : ئەم ڕووداوانە بەرەو کوێ دەچن ؟.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئێستا ، وا بۆ (2) مانگ ئەچێت مووچەى فەرمانبەران نەدراوە ، نزیکەى (5) مانگیشە هەڵبژاردن کراوە ، تا ئێستا حکومەت پێک نەهێنراوە ، کێشەکانى ناو یەکێتى بەردەوامییان هەیە ، دوایین هەوڵەکانیش بۆ پێکهاتنى جەمسەرەکان سەرکەوتوو نەبووە ، ئەمڕۆکەش بەهەوڵێکى ئاشتەوایی چارەسەر بکرێت ، سبەى دیسانەوە سەرهەڵئەداتەوە . لەولاشەوە ” داعش ” وەک مانگێک پێش ئێستا توێژینەوە باسێکمان لەسەر بڵاوکردەوە ، هێواش هێواش ئیحتیواى کەرکوک و ناحیەو لادێکانى دەوروبەرى ئەکەن . ئینجا هاوکێشەیەکى نوێ و گشتگیریی جیۆ – سیاسیی و ئابوریی لەناوچەى حەوزى ( قەزوین) – حەوزی ( ناوەڕاست) وە حەوزى وڵاتانى کەنداو ، ئیش ئەکا. سەربارى ئەوانەى لەدەرەوەى ئەم حەوزانە بەردەوام دەستوەرئەدەن و چاودێریی جێبەجێکردنى پلانەکانیان دەکەن ، وەک ( ئەمریکا- ئیسرائیل-بەریتانیا ) . بە بەشێکى هێزەکانى پەیمانى باکورى ئەتڵەسى ( ناتۆ ) شەوە .

لەڕووى تێگەیشتن و ئاستى وشیاریی و کلتوریشەوە ، مەترسییەکى هەستپێکراو لەسەر خانە خانەى ناوکۆمەڵى کوردیی بەئاڕاستەى هەڵوەشانەوە دەبینیرێت ، ئەوەشی ناوى میدیاو چینى وەئاگایە بەمەلاکانیشیەوە ، هەریەکە بەهاو پێوەرو عەدادەکەى خۆى کردووە بە ” پارە” و لەهەوڵى بەلاڕێدابردنى کەیسەکانە ، یان لەپڕێکا خۆى کاندید بکات بۆ پۆستێکى دیاریکراو . بەدیاریکراویش هەوڵێک نییە بەرەو گۆڕانێکى نەتەوەیی – ڕیفۆرمخوازانەى ئیجابى تا جێگەى دڵخۆشیی بێت .

کێشەکان زۆرن ، یەک و دووان نین ، بەپلەى ئیمتیاز بۆ زانینى ئەوەى ” ئێمە لەکوێداین ؟”. پێویستە سیاسییەکان و چاودێرەکان بزانن : ئەم ڕووداوانە بەرەوکوێ ئەچێت .؟. لەناو هەرمیللەتێکدا ، لەهەر ئان و ساتێکى قەیراناوى و لێقەومانێکدا ، زۆر کەمن ئەو کەسانەى دەزانن ڕووداوەکان بەرەو کوێ ئەچن .!. هەرکەسێک زانى ڕووداوەکان بەرەو کوێ ئەچێت ، ئەزانێت چۆن وەرچەرخانەکە بەقازانجى گەلەکەى کۆتایی پێ بهێنێت .چونکم سیاسەت لەم بارانەدا ماتماتیکییە ، تۆ دراوە ڕاستییەکانى لایەک یان دولاى قووچەکەکەم بدەرێ ، منیش پێت ئەڵێم : دەمى لولەکەو درێژى لاکانى ترى چەندە .

دراوەکانى ئەم چەند لایەى قووچەکەکەى کوردستان ، زۆر مەترسیدارن،ئەها ئەو قسە کلاسیکیەکەى زۆرجار پیاوە بەتەمەنەکان نەسیحەتى ئێمەى پێدەکەن زێدەڕۆیی نەکەین لەنوسینا ، ئەڵێن : ” هەمومان لەکەشتیەکداین و کەشتیەکە نقوم بێت ، هەموومان تیائەچین”. ئینجا ئەم کەشتییە پارتى کونى بکات یان پەکەکە ، بەهۆى کێشەکانى سلێمانییەوە بێت یان مەرامى دەروبەر ، نەزانى خەڵک و میدیابێت ، یان هەرچییەک،جیاوازیی نییەو هەر هەمووى تیائەچێت .

قسەى کۆتایی ئەوەیە ، قووچەکەکەمان لەم بارەدا ، پڕپڕ بووە لەپۆخڵەوات و بێ سەروبەریی ، چى دیکە ناگرێت ، هەندێکجار پێویست بە عیملاقێک ناکات ، قسەى لەسەر بکات ، پێدراوە خەمهێنەرەکان دیارن . دوورنییە کارەساتێکى خوێناوى لەکوردستان ڕووبدات ، کارەساتەکە لە (3) شت تێ ناپەڕێت :

یەکەم : جموجوڵ و ئاڕاستەکردنەکانى هێزە توندڕەوەکانى قاعیدە ، لەناوچەى کەرکوک و بەزاندنى هێڵى (36) ى جاران و هێرشکردنیان بۆ سەر شارەکانى کوردستان .

دووەم : دوورنییە ، کێشەکانى ناو یەکێتى بگاتە پاکتاوکردنى جەستەیی ( تەسفیەى جەسەدى) و پەلاماردانى یەکتر .

سێهەم : تەقینەوەى ناڕەزایەتییەکانى خەڵک لە خاڵێکدا ، ئەویش بەهۆى پڕبونى جامەکەوە ، هەموو کاتێک جامەکە لەوێدا پڕدەبێت ، شۆڕشەکان لەوێوە دەستییان پێکردووە ، کە ڕاستەوخۆ دەست ببرێت بۆنان و قووتى خەڵک ، وە ترس بکەوێتە سەرئاسایش و سەلامەتى هاوڵاتییان .

ئینجا هەموو جارێک ، لەکۆتایی ڕاپۆرتەکانییدا ، براى گەورەم کاک جەلالى سام ئاغا لەدیوانى چاودێریی دارایی ، دەینوسیی (اننى بلغت ، اللهم فاشهد) .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت