goran_puk

عەتا قەرەداخی : گۆڕان و یەکێتی ململانێی ئایندە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

رەنگە پەیوەندییەکانی یەکێتی و گۆڕان لە داهاتوودا جێگاتی تێڕامان بێت ؟ ئایا دەشێ لە جوگرافیای ئەوسا سەوزدا ئەو دوو لایەنە هاوشانی یەک بەردەوام بن و ئامادەبوونیان هاوتا بێت ؟ ئایا ئەگەری ئەوەیە هەیە یەکێکیان باڵادەست بێت و بەتەواوەتی ئەویتریان پاشەکشە بکات؟ ئایا رۆڵی بەشداریکردنیان پێکەوە لە حکومەتدا لەو رووەوە چ کاریگەریەکی ئایندەیی دەبێت؟ ئایا رۆڵ و کاریگەری پارتی لەو رووەوە چی دەبێت؟ مامەڵەکردن لەگەڵ بەهێزترینیان ، یان پەیوەستبوون بەرێکەوتنی ستراتیژییەوە؟ ئایا گۆڕان لە ئەزموونی نوێی بەشداریکردنی بەڕێوەەبردندا سەرکەوتوو دەبێت یان ئەگەری ئەوەى هەیە وەرگرتنی چەند وەزارەت و سەرۆکایەتی پەرلەمان تەلیسمی ئۆپۆزسیۆن بوونی بڕوخێنێـت و ئەویش دەنگی زوڵاڵی بنووسیـت و مێژووى رەونەقداری بەرەو کۆتایی بڕوات؟ تاکو ئێستا ئەمانە پرسیارن و دەشێ هەر کەسێک کە توانای بیرکردنەوەى هەبێت بە ئاراستەی جیاواز بیر لە گەڕان بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارانەدا بکاتەوە ، هەرچەندە ئایندە خۆی وەڵامی واقیعیانەی دوور لە وەهم و خەیاڵ دەداتەوەو دەری دەخات بەڕاستی گۆڕان جیاوازە لە یەکێتی یان هەر درێژکراوەى ئەوو هەڵگری هەمان عەقڵ و کەلتوورە؟

دیارە سەرئەنجام حکومەت درووست دەبێت .

هەرچەندە ململانێی نێوان لایەنەکان کۆتایی نایەت و ئەوەشی کە پێشتر هەموو لایەنەکان پێداگرییان لەسەر دەکرد کارنامەى حکومەت بوو ، بەڵام دیارە ئەوە ئێستا لە پشتی هەوڵدانەوە بۆ وەرگرتنی پۆست ونبووەو باسی نەماوە هەربۆیە ناشێت ئومێدی گەورە لەسەر ئەم حکومەتەشیان هەڵبچنرێت. بە تایبەتیی ئەوەى دەبینرێت هەر لایەنە بە جیدی پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ئەو پۆستانەى دەست بکەوێت کە دەتوانێت تا ئەندازەیەکی زیاتر بەرژەوەندییەکانی خۆیی پێ بپارێزێت ، بۆ نموونە پێداگری لەسەر وەرگرتنی جێگری سەرۆکی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆو دارایی بەڵگەى گەڕانن بە دوای بەرژەوەندییە تایبەتیە حیزبیەکاندا نەک وەرگرتنی ئەو پۆستانە لە پێناوی خەڵکدا.

بەهەرحاڵ پارتی لە حکومەتی داهاتوودا ئیدارەى ململانێیەکی سەخت دەکات لە نێوان یەکێتی و گۆڕاندا ، کە دەشێ پارتی سەیرکەر بێت یان دادوەر ، یان لە پشتەوە بەپێی بەرژەوەندییە ئاییندەییەکانی خۆی ئیدارەى ئەو ململانێیە بکات چونکە ئەوە ئاشکرایە ئەم دوو لایەنە لە دوای بەشداریکردنیان پێکەوە لە یەک حکومەتدا دەکەونە ململانێی راستەقینەى بەڕێوەبردنی جوگرافیای سەوزەوە ، ئەگەر بێت و ئەو ململانێیە لەسەر بنەمای هەوڵدان بۆ باشترین بەڕێوەبردن بێت ئەوە لە قازانجی جەماوەرو حکومەتەکەش دەبێت بەڵام ئەگەر لەسەر بنەمای هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو جوگرافیایە بێت بەو شێوەیە تەقلیدییەى کە کۆی حیزبی کوردی و تەنانەت عەقڵی کوردیش تاکو ئێستا کاری کردووە ئەوا ئومێدی ئایندەیەکی لەرابردو ئێستا باشتر ناکرێت .

یەکێتی نیشتیمانی کە تاکو ئێستا دەسەڵاتی رەهای جوگرافیای رابردووى خۆیی بەدەستەوەیە ، لەلایەک لەگەڵ پارتیدا لە ململانێیەکی مێژوویی سەختدایە کە تەمەنی پەنجا ساڵی رێکە ، لەلایەکی تر لەگەڵ گۆڕاندا لە ململانێدابە ، کە بە گوێرەى یەکەمیان، پارتی لە روانگەى رۆیشتنی کاتەوە سەیری پەیوەندی خۆی لەگەڵ یەکێتیدا دەکات و نەدەیەوێت بە تەواوەتی لەناو بچێت نەدەیەوێت بەتەواوەتی زیندوو ببێـەوە، بەڵکو یەکێتیەکی لاوازی لە گۆڕانێکی بەهێز پێباشترە ، هەروەک گۆڕانێکی لاوازیشی لە یەکێتییەکی بەهێز پێ باشترە هەر بۆیە دەشێ پارتی ئەو هاوسەنگییە رابگرێت و بە ئاشکراش لە دوای هەڵبژاردنەوە کارکردنی پارتی بەو ستراتیژە بووەو ویستوویەتی هەردوولا لە ئاستێکدا رابگرێت. بەڵام ئایا ئەم دوو لایەنە چۆن پەیوەندی نێوانیان رادەگرن؟ بۆ ئەوەى لە پەیوەندی داهاتووی ئەم دوو لایەنە بدوێین دەبێ بزانین پایە سەرەکییەکانی هەر لایەکیان چیەو هاوبەش لە نێوانیاندا چیەو چۆن ململانێ لەسەر ئەو پایانە دەکەن و بەدەستهێنانی یان پارێزگاریکردن لەو پایانە چ کاریگەرییەکی لەسەر هەر لایەکیان دەبێت؟ بێگومان پێشوەختەش ئەوە ئاشکرایە کە گۆڕان لە هەناوی یەکێتیەوە هاتووەو سەرباری بوونی کەسانی گەنج و دەرەوەى پێشتری یەکێتی بەڵام عەقڵی باڵادەستی گۆڕان هەر ئەو عەقڵەیە کە پێشتر سی ساڵ لە پێگەى بەڕێوەبردنی یەکێتیدا بووە.

یەکێتی وەکو حیزب لەسەر چەند پایەیەکی سەرەکی راوەستاوە کە بریتین لە رێکخستن و پێشمەرگە ، ئاسایش و زانیاری و دژە تیرۆر ، ئابووری ، جەماوەر .

کاریزمای مام جەلال ، کە ئەمانە پێنج پایەی سەرەکی یەکێتین وەکو حیزب کە دەشێ حیزبە هاوشێوەکانی تری یەکێتیش هەمان ئەم پایانەیان هەبێت بە جیاوازی کەمەوە . رەنگە ئەو پرسیارە سەرهەڵبدات ئایا گۆڕان چەند لەو پایانەى یەکێتی هەیە ؟ ئایا باڵادەستبوونی یەکێک لەو دوو هێزە لە جوگرافیای ئەوسا سەوزدا بە بێ بوونی ئەو پایانە شتێکی شیاوو چاوەڕوان کراوە؟ ئایا گۆڕان هیچ کام لەو پایانەى هەیە؟ ئەگەر نییەتی داخۆ هەوڵدەدات بەدەستیان بهێنێت؟ ئایا ئەو بەدەستهێنانە سەربەخۆ دەبێت یان دەبێ هەوڵبدات ئەو پایانە لە یەکێتی بسەنێت؟ لەراستیدا گەوهەری ناکۆکی و ململانێی گۆڕان و یەکێتی لەسەر ئەو پایانەیە. چونکە مانەوەى ئەو پایانە بۆ یەکێتی هۆکاری مانەوەى یەکێتین. رەنگە یەکێتی لاواز ببێت دووچاری پاشەکشە ببێت بەڵام تاوەکو ئەو پایانەى بمێنێت ناڕوخێت. ئایا گۆڕان بەبێ دەستەبەرکردنی ئەو پایانە دەتوانێت ئایندە بۆ خۆی مسۆگەر بکات ؟

درووستبوونی بزووتنەوەى گۆڕان و بەشداریکردنی لە سێ هەڵبژاردندا کە سەرئەنجام ژمارەى دەنگەکانی کەوتە پێش یەکێتیەوە ، ئەوە نیشان دەدات کە تا ئاستێکی لەبەرچاو گۆڕان پایەی جەماوەری یەکێتی بردووە بۆ خۆی ، ئەوەش ئەو خاڵە سەرەکیەیە کە بۆ یەکێتی بووەتە کێشەو تەنانەت خودی یەکێتی بە تۆرانی جەماوەر لە یەکێتی ، یان بە سزای جەماوەر بۆ یەکێتی ناوی دەبات . لەم رووەوە گۆڕان پایەیەکی بەهێزی جەماوەری بۆ خۆی پێکهێناوە. بەڵام ئەوە ئاشکرایە کە پایەی جەماوەریی هەرگیز پایەیەکی جێگیر نییە، بە تایبەتی کاتێ هەر حیزب و لایەنێک ئیدارەی بەدەستەوە بێت و نەتوانێت وەکو پێویست خواستەکانی جەماوەر جێبەجێ بکات، ئەگەری لەدەستدانی جەماوەری هەیە. هەربۆیە ئەوە چاوەڕوان کراوە کە ئەو جەماوەرەى کە پشتی لەیەکێتی کردو ئێستا بووەتە تاکە پێگەى بەهێزی گۆڕان لە هەر ساتەوەختێکدا پشت لە گۆڕانیش بکات بە تایبەتی دوای ئەوەى کە گۆڕان دەچێتە دەسەڵاتەوە .

بە گوێرەى یەکێتی کە ماوەیەکی درێژە بە بێ مام جەلال ماوەتەوەو ئەوەش بووەتە هۆی پشێوی و ناکۆکی ناوخۆی حیزبەکەو زیاتر بەرەو لاوازبوونی بردووە. هاوکات تاکو ئێستا گۆڕان کێشەى سەرۆک یان کەسی یەکەمی نییەو تا ئەو کاتەی کاک نەوشیروان بتوانێت سیاسەت بکات لەو رووەوە بێ گرفتی گەورە دەبێت، بەڵام لە نەمان یان توانا نەمانی ئەودا بارودخی بەڕێوەبردنی گۆڕان لەوەى ئێستای یەکێتی خراپتر دەبێت و ئەگەر بەتەواوی ریزەکانی ئەو بزووتنەوەیە هەڵیش نەوەشێـەوە بەڵام ناتوانێت وەکو ئێستا بە پێوە بووەستێت چونکە وەکو گوتمان سەرمایەی سەرەکی گۆڕان هێزە جەماوەرییەکەیەتی ئەو هێزەش زیاتر عەسا سیحریەکەى کاک نەوشیروان کۆی کردوونەتەوە .

هێزی پێشمەرگەو رێکخستنی یەکێتی هەتاکو ئێستا ماوە، ئەگەرچی لاواز بووە بەڵام پێموایە دەتوانێت بوونی خۆی لە ئاستێکی سنوورداردا بپارێزێت بەتایبەتی رووبەرێک لە رێکخستن و پێشمەرگەى هەیە کە بڕوایان وایە مان و نەمانیان بە مان و نەمانی یەکێتییەوەیە. هێزی ئاسایش و زانیاری و دژە تیرۆر ئەو هێزانەن تاکو ئێستا رووبەرێکی دیاریان بە تووندی پەیوەستن بە یەکێتییەوەو وەکو سوپایەکی عەقائیدی پارێزگاری لێدەکەن، تەنانەت لە هەڵبژاردنی پایزی رابردوودا کە گۆڕان لە ناو جەماوەردا دەنگێکی زیاتری لە یەکێتی هێنا، بەڵام لە ناو هێزەکانی ناوخۆدا نەیتوانی لە یەکێتی بباتەوە. ئەمەش بەڵگەى ئەوەیە کە هێشتا یەکێتی ئەو پایە بەهێزەى ماوەو تەسەوری ئەوەش ناکرێت تاوەکو یەکێتی ئەو پایە بەهێزەی بمێنێت بتوانرێت بخرێتە دەرەوەى دامەزراوەى بەڕێوەبردنی ئەم رووبەرەوە .

پایەیەکی تری بەهێزی یەکێتی دارایی ئەو حیزبەیە کە حیزب ئێستا خاوەنی ئیدارەى گشتی و گروپی کۆمپانیاکانی نۆکان تۆڕێکی بەرفراوانی وەبەرهێنانە. ئەمە بێجگە لە داهاتی ناوخۆو ئەو پارانەى لە بودجەو رێگای ترەوە دەستی دەکەوێت. بە مانایەکی تر یەکێتی وەکو حیزب دەستی بەسەر رووبەرێکی فراوانی ئابووری جوگرافیای ئەوسا سەوزدا گرتووەو پێموانیە بە ئاسانیش دەستبەرداری ئەو بەرژەوەندییە گرنگەى خۆی بێت .

من راستەوخۆ لە دوای ئاشکراکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەیلولی رابردوو نووسیم دوورخستنەوەى یەکێتی لە حکومەتی ئەمجارە مانای درووستبوونەوەى دوو ئیدارەیی چونکە دەبێ بزانین سەرباری لەدەستچوونی پایەى جەماوەریی، یەکێتی هێشتا پایەی ئابووری و هێزەکانی ناوخۆو پێشمەرگەی بەدەستەوەیەو بە ئاسانیش دەستبەرداریان نابێت. رەنگە ئێستا شتێکی تر بێتە ئاراوە ئەویش ئەوەیە ئایا گۆڕان دەتوانێت ئەو دوو پایەیە لە یەکێتی وەربگرێت ئەگەر لە حکومەتی ئەمجارەدا وەزارەتی ناوخۆو دارایی وەربگرێت؟ دەشێ گۆڕان بە تایبەتی لە ئاستی لێکدانەوەى رێکخەری بزووتنەوەکەدا ئەو بەرنامەیە هەبێت و دەشێ پارتیش بۆ هەمان مەبەست پێی باش بێت ئەو دوو وەزارەتە بزووتنەوەى گۆڕان وەریبگرێت، ئەویش لەبەر دوو هۆ یەکەمیان ئەگەر گۆڕان لەوەدا سەرکەوتوو بوو کە ئەو دوو پایەیەى یەکێتی ببات بۆ خۆی ئەوە یەکێتی بە تەواوی لاواز دەبێت، کە ئەگەری ئەو سەرکەوتنەش کەمە چونکە لە بارێکی وەهادا یەکێتی بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو دوو پایەی خۆی نابێت هەروا بە ئاسانیی ببن بەهی گۆڕان و دەشێ چەندین کۆسپ بۆ گۆڕان درووست بکات. دووەم ئەگەر گۆڕان لەو کارەدا سەرکەوتوو نەبوو ئەوا نەک لاواز دەبێت بەڵکو ئەوە دەبێتە هۆی لاوازی بوونی پایە جەماوەرییەکەشی. بەهەردوو بارەکەشدا چ یەکێتی لاواز بێت یان گۆڕان یان هەردووکیان لە ململانێی بەردەوامدا بن ئەوە سەرئەنجام بە قازانجی پارتی وەکو حیزب دەشکێتەوەو لەبری ئەوەى پارتی خۆی راستەخۆ لە ململانێدا بێت لەگەڵ ئەو دوولایەنە کە هەردووکیان ناکۆکی مێژووییان هەیە لەگەڵ پارتی ، دەشێ بە جۆرێک لێگەڕێت ئەو دوو لایەنە خۆیان لە ململانیدا بن .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت