Fogo

ئەبوبەکر جاف : سوژەی فۆکۆیی .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لە بارەی مێژویبونی سوژەوە

بیرکردنەوەی فۆکۆ لەو شوێنەوەی کە خۆی دەردەخات ، خۆی بەرچاو دەخات ، وەک ڕەخنەیەکی ڕادیکاڵیانە لە سوژە دەردەکەوێت ، سوژەیە بەو ماناو بەو پێیەی لە ناو فەلسەفەدا لە ” دیکارتەوە بۆ سارتەر ” باسی لێوە کراوە ، واتە کاتێک وەک وشیارییەکی تاکڕەهەند و سێنترال خۆی مانێڤست دەکا ، یان بەرانبەر مێژویی بونیدا، بونی مێژویدا وەک پێکهاتویەکی بە ڕەهایی ئازادو سەربەست دەردەکەوێت. کەواتە پرسەکە تەواو بە پێچەوانەی فەلسەفەی سوژەوەیە ، بە گەیشتن ، بە دەستگەیشتن بە ” شیکارکردنێک کە بتوانێت پێکهاتن و دروستبونی سوژە لە ناو چنراوێکی مێژوییدا بە هەند وەربگرێت ، واتە ئەوەی ناونراوە بە ژینالۆژیا ، واتە فۆرمێک لە مێژوکە دروستبون و پێکهاتنی مەعریفەکان ، دیسکورس و قەڵەمڕەوی ئۆبژێکان ئەژمار بکات… هتد. ئەمەش بێ گەڕانەوەو بۆ سوژەیەک ، کە پێویست بکات ترانسێندانت و موتەعالی بێت بەرانبەر بە کایەی ڕوداوەکان ، یان بە پەیوەند بە کایەی ڕوداوەکان ، یان لە وشوێنەی کە لە شوناسی بەتاڵ و بۆشی خۆی هەڵدێت لە مێژوو بە هەر شێوەیەک بێت. کەواتە ئەوەی ماوەتەوە بیرکردنەوەیە لە سوژە وەک ئۆبژێیەکی مێژویی ، بە شێوەیەک لە سەر بنەمایەک ، لە سەر بنچینەیەکی تایبەتکراو و سنوربەند دامەزرابێت کە لە بەرانبەریدا دەرەوەی سوژەن ، لە دەرەوەن.

ئەو پرسەی لە کتێبی ” وشەکان و شتەکاندا ” بەرچاو دەکەوێت بەپرسهێنان و بە دەنگهێنانی ئەم پێکهاتن و دروستبونەیە بە پێی مۆدێلێکی تایبەت لە مەعریفەی تایبەتی و پسپۆڕیانە لە ناو کایەیەکدا، لە گەڵ ئەوەی کارەکە پەیوەندی بەو تێگەیشتنەوە هەیە کە ، چۆن سوژە توانی لە سەردەم و ساتێکی تایبەتدا ببێت بە ئۆبژێیەکی مەعریفە ، و بە پێچەوانەشەوە چۆن ئەم پێگەو ستاتوی ئۆبژێی مەعریفەیە کۆمەڵێک کاریگەری و ئەنجامی هەبوو لە سەر تێۆرەکانی سوژە بەو پێیەی بونێکی زیندووە ، بونێکی قسەکەرە، بونێکی کارکەرە.

جەختکردنەوە و پێداگیری لەوەی سوژە سەرەتای هەیە ، شێوازێکی فۆرمەلەبونی هەیە ، مێژویەکی هەیە ، بەو شێوەی ئۆریجێنیرو ئەێڵی نییە . بێگومان فۆکۆ بە بەرچاویی و بە بڕێکی زۆر کاریگەری نوسینەکانی نیتشەو بلانشۆو کلۆسۆفسکی بە سەرەوە بوو ،: ئەمەش ئاسانە نەبوو بە دەرچون و تێپەڕاندنی تەوژمی فەلسەفی بونیادگەرایی لە ساڵانی 60 دا ، لە سەروبەندی ئەوەی ا ڕەخنەی تەوژمە فەلسەفییەکان لەسەبارەت بە سوژەلای دۆمیزیل ، لیڤی شتراوش ، یان لای ئالتوسێر دەبینراو دەدۆزرایەوە. کێشەو گرفتی سوبژێکتیڤیتێ ” واتە ئەو فۆرم و شوێوازەی سوژە لە ناو گەمەی حەقیقەتدا ئەزمونێک بۆ خۆی دروست دەکات ئەمەش لەو شوێنەی کە پەیوەندی بە خۆیەوە هەیە “. بەمشێوەیە بو بە سێنتەرو ناوەندی شیکارەکانی ئەم فەیلەسوفە ، ئەگەر سوژە خۆی بەرهەمبێنێت ، خۆی دامەزرێنێت ، هەرگیز بەرمەبنای شوناس و ناسنامەیەکی پسیکۆلۆژیانە نییە ، بەڵکو بە بڵاوبونەوەو پەرشبونەوەی لە ناو ئەو پراتیکانەی کە دەکرێت یان دەتوان ببن بە بەشێک لە دەسەڵات یان ببن بە بەشێک لە مەعریفە ، یاخود لە ڕێگەی تەکنیکەکانی خودەوە ” خودتەکنیکەکان”،Techniques de soi”.

کێشەی بەرهەمهێنانە مێژوییەکانی سوبژێکتیڤیتێ لە یەک کات لە هەمانکاتدا تایبەت و پەیوەستە بە تەعریف و وەسفی ئارکیۆلۆژیانەی دروستبون و پێکهاتنی ژمارەیکی دیاریکراو تایبەتی مەعریفەو زانین لە بارەی سوژەوە ، وە تایبەت و پەیوەستە بە پێناسەو وەسفی ژینالۆژیانەی پراتیکەکانی هەیمەنەکردن و ستراتیژی قەڵەمڕەویکردن ، ئەوانەی کە دەکرێت تاکەکان ملکەچ و کۆت و بەند بکرێن. وە شیکارکردنی تەکنیکەکان ، ئەوانەی لە ڕێگەیانەوەکەسەکان لە کاتی کارکردندا پەیوەندی بە خۆیانەوە دەکەن،یان لە ناو پرۆسەی پەیوەندیکردنن بە خۆیانەوە خۆیان بەرهەمدێننەوە،خۆیان دەگۆرن ،” لە مەجرای مێژویاندا مرۆڤەکان هەرگیز خۆیان نەوەستاندووە ، خۆیان دانەبڕاندووە بەرانبەر بە خۆیان لەوەی خۆیان پێکبهێنن ، خۆیان دامەزرێنن ، واتە بە شێوەیەکی بەردەوام و هەمیشەیی شوێنگۆرکێ بە سوبژێکتیڤێتێیان بکەن ، یان لەناو زنجیرەیکی ناکۆتا و کۆتانەهاتوی جۆراوجۆری سوبژێکتیڤیانەی جیاواز و هەمەجۆرداخۆیان دروستبکەن ، خۆیان پێکبهێنن ، کە تێدا بێ ئامانج و بێ مەبەست بن ، وەجێگۆرکێکردن و شوێنگۆڕینێک بەرانبەر بە شتێک کە دەبێتە مرۆڤ.”. ئەم جیگا تایبەتنەکراو سنوردارنەکراوەی سوبژێکتیڤیتێ ، لە بزاوت و جوڵەیەکی هەمیشەیی و بەردەوامی ” بچوککردنەوەو بە کەمزانین” یان بەرانبەر بە خۆیان ، بۆ فۆکۆ ئەمە لە یەککاتدا بەرهەمهێنراو بەرهەمهاتوی مێژوییە ، وە بەرهەمهێنراوە لە میانەی کارکردن لە سەرخۆ ، لە بارەی خۆوە ،( کەواتە چۆنێتییەکان، پێگەو ڕێگاکان بە سروشت و بە خولی خۆیان مێژویین ). هەر لە ناو ئەم دوو جەختکردنەوەو شوێنپێ قایمکردنەدایە کێشەو پرسی بەرەنگاربونەوەو بەرهەڵستکاری و بەرەنگاری سوبژێکتیڤانەی جیاوازبون و خۆجیاکردنەوە دا خۆیان قایم دەکەن ، خۆیان دەچەسپێنن . جێگەو ڕێگەی دروستکردن و خولقاندنی خود لە دەرەوەی تۆڕەکانی مەعریفە / دەسەڵاتەوە نییە ، بەڵکو لە ناو ئەم بونە ناوەکی و ناواخنییەدایە.

سەرچاوەکان :

1- Margue VIHALEM، LE CONCEPT DE SUJET ET SES METAMORPHOSES A TRAVERS QUELQUES PHILOSOPHIES CRITIQUES CONTEMPORAINE. LES CAS NIETZSCHE،DELEUZE،FOUCAULT ET BADIOU. Directeur de these:Alain BADIOU، Universite paris VIII/ Ecole Normale SUperieure.

2-Judith Revel، Le Vocabulaire de FOUCAULT،ellipses،2002.

3-JEAN-MARIE FECTEAU، MARCELO OTERO،-MICHEL FOUCAULT ENTRE SUJET ET REVOLTE.