Stratigy

دەرباز سەرابی : حیزبی کوردی لەنێوان زاوەزێ و نەزۆکی دا ـ چەپەکان وەک نمونە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەشی پێنجەم و کۆتایی

من پێم وایە هیچ لێکۆڵینەوەو شیکردنەوەیەکی لۆجیکی دەربارەی حیزبی کوردی مانای تەواوی خۆی وەرناگرێت تاوەکو هەموو لایەن و ڕەهەندە جیاوازەکانی ئەو باسە نەخەیتە ژێر ڕەحمەتی ڕەخنەو لێکدانەوەیەکی واقیعی و بێ لایەنانە ، هەر بۆیەش ئەمشەو لە دوا وێستگەی وتارەکەم ئاوڕێک لەمێژوی بەرخودانی چەپەکان و ڕۆڵ و کاریگەریان لەگۆڕەپانی سیاسی کوردستان دەدەمەوەو وەک هەموو بەشەکانی تر نوکی خامەم بەرەو زۆرێک لەلایەنە باش و خراپەکانیان ڕاپێچ دەکەم . من نامەوێ لێرەدا بکەومە نێو شەڕی ئایدۆلۆژیاوە ، هەروەکو چۆن دوێ شەو لە باسی حیزبە ئیسلامیەکان خۆم لەوەها شەڕێک بەدور گرت .

ئایا کاڵ بوونەوەی هەیمەنەی چەپەکان لەگۆڕەپانی سیاسی تەنها ئۆباڵی بۆ سەرانی حیزبە چەپەکان دەگەڕێتەوە ؟! ئایا هەر بەڕاستی کۆمەڵگای کوردی توانای هەزمکردنی بیری چەپی نیە تا ئاوا ئەوان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پاشەکشەی حیزبی خۆیان بنوسنەوە ؟! ئایا هاوسەنگەربوون لەگەڵ هێزگەلێک کە بەنیمچە تۆتالیتار ناوزەند دەکرێن و خۆیان و هەڤاڵانیان بەرەو سەرمایەداریەکی قێزەون هەنگاو دەنێن،ڕۆژانە لەسەر دەستی ئەو هێزانە مەرگی چەندان کرێکاری خێر لەخۆ نەدیو دەنوسینەوە ، لەگەڵ مەنهەج و بەرنامەی چەپ بوون دێتەوە ؟! ئایا هەر بەڕاستی بۆ ئەمڕۆی کوردستان هیچ هێزێک هەیە پیادەکەری تەواوی ئایدۆلۆژیای چەپ بێت ؟! ئەگەر هەیە ئەو هەموو جیاوازی چینایەتی کۆمەڵگا هەیەو بۆ ئەوانیش خەونی ڕەنگاو ڕەنگ لەپاڵ هێزە نیمچە تۆتالیتارەکان دەبینن؟! ئەوەی من تا ئێستا لەچەپ بوون تێگەیشتبم چەپ بوون واتە : بونیاد نانی کۆمەڵگایەکی یەک چین و توێژی کرێکاری ، بەڵام ئاخۆ سەرانی هێزە چەپەکان ئێستا خۆیان خەونی بەرجەستەکردنی سەرمایەداری نابیینن ؟! من ڕێزم بۆ خەباتی ڕابردووی تەواوی هێزەکان هەیە بەڵام لە هیچ کوێی دونیا هیچ حیزب و لایەنێک ناتوانێ بەبێ خوێندنەوەی واقیعی سەردەم تەنها لەسەر خەباتی ڕابردوو بژی ، بەڵێ چەپەکانیش وەک هەر هێزێکی تری ئەم وڵاتە بەقەبارەی خۆیان ڕۆڵیان هەبووە لەخەباتی ڕزگاری نیشتمانی ، بەڵام ئایا نەوەی نوێ مێژوو دەکڕێ یان ژیانی مۆدێرن و پڕۆژەی خۆشگوزەرانی؟! ئایا پاشەکشەی چەپەکان ئۆباڵەکەی دەکەوێتە ئەستۆی کێ؟! ئایا کۆمەڵگای کوردی بیری چەپی قەبوڵ نیە یان ئیشکال لە چۆنیەتی گەیاندنی فکرەکە هەیە ؟! من وەک خۆم پێم وایە بەتایبەتی لەچەند ساڵی ڕابردوو خەڵک ئەوەندە تاقەتی پیادەکردنی ئایدۆلۆژیاو لاواندنەوەی حیزبی ئایدۆلۆژی نەماوە ، بەڵام گرفتی سەرەکی لە گەیاندنی ئایدۆلۆژیایەکەیە ، نەک خودی ئایدۆلۆژیاکە .

قسەی نوسەرێک هەیە دەڵێ ” هەر شاعیرێک هەژار نەبوو شەقێک لە شیعرەکانی هەڵدە ” قسەکەی منیش هەر ئەوەیە ئایا کاتێک خۆت لەنێو کۆشک و تەلاری ڕازەوەیت و لەگەڵ فەسادچیەکان سەروسەودات هەیە چلۆن خەڵک گوێ لە قسەی تۆ دەگرێ و بیر لە بونیاد نانی کۆمەڵگایەکی یەک چینی کرێکاری دەکاتەوە؟! ئەوەی من دەیبینم چەپ بوون لەخەتەرێکی گەورەدایە بەهۆی ئەوەی بەدەست کەسانێکەوە خەساوە کە دەکرێ گومان لەچەپ بوونیان بکەی نەک زاوەزێ ، وە هەرگیز بەو میتۆدی خەباتەی ئێستاوە ناتوانن جارێکی تر قەبارەیەکی موقنیع کەریان هەبێت ، بۆیە زۆر بەڕاشکاوانە دەمەوێ بڵێم بەردەوام بوون بەو شێوەیە تەنها حیزبە چەپەکان بەرەو دەستاڕەکە نابات بەڵکو هەڵگرانی ئەو ئایدۆلۆژیایەش دەخاتە نێو گومانەوە ، نەخێر چەپەکان ناتوانن زاوەزێی حیزبی بکەن بەڵکو وەکو ڕابردوو هەوادارانی بەرەو ئەو حیزبانە هەنگاو دەنێن کە بەتەواوی خۆیان بەلای هیچ ئایدۆلۆژیایەک ساغ نەکردۆتەوە ، پێم وابێ چەپەکانی نێو پارتی ، یەکێتی ، گۆڕان … گەواهی دەری ئەو قسەیەمن و سەلمێنەرێکی باش دەبن بۆ خەتەری لەدەست چونی پێگەی چەپ بەیەکجاری و بچوک بوونەوەیان لەوە زیاتری کە هەیە .

لەوانەیە کەسانێک بڵێن چۆن دەتوانی وەها هەڵیت و پەڵیتێک بنوسی لەکاتێکدا مێژوی چەپەکان پڕە لەسەروەری و قوربانیدان؟! بەڵام من تەنها بەوە وەڵامیان دەدەمەوە ، با باوک و دایکێک دونیا سەرەو ژێر بکەن بەڵام ئەگەر وەچە نەخەنەوە دواجار ڕەچەڵەکی ئەو خانەوادەیە بە مەرگێک کۆتایی دێت .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت