بەهرۆز جەعفەر : پلانگێڕیی لەهەناوى مۆدێرنیتەى سەرمایەداریدا ، گەلەکۆمەکى لەئۆجەلان وەک نمونە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پلانگێڕیی : هەستیارترین ئامرازو ڕۆحى هونەرى دەسەڵاتدارێتی یە . ڕەنگە بەئاسانى بزانیت ، پلانى دەوڵەتێک لەمەڕ : ئاوەدانکردنەوە ، سیاسەتى دەرەوە ، یان سێکتەرێکى پەروەدەیی ئاشکرابکەیت ، چاوێک بخشێنە بەحیسابى خیتامى یان شێوازى دابەشکردنى بودجەکەیدا زۆربەى شتەکان تێدەگەیت .. بەڵام تێگەیشتن لەپلانگێریی بۆجینۆستایدو لەناودانى میللەتێک ، لەبارى جوگرافیی و کلتورییەوە ، زۆرقورسە ، بەتایبەت لەسەروەختى مۆدێرنیتەو تازەبونەوەى کۆمەڵگەکان و فەتحکردنى جیهان لەلایەن خۆرئاواوە. ڕونتریش تێگەیشتن لەزهنیەتى فەلسەفى و سیاسی پشت پلانگێڕییەکان ، بایەخدارەو گرنگیەکى زۆرى هەیە .

مۆدێرنیتە : ئەگەرچى شانازیی بەڕەشەباى جیهانگیرییەوە ئەکات ، خۆى توند توند بەستووە بە : ئابوریی و ئاڵوگۆڕە داراییەکانى جیهانەوە ، لەولاشەوە تەکانێکى تەکنەلۆژیی و داهێنانى یەکلەدوای یەکى خستۆتە ئیش ، بەجۆرێک بووەتە مۆتەکە ، مرۆڤایەتى وەک ئامێرێک و ، تاکى وڵاتە بەکاربەرو شەرقیەکانیش وەک ڕۆبۆتێک ئەبینێت . کت و مت بە غەربەنەکردن ( غربنە) وە بە ئەمرەکەکردن ( ئەمریکا) یی کردنى جیهانە ، بەقازانجى قوتابخانەى واقیعیەت ، کەتەنها ( هێز ) ئەبینێت . بگە بە ( هێز ) و بگە ( بەدەسەڵات) . ئیدى هەموو زەوییەک لەبارە بۆکێڵان بەومەرجەى بەرهەمێکى باشی لێ وەدەستبخەى ، ئەم سیاسەتە ( پەرتکە و زاڵبە) ( فرق و تسود) تادەگەیتە ئامانجى خۆت .

هەرچرکەساتێکى مێژووى کورد بگریت ، ئەتوانیت سەدان پلانگێڕیی ڕیزبکەى ، کەبەردى ژێر کۆڵەکەى هەر قۆناغێکن ، ئەگەر لەباکوردا ، یەک قۆناغى کورتى مێژوویی هاوچەرخ وەک نمونە وەربگرین ، پیلانگێریی فیرقەکانى حەمیدیە (1914) لەبتلیس دژى مەلاسەلیم ، لەساڵى (1925) دژى شێخ سەعیدی پیران ، پیلانگێڕیی (1930) ى ئاگرێ ، ئینجا (1937) ى کۆمەڵکوژیی دێرسیم ، دۆزى (49) کەسى (1959) و (400) کەسییەکەى (1960) و،ئەوسا کوشتنى فائیق بوجاق و تیرۆرى سەعید قرمزی لەلایەن (pdk) وە. سەدان پیلانگێڕیی دیکە تا ڕۆژى ئەمڕۆمان لەدژى کوردو پەکەکە ڕێکخراوە ، بەتیرۆرى ساڵى (2013) ى سێ ژنە چالاکەکەى کوردیشەوە لەفەڕەنسا . ئەرێ هەر بەجدیی کاتى ئەوە نییە کورد بیرێک لەخۆى و ئایندەو بەرامبەرەکانى بکاتەوە ؟.

دڵنیام ، مێژوو غەزەب لەو کوردانە ئەگرێت ، کەزوو لە گەلەکۆمەکییە نێودەوڵەتیەکەى سەر ئۆجەلان و پەیامەکانى تێ نەگەیشتون ، یان نایانەوێ تێبگەن . شێوازى گرتنى ئۆجەلان زۆر بە تەکنیک و تەکتیکێکى سەیر داڕێژراوە ، ڕەنگە کورد و خودى ئۆجەلانیش تا ئەمێستاکە لەو کردە ئازاراویی و خەمهێنەرە نەگەشتبن ، چونکە زۆر هێزی ناکۆک لەناو پیلانگێرییەکەدا خۆیان ئەگرن : لەویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکاوە تا فیدراسیۆنى ڕوسیا ، لەیەکێتى ئەوروپاوە تا کۆمکارى عەرەبى ، لەتورکیاوە تا یۆنان ، لەتاجیکیستانەوە تا کینیا بۆ ئینگلتەرا ، لەپلانەکەدا بون ، بۆخۆشی لەماوەى چەند مانگێکدا بەمەبەستى گەیشتن بە ئەوروپا ، هەموو ئەو وڵاتانەى کردووەو ، دەریانکردووە . چاودێریی ووردیان خستۆتە سەر . ئەرێ خێرە تورک و یۆنانیەکان دوژمنى سەد ساڵەى یەکن ، لەگرتنى ئۆجەلاندا پێکەوە پلانگێریی ئەکەن !. بەگوێرەى ئۆجەلان خۆى ، ئەمریکاو ئینگلتەرا ، پابەندى ئەو بەڵێنە بون ، کە لەساڵى (1925) بەتورکیایان دابو ( بەومەرجەى پەنجە بۆکوردستانى عێراق نەبەن، کوردستانى تورکیا بکەنە قوربانى) . لەسەر ئەم بنەمایەش بو کە تورکیا بو بە ئەندامى ناتۆ و لەوچوارچێوەیەشدا سەبارەت بەکێشەى کورد ڕێککەوتون . بەواتایەکى تریش خۆرئاوا ، ئەمریکاو ئیسرائیل ، ئیشیان لەسەر خوڵقاندنى دوالیزمەى وەکو فەلەستین- ئیسرائیل ، کردووە . بەرهەمى شەڕە ئیتنییەکانى بەلقان ، ئەرمەنییەکان ، دابەشبونى قوبرێ ، کورد و تورک و تایەفەگەریی عەرەب ئەچننەوە . خۆبەم پێیە بێت تورکیا هێندەى کورد زەرەرمەند بووە لە گرتن و زیندانى کردنى ” ئۆجەلان” دا.” بڵند ئەجەوید ” سەرەکوەزیرانى ئەوساى تورکیا بۆخۆى ووتى : من ئێستاش تێ نەگەشتم بۆچى ئۆجەلانیان تەسلیم بەئێمە کردەوە !.

لەکۆتاییدا هەردولا دەزانن ، شەڕى کوردو تورک ، شەڕى ناسنامەو چارەنوسە . هەرنەبێت کوردەکان سوکە باوەڕێکیان بەئایدۆلۆژیاى ئیسلامیی یان چارەکە ناسیۆنالیزمێکیان هەیە ، تا مەسارى ڕەفتاری سیاسییانى پێ دیارى بکەن . بەلام تورکەکان و عوسمانییە نوێیەکان تەنها فەرمانڕەوایەتى ناو تورکیاو برابچوکیان بەئامانج گرت ، دەست لەسەرسینە بۆ پرۆژە نێگەتیڤەکانى سەروەختى مۆدێرنیتەى سەرمایەدارى ڕاوەستان . کەهەموو دەزانن کۆنترۆڵەکەى لاى کێیەو کێش خاوەنیەتى .

زۆرکەس ، زۆرکەسی چى ، هەموو حکومەتەکانى دونیا ، لەدواى دەستگیرکردنى ئۆجەلانەوە سەرسامن ، واقیان وڕماوە،وەک وەزیرى نێوخۆى ئەڵمانیا لەم ساڵانە وتبوى : نازانم چۆن ئاوەها پەکەکە لەم ئەوروپایە ، لەهەر شارێکدا بەفیکەیەک ،، ملیۆنان کەس بۆخۆپیشاندانێک کۆئەکەنەوە. بۆخۆپیشاندانێک بچۆ لەباکوریان لەهەر شارێکى تر ، وائەزانى کەس ئامادەگى نییە ، لەپڕێکدا مەسیرەیەکى سەدهەزارى دروستە بێت !. لەکام خۆپیشاندانى ئەم جیهانەدا ، بۆهەرکارەساتێکى مرۆیی و گەورە ، دەیان و دەیان ملیۆن سەدان جار بەهەوەنتەیەک دێنە شەقام ، شەقامێکى ئەوروپیش !. کە کوردانى هەرچوار پارچە بەبێ ناسنامەى دەوڵەت و نیشتمانێک تیایدا گوزەر ئەکەن . ئاخر کە موحەمەد ( د.خ) کوچى دوایی ئەکات ، تا (3) ڕۆژ تەرمەکەى نانێژن ، شەڕ لەسەردەسەڵات و پێگەکەى ئەکەن ، کە عیسا لەخاچ درا ، ئەوانەى لەدەورى بون تەنها گریان . کەلینین مرد ، هیچ شتێکى ئەوتۆ نەکرا ، بەڵام ” ئۆجەلان” بەگەلەکۆمەکیەکى نێودەوڵەتى و هەواڵگریی ، دەکەوێتە دەست تورکەکان ، بەسەدان و بگرە هەزاران کەس خۆیان لەبەردەم وەها کۆستێکدا پێ نەگیراو ، گڕیان لەجەستەى خۆیان بەردا. ئەگەر زووش هۆشدارى نەدایە ڕۆژهەڵات ئەبووە دەریایەک لەخوێن .

دواجار کورد دەبێت ، پەند لەگرتن و گەلەکۆمەکى سەر ” ئۆجەلان وەربگرێت ” بەتایبەت لەم جیهانە ئاڵۆزەدا ، هەموو شتەکان ئالۆز بون . ئەگەرنا لەناوخاکى کوردستان دەیان گەلەکۆمەکى و ئەنفالى تر دەبینین ، ئەى ئەوە ئەنفال نییە ، عەرەبێک بتوانێت دەیان شۆفێرى تەکسی لەکوردستان بکوژێت و بیانخاتە ژێر خۆڵەوە ؟.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت