Bextiar-Sharezwri

بەختیار شارەزورى : سیناریۆ و تاکتیکەکانى بەردەم وەزارەتى ناوخۆ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر چى لایەنە براوەکانى هەڵبژاردن تا ئێستا لەسەر جۆرێک لە پێکهێنانى حکومەت ڕێکنەکەوتون ، بەڵام لە میدیاکانەوە دەوترێت تا 10 ڕۆژى دیکە حکومەت پێک دەهێنرێت .. ئەمە بۆ خۆى دەمانخاتە بەردەم چەندەها پرسیارەوە ، کە ڕون نیە لایەنە براوەکان کام وەزارەتان بەردەکەوێت وە جۆرى ڕێکەوتنەکان چۆنە بۆ وەرگرتنى وەزارەتەکان .. وە ئەو حکومەتەى کە ناوزەند دەکرێت بە حکومەتى نیشتمانى و بنکە فراوان جۆرى دابەشکاریەکە چۆن دەبێت ، پڕۆژەى هەموو لایەنەکان چى دەبێت بۆ ئەوەى حکومەتى هاوڵاتى پێکبهێنرێت وە لە حکومەتى حیزبیەوە بگوازرێتەوە بۆ حکومەتى دامەزراوەیى .

ئەوەى کە پێشتر بڵاوکرایەوە کە تا ئاستێک ڕێکەوتبون لەسەرى ، کە پارتى سەرۆکى حکومەت و سامانە سروشتیەکان وەربگرێ و یەکێتى سەرۆکى پەرلەمان و وەزارەتى پێشمەرگە وەربگرێ و گۆڕانیش جێگرى سەرۆکى حکومەت و وەزارەتى ناوخۆ وەربگرێ ، بە پێ ى ئەنجامى هەڵبژاردنەکان ، بەڵام لەبەر ئەوەى یەکێتى گەڕایەوە بۆ ڕێکەوتننامەى ستراتیژى بەمە ڕازى نەبوو ، وە دواى سەردانى نەوشیروان مستەفا بۆ لاى بارزانى ئەم هاوکێشەیە گۆڕا بوە ئەوەى کە گۆڕان واز لە دەرئەنجامى هەڵبژاردنەکان بهێنێ لەبەر خاترى دۆخى سیاسى و دروست کردنى حکومەتى نیشتمانى و 4 ساڵى هێمنى ، گۆڕان وازى لە جێگرى سەرۆکى حکومەت هێنا و گۆڕا بۆ سەرۆکى پەرلەمان بەڵام لە بەرامبەردا دەبێت وەزارەتى ناوخۆى بدرێتێ ، پاشان بۆ وەزارەتەکانى تر لەگەڵ راسپێردراوى سەرۆکى حکومەت بگەنە ڕێکەوتنێک لەسەر وەزارەتە سیادى و خزمەتگوزاریەکانى تر ، پێش ئەوەى خولى دووەم دەست پێ بکات ، ئەم رێکەوتنەیان کەوتە بەردەم ئەگەر و سیناریۆى تر ، دواى ئەوەى بڵاو کرایەوە کە وەزارەتى ناوخۆ نادرێت بە گۆڕان .. دەکرێت بچینە پشتى پەردەوە و بزانین ئەو کارت و سیناریۆ و تاکتیکانە چین کە ئەم نامەیە هەڵگرێتى ، وە ئەوەش دەزانین تا لەسەر وەزارەتى ناوخۆ رێکنەکەون خولى دووەمى گفتوگۆکان بۆ وەزارەتەکانى تر دەست پێ ناکات .

ئەگەر چى پارتى بەرپرسى یەکەمە لەم دۆخە بە حکومى ئەوەى براوەى یەکەمە ، دەبێت حکومەت پێک بهێنى و تا ئێستا نەیتوانیوە ، بەڵام دەیەوێت تاکتیکى هەبێت بۆ ئەوەى بتوانێت هاوسەنگى بپارێزى هەم لە ناوخۆ و هەم لەسەر ئاستى ئێران و تورکیا ، بۆ ئەم مەبەستە دەیەوێت لە نێوان گرژیەکانى گۆڕان و یەکێتیدا ئەو یاریە بکات تا بتوانێت هاوسەنگى نێوان یەکێتى و گۆڕان و دەرئەنجامى دەنگەکان و ڕاى ئێران و تورکیا و عێراق ڕابگرێ ، یەکێتى دەیەوێت لەم حکومەتەدا گۆڕان ئەو وەزارەتانە ببات کە گرنگیان نیە و ئەوەش دەزانێ کە وەزارەتى ناوخۆ گرنگە ، ئەگەر بدرێتە گۆڕان ئەوا لە دواى هەڵبژاردنى پارێزگاکانەوە کە پارێزگاى سلێمانیشى بە دەستەوە نامێنێت دور نیە کەرکوکیش لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەراندا بدۆڕێنێ ، ئەوا دەیەوێت لە ڕێگەى ئێرانەوە پارتى ناچار بکات کە ئاراستەى یاریەکانى بگۆڕێت ، بۆیە ئێستا پارتى دەیەوێت لەسەر حسابى گۆڕان یەکێتى ڕازى بکات و هەڕەشەى ئێران لەسەر خۆى کەمبکاتەوە ، چ ئێران و چ تورکیاش ئەو ڕاستیە دەزانن کە گۆڕان داواى ستراتیژى سەربەخۆى هەرێمى دەکات و مۆدیلێکى نوێیە بۆ سەرەتاى دروست بونى دەوڵەتى کوردى و نابێتە ئەلتەرناتیڤى پارتى و یەکێتى .

پارتى کاتێک دەڵێت یەکێتى ڕازى نابێت ناوخۆ بدرێتە گۆڕان ، ئەو تاکتیکەیە کە هەر سێ وەزارەتى پێشمەرگە و ناوخۆ و سامانە سروشتیەکان نەدرێتە گۆڕان ، چونکە ئەوەى لەگەڵ یەکێتى بۆى دەلوێ ئەوا ناتوانێت لەگەڵ گۆڕان بیکات..لەم هاوکێشەیەدا بۆئەوەى بیکاتە کارتێک بەرامبەر مالیکى جێبەجێکارى داواکاریەکانى ئێران دەبێت ، چونکە ئێران لە ڕێگەى مالیکی و ناوەندەوە سیناریۆى داهات و مووچەى وەک کارتێک بەکار هێناوە ، تا پارتى پشتیوانى یەکێتى بکات و گۆڕان لە وەزارەتە گرنگەکان دور بخاتەوە ، بە واتایەکى تر ئەوە مسعود بارزانى نیە کە دەڵێت .. ئەگەر گۆڕان واز لە وەزارەتى ناوخۆ نەهێنێت خۆى بەرپرسیار دەبێت.. ئەوە ئێرانە لە ڕێگەى گوشارەکانیە و بە کارت بە ئەمریکا و ڕازى کردنى ئەو یاریە دەکات کە دەبێتە کارتى دوو دیوو ، واتا سینارێوى فرە بەرژەوەندى کە یەکەم دەتوانێت وەک کارتى ڕیکلام بەکارى بهێنێ… وەک بەرژەوەندى دوو سەرە بەکار بهێنرێت هەم بۆ پارتى و هەم بۆ مالیکى : وەک ڕیکلام بۆ هەلبژاردنەکان و وەک ڕازى کردنى ئێران ، لەم نێوەندەدا تورکیا هەم لەگەڵ عێراق و هەم لەگەڵ مالیکى ڕێکە بەوەى کە داهاتى نەوت و غاز بە خواستى بەغداد بێت بەمەرجێک لە موسڵ و کەرکوکەوە غاز و نەوتى بە نرخێکى هەرزان وەک هەرێم دەست بکەوێت ، کە دەکاتە ئەوەى تورکیا گۆڵى خۆى لەم سیناریۆیانەدا کردوە ئەوە تەنها ئێران و مالیکیە ئەو سیناریۆیانە دەکەن تا هاوکارى یەکێتى بن ، هەر چەندە پارتى بۆ خۆى نایەوێت بەو شێوەیە گۆڕان لەم بازنەیە دەربکات ، بەڵام ئەو یاریە دەکات تا هاوسەنگى بپارێزێت بەڵام پارتى دەیەوێت بە زۆر ترین قازانجەوە دەربچێت بەوەى کارتەکانى ئێران و مالیکى وەک دوو دیو سەیر بکات .

دەرئەنجام کاتێک گۆڕان دەڵێت وەزارەتى ناوخۆ هێڵى سوورە ئیتر هەموو یاریەکان و کارتەکان سفر دەبنەوە ، پارتى وەک لایەنى براوەى یەکەم دەبێت یاریەکان بە شێوەیەکى تر بکات و تاکتیکەکانى بگۆڕێت ، چونکە مالیکى لەم کاتەى هەڵبژاردنیدا کارتى زۆر بەکار دەهێنى و هەرێم و یەکێتى بۆ ئەو کارتێکى بەهێزە و ئێرانیش دەخاتە سەر ئەو خەتەى کە ناکۆکى شیعەکان لەم هەڵبژاردنەدا لە تارانەوە بە قازانجى مالیکى کۆتاى پێ بێت ، تورکیاش بێ کێشەیە لە زۆنى زەردا و گلۆپى سەوزیشى بۆ ئێران هەڵکردوە ، کە هەموو ئەمانە دەکاتە ئەوەى پارتى بە پێ ى ئەنجامى هەڵبژاردنەکان ناچار دەبێت وەزارەتى پێشمەرگە و جێگرى سەرۆکى حکومەت بداتە یەکێتى و ناوخۆ و سەرۆکى پەرلەمان بداتە گۆڕان ، ئەگەر ئەمە نەکات و بکەوێتە ژێر گوشارى کارتى ئێران و مالیکى و یەکێتیەوە ئەوا پێچەوانەى دروشمەکانى دەبێتەوە ، ئەگەر چى پارتى و یەکێتى بتوانن بازنەى ئۆپۆزسیۆن تێک بدەن و یەکگرتوو کۆمەڵ ڕازى بکەن بە بەشدارى لە حکومەت ، ئەوا سیناریۆى چوارەمى گۆڕان کە ببێتەوە بە ئۆپۆزسیۆن ئەگەرێکى نزیکە ، ئەمە دەکاتە ئەوەى کە پارتى وەک براوەى یەکەم شکست دێنێ لە پێکهێنانى حکومەتى بنکە فراوان و 4 ساڵى هێمنى و دەکەوێتە بەردەم 4 ساڵى پڕ کێشە و ناتونێت کار بە بەرنامەى دەرئەنجامى دەنگەکان بکات و وەرقەیەکى گەورە دەداتە دەست گۆڕان کە دەتوانرێت گەورە ترین شەڕى پێ بکرێت ، لە کۆتایدا ئەم سیناریۆ و یاریانە دەکاتە ئەوەى کە ئەنجامى هەڵبژاردنەکان و ڕەوشى پێکهێنانى حکومەت پێویستى بە ئێرادەى سەربەخۆى لایەنەکان هەیە نەک جۆرى یارییە دەرەکییەکان .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت