Shehid

ده‌رسیم پێشەوا: بەڵێ (دەرسیم) ـە شێت!.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەوەتەی هەم وابوویمە و هەر واش دەمێنم ، لەوەتەی هەم جیاواز بوویمە ، لەوەتەی هەم هەموو خۆشییەکانی خۆمم کردۆتە قوربانی نەتەوەو خاکی نیشتمانەکەم ، لەوەتەی هەم بیرم لە خۆشی و دەستکەوتی تایبەتی خۆم نەکردۆتەوەو بەرژەوەندی کوردستان و کوردم لا پیرۆزترو بەرزتر بووە و هی خۆشم و کەسانی نزیکی خۆم بەلاوە ناوە ، لەوەتەی هەم ژانی خەڵک هی من بووەو ژانەکانی خۆشم بەتەنیا هی خۆم و شاردراوە بووینە !

لە سەردەمی بەعس و ڕژێمی سەدام لە بەرەی کوردایەتی و گەل ، ئەوکات زۆر کەس دەستی بە کڵاوی خۆی گرتبوو با نەیبات ، ئێمەش کڵاومان بەسەرەوە با بردی ! لەدوای ڕاپەڕینیش ئەوانەی ڕۆژێک لە ڕۆژان نەک ئارەقەیان بۆ کورد نەکردبوو، بەڵکو بەدرێژایی تەمەنیان دژی کورد و کوردستان لە خەباتی جاشانە و بەعسییانەی خۆیان بەردەوام بوون ، بەرهەمی خەباتی جاشانەو خۆفرۆشی خۆیان لای سەرکردایەتی سازشکاری کورد بە زیادەوە چنییەوە ! سەرەڕای ئەوەی کە باش دەزانم بۆ بەشێکی زۆری خەڵک، سەردەم سەردەمی خۆبردنە پێشەوە، خۆ پێگەیاندن ، خۆ دەوڵەمەند کردن و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانە، کەچی نزیکەی (١٠) ساڵی پڕ لە ماندوو بوون و شەونخونیم لەسەر خۆشییەکان و گیرفانی خۆم تەرخان کردووە بۆ نووسینی دوو پەرتووک (مێژووی کوردستانێتیی شاری موسڵ) و (ئینسکلۆپیدیای تۆمەتبارانی شاڵاوی ئەنفال لە باشووری کوردستان)، هەروەها بەدڵنیایی بایی (١) دەفتەر دۆلار زیاتر بەس تەلەفۆنم کردووە بۆ کوردستان و ئەوروپا، لەپێناوی کۆکردنەوەی زانیارییەکانی ناو پەرتووکی دووەمم، ئەوە جگە لەوەی کە دوو سەفەری تایبەتم کرد بۆ باشووری کوردستان لەپێناوی چاپکردنی ئەم پەرتووکە، کەچی بۆیان چاپ نەکردم. دوژمنێکم نەبوو، لەسەر نووسینەکانم سەدان دوژمنم بۆ خۆم پەیداکرد. ئەوانەی سەرەوە منەت نینە بەسەر کەسیانەوە بکەم، بەڵکو بێئەقڵی و شێتێتی خۆمە بۆتان باس دەکەم! بەڵێ بۆیە و لەبەر ئەم هۆکارانەی سەرەوە (دەرسیم)ە شێتم!

ڕۆژی چوارشەممە (١٩/٢/٢٠١٤) لەپێناوی پشت ڕاست کردنەوەی هەندێ زانیاری، پەیوەندیم کرد بە پێشمەرگەیەکی دێرین کە هەمیشە هاوکارم بووەو سوودی زۆرم لێی وەرگرتووە، کەچی ئەو گوتی: (دەبێ لە (…..) بپرسم کە ئەو خۆی پێشمەرگەی هەمان کەرت و هەمان تیپ بووە. باشە ژمارەکەیت دەدەمێ خۆت قسەی لەگەڵ بکە). داوام لەو هاوڕێ و پێشمەرگە دێرینە کرد لەبەرئەوەی ئەوەی دیکە ناناسم، بۆیە بە باشی دەزانم هەر خۆی قسەی لەگەڵ بکات و دواتر زانیارییەکانم بداتێ. دوای نزیکەی چارەگە کاتژمێرێک، تەلەفۆنم بۆ هاوڕێکەم کردەوەو گوتی: (برا ئەو برادەرە باش تۆ دەناسێ، هەرکە پرسیارەکانم لێیکرد، یەکسەر گوتی: هەبێ و نەبێ ئەو زانیارییانەت بۆ دەرسیم-ە شێتە، باشە ئەگەر شێت نەبێ ئەوە چییە ئەوەندە لەسەر جاش و ئەنفال دەنووسێ؟).

پێشتر زۆر جار هاوڕێیان، دۆستان، خزمانی خۆم و کەسانی دیکەش پێیان گوتووم کە بێئەقڵ و شێتم بۆیە لەدژی سەرۆکجاش و خۆفرۆشانی کورد و لەسەر ئەنفال دەنووسم، داوایان کردووە وازبێنم. ئەوانەی ئەو قسانەیان پێ گوتووم یاخود ئامۆژگارییان کردووم، دوو بەشن. بەشێکیان لە دڵسۆزی خۆیان بووە بۆ خۆم و خانەوادەکەم نەوەک تووشی کێشەیەک ببم، بەشەکەی دیکەشیان لەبەر ئەوەیان بووە کە بەرژەوەندی خزمایەتی، ئابووری یان حزبییان لەگەڵ هەندێک لە خۆفرۆشان و سەرۆکجاشەکان هەبووە!

خۆ کاتی خۆشی لە ژیانی ڕێکخستن و خەباتی ژێرزەمینی کە بە قسەی بەشێکی زۆری میللەتەکەمان بەگژ قوللەی (قاف)دا دەچووینەوە، ئەو کاتیش من هەر بێئەقڵ و شێت بووم، ئێستاش بە قسەی بەشێکی زۆر لە تێکۆشەرانی دێرین هەمان شتم! کەواتە بەدرێژایی تەمەنم هەر بێئەقڵ و شێت بوویمە و هەرگیز ئاقڵ نابم، بۆیە دەرسیم-ە شێت پڕ بە پێستی خۆمە!

ڕاستەوخۆ قسەی زۆرم گوێ لێ بووە یان بیستۆتەوە، هەروەها هەڕەشە نامەی زۆر ناشرینم بۆ هاتووە کە تا ئێستا بڵاوم نەکردونەتەوە، بەڵام هیچیان وەکو قسەی ئەو پێشمەرگە دێرینە کاریگەری نەگێتیڤانەی لەسەرم دروست نەکردووە! زۆر بێزار کراوم، بەتایبەت لەم دوو مانگەی دواییدا، بێزاریم گەییشتۆتە ڕادەیەک کە لە ژیان بێزاربم و ئاواتی مردن بخوازم، خۆ دڵنیام ئەگەر سەر بە هەر لایەنێک لەو لایەنانە (یەکێتیی، پارتی یان گۆڕان) بوومایە بەمشێوەیە نەک بێزار نەدەکرام بەڵکو داکۆکیشیان لێ دەکردم. لەلایەن جاشەکانی ناو هەرسێ لایەن هەڕەشەم لێ کراوە و هیچ جیاوازییەکیش لەنێوان ئەو سێ لایەنە نابینم کە هەمیشە بەرژەوەندی باڵای نەتەوەو نیشتمانیان کردۆتە قوربانی بەرژەوەندی تەسک و سنوورداری حزبایەتی خۆیان، هەروەها هەردەم کۆنە جاش و خۆفرۆشێکی ڕیزەکانی خۆیان پێ باشتر بووە لە هەزاران کەسی کوردپەروەرو نیشتمانپەروەر، کە ئەو خۆفرۆشانە دوای ڕاپەڕینی (١٩٩١) بە چەند چرکەیەک بوون بە شۆڕشگێڕ (شۆڕشگێ)!

لە پەرتووکی (ئینسکلۆپیدیای تۆمەتبارانی شاڵاوی ئەنفال لە باشووری کوردستان)دا، تاوانەکانی دەوڵەتی ئێراق، حکومەتی ئێراق، سەرۆکجاشە کوردەکان، فەرماندەی مەفرەزە خاسەکانی بەعس و خۆفرۆشانی کوردم تۆمارکردووە لەدژی نەتەوەو نیشتمانی خۆیان، خۆ لەدژی کوردو کوردستانم نەنووسیوە؟ گوناهی من چییە بەرژەوەندی (پارتی، یەکێتیی و گۆڕان) لەگەڵ ئەو سەرۆکجاش و فەرماندەی مەفرەزە خاسانەیە کە لەناو ئەو سێ لایەنە داڵدە دراون؟ کە لەسەر ئەوان دەنووسم و ئەو لایەنانە داکۆکییان لێدەکەن و دەبنە پارێزەری ئەو خۆفرۆشانە، بەڵێ پەلاماری ئەوانیش دەدەم بە نووسینەکانم! تا ئێستا هەرچییەکم لەناو دووتوێی پەرتووکی (ئینسکلۆپیدیای ئەنفال)دا نووسیبێ یاخود هەر نووسینێکی بەدوای خۆیدا هێنابێ، نەک لە وشەیەک بگرە لە تاکە پیتێکیش پەشیمان نیم! ئەوانەی هەڕەشەشیان کردووە با خاوەنی قسەی خۆیان بن، بەتایبەت ئەو کەسەی کە گوتوویەتی: (مەرج بێ دەبێ بە گوللەیەک وەکو سەگ بیتۆپێنم)، با ئەو جاشە دڵنیابێ ئاواتی من دێنێتە دی بەر لەوەی بە ئاواتی خۆت بگات، چونکە زۆر بێزارم لەم ژینە! هەموو لایەکیش دڵنیا دەکەمەوە لەکاتی سەفەر کردنم بۆ کوردستان، ئاگادارنامەیەک بڵاو بکەمەوە، کە ڕۆژ و کاتی گەییشتنم دیاری بکەم.

لێرەدا ڕایدەگەیەنم بەهۆی بێزارکردنم و بێزاریمەوە، جگە لەو چەند بابەتەی کە ناویان دەبەم و لەم ڕۆژانەدا دەیاننووسم، هیچ نووسینێکی دیکە بڵاو نەکەمەوە، ئەگەر پێشتر نەمنووسیبێ:

١. چەند تێبینییەک لەسەر پەرتووکی (سەروەرییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕۆژگارە سەختەکانی گەلی کورددا)، لە نووسینی عوسمان کانی پانکەیی.

٢. سێ شەهیدی شاری قەڵاو منارە، یان سێ هەڵۆی بەرزەفڕی شارەکەی هەولێرم، کە سێ شەهیدی لە سێدارە دراون.

٣. ئاگادارنامەیەک سەبارەت بە سەفەر کردنم بۆ کوردستان.

٤. وەسیەتنامەیەک، ئەوەیەیان لەوانەیە بەنهێنی بهێڵمەوەو بڵاوی نەکەمەوە کە هەندێ شتی تایبەتی تێدا دەنووسم، یان تەنیا ئەوانەی بڵاو دەمەکەوە کە گشتین.

دوا قسەشم بۆ ئەو کەسانەی کە بە شێتم دەزانن، ئەو کۆپڵە هۆنراوەیە کە نازانم هی کێیە و دەڵێ:

ئەگەر بێ دینم گەر بێ ئیمان

گەر سەرخۆشی مەیخانەکانم

عالەم بەجۆری لە من تێئەگا

منیش ئەو کەسەم کە خۆم ئەیزانم

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت