بەهرۆز جەعفەر : نسکۆى ژوورە خۆشەکان .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

گەورەترین دوژمنى کۆمەڵگە ، نەزانییە. نەزانەکانیش هەرجارەى لەبەرگ و قۆناغێکدا خۆیان نمایش ئەکەن .هەیانە سیاسەتى مانگاو ئاژەڵ پەیڕەو ئەکا : نان و سێکس . ڕۆژى کیلۆیەک گۆشت ئەخواو لایوایە وەزعەکە هیچ عەیبى نییە ، هەیە بەئۆتۆمبیل و دیکۆرى خانوەکەى و ئایپادى دەستى مناڵەکانى وا نیشان ئەدات کەپێشکەوتووە . هەیە لەژێرناوەکەى ئەنوسێت : ماستەرو دکتۆرا لەفڵانە شت !.هەیانە حەزەکات پێی بڵێین : ئەمیش ئەندامى پێشوى ئەنجومەنى کاتى سەراى ئازادیی بوە !.

ئیشى دەسەڵات و سیستەمەکان ، ئەوەیە کۆمەڵگە وەگەڕبخەن ، کاربڕەخسێنن بەپێی تایبەتمەندیی ، ئاسایش و سەلامەتى کیانەکان بپارێزن . سیستەمى سیاسیی و فەرمانڕەوایی لەکوردستان بەپێچەوانەوە : کۆمەڵگەى (بەجاش و باشەوە) خانەنشینکردووە ، دەستى هەرچى کۆمپانیاى جیهانى و ئێرانى و تورکیشە ، گرتویەتى ، لەبرى بۆ بونیادنانەوەى ژێرخانى ئابوریی و ڕۆشنبیریی بەکاریان بهێنێ ، ڕێگەى داوە ئیختراقى ئەمنى و کلتوریی بکەن .

ڕەنگە بۆ نسکۆى (1975) یان بۆ شێوازى فیفتى بەفیفتى پێکهێنانى حکومەتى هەرێم لە (1992) بیانویەک هەبوبێت بەوەى کورد: خێڵەکى بون و لەشاخەکان بون و کەس پشتى نەگرتون و بوارى بیرکردنەوە نەبووەو ئەمانە . بەڵام نزیکبونەوەمان لەنسکۆ و هەرەسێکى تر هیچ بیانویەکى ترى نییە جگە لە ” ژوورە خۆشەکان”.

ژوورە خۆشەکان : ئەو ژوورانەى کەهەربەرپرسێک هاتووە،بێ سێ و دوو سەرجەم تاقم و بابەتەکانى پێش خۆى گۆڕیوە،سێتى سەیارەکانى گۆڕیوە، ساڵ بەساڵ لەگەڵ مۆدیڵى ماشێنەکان ڕۆشتووە . ئەى چۆن ئەم پیاوەو خانەدان بوەو نیشانى ئەدات کە زۆر بەهەیبەتەو ئەم شتانە . ئەم کلتورە ڕەنگدانەوەى هەبوە لەسەر خەڵکى ئاسایی و خوارتریش ، ئەوانەشی تادواکاتژمێرەکانى پرۆسەى ئازادى درەوى گەنم و جۆیان دەکردو، ڕۆن وقەرەخەرمانى کوردییان بەرهەم ئەهێنا،دواى ئەوە ئەمانیش هەموو ساڵێک جۆرى برنجەکەو ڕۆنەکەو پەردەو قەنەفە ، هەرئیشیان نەبوبێت خانوەکەیان تێکداوەو بەفێڵێک سولفەیان لەحکومەت وەرگرتووە . ڕونتریش فەرمانڕەواو فەرمانپێکراوەکان (حاکم و مەحکومەکان) دەستکاریی هەموو شتەکانیان کردووە ، دەماخ و بیرکردنەوەیان نەبێت . بۆشاییەکى گەورە لەنێوان هەردولادا دروست بوە بەهۆى جیاوازیی ژوورە خۆشەکانەوە ، ئینجا بێ ئاگاییەکى وەها دروست بوە لەنەتەوەو حکومڕانى ، له جیهانى دەوروبەر، پێیوستى بە وەسفکردن نییە .

ئەم نەوەیە ئەو شتەى زۆر حەزى لێیەتى وەک (غەریزە) بوە بەدوژمن ى، کەسەکانى ئەم ڕۆژگارەمان هەرچى پێیان کرابێت لە ( غەش و دزى و درۆ و ملشکاندنى یەکترى و ….هتد. کردویانەو دەیکەن . ئەم دۆڕانەى بەڕێوەیە دۆڕانى ژوورە خۆشەکانە. دۆڕانى بێهۆشکەوتنى تاکێلێکى دیعایەچى یە ، هەمیشە بەکامێرایەکەوە دێن و ئەچن ، دووقسەى بێماناو سواو ئەکەن لەتەلەفزیۆن یان سەرجادەکان لەگەلێدا لە فەیسبوکیش وێنەکانیان بڵاوئەکەنەوە . ئەمە دۆڕانى ژوورە خۆشەکانە ، کەڕۆشنبیرە موزەیەف و فەلەکان تیایدا ئولفەتیان گرتووە .ئەى چۆن ئەمانن ڕێچکەى ماندیلایان گرتوە ، فکرى تۆماس جێفرسۆن و ئەبراهام لینکۆڵن و ، لەسەر بنەماى دیکارت ڕینسانس ئەکەن !.

– دواى ئەوەى ڕەخنەم لەتازە کاندیدە مەلایەکى پارتى گرتبولەکەرکوک ، کەپێشتر چى نەمابو دەیکرد ، ئەحمەقێک بەباوکمى گوتبو: ئەزانى ئەم کوڕەى تۆش کۆمۆنیستێکى چاکە !.چۆن ئەبێت قسە بەمەلا بکات ، بێ تەربێتى کردوە ، ئەرێ کاکە کۆمۆنیست چى یە ؟ تۆ ئەزانى کۆمۆنیزم چى یە کە نەلەکوردستان هەن و نەمنیش هیچ پەیوەندیم بەهیچ لایەن و دینێکەوە هەیە کەشتى وەک تۆ بەرهەم ئەهێنن ؟. ئەویش وتى : ئەى چۆن ، کۆمۆنیست نوێژ ناکاو کوفرەکاو ئەڵێ خوا نییە … ئینجا وەرە حکومەت مووچە بەمە ئەدات و بەم .

موراهقییەوە بەپلەى سەربازیش خانەنشینى کردووە ، خاوەنى چەندین ژوورى خۆشیشە.ئێمە لەکوردستان ، کەسمان موزایەدە لەوى ترمان قبوڵناکەین ، هەموومان پڕۆین ، کەس پێویستى بەخوێندنەوەو هاریکاریی و ئامۆژگاریی و ئەزمون نییە ، هەمومان خۆمان لەوەى ترمان لەوە ترین . ژوورى خۆش واى لێکردوین یەکسەر هەناسەمان توند بێت و، والەخۆمان بگەین کە زۆر پێرفێکتین .