دکتۆر کەمال میراودەلی : فەلسەفەی ئازادیی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

بۆ ئەوەی گۆڕان لە تاکه‌وه ‌، لە ناوەوە دەست پێ بکات!

به‌شی یه‌که‌م : هۆشیاریی، ئازادیی ، خۆشه‌ویستی

فەلسەفە بۆ ئەوە نییه‌ فەلسەفەیەکت بۆ ژیان بداتێ ، بەرنامەیەکی ئەخلاقیت بداتێ لەسەری بڕۆی ، موژدەی ئازادی و بەهەشتی ئەبەدیت بداتێ .

ئایدیۆلۆجیاکان : ئایینی ، سیاسی، کۆمەڵایەتی، بیریی ئەمە دەکەن.

لە بری ئەمە ئەمانەیان لەتۆ دەوێ .

یەکەم : مێشکت

دووەم: دەستت

سێیەم: چاوت

چوارەم: جەستەت

پێنجەم: ڕۆحت

ئەوانەی ئێستات لێ دەستێنن و سبەینێت دەدەنێ.

ئەم دنیایەت لێ دادەماڵن و ئەو دنیای ئایدیالیت دەدەنێ، خۆت لێ ون دەکەن و تێکەڵی ئەوانی دیکەت دەکەن. بیرکردنه‌وه‌ت لێده‌ستێنن و بیری قوتووکراوت ده‌ده‌نێ. فەلسەفە ئەمە ناکا: خۆت لە خۆت دانابڕێ، هەر کە هەنگاوێك لە خۆت دوورکەوتیتەوە هوشیاریت دەداتێ، هوشیاری خۆیی، خۆت هۆشیاری خۆتی:

ئەرێ دەزانی بۆ کوێ دەچی؟

ئەرێ بیرت لە بیرکردنەوەکەت کردۆتەوە؟

بیرت لە بیرەکان کردۆتەوە؟

بیرت لەوە کردۆتەوە چۆن بیر دەکەیتەوە، چۆن بیر بکەیتەوە؟

فەلسەفە دەیەوێ هەموو دەمێ چاوت کراوەبێ .

چاوی ناوەوە و چاوی دەرەوە .

چاوی ناوەوەت تا (خۆت) لە (من) ون نەکەیت .

چاوی دەرەوەت تا (خۆت) لە (ئەوانی دی) دا، لە دنیای دەرەوەدا ون نەکەیت .

ئەوە تۆی، کوڕی مرۆڤ کە جیا لە هەموو بوونەوەرانی دی، دیارە ئەوەندەی ئێمە بشێ بزانین و حوکم بدەین، کە ئەو هەستیاری و هوشیارییەت هەیە کە خۆت لە خۆت جیا دەکاتەوە، من- ی تو لە- خۆم- ی تۆ جیا دەکاتەوە، هەروەها تۆ لە ئەوانی دی، لە دنیای دەرەوە لە بابەت و شتەکان و دیاردە و ڕووداوەکان جیادەکاتەوە، تۆ – واتە هوشیارییەکەت کە تۆی- دەبیتەچەقی هەموویان.

مرۆڤ هەمیشە شیزۆفرێنییه‌: دوانەیی یە (من و خۆم).

هەمیشە بەشێکی مەتەڵی سێ گۆشەی: من- دنیا- هوشیاری یە.

خۆت لەناو ئەو سێ گۆشەیەدای، نە تۆ خۆتی، نەتۆ هۆشیارییەکەتی، نە هۆشیارییەکەت تۆی، نە هۆشیاریەکەی تۆ دەربارەی دنیا دنیایە، نە ناونانی تۆ بۆ شتەکان شتە، نە تۆ خۆتی!

من بەشێکم لە دنیا.

من جیام لە دنیا، من دنیا دەزانم، دەناسم، ناوی دەنێم، بەڵام دنیا تەنیا وەك بابەتێکی هۆشیاری خۆم هەست پێدەکەم و دەزانم.

من شتەکان دەشتێنم.

من دنیا دەدنیاێنم.

من ناوەکان ناو دەنێم.

ئەم هەستیارییە سروشتییە، ئەو هۆشیارییە ناوەوەیی یە- دەرەوەییەم وام لێ دەکا خۆشم ببمە بابەتی خۆم، خۆشم ببمە سەرسامی بۆ خۆم، پرس و پرسیاری زەبەند و بێ وەڵام بۆ خۆم.

ئەم هوشیارییە لە خۆم جیادەکاتەوە: لە خۆمی تەن، جەستە، ماددە، حەیوان، ئەوانی تر.

دەرەوەم لە ناوەوە جیادەکاتەوە، هوشیارییەکەم (خۆ) یه‌کی ترە، خودێکی ترە: ئاگام لە هەموو ڕواڵەتەکانی بوونەکەی ترم هەیە.

دەڵێم: دەستی خۆم، چاوم، دڵم، ڕۆحم، خوێنم، دەمارەکانم، قاچم، پشتم، قۆڵم، پەراسوم، ددانم. 

ئەوانە چین: من هه‌موو ئەوانەم یان ئەوانە منم.

ئایا هوشیاری من یەکسانە بە هۆشم

ئایا مێشکم میکانیزمی هەموو بوونمە، جەستەمە، یان هەموو بوونم، بوونی جەستەیی، تەنیی، فیزیکیم، مێشکی کردوومه‌ سەنتەر و میکانیزم یان چی؟

دەبێ بیر لە خۆم بکەمەوە؟ کێ یە ئەوەی بیر دەکاتەوە و کێ یە ئەوەی (خۆ) یە؟

چۆن دەتوانم ئەم هەموو جیهانە بزانم، بناسم، شی بکەمەوە.

یاساکانی دەرك پێ بکەم و بیانخەمە ژێر رکێفی ئارەزوو و سودی خۆمەوە.

ئایا من بۆ ئەوە بووم ئەوە بکەم؟ چ پەیامێکم لە ئەستۆیە؟

ئەوەندە دەزانم ئەو توانستە هوشیارییە، ئەو سۆراغە عەقڵییە هەمیشە منی مرۆڤی لە خۆم باڵاتر کردووە، کردوومی بە بوونەوەرێکی گەردوونیی (گەردوونناس) بوونەوەرێكی بییری (بیرکار) بوونەوەرێکی ئەفسانەیی خاوەنی خەیاڵی (نەمریی)، بوونەوەرێکی شاعیر و هەستیار، من دەمەوێ خۆم و هەموو شتێ بم، لێرە و لە هەموو دنیادابم، تاک و گشت بم، وه‌ستاوو بزێو بم، بێدارو خه‌وتوو بم، ریالیست و ئایدیالیست بم. من کۆکه‌ره‌وه‌و کۆی ناکۆکییه‌کانم.

من ده‌مه‌وێ خاوەنی خۆم بم و هی هەموو شتێکی تر، بێ کۆتایی: ئارەزوو، تەما، خەون، لەم ساتە و لە هەموو ساتێکدا بم، خاوەنی مێژوو و ئایندە بم.

دەمەوێ تاك و گەردوونی بم. 

بچووك و مەزن بم.

من و خۆم بم.

خۆم و ئەوانی دی بم. 

ده‌زان ئه‌وه‌ هۆشیارییەکەمه‌ منی کردۆتە چەقی سێ گۆشەکە: من- هوشیاری- جیهان.

ئەمەیە وای لێکردووم لەم زیندووە بەستەزمانانە جیاواز بم کە کردوومن بە (ئەوانی دی) خۆم.

کە ئازایی خۆم، عەقڵی خۆم، شارستانییه‌تی خۆم، بە بەراورد لەگەڵ ئەوان دەپێوم و دەنرخێنم.

دەڵێم: خۆ تۆ حەیوان نیت؟ هەر وەك حەیوان بەشێکی گەوهەری وپیرۆزی ئەم بوونە و گەردوونە نەبێ: بەڵام ئەمە پرسێکی ترە. مەبەستم ئەوەیە هەمیشە لەو کاتەوە کە (ئادەم و حەوا لە بەهەشت دەکران) – وه‌ک سه‌رگوزه‌شته‌یه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌- یان باپیرە و داپیرە نیاندەرتالیەکانمان کەوتنە سەرپێ و داریان کردە داردەست و میوەیان بەردایەوە (کە ئەمەش یەکێکە لە حیکایەتەکانی تر) من، ئێمە، مرۆڤ: هەمیشە بەدوا شتێکدا عەوداڵین، گەورەتر، جوانتر، بەرزتر، پیرۆزتر لەو ژیانە فیزیکیەی هاوبەشی زیندەوەرانی ترین تێیدا، بەدوای دۆزینەوە لە دوای دۆزینەوەدا. سۆراغ لە دوای سۆراغ دا.عەوداڵ بوون به‌ دوای عەوداڵ بوون دا: دیتن، دۆزینەوە، دەرك پێکردن، دین، فه‌لسه‌فه‌، زانین؟

توانستی سەرسام بوون، شەیدابوون، ترسان و داچڵەکان و ڕاچڵەکین، خۆشیی و هەڵپەڕوپێکەنین و شاگەشکەبوون. کێ ئەم توانایەی دامێ: نازانم.

چۆن ئەم توانایەم لە ناودا درووست بوو: نازانم.

هەرکاتێ عەوداڵی زانینی نەزانینەکان دەبم بڕێکیان لێ سۆراغ دەکەم، سه‌ره‌داوێ به‌ده‌ست دێنم ناوی دەنێم: ناو، بیر، تێروانگە، (تیئۆری).

چۆن یەکەمجار ئه‌و سه‌ره‌داوه‌م بە دەست هێنا: نازانم.

کێ زمانی پژاندم؟ نازانم. چۆن زمانم بە دەنگ پژا، دەنگ بوو بە وشە، بە ئاخاوتن، نازانم.

کێ یەکەم وشەی دامێ؟ نازانم

چۆن شتەکانم ناونا؟ نازانم.

چۆن وشە بوو بە ناوی شت، ناو جێگەی شتی گرتەوە.

جێگرتنەوەکان بوون بە رەمز و بیرۆکە و کۆزانی شتەکان: نازانم.

ئەوەندە دەزانم ئەوەتام لێرە، دەزانم کە دەزانم و دەزانم کە نازانم. ده‌زانم که‌ ده‌زانم که‌ نازانم.

لە نێوان دەزانم و نازانم دا گیرماوم. 

پرسیار پرسیار دروست دەکا و وەڵامێکیش سەدان پرسیاری دی، بەڵام ئەوە منم یان بڵێم: خۆمم.

هێشتا مەودای جیاکەرەوەی نێوان (من) و (خۆ) مم نەپێواوە.

بەڵام دووبارەی دەکەمەوە ئەوە لێرە لەسەر لوتکەی بڵندی پرسیارەکانمدا سەرسام وەستاوم: هەموو ژیانی ڕابردووم وەك خەون دێتە بەرچاو، هەموو ژیانی داهاتووم وەك سەراب دێتە بەرچاو.

بەڵام ئەوە منم: جیام لە دنیاکەم، لە فیزیکی ئەم دنیایە، لە ئیستاتیکی زیندەوەرانی دی:

تاکم، تەنیا، گەلێ تەنیام، لە تەنیاییدا لە شتێکی تر گەڕام، لە خۆمەکەم، لە خودەکەم، لە وێنەی خۆم، لە نهێنی خۆم، لەم دنیا بەرینەدا، گەڕام لە تەنیاییمدا، لە تینی تەنیاییمدا خۆم دوولەت کرد: ئەوکاتە (خۆم) لە (من) جیابۆوە: خۆمی پرسیار، خۆمی هوشیاری لە منی جەستە، فیزیك، هاوشێوە و هاوژیانی زیندەوەرانی هاوسروشت و هاوژیانم جیابۆوە.

یەکەمجار لەناو هەورێکدا وێنەی خۆم بینی.

ئەوسا لە مانگم ڕوانی، دەموچاوی خۆم بوو، دوایی تەنک دەبۆوە دەبوو بە هه‌ناسه‌یه‌کم و هیچی تر. ئەوسا خۆم لە ئاوا بینی، خۆم لە هەتاوا بینی، خۆم لە هەموو لەرزە و چرپە و هاوارو ناڵە و گاڵە و گەڕان و جەنگ و مەرگ و باران و تۆفاندا بینی.

کە مردنم بینی کە مردنم ئەزموون کرد: مەحاڵ بوو ئاوا بژیم، مەحاڵ بوو بتوانم بیر نه‌که‌مه‌وه‌، لە سۆراغ بکەوم: وازم نەهێنا تا خودا کەوتە قسە و تا ئەوی دیم دروست کرد تا من لە خۆم جیا بوومه‌وه‌، تا خۆم خستە ناو هەموو دیاردەیەکی بوونەوە.

لە دەرەوەدا، لە سەرەوەدا، لە ژێرەوەدا، لە قوڵایی نهێنیدا، لە ئاسۆی ئەرخەوانیدا، لە تنۆکەی بارانا، لە گەڵارێزانا، لە جریوەی چۆلەکەدا، لە تروسکەی ئەستێرەدا: سۆراغی ئەو نهێنییه‌م کرد کە ژیانی منی بالاکرد، کردی بە ژیانی هزری، رۆحی، ئەفسووناوی.

سۆراغی ئەو حەقیقەتە بەدەر لە خودە پرۆسەیەکی سێ- کوچکەیی: من خۆم (هوشیاریم) جیهان بوو.

لەوەتی مرۆڤ هەیە بە ئاگا یان بێ ئاگا یەخسیری هەمان پرسیارە:

من کێم؟ جیهانەکەم چییە، چۆنە؟ چۆن بژیم؟ 

ئایا من خۆمم؟ 

ئایا من خۆم دەناسم؟ خۆم دۆزیوەتەوە؟ خۆم سەلماندووە؟

ئایا ئەوەم کە هەم یان ئەوەم کە دەبێ بم؟

ئایا لەگەڵ خۆم راستم؟

دەمەوێ خۆم بناسم، ناوەوەم بناسم، که‌چی دەرەوە فەرامۆش دەکەم.

دەمەوێ دەرەوە بناسم، که‌چی ناوەوەم لەبیر ده‌چێتەوە.

هەست بەو حاڵەتە شێرۆفرینییه‌ دەکەم: خۆم لە دەرەوەدا دەبینم. دەرەوە لە خۆمدا دەبینم.

خۆیەتی خۆم و غەریبیی دنیا، خۆشیی دنیا و غەریبیی خۆم!

ئەم هەموو پرس و پرسیارە، ئەم هەموو ئاڵۆز و بڵۆزییەی ژیان، ئەم هەموو تراژیدیا و تاوانەی جیهان، ئەم هەموو بەربەرەکانی و هەراو جەنگە.

ئەم هەموو ناکۆکییەی باوەڕ، دین، ئایدیۆلۆجیا، سیاسەت، بەرژەوەندیی- یان گەمژەیی!

ئەم هەموو درۆ و ساختەیی و ناڕاستی یە؟

ئەم هەموو هەمووە بێ کۆتایی یە- بێ سەرەتایە؟

چۆن بەرامبەر هەموو ئەمانە زیندوو دەمێنمەوە، چۆن خۆم دەبم؟

چۆن دەبمە ئەکتەرێکی چالاك و هوشیاری بوون؟

چۆن خۆم ون ناکەم و دنیاکەم فەرامۆش نه‌کەم؟ 

خۆیەتی من یەکسانە بە هوشیاریم

هوشیاریم یەکسانە بە بیرکردنەوەم.

بیرکردنەوەم یەکسانە بە ئازادی بیرکردنەوەم.

ئاه- ئەمە سەرەتای یەکەمە، کلیلی یەکەمە، دەروازەی یەکەمە، هەنگاوی یەکەمە، هاواری یەکەمە، هه‌واری یەکەمە: ئازادیی!

هوشیاریی ئازادیی یە، ئازادیی هوشیاریی یە: دامەزراندنی خۆیەتی مرۆڤایەتیمە، ئەو بنەما گەوهەرییەیه‌ کە لە هیچ هەلومەرجێکدا دۆڕاندنی، وەستاندنی، ساختاندنی: گەورەترین هەرەشەی سه‌ر بوونمە وەك مرۆڤ، وەك خاوەن ئایدیالی جیا: گەردوونیی، ئەفسووناوی، ئەفسانەیی.

ئێمە وەك ئاوی رووبارەکە هەڵدەڕژێین، هەمیشە دەگۆڕێین و دەگۆڕین، هەمیشە لەناو زەمەن و کات و ڕۆژگارێکی تردا، دەقیقەو سەعاتێکی تازەدا، گوزەر دەکەین و دەجوڵێین. 

ئێمە بوونەوەری زیندووین، هەموو لەحزەیەك هەناسەیەکی نوێ دەدەین، هەموو دەقیقەیەك دڵمان سه‌دان جاری نوێ لێده‌دا، خوێنی نوێ بە دەمار و جومگەکانی لەشماندا دەگەڕێ، هەست و تاسە و بیرێکی نوێ لە دایك دەبێ.

ئێمە ناشێ خۆمان بخەینە ژێر باری هیچ دەسەڵاتێکەوە: هی هەزاران ساڵ لەمەوبەربێ، هی سەد ساڵ، ٢٠ ساڵ، پار، دوێنێ، سەعاتێ یان دەقیقەیە پێش ئێستا.

بوونێتی تاك و خۆیەتی ئازادی ئێمە دەسەڵاتی داگیرکەر قبووڵ ناکات.

گەر ئێمە بە خواستی مردووەکان بجوڵێینەوە دەسەڵاتی دوێنێ هی ئەمڕۆمان هەڵسورێنێ، ئێمە ناتوانین لەحزە زیندووەکان هەست پێ بکەین، ناتوانین جوانی و زیندوویی و تاکێتی لەحزەکانی ژیانمان بزانین، ناتوانین لە تازەیی خۆشی وەربگرین.

کە ئێمە لە هەموو دەسەڵاتێکی دەرەوە و ناوەوە هی دوێنێ و ئێستا، هی فیزیکی و ئایدیایی، هی ئەفسانەیی و سایکۆلۆجی خۆمان ئازاد کرد، هۆشی ئێمه‌ هەمیشە تازە دەبێتەوە: هەمیشە نوێ، گەنج، بەرین، پڕ لە هیوا و سۆز و خۆشی و خرۆش دەمێنێتەوە. ئێمە دەتوانین خودی ئازادی خۆمان بین بەبێ ئەوەی خۆمان بە هیچ پەتێکی بینراو یان نەبینراو بیبەستینەوە، بەبێ ئەوەی هیچ دەسەڵاتێکی دیکەی بەسەردا بسەپێنین، سنووری بۆ دابنێین، ڕێنمایی بکەین، ڕاستی بکەینەوە: چونکە ئەمانە مانای سەپاندنی دەسەڵاتێکی دیکەیە لە دەرەوەی خودی ئازادی خۆمان، هوشیاریی ئازادانەی خۆمان، بیرکردنەوەی بێ بنبەستی خۆمان.

گەر توانیم ئەم هوشیارییە بەدەست بێنم، ئازادانە بیربکەمەوە ئەوسا تەنیا ئازادی و خۆشەویستی رێبازی ژیانم دیاری دەکەن.

ئەم دووانەش نەسنووریان دەوێ، نە دەسەڵات.

پاراستنی ئازادیی و خۆشەویستی دەخوازێ هەموو دەمێ چاوی ناوەوە و چاوی دەرەوە کراوە بن، هەموو ڕۆژێ هەموو سەعاتێ بکەیتە ئەزموونێکی نوێ، بە سوودوەرگرتن لە ئازادیی، بە بەخشین و وەرگرتنی خۆشەویستی و سۆزی مرۆڤایەتی بە کەسانی خۆشەویستی دەوروپشت، هاوشاریی و هاوڵاتیانت، بە مرۆڤ و مرۆڤایەتی.

ئازادیی ئەو وزە و هێزەیە کە هەموو دەم توانستی خۆنوێکردنەوە و خۆبڵاوکردنەوەی هەیە، خۆشەویستی ئەو وزە و هێزەیە کە هەموو دەم توانستی خۆناسینەوە و خۆدرێژکردنەوەی هەیە بۆ کەسانی دی.

له‌ ئازادییدا هه‌موو ناکۆکییه‌کان چاره‌سه‌ر ده‌بن. له‌ خۆشه‌ویستیدا هه‌موو به‌ربه‌ره‌کییه‌کان ئاشت ده‌بنه‌وه‌.

لە هاوکێشەی ئازادیی وخۆشەویستی دا دەتوانین خۆیەتی خۆمان بەهاو مانای ڕاستەقینەی ژیانمان بدۆزینەوە، بەبێ ئازادیی و خۆشەویستی ژیان دەبێتە ساختەیی، دەبێتە میکانیزمێکی خۆ دووبارەکردنەوەی شتێکی بێ ناوەڕۆك و بێ گیان.

خود هوشیارییه ‌.

هوشیاریی ئازادییه ‌،

ئازادی خۆشه‌ویستیی ،

خۆشه‌ویستیی ئازادیی ..

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت